شێوازەکانی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-12-01-20:26:00 - کۆدی بابەت: 10510
شێوازەکانی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شێوازەکانی فێرکردن (بە ئینگلیزی: Methods of Teaching یان Teaching Methods، بە عەرەبی: طریق التدریس یان طرق التعلیم)، ئەو بنەما و شێوازانە دەگرێتەوە کە مامۆستایان بۆ کاراکردن و بەرەوپێشچوونی کرداری فێربوونی خوێندکاران بەکاریدەهێنن. هەندێک لەم شێوازانە بەپێی وانەکان هەڵدەبژێردرێن و هەندێکیشیان لەسەر بنەما و ئاستی تێگەیشتنی خوێندکاران دیاریدەکرێن. هاوکات بۆ ئەوەی شێوازی فێرکردنەکە گونجاو و کاریگەر و لەبار بێت پێویستە سروشتی خوێندکار و سروشتی بابەتەکە و ئاستی تێگەیشتنی خوێندکارەکان لەبەرچاو بگیرێت.

شێوازەکانی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی

پڕۆسەی فێرکردنیش وەک هەر ئەرک و پیشەیەکی تر هەوڵێکی هونەرییە، پێویستی بە زانیاری تەواو سەبارەت بە بابەتەکان، هەڵبژاردنی ڕێبازێکی گونجاوی وانەوتنەوە، قبووڵکردن و ئاگایی بەرانبەر بەشێوازە نوێیەکانی وانەوتنەوە و هەبوونی ئارامی هەیە. پێویستە گرنگی بە بناغەی هەر زمانێک بدرێت تاوەکوو بەرەوپێش بچێت. فێربوونی زمانێکی نوێی وەک ئینگلیزی پێویستی بە زانیاری سەبارەت بە ڕێزمانەکەی، شێوازی داڕشتنی ڕستەکان و دەربڕینی گونجاوی وشەکان هەیە، هاوکات گرنگە ژینگەیەکی لەبار و گونجاو بۆ فێرخوازان دابین بکرێت تاوەکوو ئاستی تێگەیشتنیان بەرەو پێش بچێت. چەندین ڕێبازی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی هەن کە یارمەتیدەرن بۆ دانانی بناغەیەکی تۆکمە بۆ فێربوونی زمانەکە، هاوکات بۆماوەی چەندین ساڵ شێوازی جۆراوجۆری فێرکردنی زمانی ئینگلیزی تاقیکراونەتەوە بەڵام هەندێکیان زیاتر کاریگەرتربوون لەوانی تر. شێوازەکانی فێرکردنی هەر زمانێک بەپێی پێویستی کەسی دادەنرێت. ئەم ڕێبازانەی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی زیاتر سوودبەخش و کاریگەرتر دەبن کاتێک ئینگلیزی وەک زمانێکی بیانی یان وەک زمانی دووەم فێردەبیت.

شێوازی ڕاستەوخۆ (Direct Method

هەندێکجار بەشێوازی سروشتیش (Natural Method) ناودەبرێت و بە شێوازی ئاخاوتنیش (Conversational Method) ناسراوە. لەلایەن ماکسیمیلیان بڕڵیتز (Maximilian Berlitz) لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا وەک کاردانەوەیەک بۆ ناڕازیبوون لە ڕێبازی وەرگێڕانی ڕێزمان (Grammar Translation Method) گەشەی سەندووە. ئەم شێوازە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر بەهرە و کاراماییە زارەکییەکان و تیایدا تەنیا زمانی دووەم یان زمانە لاوەکی بەبێ بەکارهێنانی زمانی دایک یان زمانی سەرەکی خوێندکار و فێرخواز بەکاردێت.

