جۆرەکانی خانە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-08-14:31:00 - کۆدی بابەت: 4280
جۆرەکانی خانە

ناوه‌ڕۆك

جۆرەکانی خانە چین؟

هەر خانەیەک پەردەی خانە و ئەندامۆچکە و سایتۆپلازم و ترشی DNA هەیە.

بەڵام خانەکان دەکرێنە دوو جۆرەوە: جۆرێکیان ئەو خانانە دەگرێتەوە کە ناوکیان تێدایە و جۆرەکەی دیکەیان ئەو خانانە دەگرێتەوە کە ناوکییان تێدا نییە، خانە بێ ناوکەکان ناودەبرێن بە خانە ناوک سەرەتاییەکان، بەڵام خانە ناوک دارەکان ناودەبرێن بە خانە ناووک ڕاستەقینەکان.

زیندەوەرە ناووک سەرەتاییەکان

بەکتریا و قەوزە سەوزەشین باوەکان زیندەوەری ناوک سەرەتایین، زیندەوەرە ناووک سەرەتاییەکان تاک خانەن و ناووک یان ئەندامۆچکەی بە پەردە دەور دراویان تێدا نییە واتە بێ مایتۆکۆندریان.

بەکتریا 

زۆربەی زیندەوەری سەرەتایی کە ناوسراون بەکتریان، کە بچووکترین خانەن لە جیهاندا وە لە هەموو شوێنێک دەژین بەکتریا ناوکی نییە، بەڵام ترشی DNAی تێدایە، ناوکە ترشی ئەم جۆرە خانەیە گەردێکی تاکی درێژی بازنەییە، بەکتریا ئەندامۆچکەی بە پەردە دەورە دراوی نییە بەڵام ئەندامۆچکەی گۆیی بچووکی هەیە کە پێیان دەڵێن ڕایبۆسۆمەکان، ئەو ئەندامۆچکانەن لە پڕۆتین و ماددەی دیکە پێکدێن. زۆربەی بەکتریاکان بە دیوارە خانەیەکی تۆڕی ڕەق دەوردراون کە پارێزگاری لە شێوەکەی دەکات، ڕاستەوخۆ لە ناوەوەی دیواری خانەکە پەردەخانەیەکی نەرم هەیە، پەردە و دیواری خانە ڕێگە بە خۆراک و پاشەڕۆ دەدەن بە ناویاندا تێپەڕببن. زۆربەی بەکتریاکان لە خاک و ئاودا دەژین بەڵام هەندێک جۆری دیکەی بەکتریا لە ناو زیندەوەراندا یان لەسەر ڕووەکانیان دەژین، بۆ نموونە هەندێک بەکتریا لەسەر پێست و ددانەکانت دەژین. لە هەمان کاتدا هەندێک بەکتریا لە ناو کۆئەندامی هەرسدا دەژین کە بەشداری دەکەن لە کرداری هەرسدا.

خانە ناوک ڕاستەقینەکان

 

قەبارەی خانە ناووک ڕاستەقینەکان گەورەترە لە قەبارەی خانە ناوک سەرەتاییەکان، بەڵام هەر بچووکە و بە وردبین نەبێت نابینرێت، بە پێچەوانەی بەکتریا و قەوزە سەوزەشین باوەکانەوە خانە ناوک ڕاستەقینەکان ناوکیان هەیە، ناوکیش جۆرێکە لە ئەندامۆچکەی بە پەردە دەورەدراو، هەروەها ناووک ترشی DNAی خانەکەی تێدایە، ئەم خانانە ئەندامۆچکەی بە پەردە دەوردراوی دیکەیان تێدایە ئەم ئەندامۆچکانە لە ئەندامۆچکە جیاوازەکانی ناو لەش دەچێت. هەر ئەندامۆچکەیەکی ناو خانە فرمانێکی تایبەتی خۆی هەیە، هەموویان پێکەوە زیندە چالاکییەکانی پێویست بۆ ژیان جێبەجێ دەکەن. هەموو زیندەوەران جگە لە بەکتریا و قەوزە سەوزەشین باوەکان لە خانەیەکی ناوک ڕاستەقینە یان زیاتر پێکدێن. ئەو زیندەوەرانەی لە خانەی ناوک ڕاستەقینە پێک دێن پێیان دەوترێت زیندەوەرە ناووک ڕاستەقینەکان کە زۆربەیان فرەخانەن و لە زیندەوەرە تاک خانەکانیش گەورەترن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو زیندەوەرانەی بە چاو دەبینرێن بە زۆری زیندەوەری ناوک ڕاستەقینەن زۆر جۆر زیندەوەری ناوک ڕاستەقینە هەیە وەک مرۆڤ و گیانەوەر و ڕووەک، هەندێک زیندەوەری ناوک ڕاستەقینەی وەک پێشەنگییەکانی وەک ئەمیبا زیندەوەری ناووک ڕاستەقینەی تاک خانەن لەگەڵ ئەوەشدا پێشەنگی تر هەن وەکو قەوزە سەوزەکان زیندەوەری ناووک ڕاستەقینەی فرەخانەن، هەندێک کەڕووی وەکو قارچک زیندەوەری ناووک ڕاستەقینەی فرەخانەن ئەمەش لە کاتێکدا هەندێکی تریان وەکو هەوێن تاک خانەن.


سەرچاوەکان



3823 بینین