بزووتنەوەی حەماس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-12-05:43:00 - کۆدی بابەت: 5283
بزووتنەوەی حەماس

ناوه‌ڕۆك

حەماس

بزوتنەوەی حەماس یاخود (بزوتنەوەی بەرگری ئیسلامی) حیزبێكی فەڵەستینی، ئیسلامی سوننی، نەتەوەیی، نیشتمانی و بەرگریكاری دژی داگیركاری زایۆنییە و بەشێكە لە بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی، ئامانجی ئازادكردنی فەڵەستینە لە وشكانی بۆ دەریا، گەورەترین حیزبی فەڵەستینییە لە مەجلیسی تەشریعی فەڵەستین بەپێی هەڵبژاردنی ساڵی 2006، بزوتنەوەكە خۆی وەك پارتێكی ئیسلامی نەتەوەیی میانڕەو لە قەڵەم دەدات، جەخت لەسەر بابەتی فەڵەستین دەكاتەوە و دەربارەی بابەتەكانی دیكەی جیهان خۆی هەڵناقورتێنێت، بە هەموو شێوەیەكیش كاردەكات دژی بەرپەرچدانەوەی داگیركاری زایۆنی و پیلانی داگیركردنی تەواوی خاكی فەڵەستین لەلایەن زایۆنی و دەوڵەتە گەورەكانی جیهانەوە، هەروەها ڕزگاركردنی تەواوی پیرۆزییە ئایینیە ڕاستەقینەكانی ئیسلام و مەسیحیەت و ڕزگاركردنی قودس و مزگەوتی ئەقسا كە یەكەمین ڕووگەی موسوڵمانانە و دامەزراندنی دەوڵەتێكی فەڵەستینی خاوەن بیروڕای جەماوەری و تاك لایەن بەبێ دەستدرێژی هیچ هێزێكی دەرەكی، بۆ خزمەتكردنی گەلی فەڵەستین و موسوڵمانان، بزوتنەوەی حەماس دژی هەر كەسێك دەوەستێتەوە كە دژی فەڵەستین بێت، ڕووبەڕووبونەوە و جەنگیش لای ئەو ئامانج نییە بەڵكو هۆكارە و تاوەكو پێویست نەكات ژیانی خەڵكی فەڵەستین ناخاتە مەترسییەوە، كە ئەمەش پلان و یاسای بزوتنەوەكەیە.

مێژوو

دامەزراندنی ئەم بزوتنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ بیستەكانی سەدەی بیستەم، كە شوێن فیكری بزوتنەوەی نەهزە و ئیخوان موسلمین كەوتووە، پێش ڕاگەیاندنی بزوتنەوەكەش بە چەند ناوێكی دیكە خزمەت و شۆڕشی كردووە وەك "پێكەوەبەستراوانی زەوی ئیسراء" و "بزوتنەوەی ڕووبەڕووبونەوەی ئیسلامی".

لە 6/12/1987 دوای هێرشێكی جولەكە بۆ سەر ژمارەیەك فەڵەستینی بێتاوان و كوشتنیان، بزوتنەوەی حەماس خۆی ئاشكرا كرد و بەیاننامەی حیزبی خوێندەوە.

ئەمەش لە كاتێك بوو كە حەوت لە سەركردە و بانگخوازەكانی ئەوكاتی كۆمەڵگای ئیسلامی و فەڵەستین كۆبوونەوە و بڕیاری ئاشكراكردنی پارتەكەیان دا، كە هەریەك لە:

  • شێخ ئەحمەد یاسین
  • ئیبراهیم یازوری
  •  محەمەد شەمعە (نوێنەری غەززە)
  • عەبدولفەتاح دوخان (ناوچەی ناوەند)
  • سەڵاح شەحادە (ناوچەی باكوور)
  • عەبدولعەزیز ڕەنتیسی (ناوچەی خان یونس)
  • عیسا نشار (شاری ڕەفەح)

كۆبوونەوە و ناوی حیزبەكەیان نا (حەماس) و سەردەمێكی نوێ لە ڕووبەڕووبونەوەی زایۆنیزم دروستبوو و چەندین قۆناغی دیكەی بڕی.

