ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی

له‌لایه‌ن: - شاهید عبدالرحمن - به‌روار: 2021-05-17-20:08:00 - کۆدی بابەت: 25
ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی

ناوه‌ڕۆك

دامەزراندنی

ئیمپراتۆرییەکی ئیسلامی بوو لە ساڵی 1299ـەوە تا ساڵی 1923، قوستەنتینیە ئیستەنبوڵی ئێستا پایتەختی دەوڵەتەکە بوو. دەوڵەتی عوسمانی ماوەی نزیک بە 600 ساڵ دەسەڵاتدارییەتیەکەی بەردەوام بوو . عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتەکە بوو, دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا گەیشتە لووتکەی ھێز و توانای خۆی. زۆربەی خاکی ھەر سێ قاڕەکانی جیھانی کۆن، واتە ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقای ئەگرتەوە، کە ھەموو ئاسیای ناوەڕاست، بەشێکی زۆری باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا، ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقای تێ ئەکەوت. ژمارەی ویلایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئەگەیشتە 29 ویلایەت. دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو و پەیڕەویی شەریعەتی ئیسلامی ئەکرد. لەبەر ئەوە، سوڵتانەکانی نەوەی عوسمان نازناوی "پێشەوای باوەڕداران" و "خەلیفەی موسڵمانان"یان ھەڵگرت. لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی یەکەم، لە ڕووی سیاسی و لەشکرییەوە، دەوڵەتی عوسمانی گەورەترین ھێز بوو و قوستەنتینیەی پایتەختی ڕۆڵی ئامرازی پێکەوەبەستنی ئایینی ئەبینی لەنێوان جیھانی ئەوروپای مەسیح و ڕۆژھەڵاتی ئیسلامیدا. لە دوای سەردەمی سوڵتانی ناوبراو، کە بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت، لاوازی و بێھێزی دوڵەتەکەی گرتەوە. وردە وردە، ھەرچەن چەند ماوەیەکی گەشەسەندن و چاکسازی تری بە خۆیەوە بینی، بەڵام، لە ئاستی ئەوەدا نەبوون بیگەڕێننەوە بۆ ئاستی پێشتری.

ڕەچەڵەکی عوسمانییەکان

عوسمانییەکان ھۆزێکی تورک بوون، و تورکەکان سەرەتا لە ئاسیای ناوەڕاستدا نیشتەجێ بوون. کاتێک مەغۆلەکان بە سەرکردایەتی ھۆلاکۆخان خۆراسانیان گرت، سولەیمان، باپیری عوسمان، ساڵی 1220 کۆچی کرد بۆ وڵاتی ئەنادۆڵ و لە شاری ئەخلات نیشتەجێ بوون. لە دوای مردنی سولەیمان، ئۆرتغرۆلی کوڕی جێگەی گرتەوە و لەگەڵ ھۆزەکەیدا ڕۆیشت بۆ شاری ئەرزینجان کە مەیدانی شەڕی نێوان سەلجووقییەکان و خواڕەزمییەکان بوو. ئۆرتغرۆل لەپێناو بەرژەوەندی سوڵتان عەلائەددینی سەلجوقی، سوڵتانی قۆنیە کاری ئەکرد و یارمەتیی سوڵتانی ئەدا لە شەڕ دژی خواڕزمییەکاندا. لەبەر ئەوە، سوڵتان زەوییەکانی بۆ جیاکردنەوە لە سنوری خۆرئاوای ئەنادۆڵ و بەتەنیشتی ڕۆمەوە و ڕێگەی پێدان کە زەوییەکانیان فراوان بکەن لەسەر حسابی ڕۆم.

ئابووری دەوڵەت

عوسمانیەکان دارایی و خەزێنەی دەوڵەتەکەیان ڕێکخست بە باشترین شێوە و چالاکتر بوو لە ھەر دەوڵەتێکی ئیسلامی پێشتر، بەردەوام ڕژێمی داراییەکەیان باشترین ڕژێمی سەردەمی خۆی بوو و لە سەروو ڕژێمی دارایی ھەموو ئیمپراتۆری و کۆمار و مەمالیک و میرنشینەکانی سەردەمی خۆی بوو ھەتا سەدەی 17، دەوڵەتە ئەوروپیەکان لەم ڕووەوە پێشی کەوتن، خەزێنەی عوسمانی گەشەی سەند لە سەردەمی زێڕینیاندا، وەزارتێکی تایبەت بە کاروباری داراییان دامەزراند و کەسێک سەرپەرشتی ئەکرد کە پێی ئەوترا (دەفتەردار) دواتر ناسرا بە وەزیری دارایی، لە چاکی بەڕێوەبردنی ھەندێک لە وەزارەتە داراییەکان کاریگەریەکی گەورەیان ھەبوو لە سەرکەوتنی فەتحی سوڵتانەکان و ھەڵمەتە سەربازیەکانیان.

