کەڕووەکان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-03-12:55:00 - کۆدی بابەت: 4099
کەڕووەکان

ناوه‌ڕۆك

کەڕووەکان چیین؟

لە هەموو جێگایەک کەڕوو هەیە، قارچک جۆرێکی کەڕووە، وە ئەو هەوێنەی بۆ دروستکردنی نان بەکاردێ کەڕووە، وە ئەگەر تووشی نەخۆشی پێی وەرزشەوان بووی ئەوا هۆیەکەی کەڕووە. کەڕووەکان زیندەوەری خۆنەژێنن و ناوک ڕاستەقینەن و دیاری خانەیی ڕەقیان هەیە و کلۆرۆفیلیان تێدانییە و زۆر جیاوازن لە زیندەوەرەکانی تر بۆیە سەر بە شانشینە تایبەتییەکەی خۆیانن، کەڕووەکان شێوە و قەبارە و ڕەنگی جۆراو جۆریان هەیە. وەک کەڕووی هێڵانە باڵندە و کەڕووی کڵاوە و مەرجانیی ڕێک.

خۆراکی کەڕووەکان

کەڕووەکان خۆنەژێنن، ئەوانیش ناتوانن خۆراکە کە بگرن و گەمارۆیبدەن، بۆیە ناچارن نزیک خۆراکەکانیان بژین. زۆربەی کەڕووەکان بەکارهێنەرن، خۆراکە ماددەکان بەدەست دێنن بەهۆی دەردانی ئاوگەکانی هەرس بەسەر سەرچاوەی خۆراکەکەیدا پاشان مژینی خۆراکە هەرس کراوەکە زۆربەی کەڕووەکان شیکەرەوەن، واتە ماددە ڕووەکی و گیانەوەرییە مردووەکانی دیکە شی دەکەنەوە وە کەڕووەکانی دیکە مشەخۆرن. هەندێ لە کەڕووەکان بەسوود گۆڕینەوە لەگەڵ زیندەوەری تردا دەژین بۆ نموونە زۆر لە کەڕووەکان لەسەر ڕەگی ڕووەکەکان یان لە ناویدا گەشە دەکەن، ڕووەکە کە خۆراکە ماددە دابین دەکات بۆ کەڕووەکە، وە هەروەها کەڕووەکەش یارمەتی ڕەگەکە دەدات لە مژینی خاوەکان و ڕووەکەکە دەپارێزێ لە هەندێ زیندەوەر کە دەبێتە هۆی نەخۆشی. ئەم پەیوەندییەی لە نێوان ڕووەک و کەڕوودا هەیە بە پەیوەندی ئاڵوگۆڕی سوود ناسراوە کەڕووە ڕەگییەکان ناودەبرێ بە (mycorrhiza).

پێکهاتەی کەڕوو

هەموو کەڕووەکان لە خانەی ناوک ڕاستەقینە پێکدێن، بەڵام هەندێکیان تاک خانەن لە کاتێکدا زۆربەیان لە فرەخانە پێکدێن. کەڕووە فرەخانەکان لە زنجیرە خانەیەک پێکدێن کە بە دەزووەکەڕوو ناودەبرێت. خانەکانی ئەم دەزووانە دەرچە لە نێوان دیوارەکانیدا هەیە، ئەم دەرچانە ڕێگە بە سایتۆپلازم دەدەن بە سەربەستی بجووڵێت لە نێوان خانەکاندا. زۆربەی ئەو دەزوانەی کە کەڕووەکە پێکدێنن بەیەکەوە گەشە دەکەن بۆ پێکهێنانی بارستەیەکی لوول خواردوو کە پێی دەڵێن مایسلیۆم، مایسلیۆم بەشێکی سەرەکی کەڕووەکە پێکدێنێ بەڵام ئەم بارستەیە شاراوەیە و نابینرێت و لە ژێر زەوی دایە. مایسلیۆم لە ژێر خاکدا لە دەزووە کەڕوو پێکدێت.

