کەسایەتی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-10-14:08:00 - کۆدی بابەت: 4353
کەسایەتی

ناوه‌ڕۆك

کەسایەتی

هەموو تایبەتمەندیەک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ وەک زیرەکی و توانستەکان و ئاستی ڕۆشنبیری، خووەکان، شێوازی بیرکردنەوە، بیروباوەڕ، ئاڕاستەکان، حەز و ئارەزووەکانی و هاوسەنگی و هەڵچوونی، ترسەکان، گرێ دەروونیەکان، پرسە تایبەتە کۆمەڵایەتیەکان وەک ڕادەی ڕاستگۆیی و لێبوردەیی و تایبەتمەندیە جەستەییەکان وەک باڵای جوان و هێزی مرۆڤ بە بەشێک لە کەسایەتی دەژمێردرێت و لە ڕێگەیەوە کەسایەتی تاکەکان هەڵدەسەنگێنرێت، هەموو ئەو هۆکارەی ئاماژەی پێکرا کەم تا زۆر کاریگەریان لە دروستکردنی کەسایەتی مرۆڤ هەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین پێناسەکردنی وشەی کەسایەتی کارێکی ئاسان نییە، بۆیە زاناکانی بواری کەسایەتی چەندین پێناسەی جیاجیایان دانا بۆ کەسایەتی، ئەگەر لە سەرچاوەی وشەکە وردبینەوە دەبینین ئەم چەمکە لە وشەی یۆنانی کۆن هاتووە (persona) واتە (قناع) کە کاتی خۆی هونەرمەندەکان دەموچاوی خۆیان پێ دادەپۆشی بۆ کاری نواندن، ئەم وشەیە لە بوارەکانی دەروونزانی بەکارهات و چەندین پێناسەی جیاجیای بۆ دانرا، بەپێی جیاوازی بۆچوونەکانی زانایان.

زانا (ئەلبۆرت) هەوڵیدا پێناسەیەکی تایبەت بە کەسایەتی دابڕێژێت و توانی (٥٥) پێناسە کۆبکاتەوە، بۆ سێ بەش دابەشی کرد:

  • (ئەو پێناسانەی جەخت لەسەر ڕواڵەتی مرۆڤ دەکات) 
  • (ئەو پێناسانەی جەخت لەسەر هاوسەنگی کۆمەڵایەتی مرۆڤ دەکات) 
  • (ئەو پێناسانەی جەخت لەسەر ناوەڕۆکی مرۆڤ دەکات)

لە دەرئەنجامی کۆکردنەوەی ئەم پێناسانە ئەلبۆرت توانی پێناسەیەکی گشتگیر بۆ کەسایەتی دابڕێژێت. ئەویش کەسایەتی:

(ئەو ڕێکخستنە دەروونیەیە کە هەموو تایبەتمەندیەکان کۆ دەکاتەوە لە ئامادەباشی و توانا جەستەیی و هەڵچوون و درککردن و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە ڕەفتاری گونجاو لە بارودۆخە جیاجیاکان، بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە میانەی ڕەفتارە هاوشێوەکانی دەتوانین لە داهاتوو پێشبینی ڕەفتارەکانی بکەین).

پێکهاتەی کەسایەتی لە دوو فاکتەری سەرەکی پێکدێت، ئەویش (ژینگە، بۆماوە) واتە هەردووکیان پێکەوە کاریگەری لەسەر دروستبوونی کەسایەتی دەکەن.

تەوەرەكان

ئەگەر ئێمە باسی کەسایەتی مرۆڤ بکەین سێ تەوەر دەربارەی مرۆڤ دەخەینەڕوو، ئەوانیش:

١- هەموو مرۆڤەكان لەم گەردونە هاوشێوەن لە هەندێک شت.

٢- لە هەندێک شت بە بەشێکیان دەچێت.

٣- لە بەشەکانی تریشی بە هیچ کەسێک ناچێت.

لەلایەکی ترەوە لێکۆڵەرەوەکانی بواری کەسایەتی هەوڵ دەدەن وەڵامی چەند پرسیارێک بدۆزنەوە لەوانە:

١- مرۆڤ چۆن ڕەفتار دەکات؟ چۆن هەست دەکات؟ چۆن بیردەکاتەوە؟

٢- چۆن جیاوازی لەنێوان کۆمەڵەکان دروستدەبێت؟

٣- چۆن کۆمەڵگاکان لێک دەچن؟


سەرچاوەکان



10386 بینین