وڵات فەڵەستین
دامەزراندن 14/12/1987
دامەزرێنەر ئەحمەد یاسین و چەند كەسێكی دیكە.
سەرۆكی حیزب
  • یەحیا سینوار (سەرۆكی ناوەندی غەززە)
  • ئیسماعیل هەنیە (سەرۆكی گشتی)
باڵی سەربازی یەكینەكانی عیزەدین قەسام
ئایدۆلۆژیا ئەهلی سوننە، ئیخوان موسلیمون، نەتەوەی فەڵەستین، شەریعەتی ئیسلامی
ئایینی سەرەكی ئەهلی سوننە
پێگەی ماڵپەڕی حەماس www.hamas.ps

ئایدۆلۆژیای حەماس

حەماس هیچ مافێك بە ڕەوا نابینێت بۆ ئەو جولەكانەی فەڵەستینیان داگیركردووە و ئازاری گەلی فەڵەستین دەدەن، بەڵام لاری لە مانەوەی كاتی نییە وەك ماوەی ساڵی 1967.

جۆری شەڕكردنی حەماس لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا شەڕی بوونە نەك شەڕی سنوور، ئیسرائیلیش وەك كۆمەڵەیەك سەیردەكات كە پلانێكن بۆ داگیركارییەكی ڕۆژئاوایی لە ژێر ناوی زایۆنی، كە ئامانجیان لەیەككردنی عەرەب و موسوڵمانان و ئاژاوەنانەوەیە لە وڵاتانی موسوڵمانان.

باوەڕیشی وایە جیهادكردن بە هەموو شێوەیەك ئەركێكە بۆ ئازادكردنی فەڵەستین و خاكەكەی، بەهۆی ئەزموونی چەند ساڵەیشەوە پێی وایە ڕێككەوتننامەی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەكان تەنیا كات بەفیڕۆدانە و هیچی دیكە.

باوەڕیشی وایە ڕێككەوتننامەی عەرەب و ئیسرائیل كە لە ساڵی 1991 لە مەدرید واژوو كرا هەڵەیە، هەروەها ڕێككەوتننامەی ساڵی 1993 و دامەزراندنی دەوڵەتێكی (دەسەڵاتی نەتەوەیی فەڵەستین)ـیش بە هەڵە دەزانێت، كە لەدوای ڕێككەوتننامەكەوە حیزبی ئازادی فەڵەستین شێوازی گوفتاری بەرامبەر ئیسرائیل گۆڕا.

بزوتنەوەی حەماس لە هەموو كایەكانی خوێندن و فێركردن و تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ئایینیەوە خزمەتی خەڵكی ژێر دەسەڵاتی دەكات و سەركردەكانیشی لە فەڵەستین و دەرەوەی وڵات نیشتەجێن.

حەماس پێیوایە ئازادی فەڵەستین لەڕێگای شۆڕش و جیهادەوە دەبێت، پێویستیشە ئاگایی و هۆشیاری لەنێو عەرەب و موسوڵمانان و خەڵكی فەڵەستین بڵاوبكرێتەوە دەربارەی ئەو كێشە گەورەیەی پێیەوە دەناڵێنن، هەروەها بەشداریكردنی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا بە پێویست دەزانێت وەك پزیشك و مامۆستای ئایینی و مامۆستای قوتابخانە.

بزوتنەوەكە پێیوایە دەبێت خۆپارێزی بكرێت لە هێرشی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئەقڵ و هۆشی موسوڵمانان بە تێكدانی ئایین و كلتوورە باشەكان و پەیوەندی كۆمەڵایەتی نێوانیان، وەك چۆن هێزە سەڵیبییەكان بۆ گرتنەوەی ناوچەكانیان لە دەستی سووپای موسوڵمانان ئەم كردارەیان جێبەجێكرد، چونكە پێیانوابوو موسوڵمانان بە جەنگ نابەزێنرێن، و كاتێكیش گەڕانەوە جەنەڕاڵ گۆرۆ لەسەر گۆڕی سەڵاحەدینی ئەیوبی وتی: "گەڕاینەوە سەڵاحەدین".

هەڵوێستی بزوتنەوەكە و سیاسەت

حەماس پێیوایە ئەو ڕێككەوتنانەی دەكرێن ماف و داواكاری فەڵەستینییەكان نین، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بزوتنەوەكە دژی ئاشتی نییە، بەڵكو دەیهەوێت مافەكانی گەلەكەی بە تەواوی بدرێت، چونكە ڕێككەوتنی سیاسی دەبێتە هۆی مانەوەی ئیسرائیل لە خاكی فەڵەستین و ئەوەش ڕێگرییە لە گەلی فەڵەستین بۆ گەڕانەوەیان بۆ خاكی ڕاستی خۆیان و مافی ژیان و پەرستنی ئازادانەیان لێ دەسەنرێتەوە.

