یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-14-03:09:00 - کۆدی بابەت: 93
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

یەکگرتوو

حیزبێکی سیاسی ئیسلامیی کوردییە، لە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن سەڵاحەدین محەمەد بەهادین و چەند هاوڕێیەکییەوە دامەزراوە، یەکگرتوو لە ڕووی قوتابخانەی فیکرەوە نزیک لە تەوژمی ئیخوان موسلیمینە و باوەڕی بە خەباتی مەدەنی و ناتوندوتیژی ھەیە، یەکەمین حیزبی کوردی کە خاوەنی هێزی چەکداری نەبووە و نییە.

دامەزراندن

لە 6/2/1994 پاش 3 ساڵ لە دوای ڕاپەرینی ھەرێمی کوردستان و لەنێو جەرگەی قەیران و گەمارۆی ئابووری ھەرێمی کوردستان و لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا وەک حیزبێکی سیاسی مەدەنی و بێ چەک و مەکتەب عەسکەری ھاتە دامەزراندن.

ئاڕاستە و بۆچوون

پارتێکی ئیسلامیی میانڕەوە و کار بۆ چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری دەکات لە ژێر یاساکانی ئیسلامدا، ھەوڵدەدەن بۆ بنیاتنانی تاک و خێزان و کۆمەڵگایەکی ئیسلامیی ڕەوشتبەرز.

ئەمیندارەکانی یەکگرتوو

1-سەڵاحەدین محەمەد بەهادین سادق، ساڵى ١٩٥٠ لە پاێزگای ھەڵەبجە لەدایک بووە، لە 1994/2/6 تاوەکوو 2012/5/1 ئەمیندارى یەکگرتوو بووە، یەکەمین سەرکردەی کورد بووە کە بە ئارەزووی خۆی وازی لە دەسەڵات هێناوە، بۆ جاری دووەم لە 2016/5/28 بووەوە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو.

2-محەمەد فەرەج لەدایکبووی پارێزگای ھەڵەبجەیە لە ساڵى 1953 لەدایکبووە، بەکالوریۆسی لە ئادابی عەرەبیدا ھەیە. لەسەرەتای دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامییەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووە بۆ یەک خول ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسی لیژنەی مافی مرۆڤ بووە . لە 2012/5/2 وە تاوەکو 2016/5/28 کەسی یەکەمی یەکگرتووی ئیسلامیی بووە.

کۆنگرەکانی

لە میژووی ڕاگەیاندنییەوە تاوەکو ئێستا حەوت کۆنگرەی بەستووە:

1- لە ساڵی 1993 کۆنگرەی دامەزراندن بەسترا، پێک ھاتبوون لە 130 ئەندام 122 پیاو و 8 ئافرەت، بە ھۆکاری شەڕی ناوخۆ 2 کۆنفراسیان لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی بەست و تیایدا 15 ئەندامی ئەنجومەنی شورا ھەڵبژێردرا.

2- لە 20-8-1996 لە ھەولێری پایتەخت.
- ژمارەی ئەندامەکان 250 .
- 25 ئەندام بۆ ئەنجومەنی شورای ناوەندی ھەڵبژێردرا.

3- لە 3-9-1999 لە ھەولێری پایتەخت.
- ژمارەی ئەندامەکان 325. 
- 30 ئەندام بۆ ئەنجومەنی شورای ناوەندی ھەڵبژێردرا.

4- لە 30-4-2005 لە ھەولێری پایتەخت.
- ژمارەی ئەندامەکان 490. 
- 35 ئەندام بۆ ئەنجومەنی شورای ناوەندی ھەڵبژێردرا.

5- لە 1-5-2009 لە ھەولێری پایتەخت.
- ژمارەی ئەندامەکان 561. 
- 35 ئەندام بۆ ئەنجومەنی شورای ناوەندی ھەڵبژێردرا.

6- لە 1-5-2012 لە ھەولێری پایتەخت.
-  ژمارەی ئەندامەکان 755. 
- 35 ئەندام بۆ ئەنجومەنی شورای ناوەندی ھەڵبژێردرا و 11 ئەندام بۆ دەستەی باڵای چاودێری.

7- لە 28-5-2016 لە ھەولێری پایتەخت.
- ژمارەی ئەندامەکان 1100.
- تیایدا ئەمینداری پێشوتر سەلاحەدین محەمەد بەھادین وەک ئەمیندار ھەڵبژێردرایەوە.