لەم شێوازەدا وەرگێڕان و ڕوونکردنەوە بە زمانی یەکەم ناکرێت لەجێی ئەوە کەسی وانەبێژ یان فێرکار وێنە یان کەرەستەی ڕاستەقینە بەکاردەهێنێت بۆ تێگەیشتن، هەروەها لە ڕێبازی ڕاستەوخۆدا یارمەتی خوێندکاران دەدرێت تاوەکوو ڕستە بەکاربهێنن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان نەک تەنیا بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە. هاوکات لەم ڕێبازەدا گرنگی بە کارامەیی و لێهاتووییەکانی زمان (Language skills) دەدرێت وەک (قسەکردن speaking، گوێگرتن Listening، خوێندنەوە Reading و نووسین Writing)، بەڵام کەمتر گرنگی دەدرێت بە نووسین و خوێندنەوە و زیاتر گوێ بە قسەکردن و گوێگرتن دەدرێت، بۆ نموونە بۆ برەودان بە لایەنی نووسینی فێرخواز، مامۆستا یان کەسی فێرکار پەڕەگرافێک بەپێی ئاستی پۆلەکەی دەداتە فێرخوازان تاوەکوو بینووسن.

هەروەها فێرخوازان هەوڵدەدەن بە سەیرکردنی پێشکەشکردنی زارەکی مامۆستاکەیان یاساکانی ڕێزمان بزانن و لە ئەنجامدا پێویستە لەسەر خوێندکاران بتوانن بە زمانی ئینگلیزی بە دەربڕینێکی دروست و شارەزایی لە ڕێزماندا بدوێن. ئەم شێوازە بیرۆکەکان بە دەربڕینەوە دەبەستێتەوە و ڕێگە بە خوێندکاران دەدات لەگەڵ یەکتر پەیوەندی ببەستن و بە زمانی ئینگلیزی گفتوگۆ بکەن. 

تایبەتمەندییەکانی شێوازی ڕاستەوخۆ

برەو دەدات بە توانای تێگەیشتن بەهۆی گوێگرتنەوە. لە قۆناغی سەرەتادا خوێندکاران هەڵە دەکەن کاتێک لەگەڵ زمانەکەدا بەرکەوتەیان دەبێت و مامۆستا و فێرکار زیاتر سەرنج دەخەنە سەر واتا. لە کۆتا قۆناغدا خوێندکار دەتوانێت وتاری دوورودرێژ بە بەکارهێنانی وشەی قورس بەکاربهێنێت و هەروەها هەلی گفتوگۆکردن دروست بکات.

لایەنە ئەرێنییەکانی شێوازی ڕاستەوخۆ

  • لەم شێوازەدا دروستکردنی قسەکردن کردارێکی خاوە چونکە هەرگیز بەزۆر ناکرێت.
  • خوێندکاران هەست بە ئاسوودەیی دەکەن.

لایەنە نەرێنییەکانی شێوازی ڕاستەوخۆ

  • بە یەکسانی گرنگی بە چوار بەهرە و کاراماییەکانی زمان (Language skills) نادات، کە بریتین لە قسەکردن، گوێگرتن، نووسین، خوێندنەوە.
  • شێوازێکی سانایە بۆ مامۆستایان.


شێوازی وەرگێڕانی ڕێزمان (Grammar Translation Method) 

وەرگێڕانی ڕێزمان یەکێکە لە کۆنترین شێوازەکانی فێرکردنی زمانێکی بیانی (Foreign language) و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزەیەم، تێیدا گرنگی دەدرێت بە وەرگێڕانی زمانی لاوەکی یان بیانی بۆ سەر زمانی ڕەسەنی فێرخوازان و خوێندکاران یان بە پێچەوانەوە. فێرخوازان لەم شێوازەدا فێری یاسا ڕێزمانییەکان دەبن و دواتر ئەو یاسایانە لە کاتی وەرگێڕانی ڕستەکان لە نێوان زمانی لاوەکی یان بیانی (Target language) و زمانی سەرەکی یان ڕەسەندا (Native language) بەکاردەهێنن.

ئەم شێوازی فێرکردنە زۆرجار ڕاستی و تەواوی لە بەرانبەر زمانپاراوی و باش ئاخاوتن پەسەند دەکات و زیاتر سەرنج دەخاتە سەر خوێندنەوە و نووسین، ئەویش بە گرنگیدان بە ڕێزمان و وشەسازی و ڕوونکردنەوەی ورد و درێژ لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێزمانەوە، هاوکات لە پۆلدا خوێندکاران دەتوانن زمانی یەکەمی خۆیان بەکاربهێنن.

