مەلا محەمەدی ڕەبیعی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-23-23:35:00 - کۆدی بابەت: 5503
مەلا محەمەدی ڕەبیعی

ناوه‌ڕۆك

مامۆستا ڕەبیعی

مەلا محەمەدی ڕەبیعی كوڕی مەلا محەمەد كوڕی مەلا عەبدولحەكیمە، ساڵی 1933 لە گوندی " دەرەی ئەسپ" لە ناوچەی دیواندەرە لەدایكبووە، لە تەمەنێكی زۆر منداڵییەوە لای باوكی‌ و مامەی كە هەردووكیان مەلابوون دەستی بەخوێندن كردووە و لە هەردوو كوردستانی باشوور و كوردستانی ڕۆژهەڵات لای زۆر مەلا و زانای ئایینی خوێندویەتی‌ و لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا لە هەڵەبجە لای مەلا ساڵحی گەورە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.

لە تەمەنی دوازدە ساڵییەوە، بەنوسینەوەی چیرۆك‌ و بەسەرهات‌ و ڕووداوەكانی دەوروبەری، چووەتە ناو دونیای نووسینەوە.

مەلا محەمەدی ڕەبیعی، زاناو ئەدیب‌و نووسەرو دەنگخۆش‌ و قورئان خوێنێكی بەناوبانگ‌ و نێودەوڵەتی بوو، لە ساڵی 1966دا لە پێشبڕكێیەكی گەورەی قورئان خوێندندا بۆ دەنگخۆشی لە پاكستان، وەكو دووەم قورئانخوێنی جیهان دەستنیشان دەكرێت. 

خاوەنی 44 كتێبی جۆراو جۆرە، لە بوارەكانی فەلسەفە و ئەدەب‌ و ئاییندا و لە ساڵی 1981دا كراوەتە بەرپرسی بەرنامەكانی ڕادیۆی كوردی لە كرماشان.

زانیاری گشتی

لەدایكبووی 1933
شوێنی لەدایكبوون دەرەی ئەسپ - دیواندەرە - ئێران
كۆچی دوایی 2/12/1996
هۆكاری كۆچی دوایی تیرۆر كردن لە میانەی كوشتنە زنجیرەییەكانی دەزگای زانیاری ئێران
ئارامگا كرماشان
نازناو مامۆستا ڕەبیعی
پیشە مامۆستای ئاییینی، شاعیر، وتاربێژ، ئیمامی جومعە، وتاربێژی ڕادیۆ
دامەزرێنەری لە دامەزرێنەرانی بڵاوكراوەكانی صەڵاحەدین ئەیوبی لە ئورومیە و بڵاوكراوەی سروە
كتێبە بەناوبانگەكان ئاوێنەی ئیسلام، بەڕێز گۆریل، نوقڵ و نەبات
دیوانی شیعر چوار بەرگ

مامۆستا و دۆزی كورد

مەلا محەمەدی ڕەبیعی، زۆر جەختی لە كلتوور و فەرهەنگی كوردی كردووەتەوە و بەردەوام لە وتارەكانیدا وتوویەتی ئەگەر فەرهەنگی خۆمان لەبەرچاو نەگرین ئەوا ئایەتی خوامان نادیدە گرتووە.
فێربوون‌ و نووسینی كوردی بە ئەركی شەرعی داناوە و بەردەوام ڕایدەگەیاند وەك ئەركێكی ئایینی‌ و نەتەوەیی بەمافی خۆمانی دەزانین كە خوێندن‌ و پۆشینمان بە كوردی‌ و زمانی دایكمان بێت.
ئەو بەردەوام لە وتارەكانیدا هانی خەڵكی داوە كە هەوڵی زیندووكردنەوە و بەرەوپێشبردنی مێژوو و زمانی كوردی بدەن‌ و بڕوای وابووە كەسێك لابدات لە فەرهەنگی خۆی پشتی لە حەقیقەت كردووە.
هاوڕێ لەگەڵ ئەحمەدی موفتیزادەدا لە ڕۆژانی پێش شۆڕشی ئیسلامی و ڕووخانی شای ئێراندا ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە.
ئەو لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی شیعەی ئێراندا دەیووت: "ئێمە بەشێكین لەو شۆڕشە و تەنها شیعە شای نەڕووخاندووە، بەڵكو هەڵسوڕێنەرانی سەرەكی شۆڕش ئەهلی سووننە و كورد بوون".

