مەلا کرێکار - نەجمەدین فەرەج

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-06-15:29:00 - کۆدی بابەت: 5191
مەلا کرێکار - نەجمەدین فەرەج

ناوه‌ڕۆك

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی نجم الدین فه‌ره‌ج ئه‌حمه‌ده‌، لە ڕاگەیاندنە جیهانییەکاندا ناسراوە بە مەلا کرێکار، پێشگری مەلا بە واتای هەڵگری زانست و پەروەردەو رۆشنبیری ئیسلامەتییە کە ئەمەش مایەی گەورەی و رێزو پلە بەرزییە لە ناو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا بەگشتی. 

وەكو شاعيريش هەڵگری نازناوی کرێکار بووە، کە لە ئێستادا زیاتر وەك مامۆستا کرێکار ناسراوە و بانگ دەکرێت، هەروەها نازناوی ئەبو سەید قوطب (فاتح کرێکار)ـی پێبەخشراوە لەلایەن هاوڕێ و دۆستانی لە ووڵاتی پاکستان.

لەدايكبوون و گەشە و خوێندنی

مەلا کرێکار له ساڵی‌ ١٩٥٦ له خێزانێکی هەژار لە‌ شاری سلێمانی له ‌دایكبووه‌، باوک و دایکی کۆچی دواییان کردووە و شەش براو چوار خوشکی هەیە.

لە ساڵی ١٩٦٢ دەستی بە خوێندن کردووە و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە. 

لەساڵی ١٩٧١ چۆتە ریزەکانی یەکێتی قوتابیانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام زۆری نەخایاندووە و لەگەڵ تێکەڵ بوونی بە ئەهلی مزگەوت، ئاشنا بووە بە ئەندامان و لایەنگرانی ئیخوان المسلمين و بەهۆی رەوشت بەرزی و پابەندبوونی دیندارانەیان و یادکردنەوەی بۆنە ئاینییەکان و کۆڕو مەجلیسی مزگەوتیان هۆگریان بووە و بۆ یەکەمجار لە خزمەتی مامۆستا حەسەن پێنجوێنی لە مزگەوتی ئەبوبەکری سديق لە شاری سلێمانی زانستە شەرعییەکانی خوێندووە و پاشان بۆتە ئەندامی رێکخراوی ئیخوان المسلمين. خۆشەویستییەکی زۆری بۆ مامۆستا حەسەن پێنجوێنی دەبێت، هەر وەك خۆی دەگێڕێتەوە  و دەڵێت : "مامۆستا حەسەن پێنجوێنی ئيمامی مزگەوت بووە ئيمامی ژيانم، لە خۆم و باوك و دايكمم زياتر خۆش دەويست" بۆیە مزگەوتی ئەبوبەکری سدديق دەبێتە یەکەم قوتابخانەی ئیسلامەتی و بانگەواز و هەروەها کاری کۆمەڵکارانەی ڕێكخراوەكە.

پاش ئاوارە بوون، بەهۆی ستەم و دەستدرێژی حکومەتی بەعس لە ساڵی ١٩٧٤ بووە بە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەردەوام بووە تا نسکۆی ساڵی ١٩٧٥.

پاش 1975

لە پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ و لەبارچوونی شۆڕشی ئەیلول مەلا كرێكار دەگەڕێتەوە سلێمانی و پاش ماوەیەك ڕوودەکاتە شاری هەولێر و لە تەمەنی ١٩ ساڵيدا وەك فەرمانبەر له‌ ئه‌مانه‌تی گشتی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی دادەمەزرێت و هاوکات درێژە بەخوێندنی شەوانە دەدات، دواتریش قۆناغی دواناوەندی تەواودەكات. 

لە شاری هەولێر بایەخێکی زۆر بە دیراسەکردن و خوێندنەوە دەدات و بینای فیکری خۆی دروست دەکات ئەمەش لە پاش ناسینی کەسانێکی دیندار و ئیسلامی، جگە لەوەش بایەخ زۆر بە خوێندنەوە دەدات و بەردەوام کتێب دەخوێنێتەوە.

