گانا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-30-19:40:00 - کۆدی بابەت: 10504
گانا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

گانا یان غانا ناسراو بە کۆماری گانا (بە عەرەبی: غانا، بە ئینگلیزی: Gana) وڵاتێکی تەوەرییە و دەکەوێتە ڕۆژاوای کیشوەری ئەفریقا. بۆرکینا فاسۆ لە باکوورەوە و تۆگۆ لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورین، وڵاتی کۆتدیڤواریش سنووری ڕۆژاوایەتی. ڕووبەری وڵاتەکە نزیکەی ٢٣٨٫٥٣٥ کیلۆمەتر دووجایە، پایتەخت و گەورەترین پارێزگای گانا شاری ئاگرایە. وڵاتی گانا دابەشکراوتە سەر ١٦ هەرێم، ئەو هەرێمانەش دابەشبوونەتە سەر ٢١٦ ناوچەی کارگێڕی.

زانیاری گشتی
ناوی وڵات گانا
پایتەخت ئاگرا
ڕووبەری وڵات ٢٣٨٫٥٣٥ کیلۆمەتر دووجا
ژمارەی دانیشتووان ٢٦ ملیۆن کەس
زمانی فەرمی وڵات ئینگلیزی
ساڵی سەربەخۆیی ١٩٥٧
سیستمی دەسەڵات کۆماری سەرۆکایەتی
دراوی وڵات سیدی گانی GHC

واتای ناوەکەی

واتای ناوی گانا بریتییە لە "پاشای جەنگاوەر"، لە ڕابردوودا و بە دیاریکراوی لە سەدەکانی ناوەڕاست ئەم نازناوە دەدرایە پاشا و دەسەڵاتدارەکانی ئیمپراتۆرییەتی گانا. ئەم ئیمپراتۆرییە لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ڕۆژاوای کیشوەری ئەفریقا دەرکەوتووە و وڵاتی گانا بە ناوی ئەو ئیمپراتۆرییەتەوە ناونراوە.

مێژووی وڵاتی گانا

مێژووی وڵاتی گانا و بوونی دانیشتووان لە گانا دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ١٥٠٠ ساڵی پێش زایین. لە سەدەی پازدەیەمەوە ئەورووپییەکان گەیشتنە وڵاتی گانا و پورتوگالییەکان یەکەمین هێزی ئەورووپی بوون کە وڵاتی گانایان داگیرکرد، پاشان کەناراوەکانی گانا لەلایەن پورتوگالی، ئینگلیز، هۆڵەندی و ئەڵمانییەکانەوە بە پلەبەندی داگیرکرا. لە ساڵی ١٨٢١ وڵاتی گانا لەلایەن بەریتانیاوە داگیرکرا، لە ماوەی نێوان ساڵی ١٨٢١ بۆ ساڵی ١٩٠٠ دانیشتووانی گانا چەندان هەوڵی خۆپیشاندان و سەربەخۆییاندا، بەڵام هێزەکانی بەریتانیا لەوماوەیەدا شکستیان بە هەموو هەوڵێکی سەربەخۆیی بۆ ئازادی هێنا.

گانا یەکەمین وڵاتی باشووری بیابانی ئەفریقی بوو کە سەربەخۆیی لەژێر داگیرکاریی و دەسەڵاتی بەریتانیا بەدەستهێنا، لە شەشی ئازاری ساڵی ١٩٥٧ بە فەرمی وڵاتی گانا سەربەخۆیی لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاریی بەریتانیا بەدەست هێنا و بووە وڵاتێکی سەربەخۆی ڕۆژاوای ئەفریقا. دوای سەربەخۆیی وڵات "کوامی نکرۆما" بووە یەکەمین سەرۆکی گانا. بەڵام دوای سەربەخۆیی و لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، باری ئاساییش و سەقامگیری وڵات ئاڵۆزی و پشێوی تێکەوت، باری دارایی و ئابووری وڵات سست بوو و ژمارەی دانیشتووان کەم بووەوە. لە ساڵی ١٩٩٢ دەستووری نوێی وڵات ڕاگەیەندرا و بارودۆخی گانا ئاسایی بووەوە.

