عەباسییەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-27-01:27:00 - کۆدی بابەت: 4891
عەباسییەکان

ناوه‌ڕۆك

خەلافەت لە سەردەمی عەباسییەکاندا

ساڵی خەلافەت : (١٣٢-٦٥٦ کۆچی - ٧٤٩-١٢٥٨ز)

عەباسییەکان دوای چارەکە سەدەیەک خەباتی نهێنی و ڕێکخراوەیی لە ساڵی ١٣٢ کۆچی / ٧٤٩ زاینی و بە پشتیوانی مەوالییەکان توانیان دەوڵەتی ئومەوی لەناو ببەن و دەسەڵات بگرنە دەست و بۆ ماوەی پتر لە پێنج سەدە خەلافەیان بە دەستەوە بوو.
سیستەمی خەلافەت لە سەردەمی عەباسی هیچ چاکسازی و پێشکەوتنێكی باشی بەخۆوە نەدی، سەرەڕای پشتاوپشتی، نەریتی تر هاتە کایەوە کە هەرگیز لەگەڵ لێکدانەوەی فیقهی و بری ئیسلامیدا نەدەگونجان و کەسانی وا دەبوونە خەلیفە کە هێشتا لە تەمەنی مێردمنداڵی و هەرزەکاریدا بوون. موقتەدیر (المقتدر باللە) (٢٩٥-٣٢٠ کۆچی / ٩٠٨-٩٣٢ زایینی) ئەو کاتەی پۆستی خەلیفەی وەرگرتە دەست تەمەنی تەنها سێزدە ساڵان بوو و هەندێک خەلیفە زیاتر لە کوڕێکی خۆی دیاری دەکرد تا ببنە جێگری، هاڕوونە ڕەشید (هارون الرشید) سێ لە کوڕەکانی دەستنیشان کرد تا یەک لە دوای یەک جێگەی بگرنەوە، لە لایەکەی ترەوە لە دەرەنجامی کێشە و ململانێیە ناوخۆییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەردەمی ئەمەوی و سەرەتای سەردەمی عەباسی، ژمارەیەک دەستە و گروپی ئاینی و هزری و سیاسی ئامێز دەرکەوتن کە هەریەکەیان تێڕوانینی خۆی هەبوو لەمەڕ چەمکی خەلافە و موسڵمانان کە لە زۆر لایەنەوە جیاواز، بەڵکو ناکۆک بوو لەگەڵ تێڕوانینی دەستە و لایەنەکانی تر. خەلافەی عەباسی بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە.

قۆناغەكانی خەلافەتی عەباسی

قۆناغی بەهێزی (١٣٢-٢٢٧ کۆچی)

لەم قۆناغەدا سەرەڕای هەڕەشەی بزاڤە چەکدارییە بەرهەڵستەکانی ناوخۆ و خەلیفەکان بەهێز و خاوەن دەسەڵات بوون. کاروباری دەوڵەت لە دامەزراندن و لابردنی وەزیرەکان و والییەکان و بڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن و تەنانەت سەرکردایەتی سوپاش بە دەستی خەلیفەکانەوە بوو.

قۆناغی دەسەڵاتی سەکردە تورکەکان (٢٢٧-٣٣٤ کۆچی)

لەم قۆناغەدا، خەلیفەی عەباسی هیچ دەسەڵات و سەروەرییەکی نەما، تەنها بەناو وەک هێمایەکی مابۆوە و سەرکردە تورکەکان بە خواست و ئارەزووی خۆیان دەجوڵانەوە و دەوڵەتیان بەڕێوە دەبرد و هیچ ڕێز و شکۆمەندیان بۆ خەلیفە دانەنا، هەرکاتێک بیانویستایە خەلیفەیان لادەبرد و سەرکۆنەیان دەکرد و یەکێکی تریان لە شوێنی دادەمەزراند و هەر خەلیفەیەک سەرپێچی بکردایە و بە دڵی تورکەکان هەڵسوکەوتی نەکردایە ئەوە چارەنووسی کوشتن یان زیندانی کردن و چاو هەڵکوڵان بوو.

