ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی مۆڵەت وەرگرتندا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-29-05:21:00 - کۆدی بابەت: 5028
ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی مۆڵەت وەرگرتندا
ڕۆشنبیری ئیسلامی

باسی ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی مۆڵەت وەرگرتندا

ئیزن و مۆڵات وەرگرتن چەند ئاداب و ڕەفتارێکی هەیە، کە پێویستە باوک و دایک خۆیان منداڵەکانیان فێربکەن و ئاگاداریان  بکەن وەک خوای گەورە دەفەرموێ (يا أيها الذين آمنوا ليستأذنكم الذين ملكت أيمانكم والذين لم يبلغوا الحلم منكم ثلاث مرات  من قبل صلاة الفجر وحين تضعون ثيابكم من الظهيرة ومن بعد صلاة العشاء  ثلاث عورات لكم ليس عليكم ولا عليهم جناح بعدهن طوافون عليكم بعضكم على بعض  كذلك يبين الله لكم الآيات والله عليم حكيم ﴿٥٨﴾ وإذا بلغ الأطفال منكم الحلم فليستأذنوا كما استأذن الذين من قبلهم) واتە ئەی گەلی خاوەن باوەڕان با ئەوانەی غولام و کەنیزەی ئێوەن، ئەو کەسانەش لە ئێوە، کە بلوغ نەبوون سێ جار ئیزنی لێ بخوازن، لە پێش نوێژی بەیانیدا، نیوەڕۆیان، کاتێ شمەکان دادەنێن و لە پاش نوێژی خەوتنانیش کە ئەم سێ کاتە وەختی تەنیای ئێوەن، لە پاش ئەوە نە بۆ ئێوە قەیدی دەکا نە بۆ ئەوان، کە بەدەوروبەرتاندا بێن، کە ئێوە پێکەوە تێکەڵن، ئا بەمجۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ئاشکرا دەکا، خوا زانای لە کارزانە، هەر کاتێ منداڵەکان بلوغیان بوو، ئەویش وەک ئەوانی پێشوو دەبێ ئیزن بخوازن.

لەم ئایەتە پڕ تەوجیهـ و ڕێنمووییەدا، خوای باڵا فەرمان دەکات بە باوک و دایکان کە ئەو منداڵانەی هەیانە چ کوڕ و چ کچ کە نەگەیشتووەنەتە تەمەنی ١٥ ساڵی واتە بلوغیان نەبووە با فێریان بکەین لە چەند حاڵەت و کاتدا، دەبێ ئیزن وەرگرن و لە دەرگا بدەن، کاتێک پێویستییەکیان بە باوک و دایکیان دەبێ.

ئەو کاتانەی منداڵ دەبێت مۆڵەت وەربگرێت بۆ بینینی دایک و باوک

  • لە پێش نوێژی بەیانی، واتە پێش بانگدان ئەمەش لەبەر ئەوەی دایک و  باوک لەو کاتەدا لە ژێر پێخەفێکن کە لەوانەیە ڕووت بن و جل و بەرگیان داماڵێبی بۆ جووت بوون.
  • کاتی نیوەڕۆ، چونکە لەو کاتەش بە تایبەتی لە وەرزی هاوین، کە کاتی پشودانە، لەوانەیە ژن و مێرد جل و بەرگیان دابکەنن.
  • لە دوای نوێژی خەوتنان، چونکە ئەو کاتە کاتی نووستن و  حەسانەوەیە.