دیمۆگرافیای دانیشتووان

ژمارە و پێکهاتەی دانیشتووان 

پێکهاتەی دانیشتووانی گانا تێکەڵەیەکە لە هۆزە ئەفریقییە جیاوازەکان، زۆرێک لەو هۆزانە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی سنووری دەوروبەری گانا دوای موسڵمانبوونیان کۆچی وڵاتی گانایان کردووه.

زمانی دانیشتووان

زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی وڵاتە، هاوکات بەهۆی تێکەڵی و هەمەجۆری هۆزە ئەفریقییەکانی نێو کۆمەڵگای گانا، دانیشتووانەکەی بە شێوەزار و زمانی ئەفریقی هەمەجۆری ناوچەکە قسەدەکەن. هاوکات لە خوێندنگە ئیسلامییەکانی ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی وڵات زمانی عەرەبی بەربڵاوە.

ئایینی دانیشتووان

بەپێی ڕاپرسی و داتاکانی سەدەی ڕابردوو لەو وڵاتە ئایینی مەسیحی زۆرترین پەیڕەوی هەبووە و دانیشتووانی وڵات پەیوەستی ئایین بوونە، بەڵام لە نوێترین ڕاپرسییەکان دەرکەوتووە کە ڕێژەی ٧١٪ـی دانیشتووان پەیڕەوی ئایینی مەسیحیین، ١٧٪ پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن، ٦٪ پەیڕەوی کەمینە ئایینە نێوخۆییەکانی تر دەکەن، هاوکات ڕێژەی پەیوەستبوون بە ئایینەوە بە بەراورد بە سەدەی ڕابردوو لە گانا کەمی کردووە.

ئابووری

ئابووری وڵاتی گانا هەمەجۆرە، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بەستووە بە کشتوکاڵ، زۆرترین و سەرەکیترین بەرهەمی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە بریتییە لە کاکاو، بە جۆرێک کە بۆ ماوەی نیو سەدە وڵاتی گانا پێشەنگی بەرهەمهێنانی کاکاو بوو لە هەموو جیهاندا و نزیکەی نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی گانا تایبەتن بە چاندن و بەرهەمهێنانی کاکاو. لە دوای کاکاو، بەرهەمهێنانی قاوە، خورما، ئەنەناس، گەنمەشامی و برنج لە بەرهەمە کشتوکاڵییە گرنگەکانی وڵاتن.

بەهۆی کەشوهەوای لەبار و شوێنی جوگرافییەوە ئاژەڵداری ئامرازێکی تری سەرەکی ئابووری وڵاتە، بەتایبەتی بەخێوکردنی مانگا و چێڵ. سامانی دار و بڕینەوەی دار نزیکەی ١٠٪ ڕێژەی هەناردەکانی وڵات پێکدەهێنێت. بەهەمان شێوە بەرهەمهێنانی زێڕ نزیکەی ١٠٪ ڕێژەی هەناردەکانی وڵات پێکدەهێنێت، بۆ چەندان سەدە ئەورووپییەکان بۆ بەرهەمهێنانی زێڕ ناوچەکەیان داگیر کرد بوو.

ئابووری گانا بەشێوەیەکی سەرەکی دوای کشتوکاڵی پشت دەبەستێت بە هەناردەکردنی کەرەستەی خاو وەکوو زێڕ و کاکاو و دار. وڵاتی بەریتانیا لە پێشەنگی وڵاتانی جیهانە کە وەبەرهێنان دەکات لە وڵاتی گانا. وڵاتی گانا بە بەراورد بە وڵاتە ئەفریقییەکانی تر داهاتی تاکی بەرزترە و بواری دارایی وڵات باشترە، بەپێی چەند توێژینەوەیەکی ئەمریکی قازانجی بەرهەمهێنانی ناوخۆی ساڵانەی گانا دەگاتە ٨٣ ملیار دۆلاری ئەمریکی.


سەرچاوەکان



398 بینین