لەساڵی ١٩٧٨ دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لە زانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت لە بەشی ئاداب زمانی عەرەبی و بە پلەیەكی باش زانکۆ تەواو دەکات و پلەی دووەم بەدەست دێنێت لەسەر ئاستی کۆلێژ به‌شی زمانی عه‌ره‌بی و شه‌شه‌م دەبێت له‌سه‌ر ئاستی به‌شه‌کانی تری کۆلێژ که‌ زانسته‌کانی زمان و کۆمه‌ڵناسی له ‌خۆگرتووە، یه‌کێك دەبێت له‌ ده‌ یه‌که‌مه‌کانی زانکۆ که‌ یاسای ڕژێمی عێراقی ڕێگه‌ی خوێندنی باڵای پێده‌دان به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگیریان بۆ حیزبی به‌عس هه‌بێت، چونکه‌ له‌ یاسای به‌عسیه‌کانی عێراقدا کۆلێژه‌کانی زانست و فێرکردن هه‌روه‌کو کۆلێژی سه‌ربازی و پۆلیس وابوون ته‌نها بۆ قوتابیانی به‌عسی بوون جگه‌ له‌ ده‌ یه‌که‌مه‌کان.

بۆیە پاش تەواوکردنی زانکۆ داوای خوێندنی باڵا دەکات و گرانترین بەشی زمانی عەرەبی هەڵدەبژێرێت کە (بەلاغەی زمانی عەرەبییە)، بۆیە وەك پاڵێوراوێك بۆ ئەو بەشە رۆژی چاوپێکەوتنی بۆ دیاری دەکرێت، بەڵام لەکاتی چاوپێکەوتنەکەدا پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت ئەگەر بەعسی نەبێت، چۆن دەبێتە ئاراستەوان و مامۆستای نەوەی نوێ، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: کارم بەسیاسەتەوە نییە، بەڵام کاتێك پرسیاری ئەنجامەکەی دەکات، دەڵێن : هەر کات لەو بەشە قبوڵکرایت ئاگادارت ئەکەینەوە، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندی بکە بە یەکەی سەربازییەوە، کە ئەوەش جۆرێك بووە لە ئیزن دان بەوەی وەرناگیرێت چونکە بەعسی بوونەکەی قبوڵنەکردووە.

پاشان بەغداد جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و بۆ ئەوەی بە سەرباز نەگیرێت خۆی حەشار دەدات، تا لە ٢٠/٨/١٩٨٢ بڕياردەدات کوردستان جێبهێڵێت، بۆیە بە هاوڕێیەتی عەلی باپیر بەنهێنی و قاچاغە رێ لە رێگەی شاخ و سەختاییەوە ڕوو دەکاتە ووڵاتی ئێران و سەرەتا دەچێتە شاری تاران، بە گەیشتنی هەوڵی ئەوە دەدات کە دەست بە خوێندن بکات لە زانکۆی تاران بەشی کۆمەڵناسی، بەڵام پرۆسەی خوێندنەکە سەر ناگرێت.