مەلا محەمەدی ڕەبیعی، دەیان ساڵ لەبواری ڕاگەیاندندا لە ڕادیۆ كوردییەكانی تاران‌ و كرماشان‌ و سنە بەرنامەی پێشكەشكردووە و لەماوەی كاركردنیشیدا لە ڕادیۆ، هەریەكە لە ئەحمەدی موفتیزادە و شوكروڵای بابان‌ و مەزهەری خالقی‌ و موجتەبای میرزادە و جەمیل ڕۆژبەیانی‌ و سورارەی ئیلخان زادە و سەید محەمەدی جەلالیان‌ و سدیق بۆرەكەیی لە هاوڕێ‌ و هاوكارەكانی ئەو بوون.

بەهۆی بۆچوونی سیاسی‌ و كوردانە و ئیسلامیانەی بە ئاڕاستە سووننییەكەی لای كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ئێران خۆشەویست نەبووە، ئەو كە لە كاتی كوشتنەكەیدا وتاربێژی مزگەوتی شافیعی بووە لە كرماشان، بەر لە كوشتنەكەی چەندانجار لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە و لەسەر هەڵوێست‌ و بۆچوونەكانی هەڕەشەی لێكراوە.

شەهید كردن

لە تەمەنی 64 ساڵی‌ و لە 2/12/1996 دوای ئەوەی سەرلەبەیانی ئەو ڕۆژە دەیڕفێنن، پاش نیوەڕۆكەی لەشەقامێكی كرماشان لە نزیك ماڵی خۆی لاشەكەی بە مردوویی فڕێ دەدەن.
پزیشكی دادەوەری پارێزگای كرماشان پاش دۆزینەوی تەرمی مەلا محەمەدی رەبیعی هۆكارەكەیان بە جەڵتەی دڵ لە قەڵەم دا، بەڵام خێرا خەڵكی كرماشان‌ و دۆستان‌ و لایەنگرانی ڕەتیان كردەوە و ڕایانگەیان كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە ڕفێنراوەو تیرۆر كراوە، كە دواتر خرایە لیستی یەكێك لە تیرۆرە زنجیرەییەكان.

خەڵكی كرماشان‌ و جوانڕۆ و شارەكانی دەوروبەری بەهۆی مردنییەوە خۆپیشاندانی گەورەیان ڕێكخست‌ و لەلایەن هێزەكانی دەوڵەتەوە 13 كەسی خۆپیشاندەر و شوێنكەوتەی مەلا محەمەدی رەبیعی كوژران‌ و چەن كەسێكیش لە هێزە ئەمنییەكانی ئێران بە دەستی خۆپیشاندەران كوژران.

بەهۆی خۆپیشاندان‌ و ناڕەزایەتییەكانی دژ بە كوشتنی مەلا محەمەدی ڕەبیعییەوە، كاربەدەستان‌ و هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە شاری جوانڕۆ 40 ڕۆژ باری نائاساییان ڕاگەیاند.

لەكاتی بەڕێوەچوونی پرسەكەیشیدا لە مزگەوتی شافیعی لە كرماشان، لەلایەن جەماوەرەوە دەستكرا بە هوتافكێشان‌ و وتنەوەی دروشمی ناڕەزایی دژ بە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەش بووە هۆی داخستنی مزگەوتەكە و ڕێگە نەدرا تا سێ مانگ لە مزگەوتەكەدا نوێژ ئەنجام بدرێت‌ و ڕێگەش نەدرا تا دوو ساڵ وتاری هەینی تێدا بخوێنرێتەوە و دوای دوو ساڵ لەلایەن محەمەد خاتەمییەوە كە خۆیشی ئامادەبوو ڕێگەدرا نوێژی هەینی لە مزگەوتەكەدا ئەنجام بدرێت.


سەرچاوەکان



734 بینین