بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-24-22:54:00 - کۆدی بابەت: 7375
بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان (بە ئینگلیزی: Endometriosis) حاڵەتێکی بەئازارە کە تێیدا کۆمەڵێک خانەی لێکچوو لە دەرەوەی منداڵدان گەشە دەکەن، و بە درێژایی سوڕی مانگانە ئەم خانانەی کە لە دەرەوەی منداڵدانن هەر وەک خانەکانی ناوەوەی منداڵدان ڕەفتار دەکەن، ئەستوور دەبن و دواتر تێکدەشکێن، بەهەرحاڵ هیچ ڕێگایەک نییە بۆ چوونە دەرەوەی ئەم خانە لێکچووانە لە جەستەدا و هەر بۆیە لە جێگای خۆیاندا دەمێننەوە و دەبنە هۆی جووڵاندنی خانەکانی جەستە و دەوروبەری.

نیشانەکان

نیشانە سەرەتاییەکانی ئازاری ناوچەی حەوزە لەگەڵ سوڕی مانگانەی توند، ئەگەر چی ئازاری سوڕی مانگانە هەموو ئافرەتێک هەستی پێ دەکات و دەیبێت بەڵام ئەو ئافرەتانەی کە دووچاری بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان بوون ئەم ئازارەیان زۆر زیاترە و ناتوانن بەرگەی بگرن، نیشانە باوەکانی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە:

  • سوڕی مانگانەی ئازاربەخش: ئازار و کەشەنگبوونی ناوچەی حەوز کە پێش دەستپێکی سوڕی مانگانە دەست پێ دەکات و تا چەند ڕۆژیش دوای تەواوبوونی سوڕی مانگانە بەردەوامی دەبێت بە تایبەت لە سک و پشتدا.
  • ئازار لە کاتی جووتبووندا: ئازاری توند بە درێژایی ماوەی جووتبوونەکە و یاخود دوای ئەوە.
  • ئازار لە کاتی میزکردندا.
  • خوێنبەربوونی زۆر.
  • نەزۆکی.
  • ماندوویەتی.
  • سکچوون.
  • قەبزی.
  • بای سک.
  • دڵتێکچوون.

هۆکار

هۆکاری دروستبوونی ئەم نەخۆشییە هێشتا نەزانراوە بەڵام پزیشکان کۆمەڵێک هۆکاریان خستۆتە ڕوو کە ئەگەری ڕوودانی ئەم نەخۆشییە زیاتر دەکات:

تووشبوون بە گەڕانەوەی سوڕی مانگانە

لەم نەخۆشیەدا خوێنی سوڕی مانگانە کە پێکهاتووە لە خانەکانی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان دەڕوات بەرەو شوێنێکی دیکە لەڕێگەی جۆگەی فالوپەوە بەرەو ناوچەی حەوز و ئەم خانانە لەوێدا گەشە دەکەن و دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم نەخۆشییە.

زیندەچالاکی خانەکانی منداڵدان

لەم کاتەدا هۆڕمۆنەکان دەست دەکەن بە گۆڕینەوەی خانەکانی منداڵدان بە کۆمەڵێک خانەی هاوشێوەی خانەکانی دەرەوەی منداڵدان.  

هەندێک کات خانمان دوای نەشتەرگەری دەرهێنانی منداڵدان یاخود منداڵبوون بە نەشتەرگەری دووچاری بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان دەبنەوە.

ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون زیاد دەکەن

  • ئەو ژنانەی کە هەرگیز منداڵیان نابێت.
  • ئەو کچانەی لە تەمەنێکی کەمدا کەوتوونەتە سوڕی مانگانەوە.
  • دواکەوتنی تەمەنی نائومێدی.
  • سوڕی مانگانەی کورت کە کەمتر لە ٢٧ ڕۆژ بێت و کەوتنە سەر خوێن دەست پێ بکاتەوە.
  • سوڕی مانگانەی توند کە لە هەفتەیەک زیاتر درێژە بکێشێت.
  • بوونی بڕێکی زۆر لە ڕێژەی ئیسترۆجین لە جەستەدا.
  • جەستەیەکی زۆر لاواز.
  • بوونی هەر کێشەیەک لە کۆئەندامی زاوزێدا.

لێکەوتەکان

نەزۆکی سەرەکیترین زیانە کە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە ڕووبدات، هەروەها بە نزیکەیی یەک لەسەر سێی ژنانی دووچار بەم نەخۆشییە لەماوەی دووگیانیدا کێشەیان هەیە، تووشبوون بەم نەخۆشییە دەتوانێت جۆگەی فالوپ بگرێت و هەروەها ڕێگری دەکات لە گەیشتنی سپێرم بە هێلکە.
شێرپەنجە یەکێکی دیکەیە لە لێکەوتەکانی ئەم نەخۆشییە و بەڵام ئەگەری ڕوودانی زۆر کەمە و لە حاڵەتی دەگمەندا ڕوودەدات.