دراو

دراوی عوسمانی لە سەرەتای دەوڵەتەکە بە قروش ناسرابوو کە لە بڕۆنز و مس دروستکرابوو، و لە کۆتایی دەوڵەتەکە لیرە بووە دراوی عوسمانی و ناوی سوڵتانی سەردەمەکەیان بۆ زیاد ئەکرد، وەک (لیرەی مەجیدی) و (لیرەی ڕەشادی). و یەک لیرەی عوسمانی بەرامبەر بوو لەگەڵ 162 قروش. کە سەرەتا لیرەکان ئاڵتونی بوون، پاشان دەوڵەت پارەی کاشی دەرکرد بۆ یەکەم جار لە سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەمدا، بە ھۆی ئەو بڕە زۆرەی بۆ شەڕ سەڕفکرا، نرخەکەی دابەزی لە بەرامبەر پارەی ئاڵتونی و زیوی، بەڵام حوکمەت سور بوو لەسەر ئەوەی لیرەی کاغەز بەرامبەر بێت لەگەڵ لیرەی ئاڵتون و خەڵکی ناچار کرد ئیشی پێ بکەن بەو شێوەیە.

بازرگانی

عوسمانیەکان زۆر ناوەندی بازرگانی و بازاڕی گەورە و خانەیان کردەوە لەسەر ڕیگە سەرەکیەکانی بازرگانی تا بازرگان و گەشتیار و کارونەکان لێی دابەزن، چەند ناوەندێک ھەبوو شتومەکە بازرگانیەکانی تیا کۆئەکرایەوە و نرخیان بۆ جێگیر ئەکرا، کە وەک ئاڵوگۆڕی شتومەکی ئێستا ئیشی ئەکرد، بەم ناوەندە بازرگانیانەیان ئەوت دەبستان، سەرەتا لە بۆرسە و ئەدەرنە دامەزران پاشان بە ھەموو دەوڵەتی عوسمانیدا بڵاوبوونەوە، و ھەندێکیان تایبەت ئەکران بە فرۆشتنی کەلوپەلی تایبەت وەک، گەوھەر و قوماش کتێب و بۆن و فەڕش و بەھارات و لەدەوروبەری ئەم ناوەندانە فرۆشیاری پێویستیە ڕۆژانەکان ھەبوون لە خواردن و سوتەمەنی.

کشتوکاڵ و پیشەسازی

دەوڵەتی عوسمانی کۆنتڕۆڵی زەوییە بە پیتەکانی ھەموو دەوڵەتەکەی کردبوو، لەوانە دەشتی بە پیتی وڵاتی شام و حەوزی ڕووباری دانووب، و حەوزی دیجلە و فورات، و دۆڵی نیل، و دەستەکانی ئاسیای بچووک و باکوری ئەفریقا، کە ئەم ناوچانە بە پێی خاکەکەی و بوونی ئاو و زۆری بەرھەم ناسرابوون، بەرھەمی کشتوکاڵی ھەمە جۆر بوو، گەنم و ڕۆنی زەیتون و میوە و بەر و بوومی وەک ترێ و ھەنجیر و قۆخ و سێو و بادەم و گێلاس و ھەرمێ و زۆری تر. بەرھەمی ئاژەڵی گرنگی لەوە کەمتر نەبوو، گرنگیەکی زۆر بە بەخێوکردنیان ئەدرا، پیشەسازی خواردەمەنی لە ھەموو لایەکی دەوڵەتەکە بڵاو بوویەوە کە لە سەرچاوە ڕووەکی و گیانەوەریەکان دەرئەھێنران دیارتریینیان پیشەسازی حەریر و خوری و سابوون بوو، و لەسەردەمی زێڕینی دەوڵەتدا پیشەسازی سەربازی پێش کەوت لە دروستکردنی چەکدا.