بۆچی پێویستە ئەم شێوازە بەکاربهێنرێت؟

شێوازی وەرگێڕانی ڕێزمان زیاتر گرنگی بە بەکارهێنانی ڕێزمان و دروستکردنی پێکهاتەیەکی دروستی ڕستەکان دەدات. هاوکات یارمەتی خوێندکاران دەدات تاوەکوو بتوانن بە زمانێکی تر بنووسن و بخوێننەوە و وشە و دەستەواژەی جیاواز بۆ کاتی جیاواز بەکاربهێنن. 

لایەنە ئەرێنییەکانی شێوازی وەرگێڕانی ڕێزمان 

  • خوێندکاران زۆر وشەی نوێ فێردەبن.
  • گرنگییەکی زۆر دەدات بە لایەنی خوێندنەوە و نووسین.
  • یادگەی خوێندکار چالاک دەکات.

لایەنە نەرێنییەکانی شێوازی وەرگێڕانی ڕێزمان

  • کەمتر گرنگی بە لایەنی گوێگرتن و قسەکردن دەدرێت.
  • تیایدا خوێندکاران شێوازی دەربڕینی وشەکانیان سروشتی و تەواو ڕاست نییە.
  • شێوازێکی سەرنجڕاکێش نییە بۆ خوێندکاران.

شێوازی بێدەنگ (The Silent Way Method)

یەکێکە لە شێوازەکانی فێرکردن کە لەلایەن کەیڵەب گەتێنیۆ (Caleb Gattengo) داهێنراوە تێیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بێدەنگی وەک تەکنیکێکی فێرکردن بەکاردەهێنرێت. ئەم شێوازە زیاتر جەخت دەکاتەوە سەر خۆبەڕێوەبردنی خوێندکار و ڕۆڵی مامۆستا تیایدا بۆ چاودێریکردنی هەوڵەکانی خوێندکارانە، هەروەها خوێندکاران هاندەدرێن تاکوو ڕۆڵێکی چالاکیان لە پڕۆسەی فێربووندا هەبێت، هاوکات مامۆستایان ڕێژەیەکی زۆر لە ئاماژە و دەربڕینی ڕووخسار بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەرتر پەیوەندی لەگەڵ خوێندکاراندا ببەستن.

هەروەها شێوازی دەربڕینی وشەکان (Pronunciation) بەشی سەرەکی ئەم شێوازەیە، لە سەرەتادا خوێندکاران بە فێربوونی چۆنییەتی دەربڕینی وشەکان دەست پێ دەکەن و کاتێکی زۆر بەسەردەبەن لە ڕاهێنانکردن لە هەر وانەیەکدا. لەگەڵ ئەمانەشدا لە کاتی بەکارهێنانی ئەم شێوازەدا کتێب بەکارناهێنرێت.

تایبەتمەندییەکانی شێوازی بێدەنگ

لەم شێوازەدا کرداری فێرکردن ئاسان دەبێت ئەگەر فێرخواز توانای دۆزینەوە و داهێنانی لە وشەکاریدا هەبێت لەجێی ئەوەی هەوڵبدات وشەکان لەبەربکات و دووبارەیان بکاتەوە. کردەی فێرکردن ئاسانکاری بۆ دەکرێت بەهۆی بەکارهێنانی کەرەستەی تایبەتەوە. کێشەکان چارەسەر دەکرێن بەهۆی بەکارهێنانی ئەو بابەتانەوە کە فێری خوێندکاران دەکرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکردنی کرداری فێربوون.

لایەنە ئەرێنییەکانی شێوازی بێدەنگ

  • یارمەتی گەشەکردنی بەهرەی خوێندنەوەی خوێندکار دەدات.
  • بەرکەوتەی نێوان خوێندکاران زیاد دەکات.
  • خوێندکاران فێری وشەی زیاتر دەبن.

