نەخۆشیی ڕووشاندنی پێست

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-18-22:01:00 - کۆدی بابەت: 8304
نەخۆشیی ڕووشاندنی پێست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

نەخۆشیی ڕووشاندنی پێست (بە ئینگلیزی: Excoriation disorder)، نەخۆشیی لێکردنەوەی پێست (بە ئینگلیزی: Skin picking disorder) یان مانیای لێکردنەوەی پێست (Dermatillomania) نەخۆشییەکی دەروونییە بریتییە لە خووێکی دووبارەبووەوە لەسەر لەش، کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە بەشێوەیەکی دووبارەبووەوە و بەردەوام پێستیان لێ دەکەنەوە، دەیڕووشێنن و برینداری دەکەن، جا دەکرێت پێستەکە پێستێکی تەندروست و پاک بێت یانیش زیپکە و تلۆق و قەتماخەی برین بێت، لە ئەنجامدا پێستەکە تووشی برینی بەردەوام دەبێت.

لەوانەیە خەڵک زۆرجار پێستیان لێ بکەنەوە، بۆ نموونە لە کاتی خوراندنی قەتماخەی پێست یان لە کاتی تەقاندنی زیپکە و تلۆقی پێست، بەڵام حاڵەتی لێکردنەوە و ڕووشاندنی پێست بە شێوەیەکی بەردەوام بە نەخۆشی دادەنرێت و زۆرجار دەکرێت لێکردنەوەی پێست لەکاتی ئاساییدا بۆ نەخۆشی سەر بکێشێت و کەسانی تووشبوو ڕۆژانە چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک بەم کارەوە سەرقاڵ دەبن و پێستی شوێنی جیاوازی جەستەیان لێ دەکەنەوە. ئەم نەخۆشییە زیاتر لە ئافرەتدا ڕوودەدات وەک لە پیاو و نیشانەکانیش بەزۆری لە تەمەنی هەرزەکاری و پێگەیشتندا دەردەکەون. نەخۆشیی ڕووشاندنی پێست نەخۆشییەکی دەروونیی پەیوەندیدارە بە نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو، بەڵام مەرج نییە هەموو تووشبووێکی نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو تووشی ئەم حاڵەتە ببێت، ئەم کەسانە حاڵەتەکەیان وەک زۆربۆهاتنێک بۆ لێکردنەوەی پێستیان پەسن دەکەن کە ناتوانن جڵەوی بکەن و وەک خووێکی بەردەوامی لێ دێت.

نیشانەکان

تێگەیشتن لە هێما و نیشانەکانی نەخۆشیی ڕووشاندنی پێست دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەوەی کە ئایا حاڵەتی پێست لێکردنەوەکە ئاسایییە یان نەخۆشیی ڕووشاندنی پێستە. بۆ نموونە لێکردنەوەی پێستی جاروبارە بە دەگمەن هۆکارەکەی نەخۆشییە، بەڵام کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە بەشێوەیەکی بەردەوام پێستیان دەڕووشێنن و لێی دەکەنەوە کە دەبێتە هۆی خوێنلێهاتن و برینداربوونی پێستەکە، هەروەها ئەم کەسانە پێستی دەوری نینۆکی دەست و پێشیان لێ دەکەنەوە. هەندێکجار کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە برینەکانیان جێدەهێڵن تا چاک ببێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە پێستەکەی لێ بکەنەوە، نەخۆشییەکە وەک بازنەیەکی دووبارەبووەوەی زۆربۆهاتن و خووێکی لێ دێت کە زاڵبوون بەسەریدا زەحمەت دەبێت.

