ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی گاڵتە و سوعبەتدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-29-04:25:00 - کۆدی بابەت: 5023
ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی گاڵتە و سوعبەتدا
ڕۆشنبیری ئیسلامی

باسی ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی گاڵتە و سوعبەتدا

مرۆڤی مسوڵمان بۆی هەیە گاڵتە لەگەڵ براکەی بکات، بەڵام لە سنوورێکی دیاریکراودا و نەبێتە بێ ئاگای لە یادی خوا و ڕەنجاندنی دڵی برای مسوڵمان. گاڵتەکردن چەند ئادابێکی هەیە کە زۆر پێویستە مسوڵمانان پەیڕەوی بکەن و پابەندی بن.

ئادابەکانی گاڵتەکردن

زۆر گاڵتەنەکردن و زیادڕەوی تێدا نەکردنی

وەک ئەنەس ڕەزای خوای لێبێ گوتویەتی پێغەمبەری خوا فەرموویەتی (لست من دد، ولا الدد مني)، واتە  من نە ئەهلی یاری و گەڵتە و لەهوم، ئە ئەوانیش لە منن. زۆر گاڵتەکردن وا لە مسووڵمان دەکات کە ئەرکە ئاساییەکەی لە بیر بچێتەوە کە بەندایەتی خوا و گێڕانەوەی حوکمی خوایە لەسەر زەوی و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی چاک و پاک و بێ گەندەڵە.

ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە نابێ مسوڵمان گاڵتە و یارییەک نەکات، بەڵام ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە کاتی جدیەت دەبێ جدی بین، گاڵتەکردن هەموو دڵمان دانگرێ، دەنا خۆ هاوەڵە بەرێزەکانی پێغەمبەریش گاڵتە و یاریان کردووە وەک بوخاری لە (الادب المفرد) باس دەکات: (کان أصحاب النبي یتبادحون بالطبیخ). واتە هاوەڵەکانی پێغەمبەر بۆ گاڵتە و یاری کاڵەکانیان بۆ یەکتری دەهاویشت و بەیەکتری یان دائەدا. لە ڕاستیدا زۆر گاڵتەکردن دەبێتە مراندنی دڵ و ڕق لە یەکتری بوونەوە و نەمانی هەیبەت و ویقار و وەک ئیمامی عومەر ڕەزای خوای لێبێ دەفەرموێ (من کثر ضحکە قلت هیبتە و من مزح استخف بە) واتە هەر کەسێک زۆر پێبکەنێ، هەیبەت و ویقاری کەم ئەبێتەوە، هەر کەسێک سوعبەت و گاڵتە بکات پێی سوود دەبێت. 

لە کاتی گاڵتەکردندا نابێ مەبەستت پێ ئازار گەیاندن و دڵ ئێشانی هیچ کەسێ بێ

زۆر کەس هەن تەنانەت لە ناو مسوڵمانایش گاڵتە ئەکرێ کە مەبەستی پێ ئازاردانی دڵی مسوڵمانە دیارە ئەمەش کارێکی ناشیاوی مسوڵمانانە و پێغەمبەری خوا قەدەغەی کردووە، کەم جۆرە گاڵتانەی کە دەبێتە ئازاردان و هەست بریندارکردنی مسوڵمان، وەک لە سونەتی ئەبی داود و ترمذي هاتووە، لە عبداللە کوڕی سائیبە و ئەویش لە باوکییەوە لە باپیرەیەوە، کە گوێی لە پێغەمبەری خوا د،خ بووە، کە دەیفەرموو (لا یاأخذن أحدکم متاع أخیە لاعبا و لا جادا، و من اخذ عصا أخیە فلیردها) واتە با هەر کەسێک لە ئێوە شتێکی براکەی بە گاڵتە یان بە ڕاستیش لێی نەبات و نەشاڕێتەوە هەر کەسێکیش گوپاڵی براکەی برد با بۆی بگێڕێتەوە.

لە جەنگی خندق زەیدی کوڕی سابت لەگەڵ مسوڵمانان خۆڵی ئەگواستەوە پاشان زۆر ماندوو بوو، سەرخەوێکی شکاند جا عمارەی کوڕی حەزم هات و چەکەکەی لێبرد کە پێغەمبەر د.خ ئەمەی زانی یەکسەر قەدەغەی ئەم کارەی لێکرد. هەروەها بەزاز و تەبەرانی و ئیبن حیبان لە عامری کوڕی ڕەبیعەوە ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕنەوە کەوا پیاوێک پێڵاوی پیاوێکی برد و بە گاڵتەوە لێی شاردەوە، جا کە ئەمەیان بۆ پێغەمبەر گێرایەوە پێغەمبەر فەرمووی (لا تروعوا المسلم فإن روعة المسلم ضلم عظیم) واتە مسوڵمان مەترسێنن چونکە ترساندنی مسوڵمان زوڵم و ستەمێکی زۆر گەورەیە، هەروەها ئەبو داود لە عبدالرحمانی کوری ئەبی لەیلا دەگێڕێتەوە کە گوتویەتی هاوەڵەکانی پێغەمبەر د.خ دەڕۆشتن پاشان پیاوێک لەوان خەوی لێکەوت، جا هەندێکیان هەڵسان ئەو گوریسەی کە ئەم پیاوە پێی بوو لێیان برد پیاوەکەش کە هەڵسا ترسا ئینجا پێغەمبەری خوا د.خ فەرمووی (لا یحل لمسلم أن یروع مسلما) واتە بۆ مسوڵمان حەڵاڵ نییە و حەڕامە برا مسوڵمانەکەی بترسێنێ).

