کەسایەتی ساغ - الشخصیة السلیمة

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-12-02:56:00 - کۆدی بابەت: 4429
کەسایەتی ساغ - الشخصیة السلیمة
دەروونناسی

کەسایەتی ساغ چییە؟

کاتێک باسی کەسایەتی دەکرێت لە ژیانی ڕۆژانەمان دوو جۆر کەسایەتی دێتە هزرمان (کەسایەتی سروشتی و ناسروشتی) وە ئێمە بە گشتی خۆمان دەخەینە کۆمەڵەی کەسە سروشتیەکان چونکە ژیانی ئاسایی لەگەڵ کەسانی تر دەبەینە سەر بەڵام لە سەڕچاوەکانی تەندروستی دەروونیدا ئاماژە بە سێ جۆر کەسایەتی دەکرێت (کەسایەتی نەخۆش، کەسایەتی سروشتی، کەسایەتی ساغ) کەسایەتی ساغیش بە پلەیەک بەرزتر دێت لە کەسایەتی سروشتی، وە هەموو کەس ناتوانێت بە ئاسانی بچێتە ڕیزبەندی کەسانی خاوەن کەسایەتی ساغ تەنها شۆڕشگێڕەکان و پێغەمبەران بەبن یاخود ئەو کەسانەی کە خاوەن پەیامێکن لە ژیانیانندا وە هەوڵی بەردەوامی بۆ دەدەن وە دڵسۆزانە کاری بۆ دەکەن، وە بەرگەی هەموو ئازارەکانی ئەم پەیامە دەچێژن وە بەردەوام دەبن تا کۆتایی لەگەڵ ئەو بیروباوەڕەی کە هەڵیانگرتووە.

زانا دەروونزانەکان بۆچوونی جیاوازیان هەبوو سەبارەت بە چۆنیەتی بوونی کەسایەتی ساغ بۆ نمونە زانا ماسلۆ پێی وایە کەسایەتی ساغ ئەو کەسەیە کە دەتوانێت خودی خۆی بەدی بێنێت واتە ئەو کەسەی کە دەتوانێت بگاتە لوتکەی هەڕەمەکە.

لە ڕوانگەی شیتەڵکاری دەروونی دەتوانین ئاماژە بە چەند زانایەک بکەین لەوانە سیگموند فرۆید ئەگەر چی بۆچوونی بۆ کەسایەتی نەرێنییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەو ڕێگایە کردووە کە چۆن کەسایەتی ساغ دروستدەبێت ئەویش لە ڕێگەی تێرکردنی پێویستیەکانی مرۆڤ و خۆڕزگارکردن لە هەستکردن بە تاوان یان گلەیی کۆمەڵایەتی، وە بە بڕوای فرۆید کەسایەتی ساغ بەدی دێت ئەگەر مرۆڤ بتوانێت لە قۆناغی منداڵی بەسەر جێگیریدا زاڵ بێت. وە زانا ئەدلەر کەسایەتی ساغ لە ڕوانگەی هەستکردنی تاک بە کەموکوڕی شیدەکاتەوە، وە پێی وایە بەکارهێنانی ئامڕازی گونجاو و بەسوود بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕیەکانی مرۆڤ دەبێتە هۆی بەرهەم هێنانی کەسایەتی ساغ.

ڕیتشارکۆن و تید لیندزمن لە کتێبەکەیان (کەسایەتی ساغ) هەوڵیان دا پێوانەیەکی تایبەت بۆ کەسایەتی ساغ بدۆزنەوە وە پێناسەیەکی گشتگیری بۆ بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش چەند تایبەتمەندیان بۆ پێوانەکردنی لایەنەکانی کەسایەتی دانا.

تایبەتمەندیەکانی کەسایەتی ساغ

  1. کرانەوە لەسەر بیرۆکەی نوێ و لەسەر کەسانی تر.
  2. گرنگیدان بە خود و کەسانی تر و جیهانی سروشتی.
  3. توانای کۆکردنەوەی شارەزاییە نێگەتیڤەکان و ئاڕاستەکردنی بۆ خود.
  4. داهێنان.
  5. توانای بەرهەم هێنان
  6. توانای خۆشەویستی

باس و پێناسەی کەسایەتی ساغ

لەگەڵ ئەوەی دانانی پێناسەیەک بۆ کەسایەتی ساغ کارێکی ئاسان نییە بەڵام ڕیتشارکۆن و تید لیندزمن وەک هەوڵدانێک پێناسەیەکیان بۆ کەسایەتی ساغ دانا، ئەویش بریتیە لە ئەو ڕێگایەی کەسەکە دەیگرێتە بەر بە جۆرێک زیرەکی ڕێزگرتنی ژیانی وای لێدەکات پێویستیە تایبەتیەکانی تێربکات، بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بکات بە ئاستێکی بەرز لە هۆش، لەگەڵ ئەوەی توانای خۆشەویستی خودی خۆی و ژینگەی سروشتی و کەسانی تری هەبێت.

ئەم دوو زانایەش پێیان وایە دوو جۆر لە شارەزایی هەیە کە دەبێتە هۆی پێکهێنانی کەسایەتی ساغ لای کەسەکان، یەکەم شارەزایی پۆزەتیڤ، کە پەیوەستە بە بەختەوەری و ئارامی کەسەکە. دووەم شارەزایی نێگەتیڤ، کە لێیەوە کە لە دەرئەنجامی ئەم شارەزاییانە مرۆڤ دەتوانێت پاڵپشتی خود یان تێگەیشتن لێی بەرهەم دێت واتە دەتوانێت سوود لە هەڵەکانی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەزموونێکی سەرکەوتووتر بەدەست بێنێت.

ئەم دوو زانایە پێیان وایە کەسایەتی ساغ بە دوای ژینگەیەکدا دەگەڕێت کە زۆرترین ئازادی بابەتی تێدا بەدی دەکرێت هەر بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەوە بزانین کەوا بارودۆخی کۆمەڵایەتی نێو ماڵ، کاریگەری گرنگی هەیە لەسەر کەسایەتی تاک، چونکە بەرهەم هێنانی کەسایەتیەکی تەندروست لە ڕێگەی ژینگەیەکی خێزانی تەندروستی دەبێت.

هۆکارەکانی درووستبوونی خێزانێکی تەندروست

  1. باشترکردنی باری ئابووری خێزان.
  2. ئامادەکردنی بارودۆخی تەندروست و سروشتی کە دووربێت لە توند و تیژی و بێ ڕێزی لەناو ماڵ.
  3. هاندانی هەڵسوکەوتی تەندروست لەناو خێزان بە جۆرێک زمانی گفتوگۆ و وەرگرتنی ڕای یەکتر دوور لە بێ ڕێزی و دەمارگیری.
  4. چاککردنی سیستەمی پەروەردەیی خێزانی بە ئاشنا بوون لە سایکۆلۆژیای خێزان و ئاشنابوون بە کەسایەتی دەوروبەر.

لەگەڵ ئەوەی خێزان گرنگی خۆی هەیە لەم بوارە بەڵام ناتوانین گرنگی لایەنەکانی تر پشتگوێ بخەین وەک قوتابخانە و پەرستگاکان و سەنتەرە ڕۆشنبیریەکان و هتد.


سەرچاوەکان



1075 بینین