فەڵەستین و شۆڕشەکانی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-13-01:42:00 - کۆدی بابەت: 4454
فەڵەستین و شۆڕشەکانی

ناوه‌ڕۆك

باسی فەڵەستین و شۆڕشەکانی

فەڵەستین لە ساڵی ١٩١٧ داگیرکرا لە لایەن هێزەکانی ئینگلیزەوە بەسەرکردایەتی جەنەڕاڵ (ئەللنبی) کە پێشتر بەشێک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی لە ئەنجامی هەوڵەکانی بزووتنەوەی سەهیۆنی (زایۆنیزم) کە جووڵانەوەیەکی ئایینی و ڕامیاری و فراوان بوون و داگیرکەر بوو، هەردەم هەوڵی دەدا بۆ کۆکردنەوەی جولەکاکان و گواستنەوەیان بۆ فەڵەستین بەمەبەستی دروستکردنی دەوڵەتێکی فراوان بۆ خزمەتی بەرژەوەندی ئیمپریالیزم لە ناوچەکە، توانی بەریتانیا قایل بکات بە دەرکردنی بەڵێنی (بلفۆر) لە تشرینی دووەمی ١٩١٧دا، وە دواتر هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا و ئیتاڵیاش پشتگیریان لێکرد، بەڵێنی (بلفۆر) کە لەلایەن ئارثەر جیمس بلفۆر (وەزیری دەرەوەی بەریتانیا) لە شێوەی نامەیەک دەچوو لە دەقەکەی دا هاتووە (دەوڵەتی پاشای خاوەن شكۆ بە چآوێکی سۆزەوە دەڕوانێتە دروستکردنی نێشتیمانێکی نەتەوەیی بۆ گەلی جوولەکە لە فەڵەستینیدا، بۆ ئاسانکردن و بە جێ هێنانی ئەم ئامانجە هەوڵ دەدات، وە هیچ شتێکی وەهاش ناکرێت کە مافی موڵکی ئایینی ئەو تایەفانە بگۆڕرێ کە جوولەکە نین و لە فەڵەستیندا دەژین)، لە ساڵی ١٩٢٠ بەریتانیا ئینتدابی خۆی سەپاند بەسەر فەڵەستین وەک ڕێگایەک بۆ بەدیهێنانی بەڵێنی بلفۆر، ئینتیدابی بەریتانیا لەسەر فەڵەستین بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٤٨ کە دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر خاکی فەڵەستین دامەزرا.

شۆرشەکانی فەڵەستین لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی

شۆرشی ١٩٢١

لە مایسی ١٩٢١دا فەڵەستینیەکان هێرشیان کردە سەر داگیرگە جولەکەییەکانی (رحبوتم الخضیرة، بتاح تکفا، دیران، الیهودیة) هەروەها جولەکەکانیش هێرشیان کردە سەر شاری (قەلقیلیە) و تاڵانیان کرد، بەڵام داگیرکەران خۆیان لە هێرشی جوولەکەکان گێل کرد، کەچی لە هەمان کاتدا بەرەنگاری هێرشی فەڵەستینیەکان بوونەوە بە فرۆکە و جۆرەها چەکی تر. لە پاشاندا فەرمانڕەوایی ئینگلیز لیژنەی (هایکرافت)ـی دامەزراند و لیژنەکەش هۆی بەیکدادەنەکانی مایسی ١٩٢١ وەها لێکدایەوە

  1. سیاسەتی میری دەیەوێت وڵاتێکی نەتەوەیی بۆ جوولەکە دامەزرێنێت.
  2. میری پرس و ڕای بە ڕێکخراوی سەهیۆنی جیهانی کرد و ئەو ڕێکخراوەش بوو بوو بە میرەیەک لە ناو میرییەکدا بەرامبەر بەمەش عەرەبەکان پشت گوێ خرابوون.
  3. ژمارەیەکی زۆر لە جوولەکەکان لە کاروباری میری دا دامەزرابوون.
  4. بە بێ هیچ تەگەرەیەک کۆچەرە جوولەکەکان بەلێشاو دەهاتنە فەڵەستینەوە.