کاری سیاسی و ھەڵبژاردن

  • لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی 2010 بە ڕێژەی 11.05% لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستانی دەنگى بەدەستھێنا و ژمارەی دەنگەکانی 214.223 دووسەد و چواردە ھەزار و دووسەد و بیست و سێ دەنگ بووە.
  • لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی 2014 ئەم رێژەیە دابەزیووە بۆ 7.2% وە ژمارەی دەنگەکانی 155.972 سەد و پەنجا و پێنج ھەزار و نۆسەد و حەفتا و دوو دەنگ بووە.
  • لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا جارێکی تر ئەم ڕێژانە ڕوو لە داکشان دەکەن و ژمارەی کورسیەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە 10 کورسیەوە دابەزی بۆ 5 کورسی و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە 4 کورسی دابەزی بۆ 2 لە کۆی 325 کورسی.
  • لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی کورسییەکانی دەکاتە دوو هێندە و تاکە حیزبە لە کوردستان کە ژمارەی دەنگەکانی زیاد بکات و دەبێتە خاوەنی ٤ کورسی پەرلەمانی عێراق.

دروشم

هیلالێک دوو ده‌ستى لێک هه‌ڵپێکراوى گرتۆته‌ خۆ و چیایه‌ک که‌ به‌فر لوتکه‌که‌ى داپۆشیووه‌، هەریەک لە دروشمەکانی (ئازادی، برایەتی، دادپەروەری) لە خوار نیشانەی دەستەکانەوە هەن.

بنه‌ما گشتیه‌کانی یه‌کگرتوو

1- بنه‌ما نه‌گۆڕه‌کانى ئیسلام مه‌رجه‌عى کارى سیاسى و سه‌رچاوه‌ى لێوه‌رگرتنى به‌هاکانه‌.

2- ئیسڵاح دیدێکى دیاریکراوه‌ بۆ کارى سیاسی و به‌رێوه‌بردنى کۆمه‌ڵگه‌و گۆرانى ئاشتى خوازانه‌.

3- عه‌داله‌ت زامنى مافه‌کانى تاک و کۆمه‌ڵگه‌ و پێوه‌رى پۆڵێنکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌.

4- که‌له‌پوور و میژووى ئیسلامیی ئه‌زموونێکى به‌شه‌رى سنوورداره‌ به‌کات و شوێن له‌ مێژوودا و راده‌ى سوود لێوه‌رگرتنى په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاستى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى بۆ پێداویستی و کێشه‌کانى سه‌رده‌م.

5- تێگه‌یشتنى (مقاصد)یانه‌ بۆ ئیسلام و شه‌ریعه‌تى ئیسلامى، رێبازێکه‌ بۆ له‌ خۆگرتنى سه‌رده‌م و چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانى فکریی.

6- شورا به‌هایه‌کى باڵاى ئیسلامه‌ و جێبه‌جێبوونى له‌ ژیانى سیاسی هاوچه‌رخدا، په‌یوه‌سته‌ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ میکانیزمى دیموکراسى وه‌ک شێوازێکى عه‌مه‌لى بۆ گه‌یشتن به‌ بڕیاره‌ حکومیه‌کان و هێنانه‌دى شه‌رعیه‌ت و به‌شدارى سیاسى و ده‌سته‌به‌رکردنى ئازادیه‌کان.

7- قه‌بووڵکردنى فره‌یی و ده‌رهاویشته‌کانى و ئاڵوگۆڕى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌رێى هه‌ڵبژاردنى گشتییه‌وه‌.

8- گه‌ل سه‌رچاوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌ و له‌رێى نوێنه‌ره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کانییه‌وه‌ و به‌ گوێره‌ى ده‌ستوورێکى مه‌ده‌نى فه‌رمانڕه‌وایی به‌سه‌ر خۆیدا ده‌کات.

9- ئازادى به‌هایه‌کى ناوه‌ندیى مرۆڤایه‌تیه‌ و به‌رجه‌سته‌کارى رێزگرتنى خواى گه‌وره‌یه‌ بۆ مرۆڤ.

10- تیرۆرو توندره‌وى پێچه‌وانه‌ى گیانى ئیسلام و سه‌رچاوه‌ى هه‌ره‌شه‌ن بۆ سه‌ر عێراق و کوردستان و ژیانى گه‌لان.

11- ئازادى بیروباوه‌ڕو ئاین له‌ مافه‌ خواپێداو و بنه‌ڕه‌تیه‌کانى مرۆڤن و پێویسته‌ یاسا بۆ هه‌موو تاکێکى مسۆگه‌ر بکات.

12- خواى گه‌وره‌ مافى ژیان و ئازادى و گه‌ڕان به‌شوێن به‌ختیاریدا به‌هه‌موو مرۆڤێک به‌خشیوه‌و بۆ هیچ که‌س و هێزێک نیه‌ لێى زه‌وت بکات.

13- ئافره‌ت و پیاو دوو ره‌گه‌زى ته‌واوکارى یه‌کتر و له‌ ماف و که‌رامه‌تدا یه‌کسان به‌ره‌چاوکردنى تایبه‌تمه‌ندییه‌کانه‌وه‌ .

14- گه‌لى کورد له‌ رووى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کى سه‌ربه‌خۆیه‌ و، له‌ رووى ئاینیشه‌وه‌ به‌شێکه‌ له‌ ئوممه‌تى ئیسلامی و مافى یه‌کسانیشى له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانى تردا هه‌یه‌ به‌ مافى چاره‌نوسیشه‌وه‌، ئیسلام و کوردبوون و کوردستانى بوون سێ ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌کى ناسنامه‌ى گه‌لى کوردستانن.

