خەلافەتی ڕاشیدین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-27-14:41:00 - کۆدی بابەت: 4903
خەلافەتی ڕاشیدین

ناوه‌ڕۆك

خەلافە لە سەردەمی ڕآشیدیندا

سەردەمی دەسەڵات : (١١-٤١ کۆچی / ٦٣٠-٦٦١ زاینی)

پێغەمبەر (د.خ) ڕآستەوخۆ کەسێکی دیاری نەکردبوو جێگەی بگرێتەوە و دەیویست ئەم پرسە بۆ هاوەڵان و یاوەرانی بهێڵێتەوە، کاتێک ساڵی ١١ـی کۆچی/٦٣٢ ز کۆچی دوایی کرد.

سەردەمی ئەبوبەکری سدیق

دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) زۆربەی موسوڵمانان لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ئەبوبەکری سدیق ببێتە خەلیفە. چونکە هەڤاڵێکی دڵسۆز و جێی باوەڕی پێغەمبەر بوو لە ڕیزی پێشەوەی ئەو کەسانە بوو کە بڕوایان بە پێغەمبەرایەتی (د.خ) هێنا و لەلایەن پێغەمبەرەوە نازناوی (صدیق-ڕآستگۆ)ـی پێ بەخشرابوو، ئەوە بوو سەرەتاکە لە (سەقیفەی بەنی ساعیدە) هەڵبژێردرا و بەیعەت کرا، دواتر لە مزگەوت لەلایەن موسڵمانانەوە بڕاوی پێدرا و ناونرا خەلیفەی پێغەمبەری خودا (ص). لەو ڕۆژەوە تا داگیرکردنی بەغدا و لەناوبردنی خەلافەی عەباسی لەسەر دەستی هۆلاکۆ و لەشکری مەغۆل لە ساڵی ٦٥٦ کۆچی /١٢٥٨ زاینی سیستەمی خەلافە بەردەوام بوو.

خەلافەتی ئەبوبەکری سدیق دوو ساڵ و چەند مانگێکی خایاند، لەو ماوە کورتەدا خەلیفەی یەکەم بەردەوامی و پابەندی خۆی بە بنەماکانی ئیسلام سەلماند، یاخیبوون و پاشگەزبوونەوەی هەڵگەڕآوەکانی (أهل الردة) لە نیمچە دورگەی عەرەب سەرکوت کرد و سەروەری ئیسلامی لە ناوچەکەدا چەسپاندەوە، لەلایەکی ترەوە درێژەی بە پڕۆسەی فەتحکردن دا.

ئەبوبەکر لە چارەنووسی دەوڵەتی ئیسلامی دەترسا و پێشبینی بەرپابوونی دووبەرەکی و ناکۆکی دەکرد لە نێوان خوازیارانی خەلیفایەتی، بۆ پێشگرتن لەم مەترسییەوە لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنیدا دوای ڕاوێژ و ترس و ڕاوەگرتن عومەری کوڕی خەتابی بۆ جێنشینی خۆی پاڵاوت، ئەمەش نیشانەی زیرەکی و وردبینی ئەبوبەکر بوو، بەڕاستی عومەر شآیستە بوو ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.

عومەری کوڕی خەتاب

خەلیفە عومەر بە ئەزموون و لێهاتوو و چاوکراوە بوو، بناغەی دەوڵەتی ئیسلامی داڕشت و کاروبارە دارایی و کارگێڕییەکانی ڕێکخستن و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ڕیشەکێش کرد و درێژەی بە جەنگی فەتح و فراوانخوازی دا و بەخۆی سەرپەرشتی بەرەکانی شەڕی دەکرد و ئاڕاستەی هێرشەکانی دەستنیشآن دەکرد و هەرێمەکانی عێراق و خوزستان و کوردستان (شآرەزوور و جەزیرە) و ئازەربایجان و شآم فەتح کران و خزانە ژێر ڕكێفی خەلافەی ئیسلامییەوە، موسڵمانەکان وێڕآی نازناوی خەلیفە بە ڕآبەری باوەڕداران (أمیر المؤمنین) ناویان دەهێنا کە پتر ناوەڕۆکێکی سیاسی و سەربازی هەڵدەگرت. خەلیفە عومەر لە کۆتایی ساڵی ٢٣ کۆچی. ٦٤٤ زاینی بە دەستی (أبو لؤلؤة فیروز) بە سەختی بریندار کرا پێش ئەوەی گیان لەدەست بدات دەبوو یەکێک لە گەورە پیاوانی دەوڵەت هەڵبژێرێ جێگەی بگرێتەوە، و نەیدەویست یەکێک هەڵبژێرێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕکەبەری و ناتەبایی و ئەم ئەرکەی سپارد بە شەش پیاوماقوڵ لە هەڤاڵانی پێغەمبەر (د.خ) کە بریتی بوون لە:

  • عەبدولرەحمانی کوڕی عەوف
  • عەلی کوڕی ئەبوتالیب
  • زوبێری کوڕی عەوام
  • عوسمانی کوڕی عەفان
  • تەڵحەی کوڕی عوبێدوڵا
  • سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس

و ئەمانە دەستەی ڕآوێژکاری (أهل الشوري) بوون و پێی ڕاگەیاندن ڕێکبکەون و لە ناو خۆیان یەکێک هەڵبژێرن و عەبدوڵای کوڕی لە مافی خۆ پاڵاوتن بێ بەشکرد، نەبادا نەریتی پشتاوپشتی (الوراثة) لە پایەی خەلافەت بچەسپێ، سەرئەنجام دەستەی ڕآوێژکاری لەسەر هەڵبژاردنی عوسمانی کوڕی عەفان ڕێککەوتن، هەرچەەندە عەلی کوری ئەبی تالیب خۆی بە شآیەنتر دەزانی بە ناچاری عوسمانی هەڵبژاردن.

