تورگوت ئۆزال

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2023-01-12-15:15:00 - کۆدی بابەت: 10885
تورگوت ئۆزال

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خەلیل تورگوت ئۆزال (بە ئینگلیزی: Halil Turgut Özal، بە عەرەبی: توركوت أوزال) سیاسەتمەدار، بیرۆکرات، ئەندازیار و دەوڵەتمەدارێکی دیاری تورکیا بووە کە لە ساڵی ١٩٨٩ تا ١٩٩٣ وەک هەشتەمین سەرۆک کۆماری تورکیا کاری کردووە. پێشتر لە ساڵی ١٩٨٣ تا ١٩٨٩ وەک ٢٦هەمین سەرۆکوەزیرانی تورکیا وەک سەرۆکی پارتی دایکی نیشتمان کاری کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٢ جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا بووە لە حکوومەتی سەربازیی بولند ئولوسو.

هەشتەمین سەرۆک کۆماری تورکیا
لە ماوەی: ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ – ١٧ی نیسانی ١٩٩٣
پێشتر کەنعان ئێڤرێن
دواتر سولەیمان دەمیرێل
نۆزدەهەمین سەرۆک وەزیرانی تورکیا
لە ماوەی: ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٨٣ – ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩
سەرۆک کەنعان ئێڤرێن
پێشتر بولێند ئولوسو
دواتر یەڵدرم ئەکبولوت
ڕێبەری پارتی دایکی نیشتمان
لە ماوەی: لە ٢٠ی ئایاری ١٩٨٣ – ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩
زانیاری کەسی
لەدایک بوون ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٧
مالاتیا، تورکیا
کۆچی دوایی ١٧ی نیسانی ١٩٩٣ (تەمەن ٦٥ ساڵ)
ئەنقەرە ، تورکیا
هۆکاری مردن جەڵدەی دڵ
واژۆ

ئۆزال دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە بانکی جیهانی لە ئەمریکا و وەک مامۆستای زانکۆ کاردەکات، بووە سکرتێری گشتی و دواتر بووە سەرۆکی سەندیکای سەرەکیی کرێکاری کانگەرەکانی تورکیا لە ساڵی ١٩٧٩، وەک سەرۆکی دانوستانکار لە کاتی چالاکییە پیشەسازییە بەرفراوانەکاندا لە ساڵی ١٩٧٩دا کاری کردووە. لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی ١٩٧٧دا وەک کاندیدی پارتی ڕزگاری نیشتمانی (MSP) لە ئەزمیرەوە بەشداری پەرلەمان کرد. لە ساڵی ١٩٧٩ بووە جێگری سکرتێری حکوومەتی کەمینەی سەرۆکوەزیرانی سولەیمان دەمیرێل تا کودەتای سەربازیی ساڵی ١٩٨٠. وەک یاریدەدەری سکرتێر ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە پەرەپێدانی چاکسازییە ئابوورییەکان، کە بە 'بڕیارەکانی ٢٤ی کانوونی دووەم' ناسراوە، کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ نیولیبرالیزمی زیاتر لە ئابووریی تورکیادا. دوای کودەتاکە، وەک جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا کە بەرپرسی ئابووری حکوومەتەکەی بولەند ئولوسو دەستنیشانکرا و بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان. لە ساڵی ١٩٨٢ بەهۆی ناکۆکی لەسەر سیاسەتی ئابووری دەستی لەکارکێشایەوە.