15- راپه‌ڕین و شۆڕشه‌کانى کورد له‌ مێژوودا کاردانه‌وه‌ بوون به‌رامبه‌ر سته‌م و نابه‌رامبه‌رى و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ خوراوه‌کانى نه‌ته‌وه‌.

16- فره‌یی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینى و مه‌زهه‌بى و سیاسی له‌ کوردستاندا له‌ سایه‌ى گیانى به‌یه‌که‌وه‌ ژیاندا، سه‌رچاوه‌ى هێزو ده‌وڵه‌مه‌ندى گه‌لى کوردستانه‌.

17- هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراقدا ده‌ژین به‌ جیاوازى (انتما)ـى نه‌ته‌وه‌یی و ئاینى و مه‌زهه‌بى و سیاسی پێویسته‌ له‌ مافى هاووڵاتیبوونى یه‌کسان به‌هره‌مه‌ندبن.

18- ره‌تکردنه‌وه‌ى به‌سه‌رخۆدا داخران به‌ناوى ره‌سه‌نایه‌تى و، له‌ فه‌رهه‌نگى به‌رامبه‌ردا توانه‌وه‌ش به‌ ناوى مۆدێرنه‌وه‌ و دانانى کارلێکردنى رۆشنبیرى و ژیارى به‌رێگاى گه‌شه‌کردن و تازه‌گه‌رى راسته‌قینه‌.

19- حیوار به‌هایه‌کى ئیسلامیی و شێوازێکى شارستانیانه‌ى چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانه‌ بۆ وه‌لانانى توندو تیژى و یه‌کترى ره‌تکردنه‌وه‌.

20- میانه‌ڕه‌وى له‌بیرکردنه‌وه‌ و ره‌فتاردا داوایه‌کى ئیسلامیی و پێداویستیه‌کى ژیانى سه‌رده‌م و واقیعى کوردستان و عێراقه‌.

21- سته‌مکارى و تاکڕه‌وى سه‌رچاوه‌ى زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى خراپه‌کارى و دواکه‌وتووییه‌کانى رابردوو و ئێستاى ناوچه‌که‌ن و روبه‌رووبوونه‌وه‌یان ئه‌رکێکى ئیسلامی و ئه‌خلاقى و نیشتمانى سه‌رجه‌م گه‌لانى ناوچه‌که‌ و بزاڤه‌ سیاسییه‌کانیه‌تى.

22- حکومه‌ت ده‌زگایه‌کى مه‌ده‌نى بێلایه‌نه‌ له‌به‌رامبه‌ر ته‌وژمه‌ فکرى و سیاسییه‌کانى ناو کۆمه‌ڵگاو زه‌مینه‌یه‌که‌ بۆ کارى هاوبه‌ش و پێکه‌وه‌ ژیان که‌ مه‌رجى هاتنه‌دى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و گه‌شه‌کردنى سیاسىیه‌.

23- ره‌تکردنه‌وه‌ى ده‌مارگیرى و هه‌ڵاواردنى نه‌ته‌وه‌یی و ئاینى و مه‌زهه‌بى و تایه‌فه‌گه‌رى له‌ کوردستان و عێراقدا.

24- په‌روه‌رده‌یه‌کى ئیسلامیی راسته‌قینه‌ هۆکارى پێگه‌یاندنى هاووڵاتییه‌کى ساڵح و فه‌رمانڕه‌وای پێگه‌یشتووه‌.

ئامانجه‌کانی یه‌کگرتوو

یه‌که‌م/بوارى سیاسى

  • مه‌سه‌له‌ کوردستانییه‌کان

1- تێکۆشان له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ره‌واکانى گه‌له‌که‌مان که‌ له‌م قۆناغه‌دا له‌ به‌ده‌ستووری کردنى فیدراڵیه‌ت وچه‌سپاندنى مافه‌کانى تردا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت.

2- کارکردن له‌ پێناو سڕینه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌کانى سیاسه‌تى(پاکتاوکردنى ره‌گه‌زى) و(ده‌رکردن)و( راگوێزان) له‌کوردستاندا .

3- هه‌وڵدان بۆ دیارى کردنى ره‌سمیى چاره‌نووسى ئه‌نفاله‌کان و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى که‌س و کاریان و دیارى کردنى ره‌مزێکى نیشتیمانى بۆیان.

4- هه‌وڵدان بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی که‌سوکاری قوربانیانی ده‌ستی رژێمی به‌عس وه‌ک قوربانیانی کیمیاوی و... هتد .

