شێرپەنجەی ملی منداڵدان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-09-23:43:00 - کۆدی بابەت: 7549
شێرپەنجەی ملی منداڵدان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ملی منداڵدان کۆتایی زێ دەبەستێتەوە بە منداڵدانەوە، لەماوەی سوڕی مانگانەدا خوێنی ناو منداڵدان لە ڕێگەی ملی منداڵدانەوە دێتە ناو زێ و دواتر لەوێشەوە دێتە دەرەوە، شێرپەنجەی ملی منداڵدان (بە ئینگلیزی: cervical cancer) یەکێکە لە شێرپەنجە باوەکانی کۆئەندامی زاوزێ لە ژناندا.

شێرپەنجەی ملی منداڵدان

شێرپەنجە لە خانەکانی ناوچەی حەوزدا دەست پێ دەکات، لە حاڵەتی ئاسایدا خانەکانی ملی منداڵدان گەشە دەکەن و دابەش دەبن و ئەم دابەشبوونە تاکوو لەژێر کۆنتڕۆڵدا بێت هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام کاتێک کە دابەشبوونی خانەکان لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو و خانە پیر و مردووەکانیش لەناو نەچوون لەوێدا گرێیەک دروست دەبێت، شێرپەنجەی ملی مندڵدان لە خانە سەرەتاییەکاندا دەست پێ دەکات و بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت هێرش بکاتە سەر شانە قووڵترەکان و دووردەستەکانیش.

جۆرەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان 

squamous carcinoma cell 

ئەم جۆرەیان پێکهاتووە لە خانەی نەرم و تەخت کە بەشی دەرەوەی ملی منداڵدانیان داپۆشیووە و بە کۆتایی زێ کۆتایی پێ دێت، زۆرینەی شێرپەنجەکانی ملی منداڵدان لەم جۆرەن.

adenocarcinoma

ئەم جۆرەیان بەشی ناوەوەی ملی منداڵدان و ڕژێنەکانی دەگرێتەوە، هەندێک کاتیش لە کەسێکدا هەردوو جۆری شێرپەنجەکە بوونی دەبێت.

نیشانەکان

خوێنبەربوونی نائاسایی لە زێدا

ئەگەر لە ناوەڕاستی مانگدا و لەماوەی سوڕی مانگانەکەشتدا خوێنبەربوونی نائاسایی و زۆرت هەبوو، دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ شێرپەنجەی ملی منداڵدان، هەرچەندە کە زۆر حاڵەت هەیە ئەم نیشانەیەی لەگەڵدایە و بۆیە ناکرێت بوترێت هەر خوێنبەربوونێکی نائاسایی واتە تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان.

دەردراوی نائاسایی لە زێدا

دەردراوی نائاسایی لە زێدا کە بۆنی ناخۆشە و ئاوی و بێڕەنگە یاخود قاوەیی و تێکەڵەیەکە لە خوێن، کە ئەم نیشانە باوترین نیشانەی شێرپەنجەی ملی منداڵدانە، شارەزایان دەڵێن کە ئەم دەردراوە دەکرێت شانەی مردبوو بێت.

هەستکردن بە ئازار و خوێنبەربوون لە کاتی جووتبووندا

ملی منداڵدان بەستراوە بە زێوە و کاتێک کەسێک تووشی شێرپەنجە دەبێت خانەکانی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی نائاسایی و زۆر دەست دەکەن بە زۆربوون و ئەمەش وادەکات کە لەوێدا گرێ دروست ببێت و لە کاتی جووتبووندا پەستان دەخرێتە سەر گرێیەکە و ئازار و خوێنبەربوون ڕوودەدات.

ئازاری پشت و ناوچەی حەوز

ئازاری پشت ئازارێکی زۆر باوە و چەند هۆکارێکی هەیە یەکێک لەوانە شێرپەنجەی ملی منداڵدانە کە تەشەنەی سەندبێت و بڵاوبووبێتەوە بە جۆرێک ببێتە هۆی ئازاری پشت و ئازاری ناوچەی حەوز.

ئاوسانی قاچێک

کاتێک کە هەڵئاوسان و گرێیەک بەردەوامی دەدات بە گەشەکردنی هەوڵ دەدات کە شوێنێکی دیکە بۆ خۆی دروست بکات جیا لە شانە نەرمەکانی دەوروبەری، هەر بۆیه لەوانەیە گرێکە پەستان بخاتە سەر شادەمار و ببێتە هۆی هەڵئاوسانی قاچێک.

