خوێن و فیدیەی حەج

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-23-02:51:00 - کۆدی بابەت: 4770
خوێن و فیدیەی حەج
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

باسی خوێن و (فدیة)ـی حەج

ئەو خوێنانەی واجب ئەبن لە ماوەی ئیحرامدا پێنج جۆرن:

خوێنی یەکەمیان: ئەو خوێنەیە کە واجب ئەبێ بە نەکردنی فەرمانپێکراوێک: وەک بەردبارانکردنی شەیتانەکان، مانەوەی شەوێ لە (مینا) و لە (مزدلفة). ئیحرامبەستن لە شوێنی دیاریکراو، (طواف الوداع)، لەدەستچوونی وەستانی عەرەفە، پێشخستنی عومرە لەسەر حەج، پێکەوەکردنی حەج و عومرە.

ئەو خوێنەی ئەیکەوێتە سەر بەهۆی ئەو هەشتانەی باسمان کردن ڕیزی بۆ داندراوە و دیاریکراوە بەم جۆرە:

ئەبێ مەڕێک، یان بزنێک بکوژێتەوە و گۆشتەکەی بداتە هەژارەکانی حەرەمی مەککە، جا ئەگەر مەڕ، یان بزنی دەست نەکەوت، یان توانای نەبوو بیکڕێ، واجبە دە ڕۆژان بەڕۆژوو ببێ: سێ ڕۆژان لەو دەیانە لە حەجدا بەڕۆژوو دەبێ و حەفت ڕۆژەکەی تریش کاتێ گەیشتەوە ماڵەوە، خوای گەورە فەرموویەتی: (فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاثَةِ أَيَّامٍ فِي ٱلْحَجِّ وَسَبْعَةٍ إِذَا رَجَعْتُمْ تِلْكَ عَشَرَةٌ كَامِلَةٌ) هەر کەسێک مەڕی دەست نەکەوت، ئەبێ سێ ڕۆژان لە حەجدا و حەوت ڕۆژانیش لە ماڵەوە بەڕۆژوو ببێ، ئەوە دەی تەواوە.

لەو خوێنەی بەشی یەکەمدا جیاوازی نییە لە نێوان کەسێک کە بە ویستی خۆی فەرمان پێکراوەکەی نەکردبێ، یان بە نەزانی نەیکردبێ.

خوێنی دووەم: ئەو خوێنەیە کە واجب ئەبێ بە تاشین، واتە: لابردنی سێ موو، یان زیاتر، یان سێ نینۆک، یان زیاتر، هەروەها ئەو خوێنە واجب ئەبێ بە دڵفراوان کردن: بەهۆی جل دەبەرکردن و خۆ چەورکردن و سەر داپۆشین و خۆبۆنخۆشکردن و لەشپیسبوون: بەهۆی دەستبازی کردن لەگەڵ لەشی خۆی یان لەگەڵ ئافرەت.

خوێن ئەو جۆرە شتانەی باسمان کردن بە گوێرەی دڵی خوێندەرەکەیە، بەڵام دیارکراوە: ئەبێ مەڕێک، یان بزنێک سەر ببڕێ و گۆشتەکەی بداتە هەژارانی حەرەمی مەککە، یان سێ ڕۆژان بەڕۆژوو ببێ، جا لە هەر شوێنێ بەڕۆژوو ببێ دروستە، یان سێ ساع دانەوێڵە بکاتە خێر بیداتە شەش گەدا، یان شەش هەژار لە حەڕەمی مەککەی پیرۆزدا، خوای گەورە فەرموویەتی: (فَمَنْ كَانَ مِنْكُمْ مَرِيضًا أَوْ بِهِ أَذًى مِنْ رَأْسِهِ فَفِدْيَةٌ مِنْ صِيَامٍ أَوْ صَدَقَةٍ أَوْ نُسُكٍ) هەر کەسێک نەخۆش بوو و جلی کردە بەر، یان لەبەر ناچاری سەری تاشی، با (فدیة) بدا بەم جۆرە: یان بەڕۆژوو ببێ، یان خێر بکا، یان مەڕ سەر ببڕێ.