5- هه‌وڵدان له‌ پێناو به‌هێزکردنى رۆڵى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ رێى گۆڕانى بۆ ده‌زگایه‌کى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات که‌ بتوانىَ ئه‌رکه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى یاسادانان و چاودێرى و لێپرسینه‌وه‌ى حکومه‌ت و بڕیاردانى بوودجه‌ و نوێنه‌رایه‌تى کردنى گه‌ل له‌مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا راپه‌ڕێنىَ .

6- داکۆکیکردن له‌ دۆزى کورد له‌به‌رده‌م راى گشتى و له‌کۆڕ وکۆمه‌ڵه‌ عه‌ره‌بى و ئیسلامیه‌کانداو نیشاندانى گه‌لى کوردستان وه‌ک گه‌لێکى خاوه‌ن ماف و کێشه‌یه‌کى عادیلانه‌ به‌ مه‌به‌ستى پشتیوانى لێکردنى.

7- داکۆکیکردن له‌ دروستکردنى په‌یوه‌ندیه‌کى هاوسه‌نگ له‌ نێوان گه‌لی کوردو گه‌لانى دراوسێداو هه‌وڵدان بۆ قوڵکردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى گفتوگۆى کوردى عه‌ره‌بى و کوردى فارسى و کوردى تورکى که‌ ده‌بنه‌ مایه‌ى ئاشتى و سه‌قامگیرى و پێکه‌وه‌ ژیانى گه‌لانى ناوچه‌که‌.

8- پشتیوانى کردن له‌ خه‌باتى گه‌لى کوردستان له‌ پارچه‌کانى ترى کوردستاندا له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ مافه‌کانیان و دۆزینه‌وه‌ى رێگا چاره‌یه‌کى ئاشتیانه‌ بۆ کێشه‌که‌یان .

9- هه‌وڵدان بۆ پارێزگاریکردن له‌ شوناسى نه‌ته‌وه‌یی و به‌ها باڵاکانى کۆمه‌ڵگه‌ له‌به‌رده‌م رووه‌ سلبىیه‌که‌ى ته‌وژمى جیهانگیرى.

10- پشتیوانى کردن له‌مافه‌سیاسی و مه‌ده‌نى و رۆشنبیریه‌کانى گه‌لى تورکمان .

11- پشتیوانى کردن له‌ مافه‌ سیاسی و مه‌ده‌نى و رۆشنبیرىیه‌کانى نه‌ته‌وه‌ى کلدو ئاشوور.

12- هه‌وڵدان بۆ دیاریکردنى سنوورى هه‌رێمى کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کى یاسایی و به‌پێى به‌ڵگه‌ مێژووییه‌کان.

  • مه‌سه‌له‌ عێراقییه‌کان

1- به‌شداریکردن له‌ بنیاتنانى عێراقێکى دیموکراسى فیدرالى په‌رله‌مانى فره‌یی یه‌کگرتوو .

2- هه‌وڵدان بۆ کۆتایی هێنان به‌ تیرۆرو توندوتیژى و گێڕانه‌وه‌ى ئاساییش و ئارامى بۆ سه‌راسه‌رى وڵات .

3- ره‌تکردنه‌وه‌ى هه‌ر هه‌وڵێک له‌ پێناو باڵاده‌ستى نه‌ته‌وه‌یی یاخود مه‌زهه‌بى و هه‌رشێوازێکى سته‌مکارى و تاکڕه‌وى له‌ عێراقى ئاینده‌دا.

4- پشتیوانیکردن له‌ رێکخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی عێراق له‌گه‌ڵ هێزه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا به‌جۆرێک که‌ خزمه‌تی چه‌سپاندنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و سه‌ربه‌خۆیی عێراق و ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی پێکهاته‌کانی گه‌لی عێراقدا بێت.

5- کارکردن له‌ پێناو ئه‌وله‌ویه‌تدان به‌و ناوچانه‌ى له‌ سایه‌ى رژێمى دکتاتۆرى پێشوودا زیانى زۆرتریان به‌رکه‌وتووه‌ له‌کاتى دیاریکردنى بوودجه‌ى نیشتیمانیدا.

6- خه‌باتکردن له‌ پێناو سڕینه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌کانى کلتوورى به‌عس و بڵاوکردنه‌وه‌ى بیرى میانڕه‌وى و لێبورده‌یى و پێکه‌وه‌ژیان و رۆشنبیریی مافه‌کانى مرۆڤ .

7- رێکخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى عێراق له‌گه‌ڵ هێزه‌ ناوچه‌یی و ده‌ره‌کییه‌کاندا به‌ جۆرێک له‌ خزمه‌تى چه‌سپاندنى ئاشتی وئاساییشى ناوچه‌که‌و سه‌ربه‌خۆیی عێراق و ده‌سته‌به‌رکردنى مافه‌کانى پێکهاته‌کانى گه‌لى عێراقدا بێت.

  • مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌ گشتیه‌کان

1- کارکردن به‌ پره‌نسیپى لێکجیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى ده‌ستوورى و پراکتیکى .