لەدەستدانی حەزی خواردن و دابەزینی کێش

گرێکە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک پڕۆتینی بچووک بەناوی سایتۆکین، کە بەشێک لەم پڕۆتینانە نەک تەنها حەزی خواردن ناهێڵن و سەرکوتی دەکەن، بەڵکوو بەشێک لە زیندەچالاکییەکانی جەستەش دەگۆڕن تاکوو چەوری بە خێراییەکی زیاتر لە حاڵەتی ئاسایی تووشی شیبوونەوە ببێت، هەرچەند شێرپەنجەکە زیاتر بڵاوببێتەوە حەزی خواردن کەمتر دەبێتەوە و کێشی جەستەش زیاتر دادەبەزێت.

ماندوویەتی بەردەوام

کاتێک جەستەت بەردەوام خەریکی شەڕکردنە لەگەڵ نەخۆشییەکەدا ماندوو دەبیت و توانات کەمتر دەبێتەوە.

هۆکارەکان

هۆکاری سەرەکی تووشبوون بەم شێرپەنجەیە تووشبوونە بە کۆمەڵێک لەجۆری ڤایرۆسەکان وەک ڤایرۆسی (HPV) کە لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام مەرج نییە کە تەواوی ئەو کەسانەی تووشی ئەم ڤایرۆسە بن لە ئەنجامدا تووشی شێرپەنجەی ملی منداڵدانیش ببن، هەروەها چەند هۆکارێکی دیکەش هەیە کە ئەگەری تووشبوون زیاد دەکەن کە بریتین لە:

  • جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان.
  • لاوازی کۆئەندامی بەرگری جەستە.
  • بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەرمان.
  • هەبوونی پەیوەندی سێکسی لە تەمەنێکی کەمدا.
  • هەبوونی کۆمەڵێک پەیوەندی سێکسی لە یەک کاتدا، واتە ئافرەتێک لەگەڵ کۆمەڵێک پیاودا پەیوەندی سێکسی هەبێت.
  • تووشبوون بە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکانی دیکە.

دیاریکردن

پزیشکی ژنان و منداڵبوون چەند ڕێگایەک بەکاردەهێنێت بۆ دیاریکردن و زانینی نەخۆشییەکە، تاکوو زووتر نەخۆشییەکە دیاری بکرێت ئەگەری چارەسەری ئاسانتر دەبێت.

کاتێک کە پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون بڕیار دەدات لەسەر جۆری پشکنینەکەت ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو دەگرێت:

  • جۆری ئەو شێرپەنجەیەی کە گوومان دەکات تووشی بووبیت.
  • ئەو نیشانانەی کە هەتە و پێی دەڵێیت.
  • تەمەن و تەندرووستیت.
  • وەڵامی پشکنینەکانی پێشووت

ڕێگاکانی دیاریکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان

پشکنینی ناوچەی حەوز

پزیشک لە ڕێی دەست و بینینەوە پشکنین بۆ ناوچەکانی زێ و منداڵدان و هێلکەدان و کۆم دەکات بۆ بینینی هەر حاڵەتێکی جیاواز، پشکنینی پاپ سمار (بە ئینگلیزی: Pap Smar) کە پشکنینێکە بۆ خانەکانی ملی منداڵدان و خانەکان کۆدەکاتەوە و دواتر دەبرێن بۆ پشکنین و ئەم پشکنینە ناتوانێت بە دیاریکراوی شێرپەنجەکە دیاری بکات و ئەگەر گوومانێک هەبوو دەبێت پشکنینی تر بکرێت و دڵنیابکرێتەوە کە ئایا خانەی شێرپەنجەیی بوونی هەیە یاخود نا.

