ڤالێری لیگاسۆڤ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-01-01:47:00 - کۆدی بابەت: 5060
ڤالێری لیگاسۆڤ

ناوه‌ڕۆك

پڕۆفیسۆر لیگاسۆڤ 

زانایەكی ڕووسیە و لەدایكبووی 1/9/1936 ـە، كیمیازان و زانای فیزیا و مامۆستای زانكۆ و یەكەمین جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی وزەی كۆرچۆڤ بووە، بەناوبانگبوونی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوی چێرنۆبڵ لە ساڵی 1986.

هەروەها ئەو پسپۆڕی ڕیئاكتەری (RBMK) بووە كە لە یەكێتی سۆڤیەت بەكاردەهێنرا.

ژیانی كاری

لە ڕووداوی چێرنۆبڵدا لیگاسۆڤ لەگەڵ یەكێك لە وەزیرەكانی یەكێتی سۆڤیەت بەناوی بۆریس شێربینا، كە (وەزیر و بەڕێوبەری سوتەمەنی و وزەی وڵات و كۆنتڕۆڵی دۆخ و ڕووداوەكانی دوای تەقینەوەكە بوو) دەركەوت و خزمەتی كرد.

بەهۆی كارەكانی لیگاسۆڤ (كە ئەوكات بەرپرسی كۆمیسیۆنی لێكۆڵینەوە لە چێڕنۆبڵ بوو) و چەند زانایەكی دیكەوە توانییان ڕووداوەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و ژیانی زۆركەس بپارێزن، هەرچەندە بەهۆی تیشكدانی زۆرەوە خودی خۆی و وەزیریش تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون.

ئەو لەكاتی ڕووداوەكە گوێی لە خەڵكی دەگرت و داوای هاوكاری جدی كرد بۆ پارێزگاری خەڵك، و داوای چۆڵكردنی شارەكە و ڕووبەڕووبونەوەی تیشكدانەكەی كرد بە هەموو هێزێكی مرۆییەوە، هەروەها لێكۆڵینەوەیەكی زۆری كرد دەربارەی بڵاوبوونەوەی تیشكدانەكە.

درۆكردن لە پێناو وڵات

دوای ڕووداوەكە ئەو پەی بە كێشەكانی ڕیئاكتەرە تایبەتەكەی وڵات برد و دواتر بانگهێشت كرا بۆ ڤیەننا بۆ وڵامدانەوەی دادگا لەبارەی چۆنیەتی تەقینەوەی وێستگەكە، بەڵام ئەو لەبەردەم دادگا ڕاستییەكانی شاردەوە لەبەر ئابڕووی وڵاتەكەی و هەڕەشەكانی دەزگای هەواڵگری یەكێتی سۆڤیەت.

بەڵام دووساڵ دواتر لە چەند كاسێتێكدا تەواوی زانیاری و كێشەكانی ڕوونكردەوە و ڕاستییەكانی دركاند بۆ جیهان.

مردن

ئەو لە كاتژمێر 1:23:45 لە ڕۆژی 27/4/1988 واتە ڕێك دووساڵ لەدوای تەقینەوەكەی چێرنۆبڵ دوای بەجێهێشتنی دانپێدانانەكانی لە كۆمەڵێك كاسێتدا لە ماڵەكەیدا خۆی كوشت.

ئەگەر ئەو دانی بە ڕاستییەكان نەنایە ئەوا هەرگیز یەكێتی سۆڤیەت چاكسازی لە ڕیئاكتەرەكانیدا نەدەكرد و نەیدەگۆڕین.

خەڵاتەكانی

  • نیشانەی شۆڕشی ئۆكتۆبەر
  • خەڵاتی دەوڵەتی یەكێتی سۆڤیەت
  • نیشانەی لینین
  • قارەمانی فیدراسیۆنی ڕووسیا
  • خەڵاتی تایبەتی لینین

زنجیرەی چێرنۆبڵ

لە ساڵی 2019 لە تۆڕی HBO زنجیرەیەكی پێنج ئەڵقەیی بەناوی چێرنۆبڵ دەرچوو كە بە زۆری لەسەر بنەمای كاسێتەكانی لیگاسۆڤ دروستكرابوو، و ئەكتەر (جارێد فرانسیس هاریس) ڕۆڵی لیگاسۆڤ دەبینێت تێیدا.


سەرچاوەکان



607 بینین