ئۆزال لە ساڵی ١٩٨٣ دوای هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی پارتە سیاسییەکان لەلایەن حکوومەتی سەربازییەوە، پارتی دایکی نیشتمان (ئاناپ)ی پێکهێنا. ئاناپ لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ١٩٨٣ زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا و دواتر ئۆزال بوو بە سەرۆکوەزیرانی تورکیا. لە کاتێکدا کە چەندین چاکسازی ئابووری سەبارەت بە نرخی ئاڵوگۆڕ و ڕێکخستنەوە جێبەجێ کرد، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و پەرەسەندنی ململانێ لەگەڵ جوداخوازانی کورد بووە هۆی ئەوەی کە ئاناپ لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ١٩٨٤ دا دەنگی کەم بکات. سەرەڕای ڕیفراندۆمێک لە ساڵی ١٩٨٧ڕێگەی بە سیاسەتمەدارانی قەدەغەکراو لە کاتی کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠دا دەست بە چالاکییە سیاسییەکان بکەنەوە، ئاناپ بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ١٩٨٧دا هەڵبژێردرایەوە، هەرچەندە بە کەمبوونەوەی پشکی دەنگەکان. سیاسەتی دەرەوەی ئۆزال لەسەر ڕێگریکردن بوو لە شەڕ لەگەڵ یۆنان دوای ڕووداوی شیمشەک و بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێگەی بە تورکەکانی بولگاری دا کۆچ بکەن بۆ تورکیا.

ئۆزال لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٨٩ بە سەرۆکی کۆماری تورکیا هەڵبژێردرا، لە بەرانبەردا یەڵدرم ئەکبولوت وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا جێگەی گرتەوە. سەرەڕای ئەوەی ئۆزال ڕۆڵێکی ڕێوڕەسمی بە کەمترین ئەرکی سیاسییەوە گرتە ئەستۆ، بەڵام سەرقاڵی چالاکییەکانی حکوومەت بوو، وەک دەستوەردان لە مانگرتنی کانگەرەکانی زۆنگوڵداک لە ساڵی ١٩٩٠. لە کاتێکدا ئەکبولوت وەک سەرۆکوەزیران ڕێبازێکی گوێڕایەڵی گرتەبەر، ناکۆکی لەسەر ئەرکەکانی سەرۆک و سەرۆکوەزیران زیاد بوو کاتێک سولەیمان دەمیرێل بوو بە سەرۆکوەزیران دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ١٩٩١. لە کاتی جەنگی کەنداو و کۆتاییهاتنی جەنگی سارد پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆرج ئێچ دبلیو بوش پاراست. ئۆزال لە ساڵی ١٩٩٣ لە کاتی سەرۆکایەتیدا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گیانی لەدەستدا، لە ساڵی ٢٠١٢دا هەڵدانەوەی تەرمەکەی بووە هۆی ئەوەی بەڵگەی ژەهراویبوون دەربکەوێت بەڵام هۆکاری مردنەکەی ڕوون نەبووەتەوە.

ژیانی سەرەتایی و پیشە

تورگوت ئۆزال لە شاری مەلاتیا لە ڕێکەوتی ١٩٢٧/١٠/٢٧ لەدایکبووە. دایکی بە ڕەچەڵەک کورد بووە و خەڵکی چەمیشگێزێک، تونچەلی بووە. خوێندنی سەرەتایی لە سیلیفکێ و ناوەندی لە ماردین و ئامادەیی لە قەیسەری تەواو کردووە. ئۆزال لە زانکۆی تەکنیکی ئیستەنبووڵ ئەندازیاری کارەبای خوێندووە و لە ساڵی ١٩٥٠ دەرچووە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٢ لە بەشی پلاندانانی وزەی کارەبای دەوڵەت کاری کردووە و لە نێوان ساڵانی ١٩٥٢ بۆ ١٩٥٣ لە ئەمریکا لەسەر وزەی کارەبا و بەڕێوەبردنی ئەندازیاری درێژە بە خوێندن دەدات، دوای گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە هەمان ڕێکخراودا لە پڕۆژەکانی کارەبادا کاری کردووە تاوەکوو ١٩٥٨. ئۆزال لە ساڵی ١٩٥٩ لە ڕێکخراوی پلاندانانی دەوڵەت بووە، و لە ساڵی ١٩٦٠ لە بەشی هەماهەنگی پلاندانان بووە. دوای خزمەتە سەربازییەکەی لە ساڵی ١٩٦١، لە چەندین ڕێکخراوی دەوڵەتی لە پۆستی پێشەنگدا کاری کردووە و لە زانکۆی ئۆ دیتی (زانکۆی تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) وانەبێژ بووە. بانکی نێودەوڵەتی لە نێوان ساڵانی ١٩٧١ بۆ ١٩٧٣ دامەزراندووە. پاشان، سەرۆکی هەندێک کۆمپانیای تایبەتی تورکی بووە تا ساڵی ١٩٧٩. تا کودەتای سەربازی لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠، جێگری سکرتێری سولەیمان دەمیرل سەرۆکوەزیرانی تورکیا بووە.