شێوازی زمانی پەیوەندی (Communicative Language Teaching)

ئەم شێوازەی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی یەکێکە لە شێوازە جیهانییە بەناوبانگەکان، ئامانج و ئامڕازی ئەم شێوازە بریتییە لە جەختکردنەوە لە کارلێککردن و بەرکەوتن و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا. فێرخوازان کارلێککردن لەگەڵ یەکتر و مامۆستاکەیان بەکاردەهێنن بۆ ڕاهێنانکردن لەسەر زمانی لاوەکی یان بیانی، لێرەدا خوێندکاران باس لە ئەزموونە کەسییەکانیان لەگەڵ یەکتردا دەکەن و گفتوگۆ دروست دەکەن و فێرکاران بابەتگەلێکی بەدەر لە وانەکانیان دەخەنەڕوو بۆ دروستکردنی گفتوگۆ و پێشخشتنی توانای فێرخوازان لە هەموو بارودۆخێکدا.

هاوکات ئەم شێوازە ژینگەیەکی سەلامەت بۆ خوێندکاران دابین دەکات تاوەکوو ئەزموونەکانیان هاوبەشی پێ بکەن و دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار. شێوازی زمانی پەیوەندی چارەسەری کێشەکان و پەیوەندیبەستن لە پێشینە دادەنێت هاوکات لە پۆلدا چەندین چالاکی وەک ڕۆڵگێڕان و کاری گرووپ دەکرێت.

پێنج توخمی سەرەکی شێوازی زمانی پەیوەندی بەپێی ڕای دەیڤد نونان (David Nunan):

  1. جەختکردنەوە لە فێربوونی پەیوەندیبەستن بەهۆی بەکارهێنانی ئەو زمانەی خوێندکار دەیەوێت فێرببێت لەناو پۆلدا.
  2. تێکەڵکردنی دەقە ڕەسەنەکان یان نووسراوە چێژبەخشەکان لەگەڵ دۆخی فێربووندا (دەقە ڕەسەنەکان بە ئینگلیزی: Authentic texts بریتین لەو دەق و نووسراوانەی کە بۆ هەر مەبەستێکی تر جگە لە کرداری فێربوون و فێرکردن نووسراون، بۆ نموونە وەک ڕۆمان و چیرۆک و چەندانی تر).
  3. هەلدان بە خوێندکاران تاوەکوو سەرنج بخەنە سەر خودی پرۆسەی فێربوون هاوشانی فێربوونی ئەو زمانەی دەیانەوێت.
  4. هاندان بۆ بەرزکردنەوەی ئەزموونە کەسییەکانی فێرخواز بۆ زیادکردنی هەلی بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی پۆلدا.
  5. هەوڵدان بۆ پێکەوە بەستنی زمانی ناو پۆل و زمانی دەرەوەی پۆل. 

لایەنە ئەرێنییەکانی شێوازی زمانی پەیوەندی

سوودێکی زیاتر بە خوێندکاران دەگەیەنێت، چونکە لەسەر بنەمای ئارەزووەکانی خوێندکار دامەزراوە. هەوڵدەدات سەرچاوە ڕاستەقینە و پڕ چێژەکان بەکاربهێنێت کە ئەمەش پاڵنەرتر و سەرنجڕاکێشترە بۆ فێرخوازان. فێرخوازان تێیدا یاساکانی ڕێزمان وەک پێویستییەک بۆ قسەکردن بەکاردەهێنن کە ئەمەش وادەکات شارەزاتر بن.

لایەنە نەرێنییەکانی شێوازی زمانی پەیوەندی

تەواو گرنگی بەو زەمینەیە نادان کە فێرکردن و فێربوون تێیدا ڕوودەدات. شێوازی زمانی پەیوەندی زۆرجار بەم شێوەیە لێک دەدرێتەوە: “ئەگەر مامۆستاکە بتوانێت لە خوێندکارەکەی تێ بگات ئەوکات پەیوەندییەکی باشمان هەیە” بەڵام ئەو خوێندکارانەی زمانی ڕەسەنیان (سەرەکییان) وەک زمانی لاوەکی دەخوێنن دووچاری سەختی تێگەیشتن لە خوێندکارەکانی تر دەبنەوە.