لابردنی موو و نینۆک جیاوازی نییە لە نێوان زانا و نەزان و لە نێوان ئەو کەسەی لە بیری بێ لە ژێر ئیحرامە، یان لە بیری نەبێ، واتە: ئەوانە (فدیة)ـیان ئەکەوێتە سەر، بەڵام لە جلوبەرگ و خۆ بۆنخۆش کردن و خۆ چەورکردن و دەستبازی کردن، (فدیة) تەنها لەسەر ئەو کەسە واجب ئەبێ: کە بزانێ حەرامە و بە قەسدی وا بکا و بزانێ لە ژێر ئیحرامە، کەواتە: ئەگەر کەسێک لەبیری بچێ، یان نەزانێ کە حەرامە، یان بە هەڵە ئەوانەی کرد، ئەوە (فدیة)ـی ناکەوێتە سەر.

خوێنی سێیەم: ئەو خوێنەیە کە واجب ئەبێ بە قەدەغەکردن لە تەواوکردنی حەج، یان عومرە، ئەو قەدەغەکراوە ئیحرامی خۆی هەڵئەوەشێنێتەوە و مەڕێک، یان بزنێک ئەکاتە (فدیة) و هەر لەو شوێنەی کە لێی قەدەغەکراوە -بە نیەتی خۆ حەڵالکردن- ئەیکوژێتەوە و ئەیداتە هەژارەکانی ئەو شوێنە، ئینجا -لە دوای (فدیة)ـکە- سەری خۆی ئەتاشێ بە نیەتی لە ئیحرام دەرچوون.

جا ئەگەر مەڕ، یان بزنی دەست نەکەوت، بە ئەندازەی نرخی مەڕەکە دانەوێڵە ئەکڕێ و ئەیداتە هەژارەکانی ئەو شوێنە، جا ئەگەر دەستی نەکەوت، یان پارەی نەبوو بیکڕێ، ئەوە لەجیاتی هەر مستێکی ئەو دانەوێڵەیە ڕۆژێک بەڕۆژوو ئەبێ لەهەر شوێنێک کە خۆی پێی خۆش ئەبێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (فَإِنْ أُحْصِرْتُمْ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْيِ) ئەگەر قەدەغەکران لە تەواوکردنی حەج، یان عومرە، هەر (فدیة)ـکی ڕێک کەوت بیدەن.

خوێنی چوارەم: ئەو خوێنەیە کە واجب ئەبێ بە هۆی کوشتنی نێچیر، یان بڕینی درەختی حەرەمی مەککەی پیرۆز، ئەو خوێنەی بەو دوو شتانە واجب ئەبێ بە گوێرەی دڵی خوێندەرەکەیە:
ئەگەر نێچیرەکە لەو جۆرە بوو کە وێنەی هەبوو لە ئاژەڵی خۆماڵی، ئەوە وێنەی ئەو نێچیرە ئەکاتە (فدیة) لە بزن و مەڕ و وشتر و گاجووت، واتە: لە تۆڵەی نەعامە ووشترێک سەر ئەبڕێ، لە تۆڵەی کەرەکێوی و چێڵی کێوی کاجووتێک سەر ئەبڕێ، یان لە تۆڵەی ئاسک، یان کۆتر، مەڕێک ئەکوژێتەوە یان ئەو وێنەیە لە ئاژەڵی خۆماڵی ئەقرسێنێ بە ئەندازەی نرخی ئەو ئاژەڵە دانەوێڵە ئەکڕێ و ئەو دانەوێڵەیە ئەکاتە خێر و دابەشی ئەکا بەسەر هەژارانی حەرەمی مەککەدا یان بەڕۆژوو دەبێ لە جیاتی هەر مستێکی ئەو دانەوێڵەیە ڕۆژێک.
بەڵام ئەگەر ئەو نێچیرە وێنەی نەبوو لە ئاژەڵی خۆماڵی: وەکو هەموو باڵندەیەک، جگە لە کۆتر ئەوە بە ئەندازەی نرخی ئەو نێچیرە دانەوێڵە ئەداتە هەژاران حەرەمی مەککە یان بەڕۆژوو ئەبێ لە جیاتی هەر مستێک ڕۆژێک، خوای گەورە فەرموویەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَقْتُلُوا الصَّيْدَ وَأَنتُمْ حُرُمٌ ۚ وَمَن قَتَلَهُ مِنكُم مُّتَعَمِّدًا فَجَزَاءٌ مِّثْلُ مَا قَتَلَ مِنَ النَّعَمِ يَحْكُمُ بِهِ ذَوَا عَدْلٍ مِّنكُمْ هَدْيًا بَالِغَ الْكَعْبَةِ أَوْ كَفَّارَةٌ طَعَامُ مَسَاكِينَ أَوْ عَدْلُ ذَٰلِكَ صِيَامًا) ئەی خاوەن باوەڕان نێچیر مەکوژن لە ماوەی ئیحرامدا، هەر کەسێک لە ئێوە نێچیر بکوژێ بە قەسدی، سزای ئەکەوێتە سەر، ئەبێ بە وێنەی ئەو نێچیرە ئاژەڵێکی خۆماڵی لە (فدیة) بدا، لە حەرەمی مەککەدا بیکوژێتەوە و هەر لە وێشدا بەشی بکا، دوو کەسی دادپەروەر وێنەی ئەو نێچیرە دیاری ئەکەن، یان بە ئەندازەی نرخی ئەو ئاژەڵە ئەبێ دانەوێڵە دەرخواردی هەژاران بدا لە مەککەدا، یان بە ژمارەی مستەکانی ئەو دانەوێڵەیە بەڕۆژوو ببێ.