شۆڕشی بوراق ١٩٢٩

لە ١٤ـی ئابی ١٩٢٩دا (٦) هەزار جوولەکە زۆربەیان لە ڕێکخراوی (المکانة)ـی ترسێنەری سەهیۆنی بوون لە (تەل ئەبیب) دا خۆپیشاندانێکی دژ بە عەرەبیان کرد. لە رۆژی دوایدا کە ڕێکەوتی هەینی و لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) دەکرد و سەهیۆنییەکان بە شێوەیەکی گەورەتر  و شەڕ فرۆشتنێکی بەرزتر قودسیان بڕی و ڕووەو (بوراق) ڕۆیشتن و بەیەکدادانێک لە نێوان عەرەب و جوولەکەکان دا ڕووی دا، هەرچەندە پۆلیس توانی لێکیان بکاتەوە، بەڵام چەند جارێکی تر شەڕ و پێکدادان ڕووی دایەوە و پاشان شەڕ زۆربەی شارەژابت قودس و نابلوس و خەلیلی گرتەوە تا گەیشە شارەکانی حەیفا و یافا،  دوای کۆتایی هاتنی شۆڕشەکە دەوڵەتی ئینگلیز وەک نەریتی خۆی لیژنەیەکی نارد با ناوی لیژنەی (شۆ) بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆیەکانی شۆرش،  بەڵام کەس گوێی لە ڕاسپاردەکانی نەگرت، چونکە ڕاسپاردەکانی بریتی بوون لە سنووردانان بۆ کۆچکردنی جوولەکە بۆ فەڵەستین و وەستاندنی گواستنەوەی زەوی و زار بۆ جوولەکە و دابینکردنی مافی عەرەبەکان.

هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆرشی بوراق

  1. نەبوونی سەرکردایەتیەکی  شۆڕشگێر لە نێو جووڵانەوەی نیشتیمانیدا.
  2. شۆرش کە لاوازبوو، چونکە پەرت پەرت بوو و سیمایەکی جوتیارانەی پێوە دیار بوو.
  3. سەرکردایەتی جووڵانەوەی نیشتیمانی ئینگلیزی بە دوژمنی سەرەکی نەدەزانی.
  4. نەبوونی ڕێکخستنێکی شۆرشگێڕانە.
  5. بار و هەڵوێستی لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا نەئەدا، لەهەمان کاتدا ئیستعمار و سەهیۆنیەت لە قۆناغی گوڕ و هێزدا بوون.

ڕاپەڕینی ١٩٣٣

لە ئەنجامی بەجوولەکە کردنی فەڵەستین چەند خۆپیشاندانێکی بەتین لە ساڵی ١٩٣٣دا شاری قودسی گرتەوە پاشان تەنییەوە بۆ یافا و خۆپیشاندەرەکان چەند داخوازییەکیان هەبوو لەوانە

  1. وەستاندنی کۆچی جوولەکە بۆ فەڵەستین.
  2. دانانی یاسایەک کە بە هیچ شێوەیەک نەهێڵێت موڵکایەتی زەوی لە عەرەبەوە بگوێزرێتەوە بۆ جوولەکەکان.
  3. دامەزراندنی حکوومەتێکی نیشتیمان بەرپرسیار بەرامبەر بە کۆمیتەیەکی هەڵبژێردراو کە بە ڕێژەی ژمارەی خەڵکی وڵاتەکە هاوبەشی تێدا بکەن.

جوڵانەوەی قەسام

دوای ئەوەی کە (عزالدین قەسام) لە سووریا بڕیاری لە سێدارەدرانی درا بەسەردا، چونکە لە سەرکردایەتی شۆرشە ژێرکەوتووەکەی (الشیخ صالح العلی) دا هاوبەشی کردبوو پەنای هێنا بۆ فەڵەستین و پێی وابوو ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بەبێ

  1. یەکێتی بەڕێەوەبردنی شۆرش.
  2. دامەزراندی ڕێکخراوێکی شۆرشگێڕانەی بەهێز.
  3. ڕێکخستنی جەماوەر و خستە کاری.
  4. دانانی نەخشەی زانستی لە کاری شۆرشگێڕی دا لە ڕووی ڕامیاری و سەربازییەوە
  5. ڕوونی بیروڕا.
  6. هەوڵدان بۆ ئامادەکردنی بارودۆخ بەمەبەستی تەقاندنەوەی شۆڕش.