2- بنه‌بڕکردنى دیارده‌ى گه‌نده‌ڵى دارایى و ئیدارى و سیاسى له‌ دام و ده‌زگاکانى حکومه‌تدا .

3- کارکردن له‌پێناو چه‌سپاندنى بنه‌ماى هاووڵاتێتى یه‌کسان.

4- کارکردن له‌پێناو دابه‌شکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و سامان به‌جۆرێک دادپه‌روه‌رى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى بێنێته‌ دى .

5- هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌دى سه‌ربه‌خۆیی دادگا و سه‌روه‌رى یاسا .

6- ره‌تکردنه‌وه‌ى هه‌ر جۆره‌ تۆمه‌تبارکردن و ده‌ستگیرکردنێکى نایاسایی و پێداگرتن له‌سه‌ر فه‌ردى بوونى سزاکان.

7- تێکۆشان له‌ پێناو به‌رفراوانکردن و قوڵکردنه‌وه‌ى ماف و ئازادیه‌ سیاسیه‌کانى هاوڵاتیان له‌ وێنه‌ى: مافى ده‌نگدانى ئازادو نهێنى دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ گوشار و سانسۆرێکى حکومى له‌ گشت هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، مافى خۆپاڵاوتن، مافى دامه‌زراندنى حیزبى سیاسى و رێکخراوه‌ى جه‌ماوه‌رى و سه‌ندیکا پیشه‌ییه‌کان، ئازادى را ده‌ربڕین، ناڕه‌زایى ده‌ربڕین، مافى به‌شداریکردن له‌ ده‌سه‌ڵات و گرتنه‌ده‌ستى پۆست و پله‌و پایه‌ حکومیه‌کان.

8- پاراستنى بآلایه‌نى حکومه‌ت له‌هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێکى حیزبى .

9- پشتیوانیکردن له‌گه‌شه‌دان به‌ میدیاى ئازاد و ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ چوارچێوه‌ى یاسادا.

10- پشتیوانیکردنى له‌ دام وده‌زگاکانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و گه‌شه‌پێدانیان .

  • دووه‌م/ بوارى کۆمه‌ڵایه‌تى

1- هه‌وڵدان بۆ که‌مکردنه‌وه‌و دوورخستنه‌وه‌ى خه‌ڵکى له‌ ره‌فتار و دیارده‌ دزێو و نادروسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان .

2- کارکردن له‌ پێناو کردنه‌وه‌ى بنکه‌ى جۆراوجۆرى چاودێریکردنى مناڵانى بێ سه‌رپه‌رشت و گه‌شه‌دان به‌ تواناکانیان.

3- داکۆکیکردن له‌ رۆڵى ئیسڵاحیانه‌ى مزگه‌وت و زانایانى ئاینى و پارێزگارى کردن له‌ که‌سێتى و مافه‌کانیان .

4- هه‌وڵدان بۆ ئاسانکاریکردن له‌ پێناو پێکه‌وه‌نانى خێزان له‌رێى دانانى سندوقى خێزان و پێشینه‌ى تایبه‌ت و یارمه‌تیدان بۆ دابینکردنى شوێنی نیشته‌جێ بوون و که‌مکردنه‌وه‌ى به‌ربه‌سته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان.

5- هه‌وڵدان بۆ راستکردنه‌وه‌ى بیروبۆچوونى خه‌ڵک له‌ مه‌ڕ ئه‌و بۆچوون و نه‌ریتانه‌ى به‌رگى ئاینیان له‌به‌رکراوه‌و هیچ بنه‌مایه‌کى شه‌رعى و زانستیان نىیه‌ .

6- هه‌وڵدان بۆ دابینکردنى لاى که‌مى ئاستێکى شیاوى گوزه‌ران بۆ که‌م ئه‌ندام و پیرو په‌ککه‌وته‌و بێ سه‌رپه‌رشت و هه‌موو ئه‌وانه‌ى تواناى کارکردن و خۆ ژیاندنیان نییه‌ .

7- چاکسازیکردن له‌ بوارى زیندانه‌کاندا و هێنانه‌دى هه‌لومه‌رجێکى گونجاوتر بۆ زیندانییه‌کان .

8- هاندانى کارى خێرخوازى و دروستکردنى رێکخراوى خێرخوازیی خۆماڵى .

9- هه‌وڵدان له‌ پێناو چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌و ناکۆکى نێوان هۆزو بنه‌ماڵه‌کان و گه‌رمکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندىیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان .

10- هۆشیارکردنه‌وه‌ى هاووڵاتیان بۆ پابه‌ندبوونى زیاتر به‌ به‌ها ئیسلامیی وکۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه‌.

11- پارێزگارى کردن له‌ به‌هاکانى خێزان و داڕشتنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندىیه‌کانى ناوه‌وه‌ى له‌سه‌ر بناغه‌ى رێزو خۆشه‌ویستى.

12- داکۆکیکردن له‌ مافه‌کانى منداڵان .

