ناوهڕۆك
ناساندن
ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین (بە ئینگلیزی: Vazhin Cultural and Artistic Center، بە کورمانجی: Vejin) ناوەندێکی فەرهەنگی هونەرییە کە بە تایبەت لە سەر فەرهەنگ و هونەری فۆلکلۆری کوردی کار دەکات. ئەم ڕێکخراوە ناحکوومییە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە دامەزراوە و نووسینگە سەرەکییەکەی لە شاری مەریواندایە.
چالاکییەکان
- پرۆژەی ڤەژینبوکس (Vejin Books) بۆ پەرە دان بە دەقی ئەدەبی و مێژووییی کوردی
- دانانی خەڵاتێک بە ناوی خەڵاتی "بەڕووی زێڕین" بۆ چالاکانی فەرهەنگیی کوردستان: کەسانێک وەکوو عوسمان هەورامی، هادی زیائوددینی و جەلال مەلەکشا ئەم خەڵاتەیان بردوەتەوە.
- بەڕێوەبردنی شەوی شیعر
- کۆکردنەوە و لێکدانەوەی دەستنووسەکانی ناوچەکە لەلایەن کۆمیتەی کەلەپووری ڤەژینەوە
- دانانی کۆرسی زمانی کوردی
- دانانی کۆرسی مۆسیقا
ئاگرکەوتنەوە لە ناوەندی ڤەژین
لە ڕۆژی شەممەی ٢٠١٧/٨/١٢ ناوەندی ڤەژین لە شاری مەریوان ئاگری تێبەردرا. دوای ئاگرکەوتنەوەکە ڕاگەیەندرا هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەکەوتووەتەوە، بەڵام بیناکە بە تەواوی سوتاوە. هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاند، بەڵام بناژۆخوازانی ناوچەکە (سەلەفییەکان) و هێزە ئاساییشییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم کەس بوون کە تاوانبار کران. ناوەندەکە پێشتر لەلایەن بزووتنەوەی سەلەفیەوە هەڕەشەی تێکدانی کرابوو و چەندین جاریش دەزگاکانی ئاساییش هەڕەشەی داخستن و لێپێچینەوەیان لە کارمەندەکانی کردووە.
شاری مەریوان یەکێکە لە هەڵگری گەورەترین ناوەندە ئەدەبییە کوردییەکان، هەر لەبەر ئەم هۆیەش دامودەزگاکانی ئاساییشی کۆماری ئیسلامی هەمیشە بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە ڕووبەڕووی بزووتنەوەی فەرهەنگی و ئەدەبی شاری مەریوان ببنەوە.