ڕەجمی شەیتانەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-02-20:05:00 - کۆدی بابەت: 4075
ڕەجمی شەیتانەکان

ناوه‌ڕۆك

ڕەجم واتە چی؟

واجبی دووەمی حەج: بەردبارانکردنی هەرسێک شەیتانەکانە لە ڕۆژی جەژنی قوربان و دوو ڕۆژەکەی دوای جەژندا، خوای گەورە فەرموویەتی: (فَمَن تَعَجَّلَ فِي يَوْمَيْنِ فَلاَ إِثْمَ عَلَيْهِ وَمَن تَأَخَّرَ فَلا إِثْمَ عَلَيْهِ) هەر کەسێک لەو دوو ڕۆژانەی دوای جەژندا شەیتانەکانی بەردباران کردن و ویستی (مینا) بەجێ بهێڵێت، ئەوە دروستە و گوناهی ناگاتێ، وە هەر کەسێک ویستی بۆ ڕۆژی سێیەمی دوای جەژن بمێنێتەوە، ئەمەش دروستە و گوناهی ناگاتێ.

چۆن دەكرێ؟

بەردبارانکردنی شەیتانەکان بەم جۆرەی داهاتووە:

شەیتانی گەورە

لە ڕۆژی جەژنی قورباندا تەنها شەیتانی گەورە بەردباران بکات، کە ئەکەوێتە لای (مکة)ـی پیرۆز، سنووری (مینا)ـش لەوێ کۆتایی دێت.

کاتی ئەو بەردبارانەی ڕۆژی جەژن و کاتی (طواف الإفاضة) و کاتی سەرتاشین، گشتی لە نیوەی شەوی جەژنەوە دەست پێدەکات، ئینجا کە حاجی دووانی لەو سێیانە کردن، لە ژێر ئیحرام دەرئەچێ و بەرگی خۆی ئەکاتەوە بەر، وە هەر کامیان لەو سێیانە پێش ئەوی تریان بکرێ زیانی نییە (عن ان عباس -رضي الله عنهما-: ما سئل النبی ﷺ یومؤذ عن شیء قدم والا أخر؟ إلا قال: إفعل ولاحرج) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ لە ڕۆژی جەژندا لە هەر شتێک کە پێش خرابوو، یان دواخرابووو، پرسیاریان لێ کردبایە؟ هەر ئەیفەرموو: بیکە و گوناهـ نییە.

كەی دەكرێ؟

لە ڕۆژی یەکەم و دووەمی دوای جەژن واجبە هەرسێک شەیتانەکان بە ڕیز بەرباران بکرێن.

ڕیزبەندی

یەکەم جار دەست بە شەیتانی بچووک بکا -کە لە لای عەرەفەیە- ئینجا شەیتانی ناوەنجی، ئینجا شەیتانی گەورە.

ژمارەی بەرد

هەر شەیتانێک حەوت بەردی لێ بدرێ، یەکە یەکە، جا ئەگەر هەر حەوتی بە کۆمەڵ لێدان، ئەوە هەر بە یەک جار ئەژمێردرێ.

ئاستی بەرد

بەردەکان بکەونە ناو حەوزەکە، بەڵام مانەوەیان مەرج نییە، واتە: ئەگەر بەردەکەی لێدا و کەوتە خوارەوە، ئەوە دروستە.

تێبینی: کاتی بەردبارانکردنی هەرسێک شەیتانەکان لە نیوەڕۆی ڕۆژەکانی دوای جەژنەوە دەست پێ ئەکا و تا ڕۆژئاوابوونی ڕۆژی سێیەمی دوای جەژن هەر بەردەوامە، واتە: دروستە بەردبارانی ڕۆژی جەژن و ڕۆژەکانی دوای جەژن دوابخا بۆ ڕۆژی دووەمی، یان سێیەمی دوای جەژن.

- بە لەبیرکردنی لێدانی لێدانی بەردێک مستە گەنمێک واجبە، بە دوو بەرد، دوو مست، بە سێ بەرد، یان زیاتر، (فدیة)ـی تەواو واجب ئەبێ.

- هەر کەسێک لەو ماوەیەدا نەخۆش بوو، بە جۆرێکی وەها نەیئەتوانی بەپێوە نوێژ بکا و تا کۆتایی ڕۆژی سێیەمی دوای جەژن چاوەڕوانی چاکبوونەوەی نەئەکرا، یان ئەوەندە پەککەوتوو بوو بە پێوە خۆی ڕانەئەگرت، ئەوانە بۆیان دروستە وەکیلێک بگرن کە شەیتانەکانیان لەجیاتی بەردباران بکا، بەڵام ئەبی وەکیلەکە بەردبارانی شەیتانەکان بۆ خۆی تەواو بکا، ئینجا لەجیاتی نەخۆشەکەش بەردباران بکا.

- ئیمامی (الحرمین) و ئیمامی (الرافعي) فەرموویانە: دروستە پێش نیوەڕۆ شەیتانەکان بەردباران بکرێن. کەوابوو: نەخۆش و پەککەوتوو ئەتوانن سوود لەم فەرموودەیە وەربگرن.

واجبی سێیەمی حەج

سەرتاشینە، بەڵام گوتمان: -بە فەرموودەی بەهێزتر- ئەمەیان ڕوکنی حەج و عومرەیە.

واجبی چوارەمی حەج

شەو مانەوەیە لە (مزدلفة)، کە لە عەرەفە گەڕایەوە، واتە: لە دوای نیوەشەوی جەژن تا بەیانی ماوەی هەیە، واجبەکەش بە ماوەیەکی کەم پێک دێت، سوننەتە -ئەگەر ڕێبوار بێت- نوێژی مەغریب و عیشا لەوێ بە (جمع التأخیر) بکا، هەروەها سوننەتە بەردەکانی ڕەجمی شەیتان لەوێ هەڵبگرێتەوە بۆ هەرسێک ڕۆژەکان.

واجبی پێنجەمی حەج

شەو مانەوەیە لە (مینا)، واتە: شەوی یەکەم و دووەمی دوای جەژن واجبە لە (مینا) بمێنێتەوە و بە رۆژیش شەیتانەکان بەردباران بکا وەکو گوتمان، ئینجا کە رۆژی دووەمی دوای جەژن شەیتانەکانی بەردباران کردن، بۆی دروستە (مینا) بەجێ بهێڵێت و بچێتەوە (مەککە)، بەڵام ئەگەر تا ڕۆژئاوابوون نەڕۆیشت، واجبە شەوی سێیەمیش هەر لە (مینا) بمێنێتەوە و ڕۆژی سێیەمیش شەیتانەکان بەردباران بکا.


سەرچاوەکان



1074 بینین