13- داکۆکیکردن له‌ پێناو به‌ره‌وپێشبردنی بزافی لاوان و دابینکردنی پێداویستییه‌کانیان .

14- کارکردن له‌پێناو که‌مکردنه‌وه‌ى بێکارى و دابینکردنى بیمه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى و فراوانکردنی هه‌لی کارکردن.

  • سێیه‌م/ بوارى ئافره‌تان

1- هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ى حکومه‌ت له‌ رووى کارگرتنه‌ ده‌ست و مۆڵه‌ت وه‌رگرتن و سه‌عاتى کارو مۆڵه‌تى دایکایه‌تى و خانه‌نشین بوون ، ره‌چاوى تایبه‌تمه‌ندى ئافره‌ت بکات.

2- به‌ره‌نگاربوونى هه‌موو ئه‌و داب ونه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تى و تێگه‌یشتنه‌ هه‌ڵانه‌ له‌ ئاین که‌ دژ به‌ ماف و ئازادىیه‌کانى ئافره‌تن و رىَ له‌ گه‌شه‌دان به‌که‌سێتى ئه‌و ده‌گرن .

3- رووبه‌رووبوونه‌وه‌ و قه‌ده‌غه‌کردنى هه‌موو شێوازێکى توندو تیژى دژ به‌ ئافره‌تان و سزادانى نایاسایی و کوشتنى له‌سه‌ر بناغه‌ى تۆمه‌ت و سزادانى بکه‌ره‌کانیان .

4- په‌ره‌دان به‌ چاودێریکردنى ژنانى پیر و خاوه‌ن پێویستى و ده‌روون ناته‌واو.

5- هوشیارکردنه‌وه‌ و هاندانى ئافره‌تان بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى و رۆڵیان له‌بوارى سیاسى و ئابوورىوکۆمه‌ڵایه‌تیدا زیاتر بێت .

6- مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ رێکه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ تایبه‌ته‌کان به‌ ئافره‌ت به‌ جۆرىَ که‌سێتى ئافره‌تى کوردستان تێیدا پارێزراو بێت.

7- هه‌وڵدان بۆ دابینکردنى مووچه‌ى تایبه‌ت به‌ ئافره‌تانى ماڵه‌وه‌و ، هه‌وڵدان بۆ په‌ره‌پێدانى تواناکانیان .

8- یه‌کسانى ئافره‌ت و پیاو له‌به‌رامبه‌ر تاوانى هاوشێوه‌ و هه‌موارکردن و گۆڕینى هه‌رمادده‌ و بڕگه‌یه‌کى یاسایی که‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌م یه‌کسانییه‌ بێت.

9- بایه‌خدانى تایبه‌ت به‌ ئافره‌تانى گوندنشین و پاراستنى مافه‌کانیان .

  • چواره‌م/ بوارى فکر و رۆشنبیریی و زانستیى

1- کردنه‌وه‌ى دام وده‌زگاى رۆشنبیریی جۆراوجۆر به‌مه‌به‌ستى په‌ره‌دان به‌ توانا رۆشنبیریه‌کان و به‌هێزترکردنى ره‌وتى فکرىو هونه‌رىو زانستى و پشتیوانى کردنیان .

2- پشتیوانیکردن له‌هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ى له‌لایه‌ن روناکبیره‌ ئیسلامخوازه‌کانه‌وه‌ ده‌درێت به‌مه‌به‌ستى ئیسڵاح و تازه‌ کردنه‌وه‌ى فکرى ئیسلامیی و تیۆریزه‌کردنى.

3- بایه‌خدان به‌ بوژاندنه‌وه‌و پارێزگارى کردن له‌که‌له‌پوورى کوردى وپاراستنى شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌کان.

4- خوڵقاندنى که‌ش وهه‌وایه‌کى گونجاو له‌ناو ریزه‌کانى حیزبدا به‌مه‌به‌ستى گه‌شه‌دان به‌ توانا رۆشنبیرى و زانستى و هونه‌رىیه‌کان و پشتیوانیکردنى ماددى و مه‌عنه‌وى لێیان.

5- بانگه‌شه‌کردن بۆ حیوارى فکرى نێوان ته‌وژمه‌ فکرى و سیاسىیه‌کانى کوردستان و عێراق.

6- په‌روه‌رده‌کردنى ئه‌ندامان به‌ رۆشنبیریه‌کى ئیسلامیی و نیشتیمانى.

7- هاندانى لێکۆڵینه‌وه‌ى زانستى و پشتیوانیکردن له‌ زانا و پسپۆڕه‌کان بۆ دابینکردنى ژیان و ئازادى لێکۆڵینه‌وه‌.

8- هه‌وڵدان بۆ قوڵکردنه‌وه‌ى حیوارى نێوان ئایین و مه‌زهه‌به‌کان و به‌شداریکردن تیایدا.

9- بایه‌خدان و بوارره‌خساندن بۆ به‌هره‌مه‌ندان و داهێنه‌ران له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌کاندا .

