شا فەیسەڵی یەكەم

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-13-20:44:00 - کۆدی بابەت: 9000
شا فەیسەڵی یەكەم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

شا فەیسەڵی یەکەمی کوڕی شا حسێنی هاشمی (بە عەرەبی: ملك فیصل اول، بە ئینگلیزی: Faisal I ) ئەو پادشایەی کە حووکمی وڵاتی شام و عێراقی کرد، ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرکەوتنی شۆڕشی مەزنی عەرەبی گێڕا و وەکوو یەکەمین پادشای عێراق هەڵبژێردرا. لەدایکبووی ساڵی 1885ـی شاری مەککەی حیجاز بوو، کوڕی سێیەمی شا حسێنی فەرمانڕەوای حیجاز بوو.
سەردەمی منداڵی و قۆناغی سەرەتایی لە ناوچەکەی خۆیان بەسەربردووە و لە بیابان پەروەردە کراوە، هەر لە منداڵییەوە فێری ئەسپسواری و شمشێربازی و تەقاندنی تفەنگ بووە، هەروەها فێری زمانی تورکی، ئینگلیزی و فەڕەنسی بووە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان وەکوو نوێنەری سیاسی چەند ناوچەیەکی حیجاز دیاریکراوە و بەهۆیەوە ئەزموونی سیاسی وەرگرتووە، خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و کەسێکی بوێر و زیرەک بووە.

ڕۆڵی شا فەیسەڵ لە شۆڕشی گەورەی عەرەبی

شەریف حسێنی باوکی بە هاوکاری هێزەکانی بەریتانیا لە ساڵی 1916 شۆڕشی مەزنی عەرەبی دژی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ڕاگەیاند، شەریف حسێن سوپای عەرەبی لەو کاتەدا بەسەر ناوچەکانی حیجاز دابەش کردە سەر سێ بەشەوە و هەر کوڕێکی ڕابەرایەتی بەشێکی دەکرد، فەیسەڵی کوڕی ڕابەرایەتی سوپایەکی دەکرد کە لە دە هەزار جەنگاوەر پێکهاتبوو، بەرپرسی شاری مەدینە و بیبانەکانی ئەو ناوچەیە بوو، شا فەیسەڵ تا ناوچەکانی نزیک دەریای سوور چەند جەنگێکی دژی عوسمانییەکان ئەنجامدا و لە هەموویان سەرکەوتنی بەدەست دەهێنا، بە بۆێری و ئازایەتی ناوی دەرکردبوو، ئەو سوپایەی ئەو پێشڕەوی دەکرد ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە وەدەرنانی عوسمانییەکان لە ناوچە ستراتیجییەکانی حیجاز و شام.

هەڵبژاردنی وەکوو پادشای سووریا

لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ساڵی 1918 شا فەیسەڵ و سوپاکەی بە یارمەتی هێزەکانی بەریتانیا گەیشتنە شاری دیمەشقی سووریا، هێزە عوسمانییەکان بە تەواوی لە هەموو ناوچەکانی دیمەشق کشانەوە، لەلایەن گەلی سووریاوە بە گەرمی پێشوازی لە سوپای شا کرا. یەکەمین حکوومەتی عەرەبی لە دوای شۆڕش بە فەرمانی شا فەیسەڵ لە دیمەشق دروستکرا، چەند کەسێکی شیاوی بۆ چەند پۆست و پلەیەکی سەربازی گرنگ دیاری کرد. شا فەیسەڵی کوڕی حسێن لە هەشتی ئازاری ساڵی 1918 وەکوو یەکەمین شا بۆ سووریا دیاریکرا و ناوی وڵاتی گۆڕی بۆ شانشینی سووریای عەرەبی.
دەسەڵاتی شا زۆری نەخایاند و بەهۆی پەیماننامەی سایکس بیکۆوە، لە ساڵی 1920 فەڕەنسا هێزی ڕەوانەی سووریا کرد، لە دوای "جەنگی مەیسەلوون" توانی لە 24ـی تەممووزی هەمان ساڵ دیمەشق داگیر بکات.
لە دوای شکستهێنانی جەنگەکە و داگیرکردنی سووریا، سەردەمی شا فەیسەڵ لە سووریا کۆتایی پێهات، شا دیمەشقی بەرەو شاری حێفای فەڵەستین بەجێهێشت، پاشان چووە ئیتاڵیا و لەوێوە لەسەر بانگهێشتنامەی خێزانی شاهانەی بەریتانیا چووە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.