قەسام دوای فروانبوونی ڕێکخراوەکەی و دەست خستنی چەند پارچە چەکێک دەستی کرد بە کوشتنی هەندێک لە ئەفسەرەکانی ئینگلیز و هەندێ لە گومانلێکراوانی عەرەب کە یارمەتی دەزگا داگیرکرارییەکان و سەهیۆنییەکانیان دەدا. لە ١٥ تشرینی دووەمی ١٩٣٥دا لە نێوان شۆرشگێڕەکان و پۆلیسدا پێکدادانێک ڕووی دا لە نزیک دێی (السبارد) شێخ (محمەد الحلحولي) کە یەکێک بوو لە ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوە شەهید کرا دواتر کە ئێوارەی ١٨ی تشرینی دووەم دا نزیکەی ٥٠٠ سەربازی ئینگلیزی ئابڵوقەی قەزای (جەنین)ـیان داو لەشەڕێکی نابەرامبەردا عزالدین قەسام و چەند هاوڕێیەکی شەهید کران.

ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی جووڵانەوەی قەسام

  1. ئەو شۆرشە وەک مەشخەڵانێک ڕووناک بوو، بەڵام بەخێرایی دامرکێنرایەوە لەگەڵ ئەوەشدا سەرەتای تێکۆشان بوو لە شێوەی ڕێکخستندا.
  2. جووڵانەوەی (قەسام) لاوازی و دوو دڵی سەرکردایەتی جووڵانەوەی نیشتیمانی نیمچە دەرەبەگی ئاشکرا کرد.
  3. جووڵانەوەکە دەرگای بۆ جەماوەر خستە سەر پشت کە جڵەوی سەرکردایەتی لە سەرکردە کۆنەکان بسەننەوە.
  4. ڕێکخراوەکەی قەسام لەبەر ئەوەی کە چآودێریکردنی سیخوری بەسەردا سەپا، قەبارەکەی ڕووە و کەمبوون ڕۆیشت و تەنیا ژمارەیەکی باوەڕپێکراوی مایەوە. 
  5. قەسام کەوتە هەڵەیەکی سەربازی سەرەکییەوە چونکە گورج و گپڵیە ڕامیاری و سەربازییەکانی خزاندە یەک ناوچەوە کەسەروویی فەڵەستینە (قەزای جەنین)، ئەمەش ڕێگای لەناوبردنی ئاسان کرد لەبەردەم داگیرکەراندا و نەیانهێشت پریشکەکان بگاتە شوێنەکانی تر.

شۆرشی ١٩٣٦

هۆیەکانی شۆڕشی ١٩٣٦

  1. زیادبوونی ناڕەزایی فەڵەستینیەکان دژی سیاسەتی حکومەتی بەریتانیا، بۆ ئەوەی فەڵەستین بکاتە دەوڵەتێکی جوولەکە لەسەر حسابی  دانیشتووە ڕەسەنەکانی.
  2. پاشگەزبوونەوەی ئینگلیز لەو گفتوگۆ پەیمانانەی کەدابووی لەمەڕ سەربەستی فەڵەستین و دانانی یەک دەوڵەتی عەرەبی سەربەخۆ.
  3. ڕەشبینی سەرکردە و ڕۆڵەکانی گەلی فەڵەستین لەمەڕ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان بە ڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ لیژنەکانی ئینگلیز بڕواشیان وابوو تەنیا ڕێگا خەبارتی چەکدارییە.
  4. خراپی ئینگلیز لەگەڵ فەڵەستینییەکان و ڕێککەوتن لەگەڵ جوولەکەکاندا.
  5. پایە ئیدارییە گرنگەکان بەسەر جوولەکەکاندا دابەشکرابوون و فەڵەستینیەکانی لێی بێبەش کرابوون.
  6. لەسەربازگەکانی ئینگلیز لەفەڵەستیندا و لە دەرەوەی فەڵەستینیشدا چەک دەڕۆیشت بۆ جوولەکەکان.
  7. لەسەر دەستی شەهید قەسام جۆرێک لە ڕێکخستن هاتەکایەوە بە ئاسانی هانی دان بۆ فەرمانی یەکەم شەڕکردن.
  8. دەست خستنی چەند پارچە چەکێک.
  9. پشتگیریکردنی شۆرش لە دەرەوە و ناوەوەی فەڵەستین.

