درککردن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-02-01:44:00 - کۆدی بابەت: 4057
درککردن

ناوه‌ڕۆك

درککردن چییە؟

هەموو مرۆڤەکان جیاوازیان هەیە لە درککردنی ورووژێنەرەکانی دەروروبەریان، بۆ نمونە کەسەکان جیاوازیان هەیە لە بینینی ڕەنگەکان و جیاکردنەوەی دەنگەکان و لەو شتانەی کە بۆنی دەکەن، ڕێژەی هەستکردنیش دەگۆڕێت بە گۆڕانی شارەزاییەکان و هەڵچونەکان و پاڵنەرەکانی مرۆڤ.

ئەگەر بمانەوێت پێناسەیەکی گونجاو بۆ پڕۆسەی درککردن بکەین دەتوانین بڵێی درککردن (بریتیە لە ڕێکخستنی زانیاریەکان و شیکردنەوەی ئەو زانیاریە هەستیانەی کە لە ڕێگەی هەستەوەرەکانەوە دەگاتە لامان، بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنابین بە جیهانی دەوروبەرمان) بۆیە دەتوانین بڵێین درککردن پڕۆسەی شیکردنەوەی تێدایە کە بەتەنها هەستکردن ناتوانێت بیکات. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بزانین کەوا پڕۆسەی درککردن پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە، چونکە زۆرجار ناتوانین وەک خۆی درک بە ڕاستی شتەکان بکەین، بۆ نمونە ئێمە ناتوانین گوێمان لە دەنگە زۆر نزمەکان بێت وەک ئەوەی شەمشەمەکوێرە دەیبیستێت، ناتوانین هەندێک شت بۆن بکەین وەک ئەوەی سەگ دەتوانێت، لەلایەکی ترەوە مرۆڤ زۆرجار هەندێک شت دەبینێت یان دەبیستێت لە دەوروبەری بەڵام لە ڕاستیدا بوونی نییە، ئەم حاڵەتەش پێی دەوترێت هەڵە لە درککردن.

درککردن پڕۆسەیەکی مەعریفیە چەند لایەن لەخۆ دەگرێت، واتە مرۆڤ توانای هەڵبژاردنی هەیە لەنێوان ورووژێنەرەکان، واتە مرۆڤ لە سەرەتای پڕۆسەکە بڕیار دەدات ئاگاداری کام لە ورووژینەرەکان بێت و کام ورووژینەر پشتگوێ بخات، بۆ نمونە کاتێک کتێبێکی قوتابخانە دەخوێنینەوە بە شێوەیەکی سەرەتایی، سەرنج نادەینە وردەکاریەکان و نەخشەکانی ناو کتێبەکە بەڵکو هەندێک جار لە وشەکانیش وردنابینەوە، کاتێک کە لەسەر شەقامدا دەڕۆین و بیر لە شتێکی گرنگ دەکەینەوە، سەرنج نادەینە هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکان یان کەسەکانی دەیانبینین، بەڵام بە پێچەوانەوە کاتێک لە پارکێک پیاسە دەکەین سەرنج دەدەینە نزمترین دەنگ کە لە باڵندەیەکەوە گوێبیستی دەبین، یان کاتێک لە بەرامبەر مامۆستا سەبین و ئەویش وانەیەکی گرنگ دەڵێتەوە سەرنجی تەواوی دەدەینێ بۆ ئەوەی زانیاریەکانی لێوەربگرین بەتایبەتی ئەگەر هاتوو وانەکە بەها و گرنگیەکی لای ئێمە هەبێت.

پێویستە ئەوەشمان بیرنەچێت بارودۆخی دەرونیمان کاریگەری هەیە لەسەر ڕێژەی درککردنمان بۆ نمونە، دیمەنی سروشتی زۆر جوانە کاتێک هەست بە خۆشی دەکەیت یان خۆشەویستەکانت لەگەڵتدا دەبن، بەڵام هەمان دیمەن لەلات هیچ جوانیەکی نامێنێت ئەگەر بێت و تۆ هەست بە خەمۆکی بکەیت یان کێشەیەکی گەورەت هەبێت

درككردن پڕۆسەیەكی چۆنە؟

١- درککرن پەیوەستە بە زانین، واتە درککرن پشت بە زانیاریە کۆنەکان دەبەستێت و بۆ بنەمایەک بۆ شیکردنەوەی زانیاریە نوێیەکان دەژمێردرێت.

٢- درککردن پڕۆسەیەکی (إستدلال)ـیە لە تایبەتمەندیەکانی سیستەمی درککردن لای مرۆڤ (إستدلال و استنتاج)ـە بۆ ورووژێنەرەکان و ڕووداوە ژینگەییەکان، بەتایبەتی کاتێک هەستەوەرەکان زنیاری تەواو وەرناگرن کاتێک زانیاریەکان بە شێواوی وەردەگیرێت، واتە مرۆڤ بۆ درککردنی زانیاریەکان سود لە زانیاری پێشوی خۆی وەردەگرێت.

٣- درککردن پڕۆسەیەکی پۆلێنکردنە: واتە ڕێگا بە پۆلێنکردن و ڕێکخستنی زانیەریەکان دەدات.

٤- درککردن پڕۆسەیەکی پەیوەندیە: بوونی تایبەتمەندی هاوبەش لە ورووژێنەرەکان تەنها نییە بۆ درککردنی لایەنی لێکچون و جیاوازی لە نێوانیان، بۆیە پیویستە میکانیزمیک هەبێت بۆ لێکبەست و تێگەیشتنی سروشتی پەیوەندیەکان لەنێوان ورووژێنەرەکان، بۆیە دەتوانین بڵێین درککردن یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر زیاتر بەدەستبێنێت بۆ شیکردنەوەی شتەکان.

٥- درککردن پڕۆسەیەکی گونجانە: یەکیک لە تایبەتمەندیەکانی درککردن نەرم و نیانیە کە لەڕێگەیەوە توانای گونجانی لەگەڵ ورووژێنەرەکان و بارودۆخە جیاجیاکان دەبێت، بەم جۆرەش یارمەتی مرۆڤ دەدات هەڵبژاردن ئەنجام بدات لەنێوان ورووژێنەرەکان واتە وردبێتەوە لەسەر ئەو ورووژێنەرانەی نیازی مامەڵەکردنی لەگەڵدا هەیە، کاتێک لەڕێگەی هەستەوەرەکانەوە وەریدەگرێت، بۆ نمونە لەکاتی بیستنی ئاخاوتنی هاوڕێیەک هەوڵدەدەین هەموو دەنگەکانی تر فەرامۆش بکەین بۆ ئەوەی لە ئاخاوتنەکە تێبکەین.


سەرچاوەکان



1059 بینین