جەلال تاڵەبانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-23-11:26:00 - کۆدی بابەت: 6387
جەلال تاڵەبانی

ناوه‌ڕۆك

مام جەلال

جەلال تاڵەبانی (بە ئینگلیزی: Jalal Talabani) کە لەلایەن گەلی کوردەوە بە مام جەلال ناوبانگی دەرکردووە، سەرکردەیەکی شۆڕشی گەلی کورد بووە و سکرتێری گشتی و دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و یەکەمین سەرۆک کۆماری کوردی عێراق و شەشەمین سەرۆک کۆماری عێراق بووە، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییەکانی کورد لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی.

ناوی  جەلال حیسامەدین تاڵەبانی زەنگنە
نازناو مام جەلال
لەدایکبوون ١٢/١١/١٩٣٣ - کەلکان، کوردستان
کۆچی دوایی ٣/١٠/٢٠١٧ - ئەڵمانیا
حیزبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان (١٩٤٧ - ١٩٧٥)

یەکێتی نیشتمانی کوردستان (١٩٧٥ - کۆچی دوایی)

هاوسەر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
منداڵ بافڵ تاڵەبانی - قوباد تاڵەبانی

ژیان

مام جەلال ناوی تەواوی جەلال کوڕی شێخ حیسامەدین کوڕی شێخ نوورەڵڵا کوڕی شێخ نوری کوڕی شێخ غەفوری کۆیی کوڕی شێخ ئەحمەد {باپیرە گەورەی شێخانی تاڵەبانی} کوڕی مەلا مەحمودی زەنگەنە کوڕی ڕۆستەم ئاغای قەرەداغی کوڕی یوسف ئاغای کاکەسوریە، دایکی ناوی خەدیجەیە، ھاوینی ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی کەلکانی نزیک چیای کۆسرەت لەدایکبووە کە دەڕ‌وانێتە دەریاچەی دوکان، چەند ساڵێک تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووە و دواتر باوکی بووە بە رێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە، لەوێ چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەرکەوتوویی خوێندنی تەواو کردووە، ساڵی ١٩٤٥ لە ئاهەنگی نەورۆز کە لە کۆیە سازکرا جەلال تاڵەبانی وتەیەک دەخوێنێتەوە کە سەرنجی ئامادەبووان بۆ خۆی ڕادەکێشێت، کە ئەوکات لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بووە، ساڵی ١٩٤٦ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی کۆمەڵەیەکی فێرکاری نهێنی دادەمەزرێنێت بەناوی "کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە"، لە هەمان ساڵ لەگەڵ دروستکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری پارتەکە و دەست دەکات بە چالاکی خوێندکارانە و بە نازناوی "ئاگر" وتاری لە ڕۆژنامەی ڕزگاری دەردەکرد.

ساڵی ١٩٤٧ بە فەرمی دەبێتە ئەندامی حیزبەکە، ساڵێک دواتر وەک نوێنەری خوێندکارانی کۆیە دەڕواتە یەکەمین کۆنگرەی خوێندکارانی عێراق.

ساڵی ١٩٤٩ دەبێتە ئەندامی ناوچەی کۆیەی پارتی دیموکراتی کوردستان، و ساڵی ١٩٥١ دەبێتە ئەندامی لیژنەی ناوەندی و پلەکەی دەبەخشێتە هاوڕێیەکی، ساڵی ١٩٥١ دوور دەخرێتەوە بۆ موسڵ و دواتر دەڕواتە کەرکووک و خوێندن لەوێ تەواودەکات و لە چالاکی سیاسی خۆی بەردەوام دەبێت، ساڵی ١٩٥٢ـیش دەڕواتە کۆلێژی ماف لە بەغداد و لە کانوونی دووەمی ١٩٥٣ دا بەشداریی کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی کرد و لە کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی قوتابیانی کوردستان ھەڵبژێردرا و لە ھەمان ساڵیشدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان)، ساڵێک دواتریش دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، ساڵی ١٩٥٥ گەشت دەکات بۆ پۆڵەندا و یەکێتی سۆڤیەت و چین، ساڵی ١٩٥٦ بەهۆی چالاکییەوە ناچار دەبات واز لە ساڵی چوارەمی خوێندن بهێنێت، ساڵی ١٩٥٩ جارێکی تر بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتدا ئەفسەری یەدەگی کەتیبەی چوارەمی تانک بوو، ھەروەھا بەشداری لە دەرکردنی رۆژنامەی (خەبات) دا دەکرد کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، وە بە ناوی (پیرۆت)ـەوە وتاری تێدا بڵاودەکردەوە.