هەڵبژاردنی وەکوو یەکەمین پادشای عێراق

لە ساڵی 1920 و دوای هەڵگیرسانی "شۆڕشی بیستەم" دژی داگیرکاری بەریتانی لەلایەن دانیشتوانی عێراقەوە، لە ڕێگەی بەستنی کۆنگرەی قاهیرەوە، بە ئامادەبوونی چەرچڵ وەزیری ناوچە داگیرکراوەکانی ئەو کاتەی بەریتانیا بڕیاری گۆڕینی سیاسەتەکانی عێراقی دا لە داگیرکارییەوە بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی نیشتیمانی لە عێراق، بەو مەرجەی عێراق هەر لەژێر ڕکێفی بەریتانیا بمێنێتەوە.
بۆیه بەریتانیا بیرۆکەی دامەزراندنی سیستمی پادشایەتی لە عێراق خستەبەرباس و شا فەیسەڵیشی وەکوو شای بەربژێر دیاری کرد.
 ئەنجوومەنێکی نەتەوەیی لەلایەن سەرکردە باڵاکانی عێراقەوە دروستکرا، نموونەی جەعفەر عەسکەری، ڕەشید عالی گەیلانی و یاسین هاشمی، پاشان عەبدولڕەحمان گەیلانی نەقیب کرا بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و وەکوو یەکەم سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتنامەی بۆ شا فەیسەڵ نارد تاکوو بێتە عێراق. لە 12ـی حوزەیران 1921 شا فەیسەڵ لە ڕێگەی بەندەری شاری بەسڕاوە گەیشتە عێراق، لەلایەن سەرۆک هۆزەکانی بەسڕاوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، پاشان سەردانی شارەکانی کووفە، نەجەف و کەربەلای کرد، لە کاتی گەیشتنی بۆ بەغداد نوێنەری بەریتانیا "بێرسی کۆکس" پێشوازی لێکرد.
دوای چوار ڕۆژ لە گەیشتنی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی تازە دروستبوو بە ڕازیبوونی 96%ـی ئەندامەکان شا فەیسەڵی کوڕی شەریف حسێن بە ناوی شا فەیسەڵی یەکەم وەکوو یەکەمین پادشای وڵات دیاریکرا، لە 23ـی ئاب لە گۆڕەپانی ساعەی قشڵە لە بەغداد بە فەرمی پڕۆسەی تاج لەسەرنانی شا ئەنجامدرا.

ژیانی تایبەتی

لە ساڵی 1905 هاوسەرگیری لەگەڵ کچە مامێکی بە ناوی "حەزیمەی کچی ناسڕ" کردووە، بوونەتە خاوەن سێ کچ و کوڕێک بە ناوەکانی، عززە، ڕاجیحە، ڕەئیفە و غازی.

کۆچی دوایی

لە یەکی ئەیلوولی ساڵی 1933 شا فەیسەڵ بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی پزیشکی ساڵانە بە گەشتێک سەردانی وڵاتی سویسرای کرد، بەڵام دوای حەوت ڕۆژ لە سەردانیکردنەکەی لە هەشتی ئەیلوول بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی شا ڕاگەیەنرا. لەو سەردەمەدا هەندێک بۆچوون دەسەڵاتی بەریتانیا و ئەو پەرستارەی سەرپەرشتی چارەسەرکردنەکەی دەکرد بە ژەهرخواردکردنی شا تۆمەتبار کرد، ڕاپۆرتە پزیشکییەکان و ئەنجامی پشکنینەکانی پێش دوو ڕۆژ بەرلە مردنی هەمووی پاک ببوو، هەندێک بۆچوون پشتڕاستیان کردەوە کە بەهۆی ماددەی زڕنیخ ژەهرخوارد کراوە.
تەرمەکەی پارێزگاری لێکرا و لە سویسراوە نێردرا بۆ وڵاتی ئیتاڵیا، پاشان لە ئیتاڵیاوە بەرەو بەندەری حێفای فەڵەستین ڕەوانەکرا، دواتر گوێزرایەوە بۆ شاری عەککای هەمان و وڵات لە ڕێگەی فڕۆکەوە گەڕێنرایەوە بۆ عێراق، دواتر تەرمەکەی 15ـی ئەیلوول ساڵی1933 لە گۆڕستانی شاهانە لە ناوچەی ئەعزەمییەی شاری بەغداد نێژرا.
لە پاش خۆی شا غازی کوڕی لە هەمان مانگ وەکوو دووەمین پادشای عێراق هەڵبژێردرا.


سەرچاوەکان



867 بینین