جۆری سەرۆكایەتی

بەهۆی ئەوەی حەماس بزوتنەوەیەك پێگەی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە، بەڵام هاتوچۆ و ڕێكخستن لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلیدا سەختە، بۆیە بەردەوام دوو سەرۆكی هەیە كە یەكێكیان سەرۆكی گشتی حەماسە لە دەرەوە و زیاتر دەردەكەوێت و هاتووچۆی وڵاتان دەكات، ئەوەی دیكەیان سەرۆكی حیزبەكەیە لە ناوچەی غەززە كە پێگەی سەرەكی حەماس لەوێیە.

باڵی سەربازی

بزوتنەوەی حەماس چالاكی سەربازی لە پێش ڕاگەیاندنی حیزبەكەوە دەست پێكردبوو، لە ساڵی 1984 یەكەمین یەكەی سەربازی حیزبەكە دروستكرا بە سەركردایەتی سەڵاح شەحادە بە ناوی (موجاهیدە فەڵەستینییەكان)، كە ژمارەیەكی كەم سەرباز بوون و چەند ئۆپەراسیۆنێكیان دژی هێزەكانی ئیسرائیل ئەنجامدا، لە ساڵی 1991 ناوی هێزەكە گۆڕا و بوو بە (یەكینەكانی شەهید عیزەدین قەسام).

لە سەرەتای ڕاپەڕینی ئەقسا لە ساڵی 2000 هێزە بچووكەكەی حەماس گۆڕا بۆ سووپایەكی تەواو و چەندین یەكەی لێ دروستكردن و دابەشكران بۆ بەش و سریە و كەتیبە و لیوا، لە ساڵی 2001ـیش یەكەمین موشەكی خۆی دروستكرد بەناوی (قەسام-1)، لە ساڵانی داهاتووش لەگەڵ بەردەوامیدانی بە چالاكی سەربازی توانی یەكەمین فڕۆكەی چاودێری بەناوی (ئەبابیل) دروستبكات.

ساڵی 2008 لە جەنگی فورقان دژی ئیسرائیل موشەكەكانی بەرەوپێشچووتر دەركەوتن و سەرنجی هێزی سەربازی ئیسرائیلی بۆ لای خۆی ڕاكێشا، دواتریش لە جەنگی حجارة السجیل، هەردوو شاری قودس و تەل ئەبیبی بۆردومان كرد بە موشەكەی نوێیەكەی بەناوی M-75، دواتریش لە جەنگی عصف المأكول موشەكی R-160ـی نیشاندا و ماوەكەی درێژكرابوویەوە بۆ شارەكانی حەیفا و نەهاریا كە دوو شاری دوورن لە شوێنی موشەكەكانەوە و دەكەونە ناو جەرگەی ئیسرائیل.

یەكێكی تر لەو كارانەی باڵی سەربازی دەیكات لێدانی نەفەق و تونێلی ژێرزەمینییە بۆ ناو خاكی دوژمن، هەروەها بۆ هاتووچۆ و گواستنەوەی كەلوپەل لەژێر ناوچەكانی خۆیاندا، هەروەها بۆ پاراستنیان لە هێرشی ئاسمانی و بینینیان لەڕێی فڕۆكە چاودێرەكانەوە.

لە ساڵی 2003ـوە بە بەردەوام قەسام تونێلی ژێر زەوی دروست دەكەن، چەندین جاریش ئیسرائیل هەوڵی داوە ڕێگری لەوە بكات و لەناویان ببات، بەڵام بەهۆی قوڵی ڕێگا ژێرزەمینییەكانەوە، هەروەها پێچاوپێچی نەخشەكەیان ناتوانن بە ئاسانی دیاری بكەن.

ڕۆڵی ئافرەت لە حیزبەكەدا

لە سەرەتای دروستبوونیەوە یەكێك لە پایەكانی سەرەكی حیزب ئافرەتان بوون، زیاتریش لە ڕۆڵی پەروەردە و لایەنی كۆمەڵایەتی، هەروەها بانگەواز و كاری خێرخوازی و سیاسیش.