باروودۆخی کۆمەڵایەتی

مێژوونوسان کۆکن لەسەر ئەوەی شارستانی عوسمانی تێکەڵەیەکە لە شارستانی نەتەوەکانی پێش خۆیان و نەتەوەکانیان و سەردەمەکانیان، ئاسەواری عەرەب و فارسی تیا دەرئەکەوت لە ڕوویەکەوە، و ئاسەواری بیزەنتی و ئەوروپییەکان لە ڕوویەکی ترەوە، ڕاسترین شت کە بوترێت لەسەر ئەمە ئەوەیە کە شارستانی عوسمانی درێژبوونەوەی شارستانی و خەلافەتی عەرەبی ئیسلامی بوو کە لە سەردەمی عەباسیدا گەیشتە لوتکە، بەلام عوسمانیەکان سروشتی تورکی خۆیان و زۆر لە کاریگەرییە بیزەنتی و ئەوروپیەکانیان خستە سەر.

کۆمەڵگە

عوسمانیەکان بەوە ناسراون کە سیاسەتی لەناوبردنی نەتەوەکانی تریان پەیڕەو نەئەکرد، جیاوازی ئەمان لەگەڵ داگیرکەردا ئەوە بوو کە داگیرکەری ئیستیعمار سوور بوو لە پێشێل کردنی وڵاتەکە و دانیشتوانی بە باری نەزانی و دواکەوتوویی بھێڵێتەوە بەڵام ئەمان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیانە یەکسان بوون و جیاوازیان نەکرد، کە زۆر لە مێژوو نوسان ئەمە بە ھۆکارێک دائەنێن بۆ لاوازبوونی دەوڵەت و جیابوونەوەی نەتەوەکان لێی لە دواییدا، بەڵام زۆری تر لەو باوەڕەدان کە ئەم فرە ڕەگەزییە ھۆکاری مانەوەیان بوو بۆ ماوەی 600 ساڵ، کە سوڵتانەکان مافی سەربەستی ئاینی و نەژادیان بەخشیە کەمایەتییەکان، ھەندێک لە شارە عوسمانییە گەورەکان سروشتێکی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی تێکەڵیان ھەبوو وەک قوستەنتینییە و زۆر لەو شارانەی تر کە گرنگی بازرگانی یان ئاینییان ھەیە یان پایتەختی ولایەتەکان بوون، لەو شارانەش کە تاکو ئێستا شارستانی عوسمانی تیایاندا ماوەتەوە، سەرایڤۆ، سکوبیە، سالۆنیک، دیمەشق، بەغدا، قودس، مەککە و جەزائر کە تا ئێستا لەم شارانەدا نیشانەی تەلارسازیە عوسمانیەکان وئاسەوارەکانیان ئەبینرێ.

زانست و فێربوون

دەوڵەتی عوسمانی چالاککردنی فێربوونی مەدەنی پشت گوێخست لە قۆناغەکانی مێژوویدا تەنھا خوێندنگە تایبەتە ئیسلامیەکان نەبێت، و خوێندن پێش کەوت لە سەردەمی سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم و ئەوانەی دوای ئەو ھاتن بە تایبەت سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم زۆر گرنگی پێدا، کە خوێندنگەی ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگەی تەکنیکی دامەزراند. و سوڵتان لە سەرەتای ساڵی 1878ز خوێندنگەی تایبەت بە (کاروباری دارایی، و ماف، و ھونەرە جوانەکان، و بازرگانی، و ئەندازیاری، پزیشکی ڤێرتێنەری، و پۆلیس و پزیشکی نوێی دروست کرد)، زۆر لە خوێندنگە و بوارە زانستیەکانی سوڵتانەکانی پێش خۆی بەرەو پێش برد و زانکۆی کردەوە و چەندین ھەوڵی تر لەو بوارەدا.

بیناسازی

عوسمانیەکان گرنگیەگی دیاریان دا بە بیناسازی، لە ھەموو دەوڵەتەکەیاندا تۆڕێکی فراوانی ڕێگا و پردیان بنیاتنا بەپشتبەستن بە لێھاتووی بیزەنتیەکانی بولگار، ھەروەک گرنگیان دا بە بنیاتنانی خوێندنگە و پەیمانگەی فێربوون، و دروستکردنی نەخۆشخانە و ناوەندی بەساڵاچووان، ودروستکردنی خواردنگەی جەماوەری بۆ ھەژاران و خانەیان دروست کرد بۆ دابەزینی گەشتیارە بیانیەکان، و گرنگیان دا بە دروستکردنی کتێبخانە و مۆزەخانە و تەلار و مزگەوت. بیناسازی پیشکەوت لە سەردەمی فراونبوون و فەتحەکاندا، ھەندێک مزگەوتەکان بە دیارترین ئاسەواری بیناسازی عوسمانی دائەنێن لەوانە، مزگەوتی سوڵتان محەمەد فاتیح لە ئەستەنبوڵ، و مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد ھەر لە ئەستەنبوڵ، و مزگەوتی سوڵتان سولەیمان قانونی و مزگەوتی سوڵتان بایەزید و زۆری تر.