لە نێوان ساڵی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٤ لە ووڵاتی ئێران نیشتەجێ دەبێت و لە ئۆردوگایەکی سەر بە شاری کەرەج دەبێتە ئیمام و خەتیب و جگە لەوەی بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدات، هاوکات لە لای زۆرێك لە زانایانی رۆژهەڵات زانستە شەرعییەکان دەخوێنێت. هەروەها لەگەڵ مامۆستا صلاحدين بەهادین و چەند چالاکوانێکی ئیخوان بەشداربووە لە دروستکردنی رێکخراوێکی جیهادیی بە ناوی کۆمەڵی پشتیوانان، هەرچەند ئێرانییەکان وەعدی پشتگیری و هاوکارییان پێداون، بەڵام سەرئەنجام لەوەی کە دڵنیا بوون دەستەمۆ نابن بۆیان، نەك هاوکاری بگرە کەوتونەتە دژایەتیان و زۆرێك لە ئەندامانی ئیخوانیان دەستگیرکردووە. هەروەها کەوتونەتە لێپێچينەوە لەگەڵ مەلا کرێکار بۆیە بڕياری راکردن و گەڕانەوەی داوە پێش ئەوەی بڕياری دادگا دەربچێت لە دژی. بۆیە لەلایەن برایانی ئیخوان ئامۆژگاری کراوە بەوەی كۆچبكات بەرەو ووڵاتی پاکستان، یاخود تورکیا و لەوێشەوە بۆ ووڵاتێکی عەرەبی بە مەبەستی خوێندنی باڵا، ئەویش داواکەیانی قبوڵکردووە، بەڵام بە باشی زانیوە پێش ئەوەی زیاتر دوربکەوێتەوە لە کوردستان، ژیانی هاوسەری پێك بهێنێت بۆیە بە قاچاخەرێ گەڕاوەتەوە کوردستانی باشور بەمەستی پێکهێنانی ژیانی هاوسەری.

هاوسەرگیری

پاش ئەوەی لە مانگی ٨/ی ساڵی ١٩٨٤ دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی، لە ٢٢/٧/١٩٨٤ ژیانی هاوسەری لەگەڵ روخۆش ئەحمەد پێک دەهێنێت کە پێشتر یەکیان ناسیوە و جەنابی مامۆستا هۆکار بووە بۆ ئەوەی لە ڕیزی کۆمۆنیستەکان دووری بخاتەوە. پێكەوە خاوەنی چوار منداڵن بە ناوەکانی (معالم و سەید قطب و ظلال و ئیبن تەیمییە).

رۆيشتن و نیشتەجێبوون لە پاکستان

پاش ئەوەی لەگەڵ خاتوو روخۆش ژیانی هاوسەری پێك دێنن، بە رێگەی قاچاخە رێ دەگەڕێنەوە ووڵاتی ئێران و پاش ١٣ رۆژ لەوێوە بە نهێنی و قاچاخە رێ ڕو دەکەنە ووڵاتی پاکستان، لەگەڵ گەیشتنیان، لە سنوری پاکستان دەستگیر دەکرێن و جەنابی مامۆستا ماوەی ١٠٠ رۆژ زیندانی دەکرێت. لەبەر ئەوەی زیندانیش بۆ ئافرەت نییە هاوسەرەكەی تەسلیم بە ماڵی شێخ عبدالخالق زامرانی دەکرێت کە زانایەکی دیاری ناوچەی بەلوچستانە و ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامی پاکستان بووە. 

لە دوای سەد رۆژ زیندانی بە هەوڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکراوە ئیسلامییەکان، لە ناویشياندا کەسایەتی دیارو ناسراو عبداللە عزام ئازاد دەکرێت.

لە مانگی ٢ی ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ خێزانی لە شاری کراتشی پاکستان نیشتەجێ ئەبن و درێژە بە ژیانی ئاوارەیی و غوربەت دەدەن. بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدات و هەروەها بڕوانامەی ماستەر لە زانستی فەرمودەدا وەردەگرێت و وەك مامۆستا لە زانکۆی ئەبوبەکر کە لقێکە لە زانکۆی مەدینەی مننەوەرە وانە دەڵێتەوە و هەروەها بەردەوام دەبێت لە کاری رێکخراوەیی ئیخوان. تا ساڵی ١٩٨٨ و کارەساتی هەڵەبجە، کە تەواو گۆڕانکاری دێنێت بە سەر ژیانیداو واز لە هەموو کارەکانی دێنێت، لە کاتێكدا خوێندکاری دکتۆرایە، دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە کاری فریاگوزاری لێقه‌وماوان له‌ خێوه‌تگاکانی ئێران که‌ ١٧٥٠٠٠ په‌نابه‌ربوون و له‌ تورکیا ١٠٠٠٠٠ زیاتر بوون.