دیاریکردن

  • پشکنینی ناوچەی حەوز، کە پزیشک بەباشی پشکنین بۆ ئەندامەکانی ناوچەی زاوزێی خانمەکە دەکات.
  • سۆنەرکردن کە زۆرینەی لە ڕێگەی زێی خانمەکەوە دەکرێت.
  • (MRI) تیشکی ڕەنین.
  • ناخبینی ناوەوەی منداڵدان.

چارەسەر

کۆمەڵێک ڕێگا بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەر کە ئەمانەن: 

چارەسەر بە دەرمان

دەرمانی ئازارشکێن

بەهۆی بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدانەوە ئازارێکی زۆر دروست دەبێت لەماوەی سوڕی مانگانە و کاتی جووتبووندا هەر بۆیە پزیشک ئازارشکێن دەدانێت وەک چارەسەرێک بەڵام دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکدا بەکاربێت و زیادەڕەوی نەکرێت لە بەکارهێنانیدا، زۆرجار دەرمانی (Orilissa) بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەری ئازاری نێوان سوڕی مانگانەکان و ئازاری کاتی جووتبوون.

چارەسەر بە هۆڕمۆن

هۆڕمۆنەکانی جەستە بەتایبەت ئیسترۆجین بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری دەخەنە سەر بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان، هەر بۆیە چارەسەر بە هۆڕمۆن گرنگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیسترۆجین و کەمکردنەوەی ئازار، هەروەها دەتوانێت گەشەی خانە لێکچووەکانی دەرەوەی منداڵدان کەم بکاتەوە.

حەپی دژە دووگیانی

ئەم حەپانە یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی هۆڕمۆنەکان دەدەن، بەکارهێنانی دەبێتە هۆی سوڕێکی مانگانەی ئاسانتر و کەمتر، هەروەها یارمەتی کەشەنگبوون و ئازاریش دەدات، دەکرێت ئەم حەپانە سوڕی مانگانەت بوەستێنن، ئەم حەپانە تا کاتێک کاریگەرییان هەیه کە بەکاردێن دوای ئەوەی کە لە بەکارهێنانی حەپ وەستایت سوڕی مانگانەکەت وەک خۆی لێ دێتەوە ناڕێک و ئازاربەخش دەبێت، حەپەکان پێکهاتوون لە هەردوو هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن بۆیە پێویست دەکات لە ژێر چاودێری پزیشکدا ئەم حەپانە بەکاربهێنیت.

چارەسەر بە هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن

چارەسەر بە هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن یارمەتی کەمکردنەوەی ئازار دەدات و زۆرجاریش سوڕی مانگانە دەوەستێنێت، ئەمەش یارمەتی کەمبوونەوەی نیشانەکانی بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان دەدات و گەشەکردنی خانەکانی دەرەوە کەم دەکاتەوە، پڕۆجیسترۆن بەشێوەی حەپ و لەولەب هەیە، ئەگەر بەشێوەی حەپەکەی بەکارهات دوای بەکارنەهێنانی حەپەکە کاریگەری پڕۆجیسترۆنەکەش دەوەستێت و نامێنێت، ئەگەر لە ڕێگەی لەولەبەوە بەکارهات لەوانەیە چەند مانگێک یاخود زیاتر درێژە بکێشێت تاکوو کاریگەرییەکەی لابچێت و نیشانەکانی بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان بگەڕێنەوە، پێویستە ئەم دەرمانە لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا بەکاربهێنرێت چونکە کۆمەڵێک لێکەوتی هەیە وەک:

  • بای سک.
  • خەمۆکی، گۆڕانکاری لە ڕەفتاردا.
  • سەرئێشە و سەرگێژخوواردن.
  • خوێنبەربوونی ناڕێک.
  • بێهێزی.
  • دڵتێکچوون.
  • زیپکە.
  • زیادبوونی کێش.

دژمنی هۆڕمۆنی دەرپەڕاندنی گۆنادۆترۆپین 

(بە ئینگلیزی: Gonadotropin releasing hormone antagonist) ئەو دەرمانانەن کە دەرپەڕاندنی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد LH و هۆڕمۆنی هاندەری چیکڵدانە FSH دەوەستێنن لەلایەن هۆڕمۆنی دەرپەڕاندنی گۆنادۆترۆپینەوە. ئەمەش نیشانەکانی بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان ناهێڵێت، ئەم دەرمانانە دەکرێت لە سپرای ڕۆژانەی لووتەوە و لە ڕێگەی دەرزی ڕۆژانە یاخود مانگانە و یاخود دەرزی سێ مانگییەوە بەکاربهێنرێن، پزیشک ماوەی بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە درێژ ناکاتەوە بەڵکوو بۆ ماوەی ٦ مانگ بەکاردەهێنرێن و دوای ئەوە دەوەستێنرێن و ماوەیەک پشوو دەدات بە نەخۆشەکە، ئەم دەرمانانە بە شێوەیەکی کاتی تەمەنی نائومێدی نزیک دەکەنەوه و لەوانەیە کۆمەڵێک نیشانەی تەمەنی نائومێدیت هەبێت وەک، وشکبوونەوەی زێ، کەمبوونەوەی حەزی سێکسی، گۆڕانکاری دەروونی، گۆڕانی قەبارەی مەمکەکان، ناسکبوونەوەی ئێسکەکان، بێخەوی، بەڵام بە وازهێنان لەم دەرمانانە ئەم نیشانانە نامێنن و سوڕی مانگانەت دەست پێ دەکاتەوە.

