ناوهڕۆك
ناساندن
محەمەد مەهدی جەواهیری ناسراو بە شاعیرە مەزنەکەی عەرەب لە ساڵی 1899 لە شاری نەجەف لە باشووری عێڕاق لەدایکبووە، لە خێزانێکی ئاینی و دیندار پەروەردە کراوە و باوکی زوو خستویەتییە بەر خوێندنی ئاینی و ناردوویەتی بۆ لای مامۆستای گەورەی ئەو سەردەمە لە تەمەنێکی کەم شارەزایی لە زمانی عەرەبی پەیدا کردووە و هەر لە منداڵییەوە خولیای شیعر و ئەدەب و نووسین بووە و ژمارەیەکی زۆر لە شیعری ئەدەبی کۆنی "جاهیلی" لەبەر کردووە و لە تەمەنی لاویدا شیعری نوسیوە دیوانی شاعیران و کتێبی مێژوویی خوێندووەتەوە.
سەرەتاکانی نوسینی
کاتێك لە قۆناغی خوێندن بووە دەستی بە نووسینی شیعر کردووە، لە ساڵی 1920 لەبارەی شۆڕشی عێڕاق نووسیویەتی، لە سەرەتادا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان عێڕاقییەکاندا شیعرەکانی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە (لسان العرب، الأستقلال، الرافدين، العراق) چەندانی تر، لە ساڵی 1920 بۆ 1924 لە وڵاتی ئێران ژیاوە و لەو قۆناغەی ژیانی زۆر کاریگەر بووە بە کولتوور و سروشتی ئێرانی و لەبارەی سرووشتەوە شیعری زۆری نووسیوە.
قۆناغەکانی ژیانی
لە دارودەستەی پاشای عێڕاق لەو سەردەمەدا پاشا مەلیك فەیسەڵ نزیك بووە و لە ساڵی 1920 چەندان شیعری بۆ نووسیوە، لە ساڵی 1928 یەکەمین کۆمەڵەی شیعری بڵاوکردووەتەوە بە ناوی (بین العاطفة والشعور: لە نێوان هەستوسۆزەکان)، چەندان ڕۆژنامەی گرنگی دەرکردووە و بەڕێوەی بردوون لەوانە دەنگدانەوەی دەستور، ڕۆژانەی فوڕات، فوڕات و کودەتا، ڕای گشتی و چەندانی تر.
لە ساڵی 1935 کۆمەڵە شیعری (دیوانی جەواهیری) چاپ كردووه، وەکوو مامۆستا کاری کردووە، هەروەها وەکوو نوێنەری پارێزگای "کەربەلا" لە حکومەتی 1947 دەستبەکار بووە بەڵام بە هۆی ناڕەزایی و نەگونجانی دەستی لە ئەندامێتی کێشاوەتەوە، لە ساڵی 1950 وەکوو نەقبیی رۆژنامەنووسانی عێراقی و سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی عێراق دەستنیشانکراوە.
شیعرەکانی کاریگەری و پێگەی زۆر هەبووە لە نێو گەلی عێڕاقدا، بۆ نموونە شیعری "طرطرل" كە شیعرێکی بەهێزی ڕەخنەییە دژی حکوومەتی عێڕاقی کە لەو سەردەمەدا دەستیکردبوو بە هەڵمەتی زیندانیکردنی ڕۆشنبیران و شاعیران و داخستنی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، ئەم شیعرەی کاریگەری زۆری لەسەر گەل بوو وەکوو بانگەشەیەك وابووە بۆ ڕاپەڕین، هەر بۆیە بەهۆی شیعرەکانییەوە ڕاپێچی زیندان کراوە و دژایەتی زۆر کراوە، ڕووبەڕووی دەربەدەری و دوورە وڵاتی کراوەتەوە، لە چەندان وڵات ژیاوە لەوانە میسڕ و ڕووسیا و چەندانی تر کە دواجار بڕیاریداوە لە سوریا نێشتەجێبێت و درێژە بەکاری شیعر و ئەدەب بدات.
گرنگترین هۆنراوەکانی
- لە ساڵی 1947 لە دوای شەهیدبوونی براکەی بەناوی "جەعفەر" لە ڕاپەڕینی "وەثبه" شیعرێکی کاریگەری بۆ نوسیوە بەناوی (براکەم جەعفەر).
- لە ساڵی 1962 هۆنراوهیهكى بەناوی (بين العاطفة والشعور) نوسیوه و نزیکەی (100) دێڕە شیعرە.
- لە دیوانە شیعرییەکانی 1962 شیعری (یا دجلة الخير: ئەی دیجلەی پڕ خێر)ـی لە غەریبایەتی بڵاوکردوەتەوە کە بەناوبانگترین شیعرەکانییەتی شیعرێکی تایبەتە و پڕ لە هەستی نیشتیمانییە بۆ وڵاتەکەی.
- له ساڵی 1965 کۆمەڵە شیعرێکی بە ناوی (پۆستەی نامۆیی) لە چاپداوه.
- له ساڵى 1971 کۆمەڵەی شیعری (خلجات) بڵاوکردەوە.
پێگەی جەواهیری لەلای کورد
جەواهیری بە دۆست و هاوڕێی کورد ناسرا بوو، پشتگیری لە خەباتی نەتەوەیی کورد کردووە چەندان شیعری بۆ کورد و کوردستان نووسیوە، بەناوبانگترینیان بە ناوی (کوردستان موطن الأبطال: کوردستان جێی قارەمانانە) هەروەها شیعری بەسەر سەرۆك مام جەلال وتووە و دۆستایەتی هەبووە لە نێوانیاندا، کاتێك لە وڵاتی ڕووسیا بووە پزیشکان ئامۆژگارییان کردووە کە نابێت تیشکی خۆر بەر سەری بکەوێت، لە چاوپێکەوتنێکدا ئەم بابەتە بۆ مام جەلال باسدەکات و مام جەلالیش کڵاوێکی کوردی بەدیاری پێشکەش دەکات کە لەسەری (یان کوردستان یان نەمان) نەخشێنراوە، ئەم کڵاوەی هەمیشە لەسەری بووە وەکوو وەفا و ڕێزێك بۆ کورد، هەربۆیە لە شاری سلێمانی و هەولێر پەیکەری بۆ درووستکراوە.
باری خێزانی
لە خێزانێکی موسوڵمانی سەر بە ڕێبازی شیعە لەدایكبووە و پەروەردە کراوە، محەمەد جەواهیری لە ساڵی 1939 خێزانەکەی لە تەمەنی 27 ساڵی کۆچی دوایی کردووە، کاریگەری زۆری لێکردووە و دڵگرانی کردووە، لەو خێزانەی خاوەنی سێ منداڵ بووە بە ناوەکانی فوڕات و فەلاح و ئەمیرە.
کۆچی دوایی
لە 27/ 7 / 1997 لە سوریا کۆچی دوایی کردووە تەرمەکەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە سەر سنوری نێوان سوریا و عێراق ماوەتەوە چونکە ڕژێمی ئەوکاتەی عێڕاق ڕێگەی نەداوە لە عێڕاق بینێژن، ناچار لە گۆڕستانی "غرباء" لە دیمەشقی پایتەختی سوریا نێژراوە و لەسەر کێڵی گۆڕەکەی نووسراوە "دوور لە دیجلەی پڕ خێر".