وزەی خانە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-09-02:10:00 - کۆدی بابەت: 4303
وزەی خانە

ناوه‌ڕۆك

وزەی خانە لە کوێوە دێ؟

خانەکانی مرۆڤ و خانەکانی هەموو زیندەوەران، وزە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بژین و گەشە بکەن و زۆربنن، خانەکانی ڕووەکی وزەی دەست دەکەوێت لە تیشکی خۆر، و خانەکانی گیانەوەر لە خۆراکەوە وزەی پێویستیان بەدەست دەکەوێت.

لە خۆرەوە بۆ خانە

خۆر سەرچاوەی زۆربەی وزەی پێویستە بۆ ژیان، ڕووەکەکان وزەی ڕۆشنایی لە خۆرەوە دەمژن و دەیگۆڕن بۆ خۆراک لە میانەی کردارێکەوە کە پێی دەوترێ ڕۆشنەپێکهاتن، ئەو خۆراکانەی ڕووەک بەرهەمی دەهێنێت وزەی دەداتێ، بەمەش ڕووەک دەبێتە سەرچاوەی وزە بۆ ئەو زیندەوەرانەی ڕووەک دەخۆن.

ڕۆشنە پێکهاتن

لە خانە ڕووەکیەکاندا هەندێک گەردن هەیە وزەی ڕۆشنایی دەمژێت کە پێیان دەوترێت بۆیەکان. بۆیەی سەرەکی کە لە ڕۆشنە پێکهاتندا بەکاردە‌هێنرێت کلۆرۆفیلە هەر ئەویشە ڕەنگی سەوز دەبەخشێتە ڕووەکەکان، کلۆرۆفیل لە ڕووەکە خانەکاندا لە ناو سەوزە پلاستیدا هەیە، ئەو وزەیەی کلۆرۆفیل دەیمژێت ڕووەکەکان بەکاری دەهێنن بۆ گۆڕینی دوانۆئۆکسیدی کاربۆن و ئاو بۆ خۆراک ئەویش شەکری سادەیە واتە گلوکۆز. گلۆکۆز جۆرێکە لە کاربۆهیدرات کاتێک ڕووەکەکان گلۆکۆز بەرهەم دەهێنن ئەوا وزەی ڕۆشنایی خۆر دەگۆڕن بۆ جۆرە وزەیەک کە بتوانرێت پاشەکەوت بکرێت، خانە ڕووەکییەکان بەشێک لەو وزەیە بەکاردەهێنن، لە ڕۆشنە پێکهاتندا ئۆکسجین بەرهەم دێت، 

بەدەستکەوتنی وزە

خانەی گیانەوەران ڕێگەی جۆراوجۆر بەکاردە‌هێنن بۆ دەستکەوتنی وزە لە خۆراکەوە، یەکێک لەو ڕێگایانە خانە هەناسەیە کە ئۆکسجینی تێدا بەکاردێت بۆ تێکشکاندنی خۆراک، دووەم ڕێگەی بەدەست کەوتنی وزە ڕێگەی گەنینە، کە پێویستی بە ئۆکسجین نییە، کرداری خانە هەناسە لە خۆراکەوە وزەی زیاتر دەدات وەک لە وزەی کرداری گەنین.

خانە هەناسە

لەگەڵ ئەوەی هەناسەدان بە مانای گازگۆڕکێ دێت، ئەوا خانە هەناسە بەو مانایە نایەت، گازگۆڕکێ ئۆکسجین دەدات بە خانەکانی مرۆڤ کە پێویستیان پێیەتی بۆ خانە هەناسە، هەروەها هەناسەدان لەشی مرۆڤ ڕزگار دەکات لە دوانۆئۆکسیدی کاربۆن کە پاشەڕۆی گازی خانە هەناسەیە، خانە هەناسە کردەیەکی کیمیاییە لە خانەکاندا ڕوودەدات. زۆربەی زیندەوەرە ئاڵۆزەکان وەک ڕووەک و گیانەوەر لە ڕێگەی خانە هەناسەوە، وزەیان دەست دەکەوێت لە کاتی خانە هەناسەدا خۆراک شی دەبێتەوە (گلوکۆز) بۆ دوانۆئۆکسیدی کاربۆن و ئاو، وزەش دەردەپەرێت. هەندێک لەو وزەیە لەسەر شێوەی گەردی ئەدینۆسینی سێ فۆسفاتی ATP  کۆ دەکرێتەوە، گەردی ATP  ئەو ئاوێتەیە کە ڕاستەوخۆ وزە دەداتە خانەکان بۆ ئەوەی فرمانە جیاجیاکانیان بە جێ بهێنن، بەڵام زۆربەی وزە کە بە شێوەی گەرمی دەردەپەڕێت. لە هەندێک زیندەوەراندا، مرۆڤیش بەهەمان شێوە، ئەو گەرمییە بەشداری پاراستنی پلەی گەرمی لەشت دەکات. زۆربەی کرداری خانە هەناسە لە خانە ناووک سەرەتاییەکاندا لە پەردەی خانەدا ڕوودەدات، بەڵام لە خانە ناوک ڕاستەقینەکاندا زۆربەی کرداری خانە هەناسە لە مایتۆکۆندریادا ڕوودەدات.

پەیوەندی نێوان ڕۆشنەپێکهاتن و هەناسەدان

لە کرداری  ڕۆشنەپێکهاتندا وزەی ڕۆشنایی خۆر دەگۆرێت بۆ شەکری گلۆکۆز، لە کاتی ڕۆشنە پێکهاتندا خانەکان دوانۆئۆکسیدی کاربۆن بەکاردەهێنن بۆ بەرهەم هێنانی گلوکۆز، هەروەها ئۆکسجین دەردەپەڕێت. لە کاتی خانە هەناسەدا ئۆکسجین بەکاردەهێنرێت بۆ تێکشکاندنی گلوکۆز و دەرپەڕاندنی دوانۆئۆکسیفی کاربۆن. بەم شێوەیە هەر کردەیەک یارمەتی بەرهەم‌ هێنانی ماددەی پێویست دەدات بۆ کردارەکەی دیکە کە لە شوێنێکی دیکەدا ڕوودەدات.

گەنین 

لە کاتی ڕاکردنی مرۆڤدا، مرۆڤ هەست بە ئازاری ماسوولەکەکانی دەکات، کاتێک ماسوولکەکانی مرۆڤ ئۆکسجینی پێویستیان بەدەست ناکەوێت بۆ خانە هەناسە، ئەوا پەنا بۆ کرداری گەنین دەبەن لە ماسوولکەکاندا کە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ترشی ماست، ئەمەش دەبێتە هۆی هەست کردن بە کفتبوون و سووتانەوە، ئەم جۆرە گەنینە لە ماسوولکە خانەی گیانەوەراندا ڕوودەدات، هەروەها لە هەندێک جۆری کەڕوو و بەکتریادا


سەرچاوەکان



1196 بینین