هەناوبینی ملی منداڵدان 

پشکنینی هەناوبینی ملی منداڵدان (بە ئینگلیزی: Colposcopy) کاتێک ئەنجام دەدرێت کە ئەنجامی پشکنینی پاپ سمارەکە گووماناوی بێت و دەریبخات کە خانەی شێرپەنجەیی بوونی هەیە، لەم کاتەدا پزیشک پشکنینی هەناوبینی ملی منداڵدان دەکات کە تێیدا نەخۆشەکە پاڵ دەکەوێت و پزیشک بەبەکارهێنانی ئەم ئامێره پشکنین دەکات بۆ ملی منداڵدانی، پزیشکەکە ملی منداڵدان و زێ پاک دەکاتەوە و ترشی ئەسیتیک بەکاردەهێنێت کە وەک سرکەیە تاکوو بەباشی ناوەوە ببینێت، لەم پشکنینەدا بە ئامێرێک زێ دەکرێتەوە تاکوو پزیشک بتوانێت بەباشی ملی منداڵدان ببینێت، ئەم پشکنینە لە ڕێگەی ئامێرێکەوە دەکرێت کە لە دەرەوەی جەستەدا دەمێنێتەوە و هاوێنەی گەورەی هەیە کە یارمەتی پزیشک دەدات ملی منداڵدان بەباشی ببنێت.
پشکنینی هەناوبینی ملی منداڵدان لە کاتی ئەنجامدانیدا هیچ ئازارێکی نییە و دەتوانرێت لەماوەی دووگیانیشدا بەکاربهێنرێت و بەڵام واباشترە لەماوەی سوڕی مانگانەدا بەکارنەهێنرێت.

پارچە وەرگرتن لە ملی منداڵدان 

دوای ئەوەی کە لە پشکنینی هەناوبینی ملی منداڵداندا خانەی نائاسایی و شێرپەنجەی بینرا پزیشک بڕیار دەدات بە پارچە وەرگرتن لە ملی منداڵدان کە بە ئازارە و جۆری جیاوازی هەیە:

پارچە وەرگرتنی هەناوبینی ملی منداڵدان

لە جۆرە پارچە وەرگرتنەدا سەرەتا ملی منداڵدان بە پشکنینی هەناوبینی ملی منداڵدان دەبینرێت و ئەگەر گوومانێک هەبوو ئەوا بە بەکارهێنانی پلایسێکی پزیشکی بەشێک لەو ناوچەیە دەبڕدرێت لە بەشی سەرەوەی ملی منداڵدان، ئەم پارچە وەرگرتنە لەوانەیە ئازار و کەمێک خوێنبەربوونی لەگەڵدا بێت بۆیە هەندێک جار پزیشک ماددەی سڕکەر بەکاردەهێنێت بۆ ئەو ناوچەیە.

وەرگرتنی نموونە شانەی ناوەوەی منداڵدان

هەندێک کات ناتوانرێت هەناوبینی ملی منداڵدان بەکاربهێنرێت بۆ بینینی گۆڕانکارییەکان و دەبێت ڕێگایەکی دیکە بەکاربهێنرێت و بە ئامێرێک نموونە وەردەگیرێت لە نزیکترین شوێنی منداڵدان و ئەم ئامێرە وەک تراشێکە کە شانەکانی ئەو ناوچەیەی پێ دەتاشرێت و بۆ پشکنین دەبرێن بۆ تاقیگە، لەوانەیە نەخۆشەکە هەست بە کەمێک ئازار بکات و خوێنبەربوونێکی کەمیشی هەبێت.

هەموو ئەم پشکنینە بۆ دیاریکردنی شێرپەنجە و ئەگەری دروستبوونی شێرپەنجەیە، ئەگەر بێت و ئەم نموونانەی کە وەرگیراون نیشانەیەکی پێش وەختە بدەن لەسەر تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان پزیشک چەند ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە، بەڵام ئەگەر ئەنجامی نموونەکان ئەوە دەربخەن کە نەخۆشەکە تووشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بووە ئەوا پزیشک کۆمەڵێک پشکنینی تر دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کە شێرپەنجەکە لە چ قۆناغێکدایە و تاکوێ تەشەنەی سەندووە.

پشکنینەکانی تر بریتیین لە:

تیشکی ئێکس بۆ سنگ

بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا شێرپەنجەکە تەشەنەی سەندووە بۆ سییەکان پزیشک تیشکی ئێکس دەنوسێت بۆ نەخۆشەکە، لە کاتێکدا ئەم حاڵەتە ئەستەمە مەگەر ئەوەی کە شێرپەنجەکە زۆر بڵاوبووبێتەوە.

تیشکی تەنووری

 تیشکی تەنووری (بە ئینگلیزی: CT scan) جۆرە تیشکێکە کە بە وردی کاردەکات و دەتوانرێت شێرپەنجەکە و پلەکەشی دیاری بکات و کاتێک ئەنجام دەدرێت کە گرێکە گەورە بێت. 