خوێنی پێنجەم: ئەو خوێنەیە کە واجب ئەبێ بە جیماعکردن، ئەو خوێنە بەم ڕیزەیە:
یەکەم جار ووشترێکی پێنج ساڵە ئەکوژێتەوە، جا ئەگەر ووشتری دەست نەکەوت، مانگایەکی دوو ساڵە ئەکوژێتەوە، جا ئەگەر مانگای دەست نەکەوت حەوت مەڕ، یان حەوت بزن ئەکوژێتەوە، جا ئەگەر مەڕ و بزنی دەست نەکەوتن ووشترەکە ئەقرسێندرێ بە ئەندازەی نرخی ووشترەکە دانەوێڵە ئەکڕێ، ئەو گۆشت و دانەوێڵەیە ئەکاتە خێر بەسەر هەژارانی حەرەمی مەککەدا، جا ئەگەر دانەوێڵەی دەست نەکەوت، یان پارەی نەبوو، لە جیاتی هەر مستێک بەڕۆژوو ئەبێ، بەڵگە: فتوای ئیمامی (عمر) و ئیمامی (علی)ـیە، کە باسمان کرد.

تێبینی گشتی

ئەو ئاژەڵەی لە (فدیة) و خوێنی حەج ئەدرێ، یان بە دیاری هێناویە بۆ (مکة)، دروست نییە لە هیچ شوێنیکدا بیکوژێتەوە تەنها لە حەرەمی مەککەدا نەبێ.

هەروەها بەشکردنی گۆشت و دانەوێڵەی (فدیة)ـش لە هەموو شوێنێکدا دروست نییە تەنها لە حەڕەمی مەککەدا نەبێ، واتە: گۆشتەکە و دانەوێڵەکە، ئەبی بدرێتە ئەو گەدا و هەژارانە کە لە حەرەمی مەککەدانە، هەرچەند خەڵکی مەککەش نەبن، کەوابوو: دروست نییە بە خۆی هیچی لێبخواو، نابێ بیداتە دەوڵەمەندان.

لە مەزهەبی ئیمامی (حنفي)ـدا: تەنها سەربڕینی (فدیة)ـکە لە مەککەدا واجبە، بەڵام بەشکردنی گۆشتەکە و دانەوێڵەکە لە هەموو شوێنێکدا دروستە.

دروستە بەڕۆژوو ببێ لەجیاتی (فدیة)ـی حەج لەهەر شوێنێک کە بەخۆی پێی خۆشە.

دروست نییە کوشتنی نێچیری حەرەمی مەککە، هەرچەند لە ژێر ئیحرامیش نەبێ، هەروەها دروست نییە بڕین و هەڵکەندنی درەخت و گیای حەرەمی مەککە، ئەو کەسەی کە حەڵاڵە و لە ژێر ئیحرامدا نییە و ئەو کەسەی کە لەژێر ئیحرامدایە لەو قەدەغەکردنەدا یەکسانن، واتە: وەکو یەکتری تۆڵەیان ئەکەوێتە سەر، هەروەها جیاوازی نییە لە نێوان کەسێک کە نەزانی حەرامە، یان لەبیری چووبێ، یان بە هەڵە بیکا، ئەوانە گشتیان (فدیة)ـیان ئەکەوێتە سەر.