زۆربوونی کەڕووەکان

زۆربوون لە کەڕووەکاندا توخمانەیە یان ناتووخمانەیە، ناتوخمانە زۆربوون لە کەڕووەکاندا بە دوو شێوە ڕوودەدات، لە ڕێگەی یەکەمی ناتوخمە زۆربووندا دەزووە کەڕووەکان هەڵدەوەشێن و هەر پارچەیەک دەبێ بە کەڕوویەکی نوێ وە هەروەها دەکرێ ناتوخمانە زۆربوون بەبەرهەمهێنانی سپۆڕەکان بێ، سپۆڕەکان خانەی بچووکی زۆربوونی پارێزراون بەدیوارێکی خانەیی ئەستوور، سپۆڕەکان کێشیان کەمە لەوانەیە بە هۆێ هەواوە بڵاوببنەوە، ئەگەر بارودۆخی گەشەکردن گونجاو بوو لە شوێنی نیشتنی سپۆڕەکە ئەوا سپۆڕەکە گەشە دەکات و کەڕوویەکی نوێ پێکدێنێ. بەڵام توخمە زۆربوون لە کەڕووەکاندا کاتێک ڕوودەدات ئەگەر پێکهاتەیەکی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی خانەی زۆربوون پێکبهێرێ. خانەکانی زۆربوون یەک دەگرن بۆ بەرهەمهێنانی توخمە سپۆڕەکان کەگەشە دەکات و کەڕووی نوێیان لێ پێکدەهێنێ.

جۆرەکانی کەڕوو

کەڕووەکان بە پێی شێوە و ڕێگەی زۆربوونیان پۆلێن دەکرێن. کەڕووەکان چوار کۆمەڵەی سەرەکییان هەیە. زۆربەی جۆرەکانی کەڕوو لەگەڵ ئەم چوارکۆمەڵەیە دەگونجێن، وە ئەم کۆمەڵانەش بریتین لە (کەڕووە پیتگۆڕکێکان، کەڕووە تورەگییەکان، کەڕووە پاڵپشتەکان (کۆڵەگەییەکان)، کەڕووە ناتەواوەکان).

کەڕووە پیتگۆڕکێیەکان

کەڕووی نان وەک کەڕووەنانی ڕەش کە بارستەیەکی لۆکەیی شێدارە لەسەر نان و میوە گەشەدەکات. ئەم کەڕووە بە شێوەی دەزوولەیە. کەڕووی نان بە شێوەیەکی دیاریکراو دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەیەک لە کەڕووەکان ئەوانیش کەڕووە پیتگۆڕکێیەکانن. زۆربەی کەڕووەکانی ئەم کۆمەڵەیە لە خاکدا دەژین و شیکەرەوەن بەڵام هەندێ لە کەڕووە پیتگۆڕکێیەکان مشەخۆرن. کەڕووە پیت گۆڕکێیەکان توخمانە و ناتوخمانە زۆردەبن لەهەردوو بارەکەدا کەڕووەکە سپۆڕەکان لە پێکهاتەی گۆییەوە کە سپۆڕدان ناودەبرێت بەرەڵڵا دەکات. هەر سپۆڕدانێکی گۆیی هەزاران سپۆڕی تێدایە.

کەڕووە تورەگەییەکان

کەڕووە تورەگەییەکان هەریەک لە هەوێنەکان و دومبەڵان و هێشوەدارەکان دەگرێتەوە. کەڕووە تورەگەییەکان ناتوخمانە و توخمانە زۆردەبن لە کاتی توخمەزۆربووندا کەڕووەکە چەند تورەگەیەک پێکدێنێ کە ئەو سپۆڕانەی توخمانە بەرهەم هێنراون لە ناویدا پەرەدەسێنن، زۆربەی کەڕووە تورەگەییەکان فرەخانەن، جگە لە هەوێنەکان کە تاکخانەن لە کاتێکدا هەوێنەکان ناتوخمانە زۆردەبن بەڕێگەیەک کە بە گۆپکەکردن ناسراوە، لە کرداری گۆپکەکردن خانەیەکی نوێ لە خانەیەکی پێشینە پەیدا دەبێت. هەندێ لە کەڕووە توورەگەییەکان گرنگی زۆریان هەیە بۆ مرۆڤ، لەوامەش هەوێنەکان لە دروستکردنی نان بەکاردێن، وە هەندێ کەڕووی توورەگەیی دیکە سەرچاوەن بۆ دژە زیندەییەکان و ڤیتامیینەکان و هەندێ کەڕووی تورەگەیی دۆمبەڵان و هێشودارەکان بەهایەکی بەرزیان هەیە وەک خۆراکی مرۆڤ. زۆر لە کەڕووە تورەکەدارەکان کەڕووی مشەخۆرن، دەبنە هۆی چەندین نەخۆشی وەک نەخۆشی درەختەکانی کەستەنە (شابەڕوو) و نەخۆشی درەختەکانی بناوی هۆڵەندی.