یەکێکی تر لە لایەنە نەرێنییەکانی ئەم شێوازە ئەوەیە کە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر زمانپاراوی لەجیاتی سەرنج خستنەسەر وردی، بەشێوەیەک گرنگی بە کەمکردنەوەی هەڵەکان نادات بەڵکوو لەبری ئەوە دۆخێک دروست دەکات کە خوێندکاران خۆیان چارەسەری هەڵەکانیان بکەن، بەم شێوەیە ڕەنگە ڕستەی ڕێزمانی نادروست و پچڕ پچڕ دروست بکەن.

شێوازی وەڵامدانەوەی پڕاوپڕی جەستەیی (Total Physical Response)

کورتکراوەکەی بریتییە لە (TPR) و شێوازێکە پەیڕەوی بیرۆکەی “فێربوون واتە کردن” دەکات و تێیدا گرنگترین بەش تێگەیشتنە بەهۆی بیستن و گوێگرتنەوە. بەجۆرێک پێویستە فێرخوازان بە تەواوی هەمان کار بکەن کە مامۆستاکەیان دەیکات و لاسایی بکەنەوە، بۆ نموونە مامۆستاکەیان بە ئینگلیزی دەڵێت دابنیشن و کتێبەکانتان بکەنەوە و پاشان بە کردار دەیکات، پاشان پێویستە فێرخوازانیش بیڵێنەوە و هەمان کار بکەنەوە. بنەمای سەرەکی ئەم شێوازە ئەوەیە کە دەڵێت فێرخوازە سەرەتاییەکان بە چەند بارەکردنەوەی کردارە زنجیرەییەکان فێردەبن و تاوەکوو فێربوونی خوێندکاران زیاتر بێت ئەوا کردارەکان بۆ فێرکردنیان زیاتر دەبێت. لەکاتی کردارەکاندا هاوەڵناو و هاوەڵکاری شوێنی و کاتی بەکاردەهێنرێن، ئەم شێوازەی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی تەواو سەرنجڕاکێشە چونکە چالاکی چێژبەخشی تێدایە بۆ نموونە وەک مەتەڵی وشەزانی.

ئەم شێوازە بۆ چ قۆناغێک سوودبەخشە؟

شێوازی وەڵامدانەوەی پڕاوپڕی جەستەیی بۆ قۆناغی ئامادەیی گونجاو و لەبارە، هاوکات بۆ قوتابخانە سەرەتاییە ئینگلیزییەکان و ئاستی سەرەتاییش گونجاوە چونکە وشەسازییەکی زۆری تێدایە.

لایەنە ئەرێنییەکانی شێوازی وەڵامدانەوەی پڕاوپڕی جەستەیی

  • خوێندکارەکان هەموو ئەو کارانە فێردەبن کە مامۆستا فێریان دەکات.
  • پۆلەکان تیایدا زیاتر کردەیین و کرداریان تێدا ئەنجام دەدرێت.

لایەنە نەرێنییەکانی شێوازی وەڵامدانەوەی پڕاوپڕی جەستەیی

  • تەنیا سوودێکی زۆری بۆ فێرخوازە قۆناغ سەرەتاییەکانی فێربوونی زمان هەیە.
  • بە گشتی بوار بە فێرخوازان نادرێت داهێنەرانە بیرکردنەوەکانیان دەرببڕن.

شێوازی پێکەوە فێربوونی زمان و بابەتی خوێندن (Content and Language Integrated Learning) 

کورتکراوەکەی بریتییە لە (CLIL) ئەم شێوازە بریتییە لە خوێندنی بابەتێکی دیاریکراوی پەیڕەوی خوێندن بۆ نموونە وەک زانست، جوگرافیا، مێژوو یان هەر بابەتێکی تر لەگەڵ فێربوونی زماندا، واتە فێربوونی زانست بەڵام لەگەڵیشیدا زمانی ئینگلیزی فێری خوێندکاران دەکرێت. ئەم شێوازە بە شێوەیەکی کاریگەر دوو بابەت تێکەڵ بە یەکتری دەکات کە تێیدا فێرکردنی زمان لەسەر بنەمای فێرکردنی بابەتی خوێندن پێکهاتە دەکرێت نەک تەنیا گرنگی بە فێربوونی زمانەکە بدرێت. هەروەها ئەم شێوازە لە خوێندنگەدا بەکاردەهێنرێت. 

