حافز ئەسەد

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-29-14:52:00 - کۆدی بابەت: 7027
حافز ئەسەد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

حافز ئەسەد (بە عەرەبی: حافظ الاسد) لە ساڵی 1930 لە ناوچەی قەرداحیەی سەر بە پارێزگای لازقییە لە سوریا لەدایکبووە، لە خێزانێکی سەر بە ڕێبازی عەلەوی (ڕێبازێکن سەر بە مەزهەبی شیعەن) گەورە بووە، برای ڕفعەت ئەسەد بووە کە پۆستی بایەخداری هەبووە لە سوریا، لە تەمەنی لاوییەوە دەستی بە کاری سیاسەت کردووە و بووەتە سەرۆکی یەکێتی قوتابیان لە سوریا، لە ساڵی 1946 بووەتە ئەندامی حیزبی بەعسی سوریا لە لازقییە، لە ساڵی 1950 چووەتە کۆلێژی سەربازی لە شاری حمس و لە ساڵی 1955 بە سەرکەوتوویی هەموو قۆناغەکانی بڕیوە، پاشان چووەتە بەشی ئەکادیمیای ئاسمانی لە دوای سێ ساڵ بووەتە فڕۆکەوان لە هێزی ئاسمانی، پاشان بووە بە وەزیری بەرگری سوریا، و لە ساڵی 1970 بە کودەتا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.

ئەزموونی سیاسی و سەردەمی حوکمڕانی و دەسەڵات

ـ کودەتای سەربازی: لە ساڵی 1970 کودەتایەکی سەربازی لە سوریا ڕوویدا بووە هۆی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەرۆکی ئەوکاتەی سوریا "نورەدین ئاتاسی"، حافز ئەسەد بووە سەرۆکی وەزیری بەرگری سوریا.
ـ گرتنەدەستی دەسەڵات: لە ساڵی 1971 حافز ئەسەد کە سەرۆکی حیزبی بەعسی سوری بوو، وەکوو سەرۆکی سوریا هەڵبژێردرا، لە هەڵبژاردنێک کە تەنها خۆی بەربژێر بوو، بووە یەکەم سەرۆکی سوریا کە لە کەمینە و ڕێباز و تیرەی عەلەوییەکان بوو و ڕێژەی 10% سوریا پێکدەهێنن.
ـ سیستمی دەسەڵات: شیوعی و عەلمانییەت و سەربازی بوو.
ـ بەرپاکردنی جەنگ دژی ئیسڕائیل: 1973 بە هاوپەیمانی وڵاتی میسڕ هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر ئیسڕائیل لە ڕۆژئاوای کەناڵی سوێس و ڕۆژهەڵاتی بەرزاییەکانی جۆڵانەوە، ئەم جەنگە بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بوو.
ـ دەستێوردان لە بارودۆخی وڵاتی لوبنان: لە ساڵی 1967 هیچ پەیوەندییەک نەبوو لە نێوان سوریا و ئەمریکا، لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی حافز ئەسەد، پەیوەندی نێوانیان هەموار بووەوە، بۆیە وڵاتی سوریا لەسەر داوای ئەمریکا بەشداری جەنگی ناخۆی لوبنانی کرد، بۆ ماوەی سی ساڵ هێزەکانی سوریا جێگیر بوون لە وڵاتی لوبنان و دەستیانوەردەدایە کاروباری ناوخۆی لوبنان و کاریگەرییەکی زۆریان هەبوو لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی وڵاتی لوبنان، لە ساڵی 2005 هەموو هێزەکانی سوریا لە لوبنان پاشەکشەیان پێکرا.
ـ ناکۆکی لەگەڵ وڵاتی عێراق: لە ساڵی 1979 پەیوەندی نێوان سوریا و عێراق تێکچوو و ناکۆکی تێکەوت، هەرچەندە دەسەڵاتی هەردوو وڵات ژێردەستەی حیزبی بەعس بوونە، بەڵام ناکۆکی و کێبڕکێیەکی چڕ لەنێوان سەدام حسێن و حافز ئەسەد هەبووە، سەدام حسێن چەندان تۆمەتی ئاڕاستەی حافز ئەسەد کردووە، بەهۆی ئەوەی لە جەنگی ئێران و عێڕاقدا لە ساڵی 1980 سوریا لایەنگیری ئێرانی کرد، بۆیە هەردوو وڵات کۆتاییان بە پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی نێوانیان هێنا.
ـ سەرکوتکردن و لەناوبردنی نەیارانی: حافز ئەسەد بە درێژایی ماوەی دەسەڵاتی هەمیشە دژی نەیارانی بووە و سەرکوتکەری ڕاجیاییەکان و کەمینەکانی سوریا بووە، لە ساڵی 1982 بە توندی بەرپەرچی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمینی سوری شاری حەمای دایەوە، کاتێک ویستیان لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە دەسەڵات بڕوخێنن، بەڵام حافز ئەسەد بە توندی بەرپەرچی دانەوە، ئەو ڕووداوە نزیکەی دە هەزار و چل قوربانی لێکەوتەوە. 

دەستکەوتەکانی حافز ئەسەد

سەرباری ئەوەی ئازادی ڕادەڕبڕین و مافی کەمینەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی سەربازی حافز ئەسەد بوونی نەبووە و هەمیشە لەناوبەری ڕاجیاییەکان و نەیرانی بووە، قۆڕخکاری دەسەڵات بووە، بەڵام لە سەردەمی ئەودا سوریا چەند دەستکەوتێکی مەزنی بەدەستهێنا، گرنگترینیان: 
ـ گرنگیدان بە خوێندن و فەراهەمکردنی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە بێ هیچ باجێک.
ـ گۆڕانکارییەکی زۆری لە دەستوری سوریا کرد.
ـ بنیاتنان و دروستکردنی بەنداوی فوڕات.
ـ بنیاتنانی چەندان نەخۆشخانە و فەراهەمکردنی چارەسەری بێ بەرامبەر.
ـ گرنگیدان بە بەرهەمی نێوخۆیی و بوژانەوەی ئابووری وڵات بە پشتبەستن بە خستنەکاری کارگە و بەرهەمە ناوخۆییەکان، هەروەها هەموو جۆرە هاوردەکردنێکی لە وڵاتانی دەرەوە سنوردار و قەدەغەکرد. 

باری خێزانی

لە ساڵی 1957 هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێک کردووە بە ناوی "ئەنیسە مەخلوف" و بوونەتە خاوەنی پێنج منداڵ بە ناوەکانی بوشرا کە پلەی دکتۆرای هەیە لە دەرمانسازی، ئەندازیار باسل کە لە ساڵی 1994 بە ڕووداوی هاتووچۆ کۆچی دوایی کرد، بەشار لێهاتوو بوو لە بواری سەربازی، ماجید دەرچووی بەشی ئابووری و ئەندزیار ماهیر. 

کۆچی دوایی

حافز ئەسەد لە ساڵی 2000 لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا لە شاری دیمەشق بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە، لە پاش خۆی بەشار ئەسەدی کوڕی دەسەڵاتی گرتەدەست. 


سەرچاوەکان



500 بینین