نیشانەکانی تر بریتین لە:

  • هەوڵدانی بەردەوام بۆ لابردنی ناتەواوی و نەنگییەکانی پێستی ڕووخسار
  • بەسەربردنی کاتێکی زۆر بە لێکردنەوەی پێستەکە 
  • دروستبوونی پەڵە، جێبرین و تووشبوونی میکرۆبی بەهۆی لێکردنەوەی بەردەوامی پێستەکە 
  • دوورکەوتنەوە لە بۆنە و شوێنە گشتییەکان بەهۆی پێستیانەوە

پەرەسەندنی نەخۆشییەکە

نەخۆشیی ڕووشاندنی پێست خووێکی دووبارەبووەوەیە، پێشی دەوترێت خووی دووبارەبووەوەی لەش (BFRB) هەروەکوو مووهەڵکێشان و نینۆک لێکردنەوە. ئەم نەخۆشییە هۆکارێکی دیاریکراوی نییە و بە جۆرێکی نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو دادەنرێت. زۆربۆهاتنی بیرەسەپێنراوانە بۆ لێکردنەوەی پێست و ڕووشاندنی زۆرجار لەوە بەهێزترە کە کەسەکە بتوانێت جڵەوی بکات و هەرچەندە کەسەکەش زیاتر کارەکە دووبارە بکاتەوە ئەوا کەمتر دەتوانێت جڵەوی بکات. نەخۆشیی لێکردنەوەی پێست لە هەموو تەمەنێکدا ڕوودەدات بەڵام زیاتر لەتەمەنی هەرزەکاری و پێگەیشتندا دەردەکەوێت و زیاتر لە ئافرەتدا باوە.

بە گشتی نەخۆشییەکە بە دوو شێواز دەست پێ دەکات:

یەکەم: کاتێک تووشبوونێکی میکرۆبیی پێست یان برینێک چاک دەبێتەوە و قەتماخەیەک دروست دەکات، خورشتی برینەکە وا لە کەسەکە دەکات بیڕووشێنێت و لێی بکاتەوە، دواتر برینە نوێیەکە دووبارە دەست بە چاکبوونەوە دەکات و قەتماخەیەکی تر دروست دەکات، بەمشێوەیە سووڕی لێکردنەوەکە دەست پێ دەکات و بەردەوام دەبێت. 

دووەم:  زۆرجار سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە پەیوەندیی بە فشارەوە هەیە و خووەکە وەک شێوازێکی ڕەواندنەوەی فشار دەبێت بۆ کەسەکە.

نەخۆشییە پەیوەستەکان 

نەخۆشیی لێکردنەوەی پێست هاوکات لەگەڵ زۆر نەخۆشیی تر دەردەکەوێت کە بریتین لە:

نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو (OCD): نەخۆشییەکی دەروونییە، بریتییە لەدووبارەبوونەوەی بیرۆکە و ڕەفتاری نەخوازراو.

مانیای مووهەڵکێشان: نزیکەی ٪٣٨ـی کەسانی تووشبوو بە مانیای مووهەڵکێشان، نەخۆشیی لێکردنەوەی پێستیشیان لەگەڵە.

نەخۆشیی کەمیی هۆشپێدان و فرەجووڵەیی (ADHD): نەخۆشییەکی گەشەییی دەمارییە پەیوەندیی بە توانای کەسێک بۆ هۆشپێدان و جڵەوکردنی ڕەفتارە پاڵنەرەکانەوە هەیە. 

نەخۆشیی ئۆتیزم: نەخۆشییەکی گەشەییی دەمارییە و پەیوەندیی بە توانای ڕەفتارکردن و پەیوەندیکردنەوە هەیە. 

نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە: کەسانی تووشبوو بەم حاڵەتە زۆر نیگەرانن لەبارەی چۆنیەتی دەرکەوتنی جەستەیان و زۆرجار تووشی نەخۆشیی لێکردنەوەی پێست دەبن بۆ ئەوەی ناتەواوییەکانی ڕووخساریان بشارنەوە.

نەخۆشیی خەمۆکیی سەرەکی: خەمۆکی هۆکاری زۆرێک لە ڕەفتارەکانە، لەوانەش لێکردنەوەی پێست.