سەرەتاکانی شۆرش لە یافاوە دەستی پێکرد بە مانگرتنێکی گشتی دەستی پێکرد و دواتر قودس و حەیفا و شارەکانی تری گرتەوە لە سنووری (یافا – تەل ئەبیب)ـدا پێکدادانێک لە نێوان جوولەکە و فەڵەستینیەکاندا ڕوویدا و میریش هاتووچۆی قەدەغەکرد و باری نائاسایی ڕاگەیاند ئەوەی کە یارمەتی سەرکەوتنی مانگرتنە گشتییەکەی فەڵەستینی دا ئەو مانگرتنە گشتییە بوو کە لە میسر ڕووی دا لە ساڵی ١٩٣٦ دا بۆ دەرکردنی ئینگلیزەکان و لە سوریا لە ساڵی ١٩٣٦ بۆ دەرکردنی فەڕەنسییەکان. هەروەها ڕۆژنامە گەری دەورێکی دیاری هەبوو لە هاندانی مانگرتن و درێژەدان بەو مانگرتنە سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین خۆپیشاندان لە شارەکانی عەمان - دیمەش - تەڕابلووس - صەیدا – بەغداد – موسڵ و قاهیرە بۆ پشتگیری کردنی گەلی فەڵەستین پاشان لە ٢٥ی نیسانی ١٩٣٦ دا بەرەیەک  بە ناوی (لیژنەی عەرەبی باڵا) دروست بوو بڕیاری درێژەپێدانی مانگرتینیدا.

هۆیەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشی ١٩٣٦ 

  1. ناهاوتایی لە نێوان هێزی شۆڕشگێڕەکان و هێزی جوولەکەکان و ئینگلیزەکانەوە لە ڕووی هونەری و بەڕێوەبردن و ڕێکخستنەوە.
  2. باری پارچە پارچەیی و دواکەوتن و پاشکۆیەتی بێگانە لە وڵاتە عەرەبییەکاندا ڕۆڵێکی خراپی بینی بە تایبەتی ئەو ڕۆڵە خراپەی کە پاشا و ئەمیر و کاربەدەستانی عەرەب گێڕایان بۆ لەناوبردنی شۆرش.
  3. سەرکردایەتی فەڵەستینی کە برییتی بوو لە دەرەبەگ و بۆرجوازی گەورە نەیانتوانی بچێتە ئاستی ڕووداوەکانەوە.
  4. دواکەوتووی کۆمەڵ و سەرکردەکان بووە هۆی نەبوونی بیرکرنەوەی شۆرەشگێرانە و ڕێکخراوێکی جەماوەری فراوان و نەگۆڕ.
  5. سروشتی چینایەتی و ڕامیاری سەرکردایەتی فەڵەستینیەکان نەیتوانی پەیوەندییەکی نەپساوی بەرهەم هێن دروست بکات لەگەڵ ئەو هێزە جیهانیانەی کە دژی ئیستعمار و داگیرکردن و چەوسانەوە دەجەنگان.

ئینگلیزەکان بۆ لەناوبردنی شۆرش چییان کرد؟

  1. ڕێگای سەرکوتکردن و داپڵۆسینی جەماوەری شۆرشگێری عەرەب و سەرکرداییەتیە ناوچەییەکانی ڕێکخراوەکانیان.
  2. ڕێگای ئابڵوقەدان و فرت و فێڵی سیاسی، بەبەکارهێنانی دەسەڵاتی گەورەییان لای سەرۆکەکانی ڕژێمە عەرەبییەکان.

ئینگلیز توانی بە هاوکاری پادشاکانی عەرەب شۆرشەکە لەناو بەرێت و دواتر لیژنەی (بیل)ـی نارد بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆیەکانی شۆرش و هۆیەکانی بەرپابوونی شؤرش. بەم شێوەیە لێک دایەوە کە (عەرەبەکان دەیانەوێت سەربەستی نەتەوایەتی بەدی بهێنن و دەترسن و ڕقیشیان لە بیری دروستکردنی نیشتیمانی نەتەوەیی جوولەکەیە) لیژنەکە پێشنیاری دابەشکردنی فەڵەستینی کرد لە نێوان عەرەب و جوولەکەدا، بەڵام عەرەبەکان لە کۆنگرەی بلودان کەلە سووریا بەسترا لە ساڵی ١٩٣٧دا ئەم پێشنیارەی ڕەت کردەوە.


سەرچاوەکان



947 بینین