خوای گەورە بۆیە ئەم سێ کاتەی داناوە، کە ئیزنی تیا وەربگیرێ، چونکە ژن و مێرد لە حاڵەتێکدان کە پێیان خۆش نییە منداڵەکانیان بەم شێوەیە بیانبینن، کە کاری ئاسایی خۆیان ئەنجام بدەن بۆ چێژ وەرگرتن لە یەکتری، جا گەر لەم کاتەدا منداڵێکی بچووکیان لە ناکاو بچێتە ژوورەوە ئەم دیمەنە ببینێ، ئەوا یەکسەر لە مێشکی دا چاپ دەبێ و کار دەکاتە سەر دەروونی منداڵەکە، کە لەوانەیە ببێتە دروستبوونی ڕق و قینەیەک لە دڵیدا بەرامبەر دایکی یان باوکی، هەروەها لەوانەشە هەوڵی ئەنجامدانی کارە جنسییەکەیان بدات، کە ئەمەش منداڵ بەرەو هەڵدێر و زوخاوی لادانی ڕەوشت دەبات، ئەمە سەربارەت بە منداڵی باڵغەوەیەوە دەبێ لەم سێ کاتەی کە باسکراوە لە کاتەکانی تریش کە بیانەوێ بچنە ژووری دایک و باوکیان دەبێ لە دەرگا بدەن، تا ئیزنیش وەرنەگرن نەچنە ژوورەوە، وەک خوای گەورە دەفەرموێ (وإذا بلغ الأطفال منكم الحلم فليستأذنوا كما استأذن الذين من قبلهم) هەر سەبارەت بە ئیزن وەرگرتنەوە.

چەند ئادابێکی مۆڵەت وەرگرتنی گشتی

سەلام کردن پاشان مۆڵەت وەرگرتن

وەک ابو داود گێڕاویەتیەوە کە پیاوێک لە بەنی عامر داوای ئیزنی کرد کە بچێتە لای پێغەبەری خوا د.خ کە لە ماڵێک بوو، گوتی: (أألج): ئایا بێمە ژوورەوە؟ پێغەرمبەری خوا بە خزمەرگوزارەکەی گوت فەرموو برۆ لای ئەم پیاوە و شێوەی ئیزن وەرگرتنی فێر بکە و پێی بڵێ (قل السلام علیکم: أأدخل) جا لەو کاتەدا پیاوەکە  گوێی لێ بوو گوتی (السلام علیکم. أأدخل؟) سڵآوتان لێ بێ، ئایا بێمە ژوورەوە؟ پێغەمبەریش ڕێگەی پێدا و چووە ژوورەوە.

لە کاتی مۆڵەتن وەرگرتن ناوی خۆی ئاشکرا بکات

لە صحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە ئەبو موسا گوتویەتی کە لەو کاتەی پێغەمبەر د،خ لەسەر بیری بیستان دانیشتبوو، ئەبوبەکر داوای ئیزنی کرد، کە بێتە لای پێغەمبەر د.خ ئەبو موسا گوتی کێیە؟ ئەویش گوتی: ئەبوبەکر، پاشان عومەر داوای ئیزنی کرد گوتی کێیە؟ گوتی: عومەر، پاشان عوسمان بە هەمان شێوە داوای ئیزنی کرد. هەروەها لە صحیحی بوخاریدا هاتووە جابر دەڵێ (أتیت النبي فدققت الباب فقال: من ذا؟ فقلت: أنا فقال علیە الصلاة و السلام: أنا أنا، کأنە کرهها) واتە چوومە لای پێغەمبەر، لە دەرگام دا، فەرمووی کێیە؟ دەڵێ گوتم منم، پێغەمبەر فەرمووی من من؟ پێی ناخۆش بوو بڵێم من من.

لە دەرگادان سێ جار

وەک لە صحیحی بوخاری و موسلیم دا هاتووە، ئەبی موسای ئەشعەری گوتویەتی پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (الإستئذان ثلاث، فإن أذن لک و إلا فارجع) واتە ئیزن وەرگرتن لە دەرگادان سێ جارە، گەر ئیزنیان دای بێیتە ژوورەوە ئەوا باشە، ئەگینا بگەڕێوە. جا لە نێوان ئەم سێ ئیزن وەرگرتنەدا وا باشە بە قەدەر نوێژێکی چوار رکاتی بوەستی نەبادا ئەو کەسەی لە ژوورەوەیە خەری نوێژ بێت یان دەست بە ئاو بگەیەنێ.