ساڵی ١٩٦١ بووە سەرنووسەری رۆژنامەی (کوردستان) و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راوەدونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی ھەمان ساڵدا وتارێکی دژی دیکتاتۆریەت خوێندەوە و بەرگری لە مستەفا بارزانی کرد کە ئەو سەردەمە قاسم کۆمەڵێک تاوانی دابۆوە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بە نھێنی گەڕ‌ایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوە و بەشداری لە رێکخستنی مانگرتنی گشتیدا کرد کە لە شەشەمی ئەیلوولدا کرا، لە ئەیلولی ١٩٦١ دا کە شۆڕ‌ش ھەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، یەکەمین بنکەی شۆڕ‌شی لە چەمی رێزان کردەوە و سەرپەرشتی کرد و فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی کرد، لە نەورۆزی ١٩٦٢ دا، سەرکردایەتی ئەو ھێرشە بەرفراوانەی کرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەست بەسەر ھەموو بنکەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و ھێزەکانی بەرەو قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەکەیان ئازاد کرد، ھەردوو ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوین بوونە دوو ناوەندی شۆڕ‌ش و سەرکردایەتی. لە ١٩٦٢ - ١٩٦٣ زۆربەی ناوچەکانی قەرەداغ و قەڵاسێوکە و گەرمیان و سەنگاو ئازاد کران.

ساڵی ١٩٦٣ و دوای کودەتای شوبات، مام جەلال بە سەرۆکی وەفدی کوردی دەستنیشان کرا بۆ گفتوگۆ لەگە‌ڵ حکومەتی تازەدا، ھەروەھا سەردانی کۆماری میسڕ و جەزائیری کرد و چاوی بە جەمال عەبدولناسر و بن بێلا کەوت و لە ھەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای کرد و نوێنەرایەتی شۆڕ‌شی کوردستانی کرد و سەرکەوتوو بوو بۆ ناساندنی کێشەی کورد و ئاشکراکردنی بارودۆخی کوردستان و کۆکردنەوەی یارمەتی و ھاوکاری بۆ شۆڕ‌ش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، و چیکسلۆڤاکیا و نەمسا.

ساڵێک دواتر دەگەڕێتەوە و ئەرکی فەرماندەیی ڕزگاری دەگرێتە ئەستۆ، ساڵی ١٩٦٧ بەشداری لە کۆڕ‌ی (ئیشتراکیەکانی عەرەب) کرد لە جەزائیر و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بە پێزی دەربارەی کێشەی کورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و دۆستایەتی نێوان کورد و عەرەب پێشکەشکرد.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان

لە ١/٦/ ١٩٧٥ لە دیمەشق لەگە‌ڵ دەستەیەک لە هاوڕێیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دامەزراند و نەخشەی بۆ ھەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا کە لە ١/ـی حوزەیرانی ١٩٧٦ ڕاگەیەنرا و بووە سکرتێری گشتی یەکێتی، لەدوای ئەوەوە هەتاوەکوو سەرەتای نەوەدەکان لە شۆڕش و چالاکی سەربازی و چەکداری بەردەوام دەبێت.

دوای ڕاپەڕین

دوای ڕاپەڕین و ناکۆکی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، مام جەلال دەبێتە سەرۆکی حکوومەتی سلێمانی و ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ مەسعوود بارزانی لە واشنتۆن بە نێوەندگیری ئەمریکا ڕێککەوتننامەی واشنتۆن واژوو دەکەن و کۆتایی بە شەڕی چوار ساڵە دێنن.

دوای ٢٠٠٣

جەلال تاڵەبانی یەکێک دەبێت لە ئەندامانی ئەنجوومەنی بڕیاردان (مەجلیسی حوکم) لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، خولێکیش سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بووە، و لە ٦/٤/٢٠٠٥ دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق و لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە کەسایەتییەکی بەهێزی دەبێت وەک سەرۆکی عێراق، تاڵەبانی هەتاوەکوو ساڵی ٢٠١٤ سەرۆک کۆماری عێراق دەبێت و لە ڕۆژی ١٨/١٢/٢٠١٢ تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت و بە پەلە دەنێردرێتە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا.

لە ڕۆژی ١٩ی تەممووزی ٢٠١٤ دوای نزیکەی ١٩ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا جەلال تاڵەبانی لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە سلێمانی.

کۆچی دوایی

لە ٢٠١٧/١٠/٣ لە ئەڵمانیا بەهۆشی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات، دوای سێ ڕۆژ لە کۆچی دوایی دەگەڕێنرێتەوە بۆ سلێمانی و لە گردی دەباشان بەخاک دەسپێردرێت.

ژیانی تایبەت

تاڵەبانی ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کردووە و دوو کوڕی لێ هەیە بە ناوەکانی بافڵ و قوباد.


سەرچاوەکان



1656 بینین