خواردنی گۆشتی نێچیری مەککە و ئەو نێچیرەی حاجی لە ماوەی ئیحرامدا کوشتوویەتی، یان سەری بڕیوە -وەکو گۆشتی مردار- حەرامە، هەرچەند نێچیرەکەیش هی مەککە نەبێ، بەڵام نێچیری دەریا بە هەموو شێوەیەک حەڵاڵە (عن أبی هریرة -رضي اله عنه-: قال النبی ﷺ: ألا وإنها ساعتی هذه حرام لا یخبط شوکها ولا یعضد شجرها ولا ینفر صیدها) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئاگادار بن لە ئێستا بەولاوە لە (مکة)ـی پیرۆزدا حەرامە درەخت و گیای ببڕدرێ و نێچیرەکانی ئازار بدرێن و بفڕێندرێن.

ئەگەر یەک دانە گیا هەڵکەنێنێ ئەبێ نرخەکەی بدا، بەو مەرجەی ئادەمیزاد ئەو گیایەی نەچاندبێ، واتە: هەر بە خۆی ڕوابێ، بەڵام لە درەختدا جیاوازی نییە ئادەمیزادن بیچێنێ، یان هەر بە خۆی ڕوابێ، ئەبێ تۆڵەی هەر بدا، واتە: لە تۆڵەی درەختێکی گەورە مانگایەک ئەکوژێتەوە، لە تۆڵەی درەختێکی بچووک مەڕێک ئەکوژێتەوە، وە لە تۆڵەی درەختی زۆر بچووک نرخەکەی ئەدا.

هەر کەسێک نیازی حەجکردنی هەبوو ئەبێ تۆبەیەکی بەڕاستی بکا و مافی خەڵک بداتەوە و گەردەنی خۆی بە خەڵک ئازاد بکا، ئامۆژگاری ماڵ و منداڵی بکا، وە لەگەڵ هاوڕێکانی باشبێ و ململانەی ڕووگرژییان لەگەڵ نەکا، ئینجا لەو ماوەیەی کە لە مەککەی پیرۆزە زۆر عومرە بکا، جگە لە عومرەی واجب (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: وال النبی ﷺ: العمرة إلی عمرة کفارة لما بینهما) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: لەم عومرەیە تا عومرەکەی تر، ئەبێتە داپۆشەری تاوانەکانی نێوانیان. هەروەها با زۆر تەواف بکا، جگە لە تەوافەکانی حەج و عومرە.

هەروەها سوننەتە بۆ ئەو کەسەی لە مەککەیە، یان لە مەدینەیە -ئایا حاجی بێ، یان تەنها ڕێبوار بێ- کاتی خۆی بەفیڕۆ نەدا و خۆی خەریک بکا بە ئیعتیکاف و قورئان خوێندن و نوێژکردن لە مزگەوتی (الحرام)، واتە: ماڵی خوا و، هەم لە مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ.
(عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: صلاة فی مسجدی هذا أفضل من ألف صلاة فیما سواه إلا المسجد الحرام) رواه الشیخان، وزاد ابن ماجه: (وصلاة فی مسجد الحرام أمضل من مأة ألف صلاة فیما سواه) وزاد البیهقی: (صلاة فی البیت المقدس خمسمأة صلاة) پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: یەک نوێژ لە مزگەوتی من -لە (مدینة)- خێری زۆرترە لە هەزار نوێژ لە مزگەوتەکانی تر، جگە لە مزگەوتەکانی تر، جگە لە مزگەوتی (الحرام) -واتە: ماڵی خوا لە مەککە) وە یەک نوێژ لە مزگەوتی ماڵی خوادا -لە مەککە- خێری زۆرترە لە سەد هەزار نوێژ لە مزگەوتەکانی تر، وە یەک نوێژ لە مزگەوتی (بیت المقدس)ـدا -لە (فلسطین)- خێری پێنج سەد نوێژی هەیە.


سەرچاوەکان



553 بینین