ئافرەت لە بزوتنەوەی حەماس كەسایەتییەكی گرنگە، چونكە ئەو ئەو كەسە دەبێتە سەرمەشق و مامۆستای یەكەمی نەوەكانی داهاتووی فەڵەستین، بۆیە دەبێت كەسێكی كارا و لێهاتوو و دەسەڵاتدار بێت بەسەر منداڵەكانیەوە و خاوەنی بیرێكی ڕۆشنبیرانە و پەروەردەكارێكی زانا بێت.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2006 بۆ پەرلەمان 13 كاندیدی ئافرەت هەڵبژێردران و وەك یەكەمین بەشداری سیاسی بووە پێشكەوتنێكی بەرچاو بۆ ژنان لە مەیدانی خزمەت بە گەلی فەڵەستین.

هەروەها لە ڕۆڵی سەربازیش ڕۆڵ و پێگەی ژن بە ڕوونی دیارە، ساڵی 2002 و 2006 هەریەك لە ڕیم ڕیاشی و فاتیمە نەجار لە ئۆپەراسیۆنێكدا دژی هێزە تایبەتەكانی ئیسرائیل خۆیان تەقاندەوە و چەند فەرماندە و سەربازێكیان كوشت.

حەماس و پەروەردە و كاری خێرخوازی

لە سەرەتای دروستبوونیەوە بزوتنەوەی حەماس دەستی هەبووە لە یارمەتیدانی خەڵكی فەڵەستین، هەروەها بە دروستكردنی ڕێكخراوی خێرخوازی كۆمەڵەی ئیسلامی لەلایەن ئەحمەد یاسینەوە دەستی هاوكاری بۆ زۆرینەی خەڵك درێژكرد، هەروەها دروستكردنی مزگەوت و چەندین قوتابخانە و كۆلێژی تەكنیكی و كۆلێژی ئایینی، هەروەها دروستكردنی چەندین نەخۆشخانە و نۆرینگەی جێگیر و گواستراوە، و ڕێكخراوی ژنان و منداڵان و شوێنی چارەسەری كێشەی كۆمەڵایەتی و پڕۆژەی تایبەت بە وەرزش و بەسەڵاچووان.

سەركردەكان

حەماس چەندین سەركردەی هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی فەڵەستین، هەرچەند زۆرێك لە سەركردە دیار و سەرەتاییەكانیان كوژراون، بەڵام كاریگەرییان لە جیهانی ئیسلامی بۆ هەمیشە ماوەتەوە.

ئیسماعیل ئەبو شەنەب

ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزب، لە ساڵی 2003 بە بۆردومانی فڕۆكە خۆی و 2 پاسەوانی كوژران كاتێك ئۆتۆمبێلەكەیان كرایە ئامانج لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەگەڵیشیان 19 كەسی مەدەنی فەڵەستینی بریندار بوون.

عەبدولعەزیز ڕەنتیسی

سەرۆكی بزوتنەوەكە لەدوای كوژرانی سەرۆكی یەكەم ئەحمەد یاسین، یەكەمین كەس بووە كە زیندانی كراوە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سەركردەكانی حەماس و ناسراوە بە شێری فەڵەستین، ساڵی 2004 لەدوای ڕزگاربوونی لە چوار هەوڵی تیرۆركردن و هێرشی تەقینەوە و بۆردومان، بەهۆی بۆردومانی هەلیكۆپتەرێكی ئەپاتچییەوە دەكوژرێت كاتێك دوای دوو هەفتە چاودێری لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئیسرائیلییەوە چاودێری دەكرێت.

سەڵاح شەحادە

دامەزرێنەری باڵی سەربازی حەماس و یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەكە، ساڵی 2002 بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەیەكی f-16ـەوە، موشەكێك بە كێشی یەك تەن بە ماڵەكەیەوە دەنرێت و خۆی و خێزانی و چەندین دراوسێی دەكوژرێن.

ئیبراهیم موقادەمە

ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەكە و یەكێك لە بیرمەندە ئیسلامییەكان، نوسەری چەندین كتێب و بابەتی سیاسی و فیكرییە، ساڵی 2003 بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەوە بۆ ئۆتۆمبێلەكەی خۆی و سێ لە هاوڕێكانی دەكوژرێن.

دواتر لە ساڵی 2012 باڵی سەربازی بزوتنەوەكە موشەكێكی دروستكرد بەناوی (M75) و ڕایگەیاند "ناوی موشەكەكە لە پیتی یەكەمی (موقادەمە)وە وەرگیراوە".