10- پشتگیریکردن له‌هه‌ڵمه‌ته‌کانى نه‌هێشتنى نه‌خوێنده‌وارى ، خوێندنى ته‌وزیمى له‌گشت قۆناغه‌کاندا .

  • پێنجه‌م/ بوارى ئابوورى

1- هه‌وڵدان بۆ بوژانه‌وه‌ى ژێرخانى ئابوورى .

2- پاراستن و په‌ره‌پێدانى سه‌رچاوه‌کانى ووزه‌ .

3- چاره‌سه‌رى گرفته‌کانى هێزى کارو به‌گه‌ڕخستنى ووزه‌و به‌هره‌کانیان و باشترکردنى گوزه‌رانیان .

4- گه‌شه‌دان به‌ بزاوتى بازرگانى ناوخۆیىو ده‌ره‌کی و ئه‌نجامدانى ئاسانکارى یاسایی و ئیدارى پێویست له‌و بواره‌دا .

5- به‌گه‌ڕخستنى سه‌رمایه‌ سنوورداره‌کان و باشترکردنى بارى گوزه‌رانى خاوه‌نه‌کانیان .

6- کارکردن له‌ پێناو گۆڕانى ئابوورى وڵات له‌ ئابووریه‌کى به‌کاربه‌ره‌وه‌ له‌ زۆربه‌ى بواره‌کاندا به‌ره‌و ئابووریه‌کى به‌رهه‌مهێنه‌ر و که‌مکردنه‌وه‌ى پشت به‌ستن به‌ که‌لوپه‌ل و شمه‌کى هاورده‌ى ده‌ره‌وه‌ .

7- گرنگیدان به‌ بوژاندنه‌وه‌ى زیاترى که‌رتى کشتوکاڵ به‌ شێوه‌یه‌کى زانستیانه‌ى نوآ، به‌پشت به‌ستن به‌ئه‌زموونه‌ هاوچه‌رخه‌کان .

8- رێکخستنه‌وه‌ى سیستمى باج له‌سه‌ر بناغه‌ى ره‌چاوکردنى بارى هاووڵاتى و هێنانه‌دى به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتییه‌کان .

9- پشتیوانیکردن له‌گه‌شه‌دان به‌که‌رتى تایبه‌ت و سه‌رمایه‌ گوزاره‌ خۆماڵیه‌کان .

10- هه‌وڵدان بۆ بوژاندنه‌وه‌ى گونده‌کان و گه‌شه‌پێدانى بارى ئابووریان و سوودوه‌رگرتن له‌به‌رووبوومى جوتیاران .

11- پارێزگاری له‌ ژینگه‌ و سامانه‌ سروشتیه‌کان .

12- کارکردن بۆ گه‌شه‌پێدانى هۆشیارى ئابوورى .

13- هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌کایه‌ و کاراکردنى بانکى ئیسلامیى له‌ کوردستاندا .

14- پشتگیریکردن له‌ کۆمپانیاى پشکدارى و کارگه‌ی جۆراوجۆر و به‌نداوی ئاوی.

  • شه‌شه‌م/ بوارى کاروبارى لاوان و وه‌رزش

1- بایه‌خدان به‌لاوانى به‌هره‌مه‌ندوو گه‌شه‌پێدانى تواناکانیان .

2- گرنگیدان به‌په‌روه‌رده‌ى لاوان و هه‌وڵدان بۆ پاراستنیان له‌ لادان و ئالوده‌بوون به‌ مادده‌ سرکاره‌کان .

3- بایه‌خدان به‌ بزافى وه‌رزش و خزمه‌تکردنى زیاترى وه‌رزشوانان و گرنگى زیاتر به‌یانه‌ وه‌رزشیه‌کان .

4- گرنگیدان به‌کێشه‌کانى لاوان و کارکردن بۆچاره‌سه‌رکردنیان .

5- به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى رۆشنبیرى لاوان له‌رێگه‌ى کردنه‌وه‌ى ناوه‌ندى رۆشنبیرىو فکرى .

میکانیزمه‌کانى کاری یه‌کگرتوو:

1- پیاده‌کردنى کارى سیاسى رێکخراوو ده‌رکردنى به‌یاننامه‌ و راگه‌یاندنى هه‌ڵوێستى سیاسی.

2- پشت به‌ستن به‌ حیواربۆ یه‌کلایکردنه‌وه‌ى ناکۆکیه‌کان و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان.

3- به‌کارهێنانى گشت هۆکاره‌کانى راگه‌یاندن.

4- گرێدانى کۆنگره‌و کۆڕو کۆبونه‌وه‌ى گشتى و تایبه‌ت و به‌شدارى کردن تیایاندا له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمدا.

5- به‌شداریکردنى له‌ سه‌ندیکا پیشه‌یىو رێکخراوه‌جه‌ماوه‌ریه‌ تایبه‌ته‌کان به‌ گشت توێژه‌ پیشه‌ییه‌کان.