بنەما سەرەکییەکانی شێوازی پێکەوە فێربوونی زمان و بابەتی خوێندن

  • بە لەسەرخۆیی و ڕوونی قسە دەکرێت بەشێوەیەک کە خوێندکاران دەتوانن تێبگەن.
  • ئاستێکی گونجاو لە زمان بەکاردەهێنرێت.
  • گرنگی بە هەر چوار کاراماییەکانی زمان وەک (خوێندنەوە، نووسین، گوێگرتن، قسەکردن) دەدرێت.
  • زمانی جەستە و دەربڕینی دەموچاو و قسەی پێکەنین ئامێز و وێنە و یارمەتیدەرە بینراوەکان بەکاردەهێنرێت بۆ بەهێزکردنی واتا.
  • لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە ژینگەیەکی تەندروست بنیاد دەنێت.
  • لە سەرەتادا ڕێگە بەخوێندکاران دەدرێت زمانی یەکەمیان بەکاربهێنن تاوەکوو لەگەڵ باروودۆخەکە ڕادێن.
  • بابەتەکان پەیوەندیدار دەکاتەوە بە ژیانی ڕاستەقینەی خوێندکارانەوە. 

لایەنە ئەرێنییەکانی شێوازی پێکەوە فێربوونی زمان و بابەتی خوێندن

  • جگە لە بابەتەکانی خوێندن خوێندکار فێری زمانەکەش دەکات.
  • خوێندکاران بە کولتوورە نوێیەکان ئاشنا دەکات.

شێوازی پێشنیارکردن (Suggestopedia)

ئەم ڕێبازە لەسەر بنەمای هێزی پێشنیارکردن لە فێربووندا دانراوە، بیرۆکەی پێشنیارکردنێکی ئەرێنییانە وا دەکات خوێندکار زیاتر خولیای وەرگرتنی زانیاری هەبێت و باشتر هانیدەدات بۆ فێربوون. ئامانجی ئەم شێوازە دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و ئاسوودەیە بۆ ئەو خوێندکارانەی شەرمن و دوودڵن تاوەکوو هەست بە متمانەبەخۆبوون بکەن لەکاتی فێربوونی زمانی ئینگلیزیدا. تێیدا کۆمەڵێک زانیاری دەدرێت بە خوێندکاران پاشان ئەو دەقانە بە دەنگێکی بەرز و بە ئاوازێکی مۆسیقای کلاسیک یان هەر ژانەرێکی تری گونجاو بە زمانەکە دەخوێندرێنەوە. وانەکان لە شێوازی پێشنیارکردن بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەبن کە بریتین لە:

  • شیکردنەوە (Deciphering)
  • کۆڕی کۆنسێرتی (Concert session)
  • وردەکاری و درێژەپێدان (Elaboration)

ئەم شێوازی فێرکردنەی زمانی ئینگلیزی بۆ هەموو ئاستەکان گونجاوە و ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش و خۆش بۆ فێرخوازان دروست دەکات.

لایەنە ئەرێنییەکانی شێوازی پێشنیارکردن

  • هانی خوێندکاران دەدات کە زمانەکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەکاربهێنن.
  • ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خوێندکاران فەراهەم دەکات.
  • هەلی ئەوە بە مامۆستایان دەدات تاوەکوو بارودۆخێک دروست بکات کە زۆرترین پێشنیارکردن لەلایەن خوێندکارانەوە بخرێتە بەرچاو.

