ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-09-15:05:00 - کۆدی بابەت: 5808
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ئەنجوومەنی ئاسایش

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان (KRSC) لە ساڵی ٢٠١١ بەپێی یاسای ژمارە ٤ـی پەرلەمانی کوردستان دامەزرا بە یەکگرتنی هەردوو دەزگای زانیاری و ئاژانسی پاراستن کە یەکەمیان سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و دووەمیان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە ساڵی ١٩٦٧ لەلایەن مەسعوود بارزانی و چەند فەرماندەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دامەزراوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان KRSC ئەنجومەنێکی باڵای ئاسایشی نەتەوەیییە لە کوردستانی عێراق و 2/ 5/ 2011 دامەزراوە.

ناو ئەنجوومەنی ئاسایش - ئاژانسی پاراستن و زانیاری هەرێم
کار پێدانی زانیاری و کۆکردنەوە و گەیاندنی بە دەزگاکانی ئاسایشی هەرێم
درووستکراوە لە بەرواری 2/ 5/ 2011 
نازناوی سەرۆکی دەزگا ڕاوێژکار

زانیاری گشتی

ئەنجومەنی ئاسایش کاردەکات بۆ گەیاندنی زانیاری بەشێوەیەکی یەکگرتوو و پارێزراو بە هێزی ئاسایشی وڵات و هەواڵگری سەربازی و خۆی دەسەڵاتی دەستگیرکردنی نییە.
ئەنجومەنەکە بەشێکە لە سەرۆکایەتی هەرێم و لەلایەن کەسێکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت کە سەرۆکی هەرێم هەڵیدەبژێرێت، لە مانگی 7ـی 2012 مەسروور بارزانی سەرۆکی پێشووی ئاژانسی پاراستن و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانییەوە وەک ڕاوێژکاری سەرۆک و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەستنیشان کرا.
لەدوای هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە مانگی ئابی 2014، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ سەر پێگەی داعش ڕێکدەخست.

ئەم ئەنجوومەنە لە ساڵی ٢٠١٢ بە شێوەیەکی تەواو دەستبەکاربوو و تەواوی دامەزراوە و دەزگا و بەشە ئاسایشی و هەواڵگرییەكانی هەردوو ئیدارەكەی پێشووی باشووری كوردستان لە چوارچێوەیدا كۆكرانەوە، بەپێ‌ یاساكە پەیكەر و پێكهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەک ڕێكخرا و بەپێی‌ یاساكەش سەرۆكی هەرێم دەتوانێت دەزگای تر بۆ ئەنجوومەنەكە زیاد بكات.

پێکهاتەی ئەنجوومەنەکە

  • ‎دەزگای ئاسایشی هەرێم
  • ‎بەرێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی
  • ‎ئاژانسی پاراستن و زانیاری

‎دواتریش دەزگای دژەتیرۆری هەولێر و سلێمانی خرانە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەروەها فەرمانگەی تەكنۆلۆژیاش دامەزرا.

ئەندامەکانی ئەنجوومەن

  • ‎ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش
  • ‎سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم
  • ‎سەرۆكی دەزگای پاراستن
  • سەرۆكی دەزگای زانیاری
  • ‎سەرۆكی هەواڵگری پێشمەرگە

‎لەم پێنچ ئەندامەدا دوویان لە پارتی دیموكراتی كوردستانن هەریەكە لە (ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و سەرۆكی دەزگای پاراستن) وە سێ‌ ئەندامەكەی تریش (سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سەرۆكی دەزگای زانیاری، سەرۆكی هەواڵگری پێشمەرگە) لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن.

ئامانجەکانی ئەنجوومەن کە لە یاسای ژمارە چواردا هەن

  • ‎مسۆگەركردنی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی بنەما و پرەنسیپە دەستووری و یاساییەكانی هەرێم
  • كۆكردنەوە و شیكردنەوەی زانیاری
  • پاراستنی سیستەمی زانیاری
  • پاراستنی هەرێم لە تاوانە مەترسیدارەكان و تاوانە بەرنامەڕێژكراوەكان
  • ڕێگری لە ماددەی هۆشبەر
  • ڕێگری لە تەزویركردنی دراو
  • ڕێگری لە گەندەڵی
  • ڕێگری لە شۆردنەوەی سامان
  • بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و كاری سیخوڕی
  • پاراستنی ئاسایشی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان
  • ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری لە نێوان دەزگاكانی تایبەتمەند لە هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی
  • پاراستنی ئاسایشی ئابووری و وزە 
  • پاراستنی ئاسایشی خۆراك
  • پاراستنی ئاسایشی تەندروستی
  • مسۆگەركردنی ئاسایشی بارەگا و پێكهاتەكانی پێشمەرگە و كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری و مەیدانی و ستراتیژی.

‎ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

‎لە ماددەی چوارەم و بڕگەی (یەكەم)ـی یاساكەدا هاتووە: ئەنجوومەن ڕاوێژكارێكی دەبێت، لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێت، كە دەزگاكانی سەر بە ئەنجوومەن بەڕێوەدەبات و سەرپەرشتیان دەكات و هەماهەنگیان لە نێواندا دەكات، ڕاوێژکاریش جێگرێكی دەبێت و بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی پێی دەدرێت لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیدا یاریدەی دەدات.

‎ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەركردنی هەموو جۆرە بڕیارێكی هەیە كە لە یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆی دیاریكراوە. بەپێ‌ یاساكە دەسەڵاتەكانی هەریەكە لە ڕاوێژكار و جێگرەكەی بە یاسا دیاریكراون، هەردووكیان پلەیان وەزیرە.


سەرچاوەکان



2588 بینین