خالید مەشعەل

یەكێكە لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەكە و لە ساڵی 1996 بۆ 2017 سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەكە بوو لە دەرەوەی وڵات، ساڵی 1997 لە وڵاتی ئەردەن لەلایەن دەزگای مۆسادی ئیسرائیلییەوە هێرشی دەكرێتە سەر و بە ماددەیەكی ژەهراوی بریندار دەكرێت، بەڵام دوو لە هێرشبەران لەلایەن هێزە چەكدارەكانی ئوردونەوە دەگیرێن و بابەتەكە دەبێتە بابەتێكی سیاسی، دواتر ئوردون داوای دژەژەهری ئەو دەرزییە دەكات كە خالید مەشعەلی پێكوتراوە و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلیش ڕەتی دەكەنەوە، دوای چارەسەری خالید مەشعەل، بڕیاردەدرێت بە ئازادكردنی دوو بەندكراوە ئیسرائیلییەكە بەرامبەر بە ئازادكردنی ئەحمەد یاسینی دامەزرێنەری بزوتنەوەی حەماس كە حوكمی زیندانی هەتاهەتایی كرابوو لە زیندانەكانی ئیسرائیل.

ئیسماعیل هەنیە

سەرۆكی ئێستای بزوتنەوەی حەماس و سەرۆك وەزیرانی فەڵەستین لە ساڵی 2006 بۆ 2014 بەڵام ساڵی 2007 لەلایەن سەرۆكی فەڵەستینەوە دوورخرایەوە لە پۆستەكەی بۆیە تەنیا وەك سەرۆك وەزیرانی غەززە كاری دەكرد هەتاوەكو ساڵی 2014، یەكێكە لە دیارترین سەركردەكانی حەماس و هەمیشە بە وتارەكانی بەرامبەر جەماوەر دەردەكەوێت.

وتە دیارەكانی:

  • "دانی پێدانانێین، دان بە ئیسرائیلدا نانێین"
  • "ئێمە گەلێكین، عاشقی مردنین، وەك چۆن دوژمنەكانمان عاشقی ژیانن، عاشقی شەهیدبوونین، لەسەر ئەو بنەمای سەركردەكان لەسەری شەهیدبوون".
  • "وەك سەرۆك وەزیرانێك شەرەفمەندم لە ناوچەی ئاوارەكان بژیم".
  • "وەك سەرۆك وەزیرانێك شانازی دەكەم ئەندامی حەماسم".

سەعید صیام

وەزیری ناوخۆی حكومەتی فەڵەستینی ناوەندی، و یەكێكە لە سەركردەكانی حەماس و نازناوی "پیاوی ئاسنین"ـی هەبوو، ساڵی 2009 بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەیەكی f16ـەوە بۆ سەر ماڵی براكەی كە سەعید صیام لەوێ ماوەتەوە، خۆی و برا و هاوسەری براكەی دەكوژرێن.

نزار رەیان

بانگخواز و سیاسی و فەرماندەی سەربازی و سەركردەیەكی حەماس بوو، یەكێكە لە دیارترین مامۆستاكانی زانكۆكانی غەززە، لە ساڵی 2009 بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەوە بۆ ماڵەكەی لە كاتێكدا پێیوترابوو خۆی بشارێتەوە بەڵام قبووڵی نەبوو خۆی لە خەڵكی جیابكاتەوە، خۆی و چوار ژن و 12 لە منداڵەكانی دەكوژرێن كە زۆربەیان منداڵی بچووك بوون.

ئەندامانی مەكتەبی سیاسی

  • خالید مەشعەل
  • ئیسماعیل هەنیە
  • صالح عاروری
  • مەحمود زیهار
  • عیماد عیلمی
  • خەلیل حەییە
  • محەمەد نزال
  • عزت الرشق
  • سامی خاطر
  • موسا ئەبومەرزوق
  • نزار عوض الله
  • ماهر عەبید

هەڵوێستی حەماس لەگەڵ حیزب و وڵاتانی دیكە

حەماس دان بە ڕێككەوتننامەی ئۆسلۆی 1993 دا نانێت، چونكە پێیوایە تەواوی خاكی فەڵەستین دەبێت هی فەڵەستینییەكان بێت، دامەزراندنی حكومەتی فەڵەستین و دانانی هێزی ئاسایش بۆی، بۆ لێدانە لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستین و دەرخستنی هێزە سەربازی و تواناكانیەتی.