کەڕووە پاڵپشتیەکان (کۆڵەکەییەکان)

کوارگ (قارچک) کەلە چەتر دەچێ باوترین جۆرەکانی کەڕووە کە بۆ کۆمەڵێک کەڕوو دەگەڕێتەوە کە بە کەڕووە پشتگیرییەکان ناودەبرێن. کەڕووە پاڵپشتییەکان توخمانە زۆردەبن وە لە کاتی زۆربووندا کەڕووە دەزووی تایبەت گەشە دەکەن و پێکهاتەی وا پەیدا دەکەن کە بە کۆڵەگەکان ناودەبرێن وە لەسەر ئەم کۆڵەگانە توخمە سپۆڕەکان پەرەدەسەنن. لە کاتێکدا قارچک زۆربەی پێکهاتەکانی ئەم زیندەوەرە لە ژێر زەوی دایە نەک وەک ئەوەی کە بە خەیاڵتابێت کە ئەو بەشەی لەسەر زەویە. قارچک ئاسایی بەبازنەیی گەشەدەکات. زۆر لە قارچکەکان ناسراون بە کەڕوویی ڕیشوویی. کۆڵەگەکانی ئەم کەڕووە گەشە بەو پێکهاتانە دەدەن کە بە ڕیشوەکان ناودەبرێ. لە ژێر کڵاوەی قارچکەکەدایە. هەندێ لە پۆلکەکانی کوارگ بۆ بواری بازرگانی پەروەردە دەکرێن و وە لە بازارە گشتییەکاندا دەفرۆشرێن، بەڵام هەموو کەڕوویەکی ڕیشوویی بۆ خواردن دەستنادات. بۆ نموونە کەڕووی مردنی سپی کەڕوویەکی زۆر ژەهراوییە. بۆ نموونە کەڕووی پەنسیلیۆم ماددەیەک بەرهەم دێنێ کە بەکتریا دەکوژێ.

کەڕووە ناتەواوەکان

کەڕووە ناتەواوەکان هەموو ئەو کەڕووانە دەگرنەوە کە بە تەواوی ناگونجێن لەگەڵ کۆمەڵەکانی دیکە. ئەم کەڕووانە توخمانە زۆر نابن و زۆربەیان مشەخۆرن و ڕووەکەکان و گیانەوەران توشی چەندین نەخۆشی دەکەن یەکێ لە نەخۆشیە باوەکانی مرۆڤ کە بە هۆی کەڕوویەکی ناتەواوەوە توش دەبێ بریتییە لە نەخۆشی پێی وەرزشەوانە، کە ئەمەش نەخۆشییەکی پێستە. بەرامبەربەوە، هەندێ ناتەواوە کەڕووەکان بەسوودن بۆ مرۆڤ کەڕووی پەنسیلیومی دەرکەوتوو کە سەرچاوەیەکە بۆ دژە زیندەیی.

ئەشەنەکان

ئەشەن لە یەکگرتنی کەڕوو قەوزە پێکدێت کە بەیەکەوە گەشە دەکەن لە ڕاستیدا لە ناوخانەکانی کەڕووەکەدا دەژی وە ئەو زیندەوەرە بەرهەم هاتووە جیاوازە لەهەریەک لە دوو زیندەوەرەکە ئەگەر بێت و بە سەربەخۆیی گەشە بکەم، کەواتە ئەشەن لە ئەنجامی پەیوەندی سوود گۆڕینەوە پەیدابووە. بەڵام یەکبوونی کەڕوو و قەوزو بۆ پێکهێنانی ئەشەنەیەک بە تەواوی یە و بەر ڕادەیی کە وای لە زاناکن کرد کە ناوی زانستی تایبەت ببەخشن بە ئەشەنەکان وەک ئەوەی کە جۆری تایبەت بن بە خۆیان. سیفەتی بەرهەم هێنان لە ئەشەندا جیاوازە وەک لە قەوزەدا، قەوزەکان لە ئەشەنەکاندا خۆراک بەرهەم دێنن بە کرداری رۆشنەپێکهاتن. بەڵام بە پێچەوانەی قەوزەکان ئەشەنەکان توانای ڕزگاربوونیان هەیە لە وشکبوونەوە چونکە دیوارە پارێژەرەکان لە کەڕووەکەدایە ئاوی ناو ئەشەنەکان دەپارێزێت. وە لەبەر ئەوەی ئەشەنەکان تەنها پێویستیان بە ڕۆشنایی و هەواو خاوەکان هەیە بۆ گەشەکردنیان بۆیە توانای گەشەکردنیان لەسەر  و تاوێرەکان دەبێ و درز پەیدادەکات لەم تاوێرانە ئەشەنەکان ئەو ترشانە بەرهەم دێنن کە تاوێرەکان دەوەرێنن و دەبنە هۆی قڵیشانیان وە لە کاتێکدا قڵیشەکان بەلەتە تاوێرەکان و ئەشەنە مردووەکان پڕ دەبنەوە خاک پەیدادەبێ و زیندەوەری دیکە لەو خاکەدا گەشەدەکەن.


سەرچاوەکان



5558 بینین