دانازۆڵ - Danazol

ئەم دەرمانە جۆرێک لە ئەندرۆجین (هۆڕمۆنی پیاوانە)ـی دەستکرد بە ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنەکانی سوڕی مانگانە لەلایەن هێلکەدانەوە سوڕی مانگانە دەوەستێنێت چارەسەرە بۆ بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان، ئەم دەرمانە زۆر کاریگەرە بۆ چارەسەری ئازاری بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان بەڵام لێکەوتی خراپی هەیە کە ئەمانەن:

  • دروستبوونی زیپکە.
  • گڕبوونی دەنگ، زیادبوونی موی لەش.
  • زیادبوونی کێش.
  • ئازاری مەمک.
  • تێکچوونی حاڵەتی دەروونی و سەرئێشە.
  • دروستکردنی کێشە بۆ جگەر.
  • زیانگەیاندن بە کۆرپەلە لەماوەی دووگیانیدا.

چارەسەر بە نەشتەرکاری

لە ئەگەری بوونی ئازارێکی زۆردا پزیشک پەنا دەباتە بەر نەشتەرکاری بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە.

ناخبینی ناوەوەی منداڵدان

هەم ڕێگایەکە بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە و هەروەهاش ڕێگایەکە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکە، ئەم نەشتەرکارییە چەند بڕینێکی بچووکە لە سکدا دەکرێت و لە ڕێگەی ئامێرێکی پزیشکییەوە کە باریک و بچووکە دەتوانرێت ناوەوەی منداڵدان و ئەندامەکانی دیکەی ناوەوەی سک ببینرێت و هەروەها خانە زیادەکانی دەرەوە لادەبات و نایهێڵێت، لە هەندێک کاتدا تەنانەت دوای ئەنجامدانی نەشتەرکاری چارەسەر بە هۆڕمۆنیش پێشنیار دەکرێت بۆ نەخۆشەکە، بەگشتی چارەسەری ئازار بەهۆی ئەم نەشتەرکارییەوە کاتییه، بەڵام نزیکەی ٪٤٠ بۆ ٪٨٠ـی خانمان دوو ساڵ دوای نەشتەرکارییەکە هەست بە ئازار دەکەنەوە.

نەشتەرکاری دڕینی دیواری سک

ئەم جۆرە نەشتەرکارییە بە دەگمەن ئەنجام دەدرێت، چونکە زۆرینەی ئەو ژنانەی کە دووچاری بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان بوون بە ئەنجامدانی ناخبینی ناوەوەی منداڵدان و سک چارەسەریان بۆ دەکرێت، ئەم جۆرە نەشتەرکارییە بڕینێکی گەورەیە لە سکدا بۆ لەناوبردنی خانە لێکچووەکانی دەرەوەی منداڵدان، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئازارەکە توند بێت لەوانەیە پزیشک لە ڕێگەی ئەم نەشتەرکارییەوە دەرهێنانی منداڵدان ئەنجام بدات، ئەگەر پزیشک بڕیار بدات کە ملی منداڵدان لەگەڵ منداڵداندا لاببات ئەوا پێی دەوترێت دەرهێنانی تەواوی منداڵدان، بەدەگمەن پزیشک بڕیار دەدات کە جۆگەی فالوپ و هێلکەدانەکانیش لاببات لەم نەشتەرکارییەدا، نەشتەرکاری دڕینی دیواری سک کۆتا ڕێگایە بۆ چارەسەری بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان.

چارەسەر بە ڕێگای سروشتی

  • خواردنی خۆراکە بەسوودەکانی وەک سەوزە و میوە و ئۆمێگا-٣، کەمکردنەوەی هەندێک خۆراکی وەک شیرەمەنییە پڕ چەورییەکان گۆشتی سوور و ماسی کە بەگشتی ماددەی کیمیایی ژینگەییان تێدایە.
  • وەرزشکردن دەبێتە هۆی دەردانی ئەندۆرفین و یارمەتی کەمکردنەوەی ئازار دەدات.
  • دانیشتن لەناو ئاوی گەرمدا بۆ چەند خولەکێک دەتوانێت هاوکار بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار.


سەرچاوەکان



1762 بینین