تیشکی ڕەنین 

تیشکی ڕەنین (بە ئینگلیزی: MRI) بەهەمان شێوە بەکاردێت بۆ دیاریکردنی شێرپەنجەکە.

تیشکی IVP 

جۆرە تیشکێکی ئێکسە بۆ کۆئەندامی میز و میزەڕۆ دەکرێت کە پێش دەرزییەکە ڕەنگێکی تایبەت دەکرێتە ناو خوێنهێنەرەکەوە، ئەم پشکنینە دەتوانێت ناوچە نائاساییەکانی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ ببینێت کە شێرپەنجەکە تەشەنەی سەندووە و بەگشتی ئەم پشکنینە زۆر بەکارناهێنرێت.

ڕێگریکردن لە تووشبوون

بەکارهێنانی کووتانی HPV 

جۆرە کووتانێکە بۆ ڤایرۆسی HPV کە کورتکراوەی (Human Papilloma Virus)ـە کەسەکە تووشی نەخۆشی پاپیلۆما دەکات و لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسەوە دەگوازرێتەوە و زیاتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە پەیوەندی سێکسی ناشەرعییان هەیە، ئەم کووتانە ڕێگری دەکات ٪٧٠ـی شێرپەنجەی ملی منداڵدان.

کووتانی گارداسیل 

کووتانی گارداسیل (بە ئینگلیزی: Gardasil) بۆ ئەو خانمانە دەکرێت کە تەمەنیان لە نێوان ٩ بۆ ٢٦ ساڵیدایە ڕێکخراوی دەرمان و ماددەی خۆراکیی ئەمریکا دوای پشکنینی ئەم کوتانە ڕایگەیاند کە کوتانی گارداسیل ٪١٠٠ بەسوودە بۆ ڕێگریکردن لە ڤایرۆسی HPV و ئەم کووتانە بە سێ ژەم دەدرێت بە نەخۆش.

ڕێکاکانی تر:

  • نەبوونی چەند پەیوەندییەک لە یەک کاتدا واتە پەیوەندی ناشەرعی.
  • پشکنین بۆ ڤایرۆسی HPV
  • دوورکەتنەوە لە جگەرەکێشان.
  • بەکارهێنانی کۆندۆم لە کاتی جووتبووندا.

قۆناغەکانی چارەسەری شێرپەنجەی ملی منداڵدان 

هەڵبژاردنی جۆری چارەسەر بۆ شێرپەنجەی ملی منداڵدان بەندە لەسەر چەند هۆکارێک وەک قۆناغی شێرپەنجەکە، بارودۆخی نەخۆشەکە و کۆئەندامی بەرگری جەستەی نەخۆشەکە.

چارەسەر بە تیشک 

کۆمەڵێک تیشکن وەک تیشکی ئێکس و پڕۆتۆن کە بەکاردەهێنرێت بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان، ئەمە به دوو ڕێگا ئەنجام دەدرێت ڕێگای ناوەکی و ڕێگای دەرەکی و یاخود تێکەڵەیەک لە هەردوو ڕێگاکە، لە ڕێگای دەرەکیدا تیشکەکە لە دەرەوە دەدرێت لە نەخۆشەکە بەڵام لە ڕێگای ناوەکیدا لە ڕێگەی زێی خانمەکەوە چارەسەر بە تیشک ئەنجام دەدرێت و لە ناوەوە دەکرێت، ئەم جۆرە چارەسەرە ئەو لێکەوتە خراپەی هەیە کە ئەو خانمانەی نەکەوتوونەتە تەمەنی نائومێدییەوە و ئەم چارەسەرەیان بۆ دەکرێت زووتر دەکەون.

چارەسەری کیمیایی

چارەسەری کیمیایی دەرمانێکی کیمیاییە کە خانە شێرپەنجەییەکان لەناودەبات کە ئەم ماددە کیمیاییە لە ڕێگەی دەرزییەوە دەدرێت لە نەخۆشەکە، بۆ هەندێک جۆری شێرپەنجەکانی ملی منداڵدان چارەسەری کیمیایی بە ژەمێکی کەمتر لەگەڵ چارەسەر بە تیشک پێکەوە ئەنجام دەدرێن چونکە چارەسەری کیمیایی دەتوانێت کاریگەری چارەسەر بە تیشک زیاتر بکات، وە کاتێک شێرپەنجەکە زۆر تەشەنەی سەندبێت چارەسەری کیمیایی بە ژەمێکی زیاتر بەکارێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکانی شێرپەنجەکە.