عوسمانی کوڕی عەفان 

خەلیفە عوسمان هەرچەندە درێژەی بە جەنگی فەتح دا و بریاری دا سورەت و ئایەتەکانی قورئان کۆبکرێنەوە، لە سەردەمی ئەودا فیتنە لە نێو موسڵماناندا دەرکەوت بەگوێرەی دەستەی ڕآوێژکارەکانی هەڵسوکەوتی دەکرد و لە نەریتی خەڵکی پەیڕەو دەکرد و هەندێک کار و کردەوەیان ئەنجامدا بەدەر بوون لە ڕێبازی پێغەمبەر (د.خ) و ڕێڕەوی ئەبوبەکر و عومەر و بوونە مایەی ڕەنجاندنی دڵی هەندێک موسوڵمانان و یاخی بوونی والییەکانی سەر هەرێمەکان و کار بەوە گەیشت لە ساڵی ٣٥ کۆچی /٦٥٥ زایینی هەندێک لە خەڵک و سوپا خەلیفەیان لە ماڵەکەی خۆی گەمارۆدا و داوایان لێکرد دەست لەکار بکێشێتەوە و ئەویش ئەم داواکارییەی ڕەتکردەوە، هەڵیان کوتایە سەری و شەهیدیان کرد، ئەمە لە حاڵەتێکدا شەڕی لەگەڵ هێرشبەرەکان نەدەکرد. ئەو ئاژاوە و ئاشووبە هۆکاری زۆری هەبوو، دیارترینیان دەمارگیری خێڵایەتی و بڵاوبوونەوەی خراپەکاری و تەنگ و چەڵەمە لە لایەن کەسانی وەک (عەبدوڵای کوڕی سەبە) و خۆشکردنی ئاگری ئاژاوەکە.

عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب

نەیارانی عوسمان و زۆربەی کۆچیاران و پشتیوانان (المهاجرین والأنصار) عەلی کوڕی ئەبی تاڵیبیان بە خەلیفە هەڵبژارد و بە ڕآبەری باوەڕداران ناویان دەبرد و نوێنەری هەرێمەکانیش بەم هەڵبژاردنە ڕازی بوون، تەنها والی شام معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان نەبێت کە لە بەرەبابی خەلیفە عوسمانی بوو و یەکسەر پاڵاوتنی عەلی ڕەتکردەوە و دروشمی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عوسمانی بەرز کردەوە، هەروەها عائیشەی خێزانی پێغەمبەر (د.خ) بە خیلافەتی عەلی ناڕآزیبوو و لەشکرێکی لە هاوبیرانی کۆکردەوە کە زۆربەیان لە هەڤاڵانی پێغەمبەر بوون، عەلیش لە شەڕی (الجمل) بەرەنگاریان بووەوە و ژمارەیەکی لێ کوشتن و عائیشەی بە ڕێزەوە گەڕاندەوە بۆ مەککە.

لەو ڕۆژە پایەی بەرزی خەلافەکە کەلێنی گەورەی تێکەوت و بەها پیرۆزەکانی لەکەدار بوون و ئاژاوە و ناتەبایی و ململانێ کەوتە نێو جەماوەری موسڵمانانەوە و سەدان لە هەڤاڵانی پێغەمبەر و سەرکردەی موسڵمانان بەم هۆیەوە تێداچوون.
دووبەرەکی خەلیفە عەلی و معاویە شەڕی (الصفین)ـی لێ کەوتەوە و معاویە بە زۆرزانی خۆی خەلیفە عەلی و یاوەرانی لە خشتە برد و گرەوی لێ بردنەوە و دار و دەستەکەی بەیعەتیان دایە و کردیان بە خەلیفەی خۆیان و لە بەرەی لایەنگرانی عەلیشدا کۆمەڵێک توندڕەو جیابوونەوە و عەلیان بەوە تاوانبار کرد کە چۆن لەگەڵ معاویەدا دانوستاندن دەکات و ڕێکدەکەوێت و ناوی شوراتەکان (الشراە)یان لە خۆنا کەچی بە لەڕێ دەرچوون (الخوارج) ناویان دەکرد و دایان نابوو عەلی و معاویە و عەمری کوڕی عاس بکوژن، کەچی تەنها عەلی بەرکەوت و لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٤٠ کۆچی /٦٦١ زاینی لە مزگەوتی کوفە شەهیدیان کرد.


سەرچاوەکان



1900 بینین