پەستانی دەروونی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-04-22:04:00 - کۆدی بابەت: 7090
پەستانی دەروونی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەستانی دەروونی بریتییە لە پەشۆکانی هەست یان سۆزداری یان فیزیایی، هۆکارەکەی هەر ڕووداوێکە کە وات لێبکات هەست بە تووڕەیی و شڵەژان و بێزاریی و نائومێدی بکەیت، پەستانی دەروونی کاردانەوەی لەشە بۆ ئاڵنگاری یان ویستێک، هەروەها ئەگەر ماوەکەی کورت بێت ئەوا زۆرجار کاریگەری ئەرێنی هەیە، بۆ نموونە کاتێک یارمەتیدەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسی و ڕووبەڕوونەوەی مردن، یان کاتێک تاقیکردنەوەیەکی قورست هەیە پەستانی دەروونی وات لێدەکات زیاتر هەوڵ بدەیت، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت ئەوا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە تەندروستی.

پۆلێنکردن

پەستانی دەروونی هەستکردنێکی ئاساییە، دوو جۆری سەرەکی لە پەستانی دەروونی بوونی هەیە کە بریتیین لە:

پەستانی کورتخایەن - Acute stress

ئەم جۆرە پەستانە دەروونییە کورتخایەنە و بە زووی نامێنێت، کاتێک شەڕ لەگەڵ هاوکارەکەت دەکەیت یان لە لێژییەکی زۆرەوە دەخلیسکێیت یان شتێکی نوێ تاقی دەکەیتەوە یان دەوروژێیت هەستی پێدەکەیت، ئەم پەستانە یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی بارودۆخی مەترسیدار، هەموو مرۆڤێک لە ژیانیدا تووشی ئەم جۆرە پەستانە دەبێت.

پەستانی درێژخایەن - chronic stress

ئەم پەستانە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، ئەگەر کەسێک کێشەی دارایی هەبێت یان هاوسەرگیرییەکی بەزۆر بکات یان لەسەر کارەکەی کێشەی هەبێت ئەگەری تووشبوونی بەم جۆرە پەستانە هەیە، هەر جۆرە پەستانێک ئەگەر بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک بەردەوام بێت ئەوا پێی دەوترێت پەستانی دەروونی درێژخایەن، لەوانەیە کەسێک تووشی پەستانی دەروونی ببێت و هەستی پێ نەکات کە ئەو پەستانە هۆکاری تووشبوونییەتی بە چەندین کێشە، ئەگەر پەستانی دەروونی ڕێکنەخرێت ئەوا دەبێتە هۆی تووشبوون بە کێشەی تەندروستی.

کاریگەری پەستانی دەروونی

لەشی مرۆڤ کاردانەوەی دەبێت بۆ پەستانی دەروونی بە دەردانی چەندین هۆڕمۆن، ئەم هۆڕمۆنانە وا لە مێشک دەکەن زیاتر بە ئاگایی بمێنێتەوە، ماسولکەکان گرژببن و لێدانی دڵ خێرا ببێت، لە کاتی پەستانی کورتخایەندا ئەم کاردانەوانە باشن چونکە یارمەتیدەرە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دۆخەدا کە هۆکاری پەستانی دەروونییە، هەروەها ئەمە ڕێگایەکی تایبەتی لەشە تاکوو پارێزگاری لە خۆی بکات.
کاتێک کەسێک تووشی پەستانی درێژخایەن دەبێت لەشی بە ئاگایی دەمێنێتەوە هەتا ئەگەر هیچ مەترسییەکیشی لەسەر نەبێت، بەپێی تێپەڕبوونی کات ئەم ئاگاییە دەبێتە هۆی توشبوون بە چەندین کێشەی تەندروستی وەک:

هەروەها ئەگەر کەسێک خۆی کێشەیەکی تەندروستی هەبێت، پەستانی دەروونی کێشەکەی خراپتر دەکات.

نیشانەکانی پەستانی دەروونی

پەستانی دەروونی دەبێتە هۆی چەندین جۆری جیاواز لە نیشانەی جەستەیی و سۆزداری، هەندێک کات کەسی توشبوو هەست ناکات کە ئەو نیشانانە بەهۆی پەستانی دەروونییەوە تووشی بووە، نیشانەکان بریتیین لە:

نیشانەی جەستەیی

  • سکچوون یان قەبزی.
  • لەبیرچوونەوە.
  • ئازاری بەردەوام.
  • سەرئێشە.
  • کەمیی وزە یان سەرنج.
  • کێشەی سێکس.
  • ڕەقبوونی شەویلگە یان ئەژنۆ.
  • ماندووی زۆر.
  • کێشەی نەخەوتن یان زۆر خەوتن.
  • ئازاری گەدە.
  • زۆربوون یان کەمبوونی کێش.