چارەسەری ئامانج دیار

چارەسەری ئامانج دیار (بە ئینگلیزی: Targeted Therapy) سەرنجی ئەم چارەسەرە لەسەر خاڵی لاوازی خانە شێرپەنجەکە دەدەن و لەم چارەسەرەدا دەرمان دژی ئەم پڕۆتینە دەدرێت، خانە شێرپەنجەییەکان پڕۆتینێک بەرهەم دەهێنن کە یارمەتی گەشەکردن دەرمانەکانی چارەسەری ئامانج دیار چالاککردنی خانەکان لە شوێنی ئەم خاڵە لاوازەدا دەبنە هۆی مردنی خانە شێرپەنجەییەکان.

چارەسەری بەرگری - Immunotherapy

جۆرە دەرمانێکە کە یارمەتی کۆئەندامی بەرگری جەستە دەدات تاکوو بجەنگێت لەگەڵ شێرپەنجەدا، لە حاڵەتی ئاسایی شێرپەنجەکەدا لەوانەیە کۆئەندامی بەرگری جەستە چالاک نەبێت لە بەرامبەر خانە شێرپەنجەیەکاندا چونکە خانە شێرپەنجەییەکان جۆرە پڕۆتینێک بەرهەم دەهێنن کە خۆیانی پێ دەشارنەوە و کۆئەندامی بەرگری پێیان نازانێت بەڵام ئەم ڕێگا چارەسەرە لەسەر ئەو بنەمایە کاردەکات و پڕۆتینەکان دەناسێت.

چارەسەر بە هۆڕمۆن

لەم ڕێگەیەدا بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هۆڕمۆنەکان دەرمان بەکاردەهێنن و لە ئەنجامدا ئەو هۆڕمۆنانەی کە یارمەتی گەشەی خانە شێرپنجەییەکان دەدەن لەناودەبرێن.

نەشتەرکاری

لە قۆناغی سەرەتادا بەگشتی چارەسەری شێرپەنجەی ملی منداڵدان نەشتەرکارییە ئەویش سێ جۆری هەیە:

نەشتەرکاری دەرهێنانی گرێی شێرپەنجەیی 

هەندێک کات شێرپەنجەی ملی منداڵدن بە ئەندازەیەکی بچووکە کە دەتوانرێت بە نەشتەرکارییەکی سادە دەربهێنرێت و ئەم ڕێگایە هیچ کێشەیەک دروست ناکات بۆ داهاتووی خانمەکە و ئەگەری دووگیان بوونی دەمێنێت.

نەشتەرکاری دەرهێنانی ملی منداڵدان

لە قۆناغی سەرەتادا ئەگەری ئەوە بوونی هەیە کە ئەگەر ملی منداڵدان دەربهێنرێت بەبێ دەرهێنانی منداڵدان ئەوا ڕێگری دەکرێت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و لەم ڕێگایەشدا ئەگەری دووگیانی دەمێنێت لە داهاتوودا.

نەشتەرکاری دەرهێنانی ملی منداڵان و منداڵدان

کاتێک شێرپەنجەکە تەشەنەی سەندووە و منداڵدانیشی گرتووەتەوە بە نەشتەرکاری جگە لە ملی منداڵدان خودی منداڵدانیش دەردەهێنرێت و لە خانمەکە ناتوانێت ئیتر دووگیان ببێت لە داهاتوودا.

شێرپەنجەی ملی منداڵدان لەماوەی دووگیانیدا 

تەشەنەسەندنی ئەم شێرپەنجەیە لە خانمانی دووگیانیدا مەترسدارە، ئەگەر شێرپەنجەکە لە قۆناغی سەرەتاییدا بێت پێویست دەکات کە بۆ ڕزگارکردنی دایکەکە کۆتایی بهێنرێت بە دووگیانییەکە و منداڵەکە لەبارببرێت، بەڵام ئەگەر کۆرپەلەکە تەمەنی زۆر بێت واتە تەمەنی لە نێوان ٢٨ بۆ ٣٤ هەفتەدا بێت ئەوا ئیزن دەدرێت کە منداڵەکە گەورە ببێت و دواتر لە ڕێگەی نەشتەرکاری منداڵبوونەوە دەردەهێنرێت.


سەرچاوەکان



1853 بینین