لە نێوان ئاوارەیی ئێران و پاکستان چەند کتێبێکی بەسود دەنوسێت و وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی کە دیارترینیان (معالم في الطريق)ـی سەید قطبە، و هەروەها یەکەم دیوانە شيعرییەتی بە ناوی (ژانی مان).

لەگەڵ ئەوەی لە ریزەکانی ئیخوان کاری دەکرد، وەك فيکرو مەنهەج پێوەیان پابەند بوو بەڵام لە ڕوی عەقائیدییەوە هەر لە ساڵانی خوێندنی جامیعەوە، عەقیدەیەکی سەلەفیانەی هەبووە، بەهۆی ئەوەی ئاشنایەتییەکی باشی لەگەڵ هەندێك عەرەبی بەغدادی و موسڵاوی پەیداکردبوو، کە چەندین کتێبی زانایانی سەلەفییان بۆ هێنابوو  وەك کتێبەکانی ئیحسان ئیلاهی زەهیر کە ديدێکی دیكەی لە بارەی ناسینی شيعەو تەشەيووع پێبەخشیبوو، پاشان چەندین کتێبی بەسود لە بارەی عەقیدە و سوننەت و وەلاء و بەراء و بیدعەوە، کە ئەو سەردەمە باسەکانی تەوحيدی وەك ئەسماء سیفات و ناسینی پەروەردگارێتی و حاکمیەتی بۆ خوێندکارەکانی ڕوون دەکردەوە.

لە ساڵی ١٩٨٨ پاش کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ريزەکانی ئیخوان جێدەهێڵێت و پەیوەندی دەکات بە بزوتنەوەی ئیسلامی لە ژێر رابەرایەتی مامۆستا مەلا عوسمان عەبدول عەزیز بەرەحمەت بێت و لە ساڵی ١٩٨٩ بۆتە ئەندامی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی.

لەساڵی ١٩٩٤ خەتی ئیصلاح دادەمەزرێنێت، کە ئامانج لێی پەروەردەکرن و پاراستنی گەنجانی ناو بزوتنەوەی ئیسلامی بووە لەوەی نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو کەسانەی ئێران، وەیان لایەنە دەرەکییەکان ئاراستەیان دەکردن.

پاش ئەوەی عەلی پایرو باڵی نەهزەکان لە ٣٠/٥/٢٠٠١ جیابوونەوە لە بزوتنەوەی ئیسلامی، و هەروەها هێزی دووی سۆران لە ١/٩/٢٠٠١ بەیانی خۆیان کرد وەك جند الئیسلام و بزوتنەوەی یەکبوون بوویەوە بە بزوتنەوەی ئیسلامی، لە ١٠/١٢/٢٠٠١ باڵی ئیصلاحی مەلاکرێکار و جندالئیسلام یەکیان گرت و پشتیوانانی ئیسلام (ئەنصار الئیسلام) یان دروستکرد.

کێشەی لە نەرویج و سەرەتای هاتنی

مەلا كرێكار كه‌ له‌ ١٩٨٨دا وه‌كو كوردێكی چه‌وساوه‌ و هەڵاتووی بێ په‌نا مقابه‌له‌ی له‌گه‌ڵ ده‌زگای قبووڵكردنی په‌نابه‌ریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئیسلام ئابادی پاكستان كرد و وه‌كو كورده‌كانی دیكه‌ مه‌له‌فی پێناسه‌ی رێكخرا، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان مه‌له‌فه‌كه‌ی نارده‌ چه‌ند ووڵاتێك كه‌ په‌نابه‌رێتی هه‌ندێك كورد قبووڵ بكه‌ن له‌وانه‌ نه‌رویج بوو كه‌ لێكۆڵینەوەی لە مه‌له‌فی مەلاكرێكار كرد و مافی په‌نابه‌رێتی دایه‌ لەگەڵ سێ منداڵه‌كه‌ی.

