هەڵچوون

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-03-02:40:00 - کۆدی بابەت: 4112
هەڵچوون

ناوه‌ڕۆك

هاوسەنگی هەڵچوون

هەموو کەسێک کەم تا زۆر هاوسەنگی هەڵچوونی هەیە، هیچ کەسێک نییە کامڵ بێت لەڕووی هەڵچوونی، بۆیە هاوسەنگی هەڵچوونی بابەتێکی ڕێژەییە لای مرۆڤ، مرۆڤ بە شەو وڕۆژێک ناتوانێت هاوسەنگی هەڵچوونی بەدەست بێنێت، چونکە ئەم پڕۆسەیە پێویستی بەچەند مانگ و ساڵ هەیە.
کەسی هاوسەنگ چەند تایبەتمەندیەکی هەیە بۆیە دەروونزانان پێناسەی تایبەتیان هەیە بۆ ئەم جۆرە کەسانە چەندین تایبەتمەندیان بۆ داناون، یەکێک لەم زانایانە جیلفۆردە کە ئەویش پێی وایە کەسی هاوسەنگ لەڕووی هەڵچوونی کەسێکە ڕوانگەیەکی بابەتی بۆ خودی خۆی هەیە، هەست بە ئارامی دەکات لە بارودۆخە جیاجیاکان، دوورە لە خۆویستی، لە ڕوانگەی ئەو خۆنەویستیەی هەستیار دەبێت بۆ تێبینی کردنی کەسانی تر، واتە بە شێوەیەکی بابەتیانە هەڵیان دەسەنگێنێت لە پێناسەیەکی تر کە (خلیل ٢٠٠٧) ئاماژەی پێکردووە هاوسەنگی هەڵچوونی بریتیە لە توانای کەس لە کۆنترۆڵکردنی ڕەفتار و هەڵچوونەکانی ژیرانە چارەسەری ئەو کێشانەی کە دووچاری دەبێتەوە دەکات و بە نەرم و نیانی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکان دەکات، بەشێوازێکی ڕاست و دروست مامەڵە لەگەڵ کەسانی تر دەکات.

تایبەتمەندیەکانی ئەو کەسانەی هاوسەنگن لەلایەنی هەڵچوونییەوە

  1. توانای کۆنترۆڵکردنی توڕەیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی بە بێ توند و تیژی هەیە.
  2. وازهینان لە خۆشی ئێستا لە پێناوی سودی دواتر.
  3. دوورکەوتنەوە لە خۆویستی و هەستکردن بە گرنگی بوونی کەسانی تر لە دەوروبەری.
  4. لەکاتی بوونی بەربەست بەرگری و هەوڵدانی بەردەوام.
  5. توانای بەرگریکردن لەکاتی شکستهێنان و ناخۆشیەکان.

بۆچوونی میلجی  دەربارەی تایبەتمەندی کەسی هاوسەنگ لەڕووی هەڵچوونی

  1. توانای کۆنترۆڵکردنی هەڵچوونەکانی هەیە بەجۆرێک توڕە نابێت لەسەر شتی سادە.
  2. توانانی کۆنترۆڵکردنی حەز و ئارەزووەکانی هەیە و توانای دواخستنی خۆشییەکانی ئێستای هەیە لەپێناو بەدەستهێنانی  قازانجی باشتر لە داهاتوو.
  3. دووردەکەوێتەوە لە ڕەفتاری منداڵی، وەک خۆویستی و ئیرویی و موڵکداریەتی.
  4. لەسەرخۆیە و جێگیرە لەکاتی هەڵچوونەکانی.
  5. پشت بە خۆ بەستن و توانای بەرپرسیارێتی هەیە.
  6.  توانای بەرگری لە ناخۆشی و شکستەکان هەیە.

انگلش و بیرسن ئاماژەی بە هەندێک تایبەتمەندی کەسی هاوسەنگ دەکەن

  1. توانای کارکردنی بەردەوامی هەیە، بێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون بکان، هەست بە گرنگی کارەکانی خۆی دەکات.
  2. توانای خۆشەویستی هەیە، پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر دروستدەکات و کاریگەری لەسەر کەسانی دەوروبەری خۆی هەیە.
  3. بڕوای بەخۆی هەیە لە بڕیاردانی، توانای هەڵسەنگاندنی بڕیارەکانی هەیە بەجۆرێک گونجاوترین بڕیار دەردەکات بۆ بارودۆخەکان.
  4. ڕێزی کەسانی تر دەگرێت و بەشێوەیەکی ڕێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.
  5. توانای سوودوەرگرتنی هەیە لە کەسانی تر، بۆ ئەوەی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری خۆی پێش بخات و هەوڵی خزمەتکردنی مرۆڤایەتی دەدات.
  6. هەوڵدەدات بارودۆخێکی گونجاو بۆ ژیانی خۆی بڕەخسێنێت بێ ئەوەی کەس بۆ بەرژەوەندیەکانی بچەوسێنێتەوە.
  7. کەسێکە لای کەسانی تر جێگای باوەڕە.


سەرچاوەکان



3566 بینین