لایەنە نەرێنییەکانی شێوازی پێشنیارکردن

  • تێیدا ئەرکی ماڵەوە سنووردارە.
  • ژینگەی ناو پۆل سنوردارە بە شێوەیەک لە هەندێک سەرچاوە دەڵێت کە دەبێت ١٢ خوێندکار لە پۆلێکدا بێت.
  • ڕەنگە مۆسیقا ببێتە هۆی پچڕانی بیرکردنەوەی خوێندکاران.

شێوازی فێربوونی زمانی هاوبەش (Cooperative Language Learning)

کورتکراوەکەی بریتییە لە (CLL) و بەشێوازی فێربوونی کۆمەڵایەتیش ناسراوە، شێوازێکی بەربڵاوە بۆ فێرکردنی زمانی ئینگلیزی، تێیدا خوێندکاران پێکەوە کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی ئەو لێهاتوویانەی لە زماندا حەزدەکەن فێرببن. چالاکی هاوبەشی نێوان گرووپە بچووکەکان لەناو پۆلدا لەخۆدەگرێت و خوێندکار دەبێتە سەنتەری ناو پۆل، کارلێککردنی کۆمەڵایەتی لەنێوان خوێندکاراندا ڕوودەدات بەهۆی قسەکردن و کارکردن لەگەڵ یەکتریدا لەپێناو بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان. هاوکات زۆرجار زمانی یەکەم بە مەبەستی وەرگێڕان بەکاردەهێنرێت. ئامانجی ئەم شێوازە دابینکردنی ژینگەیەکی ئاسوودەیە بۆ خوێندکاران چونکە گرنگییەکی زۆر دەدات بە پەیوەندی نێوان خوێندکار و مامۆستا.

لایەنە ئەرێنییەکانی شێوازی فێربوونی زمانی هاوبەش

  • کاریگەرییەکی زیاتر دەخاتە سەر ئەو خوێندکارانەی ناتوانن بە ئینگلیزی قسە بکەن.
  • پەیوەندییەکی گەرموگوڕ و هاوسۆز لە نێوان مامۆستا و خوێندکارەکاندا دروست دەکات.
  • فێرخواز و خوێندکار لایەنی سەرەکین لەم شێوازەدا.

لایەنە نەرێنییەکانی شێوازی فێربوونی زمانی هاوبەش

  • نووسین بە زمانەکە گرنگی پێ نادرێت.
  • تێیدا زمانپاراوی لە وردی و ڕاستی زیاتر سەرنجی دەخرێتە سەر.

شێوازی پێکهاتەیی  (Structural Method) 

ئەم شێوازەی فێکردنی زمانی ئینگلیزی پەیڕەوی ڕێگایەکی ڕێکخراو لە پێکهاتەکردن و ڕێکخستن و ڕیزکردنی شێوازی ڕێزمان دەکات کە ئاسانکاری دەکەن بۆ خستنەڕووی ڕستەیەکی تەواو و بەواتا، هاوکات بیرۆکەی ئەم شێوازە ئەوەیە کە پێی وایە هەموو زمانێک لە چەندین یاسای ئاڵۆزی ڕێزمانی پێکهاتووە، هەروەها گرنگی بە چوار کاراماییەکانی زمان دەدات کە بریتین لە (خوێندنەوە، نووسین، گوێگرتن، قسەکردن). لەم شێوازەدا مامۆستایان فێرکردنی ڕێزمان و شێوازی پێکهاتنیان لەگەڵ بابەتەکانی خوێندنەوەدا پەیوەندیدار دەکات.

تایبەتمەندییەکانی شێوازی پێکهاتەیی

  • وشە واتادارەکان بەشێوەیەکی تایبەتی ڕێکخراو بەکاردەهێنرێن.
  • هەر پێکهاتەیەکی ڕستەیی لایەنێکی ڕێزمانی گرنگ بەرجەستە دەکات.

سێ بنەمای سەرەکی شێوازی پێکهاتەیی

  • قوتابی کەسایەتی سەرەکی و سەنتەری پۆلە.
  • کارکردن بە قسەکردن گرنگە.
  • خووە ڕاستەکانی زمان گەشەیان پێ دەدرێت. 