چەند جارێك ڕێكخراوی ئازادی فەڵەستین و حكومەتی ئێستا هێرشی كردوەتە سەر حەماس و چەند سەركردەیەكی دەستگیر كردوون كە دیارترین محەمەد برغوثییە كە دەستگیركرا و لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستدا، ساڵی 2007 هەریەك لە حیزبی فەتح و حەماس كێشە كەوتە نێوانیان بەهۆی ئەوەی فەتح(دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەنێت و هەڵگری پەیامی ڕاگەیاندنی ئاشتییە لەگەڵ ئیسرائیل بەڵام ئیسرائیل بە خراپ سودیان لێوەردەگرێت) بەڵام حەماس(دژایەتی دەكات و دان بە ئیسرائیلدا نانێت)، لەبەرئەمەش ڕووداوی لێكترازانی فەڵەستینی دروستبوو كە ناوچەكەی دابەشكرد بۆ دوو بەش.

پەیوەندی لەگەڵ میسڕ

میسڕ كێشەی لەگەڵ بزوتنەوەكە هەیە، هەردوو حكومەتی سیسی و موبارەك دژی چالاكییەكانی ئەم حیزبەن، لەگەڵ ئەوەی كە تاكە ڕێگای غەززە بۆ دەرەوەی فەڵەستین ڕێگای ڕەفەحە كە دەكەوێتە سنووری میسڕ، بەڵام میسڕ ڕێگا بە كرانەوەی نادات تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر مرۆیی نەبێت.

ساڵی 2012 كاتێك محەمەد مورسی سەرۆك دەبێت نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەكات و جەنگی ساڵی 2012 دەوەستێنێت، ساڵی 2014 بەهۆی بەڵگەنامەكانی 2012ـەوە دووبارە حكومەتی میسڕ دەبێتە هۆی وەستانی شەڕی عصف المأكولی نێوان حەماس و ئیسرائیل كە ماوەی 51 ڕۆژی خایاند.

لەگەڵ سعودیە

ساڵی 2006 دوای بردنەوەی هەڵبژاردن لەلایەن حەماسەوە، سعودیە بڕیاری دا یەكێك لە گەورەترین پاڵپشتیكارانی حەماس بێت، ساڵی 2007ـیش بووە نێوەندگیری نێوان بزوتنەوەی فتح و حەماس.

ساڵی 2016 كاتێك هەریەك لە نزار عوض الله و ئیسماعیل هەنیە بۆ جێبەجێكردنی فەرزی حەج بەرەو سعودیە ڕۆشتبوون، لە فڕۆكەخانە دەستگیركران لەلایەن هێزەكانی سعودیەوە، دواتریش ڕەوانەی قەتەڕ كران.

پەیوەندی لەگەڵ قەتەڕ

لە ساڵی 2006ـەوە پەیوەندی نێوان حەماس و قەتەڕ دەستی پێكردووە، ساڵی 2011ـیش كاتێك حەماس بڕیاری دا لە وڵاتی سوریا بڕواتە دەرەوە، قەتەڕ بڕیاریدا بە مۆڵەتدانی سەركردەی حیزبەكە لە وڵاتەكەی كە ئەوكات خالید مەشعەل بوو، هەروەها كردنەوەی نوسینگەیان لە قەتەڕ، چەندین جاریش یارمەتی ئابووری بزوتنەوەكە و خەڵكی غەززەی كردووە، ساڵی 2012 سەرۆكی قەتەڕ بە یاوەری سەرۆك وەزیران سەردانی غەززەیان كرد كاتێك گەمارۆی خرابوویە سەر، ساڵی 2016ـش بڕیاری دا بە پێدانی مووچە بۆ ئەندامەكانی حكومەتی حەماس.

پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا

وڵاتانی ڕۆژئاوا هەموو هێرشێكی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە مەترسی دادەنێن، و باشترین چارەسەر بە ڕێككەوتن دەزانن، حەماسیش ئەمە ڕەتدەكاتەوە بەهۆی ئەوەی تا ئێستا ئیسرائیل هیچ بەیاننامەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكانی قبوڵ نەكردووە، هەركاتێكیش داوایەك دژی ئیسرائیل بەرزبكرێتەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە مافی ڤیتۆ پشتگیری لە ئیسرائیل دەكات و سزای بەسەردا جێبەجێ نابێت.

پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا

هەرچەندە ئەمریكا وڵاتێكی دوورە لە حەماسەوە، بەڵام بەهۆی نزیكی سیاسەتی لەگەڵ جولەكە، ئەمریكا بەهۆی فشاری ئیسرائیلەوە بزوتنەوەی حەماسی لە لیستی تیرۆردا داناوە، بەهۆی فشاری ئەمریكاشەوە یەكێتی ئەوروپاش بە تیرۆرست ناساندوونی، هەرچەندە چەندین باڵی سیاسی و ڕێكخراوی ئەوروپی هەن حەماس بە حیزبێكی میانڕەوی شۆڕشگێڕ دەزانن.

پەیوەندی لەگەڵ ئێران

كاتێك شۆڕشی ئێران بەرپابوو لە ساڵی 1979 خەڵكی فەڵەستین دڵیان خۆشبوو و وتیان كە حكومەتێكی ئیسلامی هاتۆتە كاراوە، بەڵام دامەزرێنەری حەماس ئەحمەد یاسین ئاگاداریان دەكاتەوە و دەڵێت: "گەنجینە، ئەوانە شیعەن!".

بزوتنەوەكە پەیوەندی لەگەڵ هیچ لایەنێك بەبێ هۆ تێكنادات، لەگەڵ ئێرانیش لە پەیوەندییەكی باشدابوون بەهۆی ئەوەی چەكی پێ دەفرۆشت، هەتاوەكو ساڵی 2011 كە حەماس حكومەتی بەشار ئەسەدی ڕەتكردەوە و پەیوەندی لەگەڵ ئێرانی دۆستی بەشار ئەسەد تێكچوو.

پەیوەندی لەگەڵ توركیا

دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی 2009 لە دیداری لەگەڵ شەمعون پێرێز لە كۆنگرەی داڤۆس ئیدانەی كارەكانی ئیسرائیلی كرد، حەماس ئەم هەڵوێستەی وەك سەركەوتنی خوێنی شەهیدانی ڕوبەڕووبونەوەی ئیسرائیل دانا.

دواتریش لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بزوتنەوەكە بنكەی خۆی كردەوە.

پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا

ساڵی 2005 بە داوای ڤلادیمێر پۆتین پەیوەندی حەماس و ڕووسیا دروستبوو، دوای بردنەوەی حەماس لە هەڵبژاردنەكان، وەفدێكی بزوتنەوە بوونە میوانی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات دیمێتری مێدڤیدیڤ كە سەرۆكی وەفدەكە سەرۆكی ئەوكاتی حەماس خالید مەشعەل بوو.

لیستی تیرۆر

ئەو وڵاتانەی حەماس لە لیستی تیرۆر دادەنێن:

  • ئوستڕاڵیا تەنیا باڵی سەربازی حەماس بە تیرۆرست دەزانێت
  • كەنەدا لە ساڵی 2002 ـوەوە حەماس بە گرووپێكی تیرۆرستی دەزانێت
  • ڕووسیا بە تیرۆرستیان نازانێت
  • یەكێتی ئەوروپا ساڵی 2003 حەماسی خستە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام ساڵی 2014 بەهۆی ڕاپۆرتە هەواڵییەكانەوە لە لیستی تیرۆر دووری خستەوە.
  • چین لە دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردنەكان بە گرووپێكی تیرۆرستی نازانێت
  • ئەمریكا بە گرووپێكی تیرۆرستی دەزانێت
  • بەریتانیا تەنیا باڵی سەربازی حیزبەكە بە تیرۆرست دەزانێت

ئەو دژایەتییانەی بزوتنەوەكە ڕەتی كردوونەتەوە

ساڵی 2008 ڕوانگەی مافەكانی مرۆڤ بزوتنەوەكەی تاوانبار كرد بە ئازاردانی نەیارانی لە غەززە.

دواتریش ڕایگەیاند كەوا حەماس ئەو كەسانە لەناودەبات كە دژی حیزبەكەی ئەو بن لە لایەنی فەتح و هەر لایەنێكی تری فەڵەستینی.

حەماس ئەم بڵاوكراوەی بە "چەواشەكردنی جیهان" ناوزەند كرد، خەڵكی غەززەش هیچ شتێكی لەمشێوەیە لەبارەی هێزەكەوە ناگێڕنەوە و گەواهیدەری كارە خێرخوازییەكانیانن.


سەرچاوەکان



1755 بینین