موگناتیس

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-13-04:35:00 - کۆدی بابەت: 4459
موگناتیس

ناوه‌ڕۆك

سیفەیەکانی موگناتیس

زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ لەمەو پێش یۆنانییەکان هەندێک کانزایان دۆزیەوە کە توانای کێشکردنی ئەو تەنانەی هەبوو کە ئاسنی تیابوو وە ناویان نا موگنەتیت بە ناوی ناوچەی مغنیزیاوە لە تورکیادا کە ئەو بەردەی لێ دۆزرایەوە، موگناتیس ئەو ماددەیە کە توانای کێش کردنی ئاسن وە یان هەموو ئەو ماددانەی کە ئاسنی تیابێت هەیە، هەموو موگناتیسەکان هەندێک سیفاتیان هەیە کە بریتیین لە هەموو موگناتیسێک دوو جەمسەری هەیە، موگناتیسەکان هێز دەخەنە سەر یەکتری، وە هەر موگناتیسێک بوارێکی موگناتیسی دەورەی داوە.

جەمسەرەکانی موگناتیس

کاریگەری موگناتیس لە هەموو بەشەکانیدا وەک یەک نییە، ئەگەر تووڵە موگناتیسێک بخرێتە ناو قوتویەک کە کاغزگرەی ئاسنی تیابێت بەشی زۆری کاغەزگرەکان لە دوو جەمسەری توڵەکەوە کۆدەبنەوە و پێوەی دەنوسێن ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کاریگەری هێزی موگناتیس لە دوو لایەکەی موگناتیسدا زۆرترینە، هەر لایەکی موگناتیس بریتییە لە جەمسەرێکی موگناتیسی واتە دوو جەمسەری موگناتیس دوو خاڵن لە موگناتیسدا سیفەری موگناتیسی جیاوازیان هەیە.

جەمسەری باکوور و باشوور

ئەگەر تووڵە موگناتیسێک لە ناوەڕاستیدا بە هۆی پەتێکەوە هەڵبواسرێت بە جۆرێک بە ئاسانی ئاسۆیانە بتوانێت بجووڵێت پاش وەستانەوەی دەبینین هەموو کاتێک یەکێک لە جەمسەرەکانی ڕوودەکاتە باکووری زەوی ئەو جەمسەرەی کە هەموو کاتێک ڕوودەکاتە جەمسەری باکوور پێی دەوترێ جەمسەری باکوور جەمسەرە موگناتیسییەکان هەردەم دووانەن ناتوانرێت موگناتیسێک دەستکەوێت تەنها جەمسەری باکووری هەبێت یان تەنها جەمسەری باشووری هەبێت.

‌هێزە موگناتیسیەکان

ئەگەر موگناتیسێک لە نزیک موگناتیسێکی ترەوە دابنرێت ئەوا هەریەکەیان، هێزێکی موگناتیسی دەخاتە سەر ئەوی تریان بەو هێزە دوو موگناتیس پاڵ بەیەکەوە دەنێن یان یەکتر کێش دەکەن، ئەم هێزەش هەموو کاتێک دروست دەبێت ئەگەر هات و دوو جەمسەری موگناتیس لە یەک نزیک بکرێنەوە، ئەگەر دوو توڵی موگناتیسی لەسەر یەک جووت بکرێن بەیەکدا دەنوسێن کاتێک جەمسەرەکانیان پێچەوانەی یەکتر بن بەڵآم ئەگەر یەکێکیان هەڵبگەڕێنینەوە ئەوا لە یەک دوور دەکەونەوە، هێزی موگناتیسی نێوان دوو موگناتیس دەوەستێتە سەر شێوەی دانانی دوو موگناتیسەکە لە یەکتر دوور دەکەونەوە و پاڵ بەیەکەوە دەنێن ئەگەر دوو جەمسەرەکە چوونیەک بن وە لە یەکتر نزیک دەکەونەوە و یەکتر کێش دەکەن ئەگەر دوو جەمسەرەکە جیاواز بن ئەگەر جەمسەرێکی باکووری موگناتیسی لە جەمسەرێکی باشوور نزیک بخرێتەوە هێزی کێشکردن لە نێوانیاندا ڕوودەدات ئەگەر دوو جەمسەری باشووری موگناتیسی لە یەک نزیک بخرێتەوە هێزی دوورکەوتنەوە لە نێوانیاندا ڕوودەدات ئەگەر دوو جەمسەری باکووری موگناتیسی لە یەک نزیک بخرێنەوە هێزی دوورکەوتنەوە لە نێوانیاندا ڕوودەدات.