خووە دووبارەبووەوەکانی تری لەش (BFRBs): هەرچەندە مووهەڵکێشان باوترین جۆری ئەم نەخۆشییەیە کە لەگەڵ نەخۆشیی لێکردنەوەی پێستدا دەربکەوێت، بەڵام جۆرەکانی تریش دەکرێت ڕووبدەن، وەکوو لێکردنەوە و گازلێگرتنی نینۆکەکان، گازلێگرتنی لێوەکان تا خوێنیان لێ دێت لەگەڵ جووین و خواردنی ڕووپۆشی ناوەوەی ڕوومەتەکان.

دەستنیشانکردن

ئەم نەخۆشییە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ لەلایەن کەسەکە خۆیەوە دەستنیشان بکرێت، پێویستە پزیشکی پسپۆڕ نەخۆشەکە ببینێت، پشکنینی جەستەییی بۆ بکات و هەندێک پرسیاری تایبەتی لەبارەی ڕەفتارەکانییەوە لێ بکات. پزیشک هۆکار و نەخۆشییەکانی تر بۆ هەبوونی نیشانەکان جیادەکاتەوە و ئەوە دیاری دەکات کە ئاخۆ برینەکانی پێستی نەخۆشەکە بەهۆی نەخۆشیی لێکردنەوەی پێستەوە یان بەهۆی نەخۆشییە پێستییەکانی تری وەکوو سەدەفی و ئەگزیماوە دروست بوون. ئەگەر پزیشکەکە گومانی لە بوونی نەخۆشیی لێکردنەوەی پێست یاخوود بوونی نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو هەبوو، ئەوا نەخۆشەکە ڕەوانەی لای پزیشکی دەروونی دەکات.

چارەسەر 

دەرمان 

دەرمانەکانی دژەخەمۆکی بۆ چارەسەکردنی ئەم نەخۆشییە بەکاردێن، بەتایبەتیش ڕێگرەکانی تایبەت بە هەڵمژینەوەی سیرۆتۆنین (SSRIs) کە زۆرترین دەرمانی ڕەچەتەکراون بۆ ئەم نەخۆشییە. هەروەها دەرمانەکانی دژەسایکۆسس، وەکوو ڕیسپریدۆن و دژەگرژکەرەکان، وەکوو لامۆتریجینیش بەکار دەهێنرێن.

چارەسەری دەروونی 

چارەسەری هزریی ڕەفتار (CBT) کاریگەرترین چارەسەری دەروونییە بۆ ئەم نەخۆشییە کە تیشک دەخاتە سەر دیاریکردنی خووە نەرێنییەکان و کێشە پاڵنەری و جڵەوکردنەکان. لەکاتی چارەسەری هزریی ڕەفتاردا پزیشک یان ڕاوێژکاری دەروونی یارمەتیی نەخۆشەکە دەدات ئەو پاڵنەرە سۆزداری، جەستەیی و ژینگەییانەی کە دەبنە هۆی بیرکردنەوە نەرێنییەکانی، دیاری بکات. هەروەها پزیشک پێشنیازی جێگرەوەی سەلامەتتر بۆ ئەو نەخۆشانە دەکات کە لە وەڵامی فشار، بێزاری و دڵەڕاوکێدا پێستیان لێ دەکەنەوە، بۆ نموونە:

  • تۆپی لاستیکی بۆ گوشین (تۆپی فشار)
  • بەکارهێنانی ڕووبیک کیوب
  • وێنەکێشان، نیگارکێشان یان چنین

ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نائاگایییانە پێستیان لێ دەکەنەوە دەتوانن سوود لە لەدەستکردنی پەنجەوانە یان باندجی نووسەک وەربگرن بۆ ئەوەی ڕێگری لە زیانگەیاندن بە پێستیان بکەن، زۆرجار پزیشک ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە بەردەوام هەتوانە نەرمکەرەکانی وەک ئەلۆڤێرا و ڕۆنی گوێزی هیندی بەکار بهێنن، لە هەمان کاتدا نەخۆشەکە دەتوانێت ستراتیجی و تەکنیکەکانی ڕێکخستنی فشاری وەکوو یۆگا لە ماڵەوە بگرێتەبەر.


سەرچاوەکان



604 بینین