پیشەی سیاسی

حوکمڕانی سەربازی لە سەردەمی کەنعان ئێڤرێن تا مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٨٢ وەک وەزیری دەوڵەت و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری دەستنیشانی کرد.

سەردەمی سەرۆکوەزیران (١٩٨٣-١٩٨٩)

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ١٩٧٧ لەسەر پێداگریی براکەی بوو بە کاندیدی پارتی ڕزگاری نیشتمانی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە ٢٠ی ئایاری ١٩٨٣ پارتی نیشتیمانی دامەزراند و بوو بە سەرۆکی پارتەکە. پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٨٣ حکوومەتی پێکهێنا و بووە سەرۆک وەزیران، لە ساڵی ١٩٨٧یش دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا جارێکی دیکە بوو بە سەرۆک وەزیران. هەروەها بوو بە بەرپرسی گۆڕینی دیدگای کۆمەڵایەتی و ئابووریی تورکیا.

هەوڵی تیرۆرکردن

لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٨٨ لە هەوڵی تیرۆرکردن لە کاتی کۆنگرەی حیزب ڕزگاری بوو. فیشەکێک پەنجەی بریندار کرد و فیشەکێکی دیکە بەلای سەریدا تێپەڕی. بکوژەکە بە ناوی کارتال دەمیراغ گیرا و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن ئۆزالەوە لێخۆشبوونی بۆ دەرکرا. دوای دوو مانگ یرمیبەشئۆغڵو بوو بە سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی. ئۆزال لەسەردەمی یەرمیبەشئۆغڵو وەک ئەمینداری گشتی، تۆمەتەکانی ڕۆڵی یەرمیبەشئۆغڵو لەو کارەدا بیست و ناچاری کرد خانەنشین بێت. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨، دەمیراغ لەلایەن دادگای یازدەیەمی سزا قورسەکانی ئەنقەرە دادگایی کرایەوە و سزای بیست ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. لە ساڵی ٢٠١٣ ئەحمەد ئۆزال کوڕی ئۆزال ڕایگەیاند کە چەند مانگێک پێش هەوڵی تیرۆرکردن ئۆزال لە ڕووداوێکی فڕۆکە ڕزگاری بووە کە فڕۆکە فەرمییەکەی بزوێنەرێکی لەدەستداوە و بە کەوتنەخوارەوە نیشتووەتەوە. دواتر کۆمپانیای بەرهەمهێنەر ئەگەری ٩٥%ی ئەوەی ڕاگەیاند کە فڕۆکەکە لە ژێر ئەو بارودۆخەی کە هەبووە دەبوایە بتەقێتەوە.

سەرۆکایەتی (١٩٨٩-١٩٩٣)

ئۆزال لە ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ بووە هەشتەمین سەرۆکی تورکیا کە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیاوە هەڵبژێردرا و یەکەم سەرۆک بوو کە لە کۆماری تورکیا لەدایک بوو بوو نەک لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت ئۆزال هەوڵێکی دا بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی تورکیا لە ئاسیای ناوەڕاست و ئازەربایجان لە باشووری قەفقاز. هاوکات لایەنگرێکی سەرسەختی لێکنزیکبوونەوەی ئەو وڵاتە بوو لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی موسڵمان. ئۆزال زۆر پشتگیری شەڕی کەنداوی دەکرد و داوای لە سەرۆک جۆرج ئێچ دبلیو بوش کرد کە لەگەڵ عێراقدا بچێتە شەڕەوە.