لە گاڵتەکردندا نابێ قسەی درۆی تیابێ

زۆر کەس هەن لە دانیشتنی مەجلیسێکدا بۆ ئەوەی بڵین فلانە کەس سوعبەت چی و قسەی خۆشە هەڵدەستێ بە گێڕانەوەی نوکتەی درۆ و پێکەنیناوی لەوانەشە خۆی بە مسوڵمان بزانێ، کە بێ ئاگایە لە هەڕەشەی پێغەمبەری خوا د.خ لەو کەسانەی کە قسە دەگێڕنەوە بە درۆ، تا خەڵک پێ بکەنن وەک ئەبوو داود و ترمذي و نەسائی و بەیهەقی لە بوهزی کوڕی حەکیم لە باوکی لە باپیرەی ڕەزای خوایان لێ بێت دەگێڕنەوە کە گوتویەتی گوێم لە پێغەمبەری خوا د.خ بوو دەیفەرموو: (ویل للذي یحدث لیضخک بە القوم فیکذب ویل لە ویل لە) واتە ماڵ وێرانی و چاڵی دۆزەخ بۆ ئەو کەسەی کە قسە دەکات بۆ ئەەی خەڵک بە پێکەنین بێنێ لە کاتێکدا قسەکەی درۆیە، جا پێغەمبەر دوو جار پێی دەڵێ ماڵ وێرانی بۆ ئەو کەسە. هەروەها لە نەواسی کوڕئ سەمعاوە کە گوتویەتی پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (کبرت خیانة أن تحدث أخاک هو لک مصدق و أنت لە کاذب) واتە گەورەترین خیانەت ئەوەیە کە قسەی درۆ بۆ برا مسوڵمانەکەت بکەی، لە کاتێکدا ئەو باوەڕت پێبکات و وا بزانێ قسەکەت ڕاستە. 

هەروەها ئەبو هورەیرە ڕەزای خوای لێبێ گوتویەتی پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (لا یؤمن العبد الایمان کلە حتی یترک الکذب في المزا‌ح، المراء و إن کان صادقا) واتە ئیمانی مسوڵمان بە تەواوی هەمووی دانامەزرێ تا لە گاڵتەکردندا واز لە درۆ نەهێنێ و واز لە دەمەتەقێ و موجامەلە نەهێنێ ئەگەر چی ئەویش ڕاست بکات.

نموونەی گاڵتەکردنی پێغەمبەر

ئیبن بەکار لە زەیدی کوڕی ئەسلەم دەگێڕێتەوە کە ژنێک هەبوو پێیان دەگوت (أم أیمن الحبشیة) هاتە لای پێغەمبەری خوا د.خ و گوتی: مێردەکەم بانگت دەکات، پێغەمبەریش فەرمووی مێردەکەت کێیە؟ مێردەکەت ئەو پیاوەیە کە سپییای بە چآوییەوەیە؟ ژنەکەش گوتی: چاوی سپیایی پێوە نییە، پێغەمبەریش د.خ فەرمووی: نەخێر سپیایی بە چآوییەوەیە، ژنەکە گوتی: بەخوا سپیای بە چاوییەوە نییە، پێغەمبەر د.خ فەرمووی: هیچ کەسێک هەیە سپیایی بە چاوییەوە نەبێ؟ (مەبەستی پێ سپیایی ناوەوەی چاو بووە).

هەروەها ترمذي لە حەسەنی بەسری ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕێتەوە کە گوتویەتی: پیرێژنێک هاتە لای پێغەمبەر د.خ و گوتی ئەی پێغەمبەری خوا دوعام بۆ بکە خوا بەخشندە بمباتە بەهەشت. پێغەمبەر فەرمووی: دایکی فڵان پیرەژن ناچێتە بەهەشتەوە، گوتی: پیرێژنەکە بە گریانەوە ڕۆیشت. پێغەمبەر فەرمووی: پێی بڵێن ئەو بە پیرەژنی ناچێتە بەهەشت بەڵکو بە گەنج و لاوی دەچێتە بەهەشت. خوای گەورە دەفەرموێ (إنا أنشأناهن إنشاء (35) فجعلناهن أبكارا (36) عربا أترابا (37)) واتە ئێمە خۆمان کیژەکانمان بە تایبەتی بەرهەم هێنا بڕیارمان بۆدان هەر کچ بن، شۆخ و شەنگ و هاوتەمەنن.


سەرچاوەکان



672 بینین