بۆیه‌ له‌ ٣٠/١١/١٩٩١ دا رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گه‌یاندنیه‌ نه‌رویج و له‌و كاته‌وه‌ له‌وێ جێگیر بوون.

لە ٦/٩/٢٠٠٢ دەگەڕێتەوە ووڵاتی ئێران بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ئەنصار بەڵام ئێرانییەکان دەستگیری دەکەن و دەیڕفێنن، پاش دەستبەسەرکردن دواتر بە ووڵاتی هۆڵەندای دەدەنەوە.

حكومه‌تی نه‌رویجی مامۆستا كرێكار به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ دژواریی له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌رویجی هه‌یه‌، وەك ئەوەشی باس دەكرێت سێ جار هەوڵی ڕفاندنی دراوە لەلایەن CIAـیەوە

لە ٢٥/١/٢٠١٠ لە نیوەشەودا لە ناو ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لە ناو ماڵەکەی خۆیدا هەوڵی تیرۆرکردنی لەلایەن باندێکەوە دەدرێت و سەركەوتوو نابێت، پاشانیش زانیاری دەگاتە دەستی بەوەی کەسانێکی دیکە رەوانە کراون کە هەوڵی دووەم بدەن بۆ تیرۆرکردنی، بەڵام پاش ئەوەی لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە پۆلیس ئاگادار ئەکرێتەوە، دواتریش ئەو یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بە بەرپرسی هێرشەكە تۆمەتبار كرد.

بە پێی بڕيارێك کە وەزارەتی شارەوانی و هەرێمەکان لە ١٩/٢/٢٠٠٣ دەریکردوە گوایە مەترسی دەبێت لەسەر ئاسایشی نەرویج، فەرمانگەی کاروباری بێگانەکان مافی پەنابەرێتی و پاسپۆرت و ئیقامەی هەمیشەیی و مافی کارکردنی لە مەلاکرێکار سەندەوە.

هەواڵگری نەرویجی زیاتر لە ٤٠ جار مەلاكرێكاری بردۆتە بەردەم دادگا بە تۆمەتی تیرۆر و هاندان بۆ کاری توندوتیژی بەڵام لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو زیندانی نەكراوە،  پاشان لە ٢٧/٣/٢٠١٢ دەست بەسەردەکرێت و پاشان بە بڕياری دادگا بە دوو ساڵ و دە مانگ زیندانی دەکرێت، لە زیندانی کۆنگسڤينگەر.

لە پاش دوو ساڵ و دە مانگ زیندانی لە ٢٥/١/٢٠١٥ ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە نێو ماڵی خۆی لە شاری ئۆسلۆ، بەڵام پاش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئێن ئارکۆی نەرویجی دەستگیر دەکرێتەوە.

ڕادەستكردنەوە بە ئیتاڵیا

لە ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٠ ئەوە ڕاگەیەندرا کە نەرویج مەلا کرێکاری ڕادەستی ئیتاڵیا کردووە، پارێزەرەکەی و زۆر کەسایەتی کوردستان ڕەخنەیان لەم بڕیارە گرت، بەوەی کە نەرویج بەبێ سەلماندنی ھیچ تۆمەتێکی سەر مەلا کرێکار ئەویان ڕادەست کردووە و ڕادەستکردنەکە لە کاتێکی نەخوازراوی وا بووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە فراوانی لە ئیتاڵیا بڵاوبووەتەوە.

بەرهەمەکانی

مەلاکرێکار بەرهەمەکانی زۆرن و زیاتر لە هەزار وتاری دەنگی و ڤيديۆی و زیاد لە هەشتا کتێب نوسین وەرگێڕانی هەیە و دیوانە شيعرییەکەی سێ سەد پەڕەیە.


سەرچاوەکان



943 بینین