بواری موگناتیسی

بواری موگناتیسی لە دەوری موگناتیسدا هەیە، کە هێزی موگناتیسی تیادا دیاردەکەوێت، دەتوانرێت شێوەی بواری موگناتیسی دەستنیشان بکرێت بە هێڵەکانی بواری موگناتیسی کە ئەم هێڵانەش لە جەمسەری باکووری موگناتیسەوە بۆ جەمسەری باشووری موگناتیسی وێنە کراون. بەو ‌هێڵانە دەوترێ هێڵەکانی بواری موگناتیسی وە هەتا ئەم ‌هێڵانە لە شوێنێکەوە لە یەکەوە نزیکتربن ئەوا توندی بواری موگناتیس لەو شوێنەدا بەهێزە.

چی وا لە ماددەکان دەکات موگناتیسی بن؟

هەندێک لە ماددەکان موگناتیسین وە هەندێکی تریان نا موگناتیسین بۆ نموونە موگناتیس دەتوانێت بزماری ئاسن کێش بکات بەڵآم ناتوانێت کاغەز و نایلۆن و هەندێ پارەی کانزایی و ئەلەمنیۆم کێش بکای، هۆی ئەم جیاوازییە ئەوەیە ئەگەر ماددەکە موگناتیسی بێت یان نا، ئەوا ئەم سیفەتە بە گەردیلەکانی ماددەکەوە بەستراوە.

گەردیلەکان  و دۆمێنەکان

هەموو ماددەیەک لە گەردیلە پێکهاتووە ئەلیکترۆنەکان لە گەردیلەدا تەنۆکەی نێگەتیڤن کاتێک ئەو ئەلیکترۆنانە بە دەوری ناووکدا دەسووڕێتەوە بوارێکی موگناتیسی دروست دەکەن لە ئەنجامدا هەر گەردیلەیەک دوو جەمسەری بۆ  دروست دەبێت جەمسەری باکوور و جەمسەری باشوور، لە ماددەکانی وەک مس و ئەلەمنیۆم دا گەردیلەکان کاریگەری بواری موگناتیسی یەکتر ناهێڵن و ئەو ماددانە دەبێتە ماددەی نا موگناتیسی بەڵام لە ماددەکانی وەک ئاسن و نیکڵ و کۆباڵت دا ژمارەیەک لە گەردیلەکان لە ناوچەیەکی بچووک دا کۆدەبنەوە ئەم ناوچەیە پێی دەگوترێت دۆمێن لە دۆمێنێکی دیاریکراودا دوو جەمسەرەکەی باکوور و باشووری هەموو گەردیلەکان بە هەمان ئاڕاستە ڕیز دەبن، لە ئەنجامدا بوارێکی موگناتیسی بەهێز دروست دەبێت، ئەم دۆمێنانە لە ناو تەنەکاندا وەک موگناتیسی زۆر بچووکی قەبارە جیاواز کاردەکەن، جۆری ڕیزبوونی دۆمێنەکان لە ناو تەنەکاندا ئەوە دیاری دەکات کە ئایا ئەو تەنە سیفەتی موگناتیسی لێ بەدیارکەوتووە یان نا ئەگەر زۆربەی دۆمێنەکانی ماددەکان بە یەک ئاڕاستە ڕیز ببن بوارە موگناتیسیەکانیان یەک دەگرن و وا لە تەنەکە دەکەن سیفەتی موگناتیسی تیادا دیارکەوێت. ئەگەر ڕیزبوونی دۆمێنەکان هەڕەمەکی بێت ئەوا بوارە موگناتیسیەکانی هەر دۆمێنێک بە تەنیا هی ئەویتریان لە ناو دەبات و تەنەکەش سیفەتی موگناتیسی تیایدا دیارناکەوێت.

تێکچوونی ڕیزبوونی دۆمێنەکان

دۆمێنە ڕیزبووەکان لە ناو موگناتیسدا بەردەوام بە ڕیزبوویی نامێنێتەوە لە کاتێکدا کە دۆمێنەکان ڕیزبوونیان تێکدەچیت موگناتیس سیفەتی موگناتیسیەکەی ون دەکات، لە کاتی کەوتنەخوارەوەی موگناتیسێک یان پیاکێشانی وە یان گەرم کردنی ڕیزبوونی دۆمێنەکان تێکدەچێت و سیفەتی موگناتیسی لە ماددەکەدا کەم دەکاتەوە هەروەها ئەگەر موگناتیسەکە بخرێتە ناو بوارێکی موگناتیسی پێچەوانە دووبارە ئاڕاستەی دۆمێنەکان تێکدەچێت و سیفەتی موگناتیسی لەو ماددەیەدا کەم دەکاتەوە، کاری پلەی گەرمیش بۆ تێکدانی ئەو ڕیزبوونە زۆر کاریگەرە چونکە لە پلەی گەرمی بەرزدا گەردیلەکان بە خێرایی زۆرتر دەلەرنەوە و ڕیزبوونی دۆمێنەکان تێک دەدات و سیفەتی موگناتیسی لە ماددەکەدا کەم دەکاتەوە.