ھونەر و ئەدەب

چینی حوکمڕانی عوسمانیەکان گرنیان بە مۆسیقا دا، کە ھەندێک لە سوڵتانەکان خۆیان پارچەی مۆسیقایان ڕێکخستووە و ئاوازیان بۆ داناوە لەوانە سوڵتان سەلیمی سێیەم، مۆسیقای عوسمانی وەک زۆربەی سیما شارستانیەکانی عوسمانیەکان بە تێکەڵ دائەنرێت لە مۆسیقای بیزەنتی و عەرەبی و فارسی. شیعری عوسمانی بەشێوەیەکی زۆر کاریگەری شیعری فارسی لەسەرە و کاریگەری شیعری عەرەبی لە سەری کەمترە، لەبەر ئەوە عەرەبی و فارسی کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر زمانی تورکی عوسمانی ھەبوو، شاعیرەکان بەردەوام بوون، وھەندێک لە سوڵتانە عوسمانیەکان شیعریان بە فارسی و عەرەبی دائەنا تا سەدەی نۆزدە، پاشان تورکەکان ڕوویان کردە دانانی شیعر بە تورکی. 

زمان

سێ زمان بە زۆری بەکار دەھێنران لە دەوڵەتی عوسمانیدا، یەکەمیان تورکی بوو، کە زمانی دایکی تورکەکانە و زۆربەی دانیشتووانی ئەنادۆڵ و تراقیا پێی دەدوان لەگەڵ موسڵمانەکانی بالکان بێجگە لەئالبانیا و بۆسنیا، بە شێوەیەکی ئاسایی زمانی تورکی بڵاو بوو لە ناو ڕۆشنبیرە ناتورکەکاندا بە تایبەت ئەوانەی فەرمانبەری دەوڵەت بوون، و زمانی فارسی زۆر باو بوو لە نێو ڕۆشنبیرە عوسمانییەکان، و زمانی عەرەبی دووەم گرنگی پێ دەدرا، کە زمانی لێدوانی دەوڵەتە عەرەبییەکانی ژێر حوکمی عوسمانی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە ھەموو نەتەوە موسڵمانە ناعەرەبەکان لەبەر ئەوەی زمانی ئایینی ئیسلامە گرنگیان پێ داوە، زمانی تورکی زمانی ڕەسمی دەوڵەتی عوسمانی بوو، زمانی تورکیی عوسمانی جیاوازە لە زمانی تورکیی ئێستا لەبەر کاریگەری فارسی و عەرەبی لەسەری. ھەندێک زمانی تر بڵاو بوون لە دەوڵەتی عوسمانیدا بەڵام لە ئاستێکی کەمتردا، وەک: کوردی، سربی، یۆنانی، ماجاری، ئەرمەنی و بولگاری. ھەندێک لە تایفەکان زمانی تایبەتی خۆیان ھەبوو وەک سریانی و قەبتی بۆ مەسیحیە میسریەکان و عیبری بۆ یەھوودەکان.

ئایین

ئیسلام ئایینی ڕەسمی دەوڵەت بوو، کە زۆربەی دانیشتووانی ویلایەتە ئاسیا و ئەفریقییەکان ئیسلام بوون لەگەڵ زۆر لە ناوچەکانی بەلقان، لەسەر مەزھەبی سوننە دەڕۆیشتن، و کەمایەتیکی شیعە ھەبوو بە شێوەیەکی گشتی لە عێراق و ھەندێک ناوچەی شامدا، لەگەڵ ڕێژەیەکی کەم لە دروز و عەلەوی لە لوبنان و سووریا و ئوردن و فەلەستین. عوسمانییەکان ڕێگەیان بە مەسیحی و یەھوودی دا کە نەریتە ئایینییەکانیان بە سەربەستی بە جێ بھێنن لە ژێر چاودێری دەوڵەتدا، و عوسمانییەکان وەک ھەموو دەوڵەتە ئیسلامییەکانی پێش خۆیان جزیەیان لە سەر دانیشتووانە ناموسڵمانەکان دانا لە بەرامبەردا لێیان خۆش بوون لە خزمەتی سەربازی.


سەرچاوەکان



14933 بینین