نیشانەی سۆزداری

  • بە ئاسانی تووڕەدەبێت و هەڵدەچێت و کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەدات و دەیەوێت خۆی کۆنترۆڵ بکات.
  • بە قورسی دەتوانێت پشوو بدات و مێشکی ئارام بکاتەوە.
  • هەست بە خراپی دەکات لەبارەی خۆیەوە، هەمیشە هەست دەکات تەنهایە و خراپە و خۆی لە کەسانی دیکە دووردەخاتەوە.

نیشانەکانی هەڵسوکەوت

  • گۆڕان لە ئارەزووی خواردندا، یان هیچ ناخوات یان زۆر دەخوات.
  • کەمتەرخەمی و دوورکەوتنەوە لە بەرپرسیاریەتی.
  • زۆر بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان یان ماددەی هۆشبەر یان جگەرە بۆ ئارامبوونەوە.
  • زۆربوونی ئەو هەڵسوکەوتانەی کە نیشانەن بۆ ترساوی و تووڕەیی، وەک خواردنی نینۆک یان شێتگیری.

چەند ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی

پەستانی دەروونی کێشەیەکی دەروونییە کە تووشی هەموو کەسێک دەبێت، بۆیە ناتوانرێت بە تەواوی ڕێگری لێ بکرێت، بەڵام دەتوانرێت بە چەند ڕێگایەکی سادە ڕێگری لە زیادبوون و بەردەوامی بکرێت، ڕێگاکان بریتیین لە:

  • دەست بکە بە وەرزشکردن کاتێک هەستت بە بوونی پەستانی دەروونی کرد، تەنانەت پیادەڕەوی بۆ ماوەیەکی کورتیش دەتوانێت کاریگەربێت بۆ باشترکردنی باری دەروونیت.
  • لە کۆتایی هەموو ڕۆژێکدا کاتێک تەرخان بکە بۆ بیرکردنەوە لەو کارانەی بە سەرکەوتوویی ئەنجامت داون، نەک ئەو کارانەی کە نەتکردوون.
  • ئامانجەکانت دیاری بکە بۆ ڕۆژی دواتر یان هەفتە یان مانگێک.
  • ئەگەر هەستت بە خراپتر بوونی نیشانەکانت کرد، باشترە قسە لەگەڵ پزیشکێکی دەروونی یان چارەسەرکەرێکدا بکەیت دەربارەی حاڵەتەکەت.

چەند ڕێگایەک بۆ دووربوون لە پەستانی دەروونی

چەند ڕێچکەیەکی ڕۆژانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دووربوون لە پەستانی دەروونی کە بریتیین لە:

  • ئەنجامدانی چالاکییە هێمنکەرەوەکانی وەک یۆگا و ڕاهێنانەکانی هەناسەدان و خابوونەوەی ماسولکە.
  • ڕۆژانە بە شێوەیەکی باش پاراستنی لەش، خواردن بە شێوەیەکی تەندروست و وەرزشکردن و خەوتن بە شێوەیەکی باش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لەش بە شێوەیەکی باشتر ڕووبەڕووی پەستانی دەروونی ببێتەوە.
  • بە ئەرێنی بمێنەرەوە و هەوڵبدە سوپاسگوزار بیت بۆ هەر بەشێکی باشی ڕۆژەکەت یان ژیانت.
  • قبوڵی بکە کە تۆ ناتوانیت کۆنترۆڵی هەموو شتێک بکەیت لە ژیانتدا، هەوڵبدە چاوپۆشی لەو بارودۆخانەی ژیانت بکەیت کە ناتوانیت بیانگۆڕیت.
  • هەوڵبدە فێربیت بڵێیت نەخێر کاتێک بەرپرسیاریەتییەکی نوێ دەکەوێتە سەرشانت و تۆ خۆت زۆر سەرقاڵی و لەژێر پەستانێکی زۆردایت.
  • بەردەوامبە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە وات لێ دەکەن هەست بە ئارامی و دڵخۆشی بکەیت و پشتگیری سۆزداریت پێ دەبەخشن و یارمەتیت دەدەن لە کارەکانی ژیانتدا.
  • هاوڕێ و ئەندامێکی خێزان و دراوسێ دەتوانن ببن بە گوێگرێکی باش و بەرپرسیاریەتییان لەگەڵ هاوبەشی بکرێت، ئەمەش یارمەتیدەرە تاکوو پەستانی دەروونی ڕوو لە زیادبوون نەکات.
  • هەوڵبدە بیر لەو ساتە بکەیتەوە کە تێیدا دەژیت بۆ ئەوەی بتوانیت کۆنترۆڵی ئەو ساتە بکەیت و بەسەر پێشهاتە درێژخایەنەکاندا زاڵ ببیت.


سەرچاوەکان



1612 بینین