دروستکردنی موگناتیس

موگناتیس لە ماددەی ئاسن یا کۆباڵت یان نیکڵ دروست دەکرێت ئەوەی تەنها پێویستە ئەوەیە کە دۆمێنەکانی ماددەکە بە یەک ئاڕاستە ڕیزبکرێن، بۆ نموونە بزمارێکی ئاسن دەبێت بە موگناتیس ئەگەر جەمسەری موگناتیسێکی بەهێزی بە یەک ئاڕاستە پیا بخشێنرێت کەوا لە دۆمێنەکانی بزمارەکە دەکات بە یەک ئاڕاستە ڕیزببن وە تا ژمارەی ئەو دۆمێنە ڕیزبووانە زیاد بکرێت سیفەتی موگناتیسی لە ماددەکەدا زیاد دەکات.

دروست کردنی موگناتیس بە ڕێگەی لێکخشاندن چۆنێتی ڕاکێشانی تەنەکان ڕووەو موگناتیس نزیک دەکرێتەوە هەندێک لە دۆمێنە نزیکەکانی کاغەزگرەکە لەگەڵ بوارە موگناتیسەکەدا ڕیز دەبن و کاغەزگرەکە دەبێتە موگناتیسێکی کاتی، لێرەدا جەمسەری باکووری موگناتیسەکە بەرامبەر جەمسەرە باشوورەکەی موگناتیسەکە دەبێت لەبەر ئەوە ئەو موگناتیشە کاغەزگرە کێشدەکات، پاش لابردنی موگناتیسەکە دۆمێنەکانی کاغەزگرەکە دەگەڕێتەوە باری خۆیان و سیفەتە موگناتیسیەکە ون دەکەن.

پارچەکردنی موگناتیس

ئەگەر تووڵێکی موگناتیس بکرێتە دوو پارچەوە، دوو موگناتیسمان دەست دەکەوێت هەر یەکەیان دوو جەمسەری دەبێت باکوور و باشوور. موگناتیس دوو جەمسەری هەیە بە هۆی ڕیزبوونی دۆمێنەکانیەوە، هەر دۆمێنێک وەکو موگناتیسێکی بچووک واتە کە جەمسەری باکوور و جەمسەری باشووری هەیە واتە چەند موگناتیس پارچە پارچە بکرێت و بچووک بکرێتەوە ئەوا هەردەم دوو جەمسەری دەبێت باکوور و باشوور.

جۆرەکانی موگناتیس

گەلێک ڕێگە هەیە بۆ وەسفکردنی موگناتیس، هەندێکیان لە ئاسن یان نیکڵ یان کۆباڵت یان لە تێکەڵی ئەو ماددانە دروست کراون، ئەو موگناتیسانەی لەو ماددانە پێک هاتوون پێیان دەوترێ موگناتیسی ئاسنین، کە سیفەتی موگناتیسی بەهێزی هەیە، بۆ نموونە کانزای موگنەتیت کە موگناتیسێکی سروشتیە نموونەی ئەو موگناتیسە ئاسنینەیە کە لە سروشتدا هەیە، موگناتیسێکی تر هەیە کە پێی دەوترێ موگناتیسی کارەبایی. موگناتیسی کارەبایی دروست دەکرێت لە تێپەڕکردنی تەزوویەکی کارەبا بە تەلێکی هەڵپێچراو بە دەوری ناوکێکی ئاسندا.

موگناتیسی کاتی و موگناتیسی هەمیشەیی

دەتوانرێت موگناتیس بکرێت بە دوو جۆرەوە موگناتیسی کاتی و موگناتیسی هەمیشەیی، موگناتیسی کاتی دروست دەکرێت لە هەندێک ماددە کە بە ئاسانی دەبنە موگناتیس، بەڵام بە ئاسانی موگناتیسەکەی ون دەکات، دەشێت ئاسنی گونجاو واتە ئاسنێکی پاکی بێ خڵتە، ببێت بە موگناتیسی کاتی، کەچی موگناتیسی هەمیشەیی بە گران دەبێتە موگناتیس، بەڵام بە پێچەوانەی موگناتیسی کاتی بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر سیفەتە موگناتیسیەکانی دەپارێزێت لە چاو موگناتیسی کاتیدا، هەندێک لە موگناتیسە هەمیشەیی و بەهێزەکان لە دارشتەی تایبەتی کە تێکەڵەی ئەلەمنیۆم و کۆباڵت و ئاسنە دروست دەکرێن.


سەرچاوەکان



5352 بینین