قەیسی

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-08-23-23:45:00 - کۆدی بابەت: 9977
قەیسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قەیسی (بە ئینگلیزی: Apricot، بە عەرەبی: مشمش)، جۆرە میوەیەکی هاوینە و تامخۆشی ڕەنگ زەرد یان پرتەقاڵییە، قەبارەکەی هێندەی قەبارەی میوەی هەڵوژەیە، بە هەردوو تامی ترش و شیرین هەیە، ناوکێکی ڕەقی گەورەی ڕەنگ قاوەیی هەیە کە بریتییە لە تۆو، بە شێوەیەکی سەرەکی وەک میوە و بە تازەیی دەخورێت و زۆرجاریش وشک دەکرێتەوە و بۆ دروستکردنی شلە بەکاردێت یاخود لە قوتو دەنرێت و لە بازاڕ و مارکێتەکاندا دەفرۆشرێت، نیشتیمانی سەرەکی میوەی قەیسی ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

ماددە خۆراکییەکانی

قەیسی میوەیەکی دەوڵەمەندە بە چەندین ڤیتامین، کانزا و ماددەی خۆراکی جیاواز کە بە چەند ڕێژەیەکی جیاواز هەن، بە ئەم شێوەیە:

بەکارهێنانەکانی

قەیسی بە چەند شێوازێکی جیاواز لەگەڵ چەند کەرەستەیەکی تر تێکەڵ دەکرێت و بۆ دروستکردنی چەندەها جۆر خواردنی جیاواز بەکاردێت، بەم شێوەیە:

  • مرەبا: دەتوانیت قەیسی لەگەڵ شەکر تێکەڵ بکەیت و بیکوڵێنیت بۆ دروستکردنی مرەبای قەیسی، هەروەها بۆ زیاتر خۆشکردنی تامی مرەباکە دەکرێت ئاوی یەک لیمۆی بۆ زیاد بکەیت.
  • ئایس کرێم: بۆ دروستکردنی ئایس کرێمی قەیسی، قەیسییەکە لەگەڵ ڕێژەیەکی کەم لە شەکر و شیر لە تێکەڵکەر بدە پاشان لە ساردکەرەدا بۆ ماوەی کاتژمێرێک هەلیبگرە و دواتر بیخۆ.
  • زەڵاتە: زەڵاتەی قەیسی لەگەڵ چەند کەرەستەیەکی تر دروست دەکرێت وەک، نۆک، کاهوو، پیازی سوور، نەعنا، بادەم، پەنیر، زەیتی زەیتوون، سرکە و زەنجەفیل.
  • شەربەت: قەیسی بۆ دروستکردنی شەربەت بەکاردێت تەنها لەگەڵ ئاو و کەمێک شەکر تێکەڵ دەکرێت و سارد دەکرێت پاشان دەخورێتەوە.
  • کێک: کێکی قەیسی دروست دەکرێت بە چەند کەرەستەیەک وەک، قەیسی، کەرە، ئارد، شەکری هاڕاو، بادەم و کەمێک خوێ، کە ئەمەش جۆرە کێکێکی تایبەتە.

سوودە تەندروستییەکانی

میوەی قەیسی چەندین سوودی تەندروستی بۆ جەستە هەیە، لەوانەش:

  • باشترین سەرچاوەیە بۆ دەستکەوتنی ڤیتامین ئەی: قەیسی ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامین ئەی تێدایە کە یارمەتی بەهێزکردنی سیستمی بەرگری دەدات، هەروەها ئەم ڤیتامینە بەسوودە بۆ زیادکردنی توانای بینین و چارەسەری کێشەکانی بینین دەکات لە گشت تەمەنە جیاوازەکاندا بە تایبەت کەسانی بەساڵاچوو.
  • دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ: هەردوو جۆری قەیسی وشک و تەڕ ڕێژەیەکی زۆر ڕیشاڵ لە پێکهاتەیاندا هەیە، ئەمەش یارمەتی گەدە دەدات بە ئاسانی کرداری هەرس ئەنجام بدات و ڕیخۆڵەکان لە وشکبوونەوە بپارێزێت.
  • تەندروستی دڵ دەپارێزێت: بەهۆی بەرزی ڕێژەی ماددەی ڕیشاڵی قەیسی یارمەتی پاراستنی تەندروستی لەش دەدات و ڕێگە دەگرێت لە بەرزبوونەوە ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش، بە پێچەوانەوە یارمەتی بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی سوودبەخش دەدات، هەروەها بەرزی ڕێژەی پۆتاسیۆم تێیدا هاوکاری ماسولکەکانی دڵ دەکات بە ڕێکوپێکی کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.
  • بەسوودە بۆ خوێن: میوەی قەیسی ڕێژەیەکی زۆر لە ماددەی ئاسنی تێدایە کە یارمەتی جەستە دەدات لە کەمی ئاسنی خوێن بەدوور بێت.
  • بەسوودە بۆ پێست: لە ئەنجامی بوونی ڤیتامین سی و ڤیتامین ئەی میوەی قەیسی یارمەتیت دەدات پێستت شێدار و گەشاوە بێت، هەروەها پێستت زیاتر بە گەنجی دەمێنێتەوە لە چرچ بوون و پیربوونی پێشوەختە پارێزراو دەبیت.
  • ئێسک بەهێز دەکات: قەیسی دەوڵەمەندە بە کالسیۆم کە ئەمەش یارمەتی گەشەکردن، پتەوکردن و بەهێزکردنی ئێسک دەدات.
  • دژە هەوکردنە: میوەی قەیسی بەهۆی دەوڵەمەندی بە ماددەی بێتا کریپتۆکسانتین کە ماددەیەکی کیمیاییە دەتوانێت ڕێگری بکات لە توشبوون بە هەموو جۆرەکانی هەوکردن بەتایبەت هەوکردنی ئێسک، هەروەها بەهۆی زۆری ڕێژەی مەگنسیۆم ڕێگرە لە توشبوون بە ئازاری جومگە، ئاوسان و هەوکردنی جومگە.


سەرچاوەکان



458 بینین