بە توند لە دەرگانەدان

نابێ بە توندی لە دەرگا بدرێم با ئەو کەسە خاوەن ماڵیش بێ، یان یەکێک لە ئەندامەکانی خێزان بێ. لە ئەنەسەوە ڕەزای خوای لێبێ (إن أبواک رسول اللە کانت تقرع بالأصابع) واتە بە پەنجە لە دەرگای ماڵەکانی پێغەمبەر ئەدران. هەروەها پێشینە صالحەکان بە سەرپەنجە لە دەرگای مالێ مامۆستاکانیان ئەدا، کە ئەمەش ئەوپەڕی ڕێز و ئەدەب دەگەیەنێ، بەڵآم هەندێک لە دەرگادان هەیە کەوا پێویست دەکات بە توندی لە دەرگا بدرێ کە لەوانەیە گوێیان لێ نەبێ، بەڵام گەر ماڵێک زەنگ (جەرەس)ـی هەبوو ئەوا دەبێ بە سووکی و لە سەرخۆیی لە جەرەسەکە بدرێ کە ئەمەش نیشانەی ڕەوشت و ڕێز دەربڕینە.

لە کاتی دەرگادان لەلایەکی دەرگا بوەستی

ئەمەش بۆ ئەوەیە نەبادا لە کاتی کردنەوەی دەرگاکە ئافرەتێکی بێگانە دەرگا بکاتەوەو توشی ڕوانینێکی حەرام ببێت، ئیزن وەرگرتنیش بۆ ئەوەیە تا تووشێ ڕوانینی حەرام نەبێت، وەک پێغەمبەر د.خ جەختی لەسەر کردووە بۆ هاوەڵە بەرێزەکانی و فەرموویەتی (إنما جعل الإستئذان من أجل البصر) واتە ئیزن وەرگرتن بۆ ئەوە دانراوە، ئەبادا مسوڵمان تووشی ڕوانینی حەراب ببێت. هەروەها تەبەرانی لە عبداللەی کوڕی بسر ڕەزای خوای لێبێ گێراویتیەوە کە گوتوویەتی (سمعت رسول اللە یقول لا تأتوا البیوت من أبوابها ولکن ائتوها من جوانبها فاستأذنوا، فإن أذن لکم فادخلوا و إلا فارجغوا) واتە گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو ئەفەرموو کاتێک کە چوونە ماڵێک لەبەردەم دەرگاکەی مەوەستن، بەڵکو لە لایەکی دەرگاکەوە بوەستن و لە دەرگا بدەن و ئیزن وەرگرن، جا گەر ڕێگەیان پێدان بڕۆنە ژوورەوە، ئەگینا بگەڕێنەوە دواوە و مەچنە ژوور بە بێ ئیزن پێدانتان، هەروەها ئەبو داود گێراویتەوە (کان رسول اللە اذا أتی باب قوم لم یستقبل الباب من تلقاء وجهە، ولکن من رکنە الأیمن أو الأیسر ویقول: السلام علیکم، السلام علیکم) واتە پێغەمبەری خوا گەر بچووبا بەر دەرگای ماڵی کەسێک بەرامبەر دەرگاکەیان نەدەوەستا بەڵکو لە لای ڕاستی دەرگاکە یان لای چەپی دەرگاکە دەوەستاو، دەیفەرموو: سڵاوتان لێبێ، سڵآوتان لێبێ.

گەر خاوەن ماڵ گوتی بگەڕێوە، دەبێ بگەڕێیتەوە

ئەمەش وەک خوای گەورە دەفەرموێ: (يا أيها الذين آمنوا لا تدخلوا بيوتا غير بيوتكم حتى تستأنسوا وتسلموا على أهلها ذلكم خير لكم لعلكم تذكرون ﴿٢٧﴾ فإن لم تجدوا فيها أحدا فلا تدخلوها حتى يؤذن لكم وإن قيل لكم ارجعوا فارجعوا  هو أزكى لكم  ﴿٢٨﴾) واتە ئەی ئەو کەسانەی بڕواتان هێناوە مەچنە هیچ ماڵێکەوە بە بێ ئیزن وەرگرتن و ڕێگە دان و سەلام کردن لە خاوەنی ماڵەکە، ئیزن وەرگرتن لە کاتی چوونە ماڵێک بۆ ئێوە باشتر و چاکترە، یا هەردەم لە یادتان بێت، جا ئەو ماڵەی کە بۆی دەچن، گەر کەسی تیا نەبوو مەچنە ژوورەوە، تا ڕێگەتان پێدەدەن، گەر پێیان گوتن بگەڕێنەوە، ئێوەش بگەڕێنەوە ئەمە بۆ دڵی ئێوە پاکترە.


سەرچاوەکان



510 بینین