خەلیفەكان

لە ماوەی دە ساڵدا پێنج خەلیفە بە فیتی تورکەکان کوژران یان لەسەر کار لابران، ئەوانیش : 

  • متوەکیل
  • مونتەسیر
  • موستەعین
  • موعتەز
  • موهتەدی

لەمانەش ترسناکتر لە کۆتایی سەدەی سێهەمی کۆچی-سەرەتای سەدەی دەیەمی زایینی فاتمییەکان لە ڕۆژئاوای ئیسلامی دەرکەوتن و دامەزراندنی خیلافەی فاتیمی شیعییان ڕآگەیاند و لە ساڵی ٣٥٨ کۆچی کۆنتڕۆڵی میسریان کرد و شآری قاهیرەیان دروستکرد و کردیانە پایتەخت، هەروەها لە ساڵی ٣١٧ کۆچی، ئەمەوییەکانیش لە وڵاتی ئەندەلوس ئەم هەنگاوەیان نا و میرنشینەکان بە خەلافە ناوزەند کرد، میر عەبدولرەحمانی ناسری ئەمەوی نازناوی خەلیفەی لەخۆ نا.

فاتمییەکان و ئەمەوییەکانی ئەندەلوس نە دانیان بە شەرعیەتی دەسەڵاتی یەکتر دەنا و نە بە شەرعیەتی خەلافەی عەباسی لە بەغدا، بەڵکو فاتمییەکان هەر لە سەرەتاوە بە هەموو ڕێگە و شێوازێک کاریان دەکرد خەلافەی عەباسی لە بنەوە هەڵتەکێنن و عێراق و حیجازیش بخەنە ژێر دەسەڵاتیانەوە.

سەردەمی بوەیهی (٣٣٤-٤٤٧ کۆچی)

خەلیفەی عەباسی لەم قۆناغەدا لەوپەڕی بێ هێزی و بێ دەسەڵاتیدا بوو، دەوڵەت لە لایەن بوەیهییەکانەوە بەڕێوە دەبرا و خەلیفەیان لەبەر سیاسەت و لەبەر ڕای گشتی هێشتبۆوە، دوای ئەوەی بێ بەریان کرد لە هەموو دەسەڵاتە سیاسییەکان و موچەیەکی مانگانەیان بۆ بڕیبۆوە بۆ خەرجی و مەسرەفی و نووسەرێکیان بۆ دادەمەزراند تا ئیش و کار و پێداویستییەکانی بۆ هەڵسوڕێنێ.
میری بوەیهی هەردەم لەگەڵ ناوی خەلیفە دەهات لە خوتبەی ڕۆژانی هەینی و لە نەخشاندنی دراودا، خەلیفە تەنها ئەوەی بۆ مابووەوە بتوانێ قازییەکان و پێشنوێژی مزگەوتەکان و پیاوانی ئاینی دابمەزرێنێت و سەرپەرشتی کاروبارە ئاینییەکان بکات و هەقی ئەوەی نەبوو دەست لە سیاسەتی دەوڵەت وەربدات.

سەردەمی سەلجوقی (٤٤٧-٥٩٠ کۆچی)

سەلجوقییەکان هەرچەندە دەستیان بەسەر بەغدای پایتەخت و هەرێمەکاندا گرت، بەڵام لە هەمان کاتدا خەلافەی عەباسیان ژیاندەوە و مەترسی فاتمییەکانیان دوورخستەوە و دوای مردنی سوڵتان مەلیک شاهی سەلجوقی لە ساڵی ٤٨٥ـی کۆچی، دەوڵەتی سەلجوقی بەرە بەرە ڕووی لە کزی و لاوازی کرد، دووبەرەکی و شەڕ و لێکدان کەوتە نێوان کوڕانی مەلیکشا و میرانی دەوڵەتەوە و لە سەدەی شەشەی کۆچی/ دوازدەهەمی زایینی قەڵەمڕەوی سەلجوقی پارچە پارچە بوو، خەلیفەی عەباسی بووە لایەنێکی ئەم هەڤگڕییە و پشتی سوڵتانێکی دەگرت دژی ئەوانی تر.


سەرچاوەکان



3163 بینین