6- کردنه‌وه‌و دامه‌زراندن و پشتگیرى کردنى ده‌زگاو پرۆژه‌ى خێرخوازى و فێرکارى و هونه‌رى و رۆشنبیرى و وه‌رزشى.

7- به‌کارهێنانى میکانیزمه‌کانى کارى سیاسى وه‌ک به‌شداریکردن و ئۆپۆزسیۆن بوون و به‌شدارى نه‌کردن و هاوپه‌یمانێتى وئیئتیلافکردن وکارى به‌ره‌یی و مانگرتن و رێپێوان و هاوکاریکردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى تردا.

ستراتیژیەتی کاری یەکگرتوو

1. گەشەدان بە بواری پەروەردەو پێگەیاندنی تاكی پەیامدارو هاوڵاتی چاكەكار و بە گەڕ خستنی پڕۆژەی مرۆڤسازی.

2. گەشەپێدانی كاری ئیسلامی میانەڕەو و كاراكردنی بواری بانگەوازو چاكسازی كۆمەڵگەیی.

3. بەرهەمهێنانی بزاڤێكی هزرو ڕۆشنبیری نوێ‌ لە بەر رۆِشنایی مەبەستەكانی (وەحی) و خواستەكانی سەردەم و رێگرتن لە پەڕگیری و توندڕەوی و تیرۆر.

4. پەرەپێدانی پڕۆژەی كاری هاوبەش و پارێزگاریكردن لە گیانی برایەتی و یەكڕیزی نێوان ئیسلامیەكانی كوردستان.

5. بەرجەستەكردنی بەها باڵاكان و قوڵكردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان و هێنانەكایەی كۆمەڵگەیەكی سەقامگیرو گەشەسەندوو.

6. ئەنجامدانی چاكسازی ڕیشەیی و گشتگیرو بەرجەستەكردنی پایەكانی حوكمی ڕەشید.

7. گەشەدان بە مافە دەستووریەكانی گەلی كوردستان.

8. جێگیر كردنی پایەكانی دیموكراتیەت لە ناو كۆمەڵگەو سیستەمی حوكمڕانیدا.

پەیكەر و پێكهاتەكانی یەكگرتووی ئیسلامی

  • ئەمینداری گشتی
  • ئەنجومەنی سەركردایەتی
  • دەستەی باڵای چاودێری
  • ئەنجومەنی جێبەجێكردن
  • ئەنجومەنی كاروباری سیاسی و جەماوەری
  • ئەنجومەنی كاروباری بانگەواز
  • ئەنجومەنی كاروباری ناوخۆ
  • دامەزراوەی راگەیاندن و هونەر

میدیای یەكگرتووی ئیسلامی

یەكگرتووی ئیسلامی چەندین دەزگا و دامەزراوەی میدیایی هەیە كە لە چێوەی دامەزراوەی راگەیاندن و هونەر-دا كۆیكردوونەتەوە و لەلایەن هەمان دامەزراوەوە سەرپەرشتی دەكرێن. ئەوانیش بریتین لە كەناڵێكی ئاسمانیی بە ناوی "سپێدە" و 12 كەناڵی تەلەڤیزیۆنی ناوخۆیی كە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا پەخش دەكەن. وەك میدیای بیستراو، یەكگرتووی ئیسلامی 16 ئێستگەی رادیۆی هەیە. لە بواری چاپەمەنی و بڵاوكراوەی ئەلیكترۆنیشدا یەكگرتووی ئیسلامی پێشتر خاوەنی رۆژنامەیەك بوو بە ناوی یەكگرتوو، لەگەڵ 10 گۆڤاری مانگانە و وەرزی، هەروەها دوو وێبسایت بە ناوەكانی كوردیو و یەكگرتوو.

دارایی یەكگرتووی ئیسلامی

لە ئێستادا یەكگرتووی ئیسلامی جیا لە حیزبە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان، لەلایەن حكومەتەوە بودجەی بۆ دابین ناکرێت، بەر لە دروستبوونی ئەم حیزبەش و ساڵانێكی زۆر دوای دروستبوونیشی، لەلایەن چەند دەزگا و حكومەتێكی عەرەبی و ئیسلامییەوە پشتیوانی دارایی كراوە و بودجەی بۆ دابینكراوە، ئەوەش وایكردبوو یەكگرتوو بتوانێت كاری خێرخوازی لە شار و دێهاتی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدات و لە ڕووی داراییەوە كۆمەك بە خەڵكانێكی هەژار و كەمدەرامەتی كوردستان بكات، سەرئەنجام ئەو دارایی و هاوكاریكردنانەش بوون بەهۆی كێشكردنی خەڵك بەلای یەكگرتوودا و رۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە پێكهاتن و فراوانبوونی بنكەی جەماوەریی ئەو حزبە ئیسلامییەدا.


سەرچاوەکان



4972 بینین