تورگوت ئۆزال لەماوەی سەرۆکایەتی ڕازی بوو بە دانوستان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان. جگە لە ئۆزال کە خۆی نیوە کورد بوو، کەم سیاسەتمەداری تورکیاش حەزیان لێ بوو، تەنانەت بەشێک لە پەکەکەش حەزیان پێی نەبوو. خولی یەکەم لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا ڕوویدا، و بووە هۆی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پارتەکەوە لە ٢٠ی ئازاری ١٩٩٣. دوای مردنی سەرۆک لە ١٧ی نیسانی ١٩٩٣، لە بارودۆخێکی گوماناویدا، هیوای ئاشتەوایی بوو بە هەڵم، پلانی قەڵا، کە ئۆزال دژایەتی کردبوو، بوو بە یاسایی. هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران پێیان وایە مردنی ئۆزال بەشێک بووە لە کودەتایەکی سەربازیی نهێنی لە ساڵی ١٩٩٣ بە ئامانجی وەستاندنی پلانەکانی ئاشتی.

کۆچی دوایی

لە ١٧ی نیسانی ١٩٩٣ ئۆزال بەهۆی جەڵتەی دڵی گوماناوی لە کاتێکدا کە هێشتا لە پۆستەکەیدا بوو، گیانی لەدەستدا، ئەمەش وایکرد هەندێک کەس گومانیان لە تیرۆرکردنی هەبێت. ئەمەش کاتێک ڕوویدا هێشتا چانسی دانوستان لەگەڵ ڕێکخراوی یاخیبووی کوردی، پەکەکە، نەچووبووە هەنگاوی دواتر. سێمرا ئۆزالی هاوسەری ڕایگەیاندووە کە بەهۆی لیمۆوە ژەهراوی بووە و ئەویش پرسیاری لە نەبوونی پشکنینی جەستەی کردووە. چونکە ئەو نموونانەی خوێن کە بۆ دیاریکردنی هۆکاری مردنەکە وەرگیراون، لەدەستچوون یان فڕێدراون. ئۆزال هەوڵی دروستکردنی یەکێتییەکی تورکی دابوو، و پابەندبوونی چەند سەرۆکێکی دەوڵەتە تازە سەربەخۆکانی تورکیای لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو وەرگرتبوو، کە ئەمە و پلانی ئاشتیی لەگەڵ کورد بە هۆکاری کوشتنی گوماناوی ئۆزال دادەنرێن.

سەدان هەزار کەس بەشدارییان لە مەراسیمی ناشتنی لە ئیستەنبووڵ کرد، کە تێیدا ئۆزال لە تەنیشت گۆڕستانی عەدنان مێندەرێس بە خاک سپێردرا. لەنێو ئەوانەی ئامادەبوون کەسایەتییە بەرزەکانی ٧٢ وڵات بوون، لەنێویاندا چەندین سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەت، وەک سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆنستنتینۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکی ئەرمەنستان لیڤۆن تێر پترۆسیان، سەرۆکی ئەڵمانیا ڕیچارد ڤۆن وایزساکەر، و سەرۆکی ئازەربایجان ئەبولفەزل ئێلچیبی بەشدارییان لە پرسەکەدا کرد، هەروەها جەیمس بەیکەر وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا.

لە چواردەهەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دواییدا، هەزاران کەس بۆ یادکردنەوە لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و لێکۆڵەران ویستیان تەرمەکە هەڵکەنن بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکەن بۆ ژەهراویبوون. لە ئەیلوولی ٢٠١٢ دادگا بڕیاریدا کە گۆڕەکە بکرێتەوە بۆ پشکنینی جەستەی. لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ تەرمەکەی دەرهێنرا و مێرووکوژی قەدەغەکراوی DDTی تێدابوو بە دە هێندەی ئاستی ئاسایی. لە ڕاپۆرتێکی پشکنینی جەستەیدا کە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ دەرچووە و تێیدا هاتووە کە جەستەی ژەهری تێدایە بەڵام هۆکاری مردنەکەی ڕوون نییە. 

ژیانی خێزانی و کەسی

ئۆزال لەگەڵ سێمرای هاوسەری دوو کوڕ و کچێکی هەبوو. یەکێک لە کوڕەکانیان بەناوی ئەحمەد ئۆزال دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٩ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەندامی ڕێبازێکی ئیسلامیی بەهێز بووە لە تورکیا، کۆمەڵگەی ئیسکێندەرپاشا کە هاوکات لقێکی تورکی تەریقەی نەقشبەندییە.


سەرچاوەکان



212 بینین