لایەنە ئەرێنییەکانی شێوازی پێکهاتەیی

  • گرنگی بە خوێندنەوە و نووسین و گوێگرتن و قسەکردن دەدات.
  • کرداری فێربوون ئاسان دەکات بەهۆی نیشاندانی پێکهاتەی زانیارییەکان.
  • ڕۆژانە ئینگلیزییەکەت بەرەو باشتر دەبات.
  • یارمەتیدەرە تاوەکوو خوێندکاران بتوانن بە ئینگلیزییەکی ڕاست قسە بکەن.

لایەنە نەرێنییەکان شێوازی پێکهاتەیی

  • بە بەردەوامی فێرکردنی پێکهاتەی شتەکان و دووبارەکردنەوەیان وا دەکات کەشێکی بێزارکەر دروستبکات. 
  • سەرەڕای ئەوەی گرنگی بە چوار کاراماییەکەی زمان دەدرێت بەڵام کەمتر گرنگی بە خوێندنەوە و نووسین دەدرێت لەچاو گوێگرتن و قسەکردن.

شێوازی زمانی دەنگی (Audiolingual)

بە شێوازی سوپا (Army Method)ـش ناسراوە، بەهۆی ئەوەی لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا بۆ فێکردنی سەربازەکان بەکاردەهێنرا، تێیدا مامۆستا دەبێتە مۆدێلی سەرەکی بۆ زمانی ئینگلیزی، پاشان خوێندکارەکان هەمان شت دەکەنەوە کە مامۆستاکە کردوویەتی و دووبارە و دووبارەی دەکەنەوە تا دەبێتە خوویەکی خودکارانە، هاوکات لەم شێوازەدا چەندین جۆری جیاوازی مەشقپێکردن بەکاردەهێنرێت بۆ زیاتر تێگەیشتنی خوێندکاران. 

ئامانجەکانی شێوازی دەنگی

  • توانا بە خوێندکاران دەدات تاوەکوو بتوانن بە شێوەیەکی ئازاد بەو زمانەی دەیانەوێت فێرببن (زمانی دووەم یان بیانی) قسە بکەن.
  • ڕاهێنانی خوێندکاران لەسەر تێگەیشتن بەهۆی گوێگرتنەوە و فێرکردنیان تاوەکوو بە شێوەیەکی دروست و ورد دەربڕین بکەن و بخوێننەوە.
  • یارمەتی خوێندکاران دەدات تاوەکوو بتوانن وەکوو زمانی ڕەسەنی خۆیان بتوانن بە زمانی ئینگلیزیش بەبێ وەستان قسە بکەن.

تایبەتمەندییەکانی شێوازی زمانی دەنگی

  • پشت بە لاساییکردنەوە و لەبەرکردنی دەستەواژە دیاریکراوەکان و فێربوونی زیادە نابەستێت.
  • پێکهاتەی زانیارییەکان فێردەکرێن بەهۆی کرداری دووبارەکردنەوە.
  • گرنگییەکی زۆر کەم یان هیچ گرنگییەک بە ڕوونکردنەوە ڕێزمانییەکان نادرێت.
  • گەورەترین گرنگی بە شێوازی دەربڕین دەدرێت. 
  • زمانی دایک یان زمانی سەرەکی خوێندکار بەکارناهێنرێت.
  • لەناو دەقەکاندا وشەسازی فێری خوێندکاران دەکرێت.
  • وەڵامە ڕاستەکان ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ بەشێوەیەکی ئەرێنی پشتگیری و بەهێز دەکرێن.

لایەنە ئەرێنییەکانی شێوازی زمانی دەنگی

  • فێربوونێکی خۆکارانەیە بەبێ وەستان.
  • بۆ بەرهەمهێنانی ڕستە بەسوودە.

لایەنە نەرێنییەکان شێوازی زمانی دەنگی

  • دووبارەکردنەوەیەکی زۆری تێدایە.
  • شێوازێکی پڕ واتا نییە بۆ فێربوون.


سەرچاوەکان



458 بینین