ئەدۆڵف هیتلەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-09-16:12:00 - کۆدی بابەت: 4321
ئەدۆڵف هیتلەر

ناوه‌ڕۆك

ئەدۆڵف هیتلەر كێیە؟

ئەو کەسەی کە بووە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگێکی زۆر سەخت و بە کوشتدانی نزیکەی ٣٥ ملیۆن کەس، ئەدۆڵف هیتلەر لە ساڵی ١٨٩٩ز لە شآری (بڕۆنۆ)ی سەر بە نەمسا لەدایک بووە. لە پیشەی ڕۆژانەیدا كەسێكی ناچالاك بووە، بەڵام لە گەنجیدا بووە سەرباز لە سوپای ئەڵمانیادا تەنانەت برینداریش بوو و مەدالیای ئازایەتی و دڵێری پێ بەخشرا.

بەزین و ڕووخانی ئەڵمانیا لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا زۆر کاری کردە سەر ناخی و دەروونی، ئەمە پاڵی پێوە نا کە خۆی بخاتە ئامێزی پارتێکی سیاسی ڕآستڕەوی بچووکەوە لە میونخ دا، ئەم پارتە لە دواییدا ناوی خۆی گۆڕی بە پارتی نیشتیمانی سۆشیالیستی کرێکارانی ئەڵمانی (واتە نازی Nazy). هەر لە ماوەی دوو ساڵدا بووە پێشەوا (فۆهەر)ی ئەم پارتە.

ئەم پارتە لە ژێر دەسەڵاتی هیتلەردا بەرەبەرە گەشەی کرد و هێز و توانای پەیدا کرد. لە ساڵی ١٩٢٣ز دا کودەتایەکی ساز کرد لە دژی حكومەت بەڵام سەرکوت کرا و هیتلەریش خرایە بەندینخانەوە. بەڵام پاش ساڵێک لە بەندینخانە ئازاد کرا. لە ساڵی ١٩٢٨ز دا پارتی نازی بە زۆربوونی ئەندامەکانی چالاکی خۆی خستە گەڕ و دەستی خستە ناو نەخشاندنی سیاسەتی ئەڵمانیاوە. ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٣٣ز دا هیتلەر بووە ڕاوێژیاری ئەڵمانیا، لەو ماوەیەدا توانی دەسەڵاتی تەواوی خۆی داکوتێت و دیکتاتۆرانە فەرمانڕانی بکات، دام و دەزگاکانی دەوڵەتی خستە کار بۆ سەرکوتکردنی ئەوانەی لە فەرمانی دەردەچوون. لەو ساڵانەی پێش جەنگ چەند کارێکی بە ئەنجام هێنا، وەک کەمکردنەوەی بێکاری و بوژانەوەی ئابووری لە وڵاتدا. ئەمانە و چەند کارێکی تری، بووە هۆی ئەوەی کە خۆشەویست و بەڕێز بێت لە ناو گەلدا.

ئینجا کەوتە ئەوەی ئەڵمانیا سەربازانە ئامادەبکات و هێزێکی پۆڵایین و دلێری لێ پێک بهێنێت بۆ جەنگ (جەنگی جیهانیی دووەم). لەو دەمەیشدا ئینگلتەرا و فەڕەنسا کەوتبوونە گیروگرفتی ئابوورییانەوە بە ڕادەیەک کە گوێیان لێ نەدەبوو هیتلەر چیدەكات، كارەكانی هیتلەر دژی ئەو پەیماننامەبوون كە دەبوایە ئەڵمانیا پابەندی بوایە، و وڵاتانی دراوسێش بێ ئاگا بوون لە ڕێکخستنەوەی لەشکری ئەڵمانیا بە شێوەیەکی نوێ، تەنانەت بێدەنگ بوون لەو هێرشەی هیتلەر لە ئازاری ١٩٣٦ز دا کردییە سەر زەروییەکانی (ڕآین) و هەروەها هەڵمەتبردنی لە ساڵی ١٩٣٨ز دا بۆ سەر نەمسا و بەستنی بە ئەڵمانیاوە، دواتریش چیكۆسلۆڤاكیای داگیركرد.

لە هەڵوسێتێکدا ئینگلتەرا و فەڕەنسا بڕیاریاندا بەرگری لە پۆڵەندا بکەن کە ئەمەیش هەنگاوی دووەمی پەلاماردانەکەی هیتلەر بوو. لەسەرێکەوە بۆ پاراستنی خۆی پەیمانی دۆستایەتی بەست لەگەڵ (ستالین) پێشەوای ڕووسیا لە ئابی ١٩٣٦ز دا، لە سەرێکی تریشەوە پاش ٩ ڕۆژ بەسەر ئەو پەیمانەدا شآڵاوی بردە سەر پۆڵەندا، هەرچەندە ئینگلتەرا و فەڕەنسا جەنگیان لە دژی هەڵگیرساند، بەڵام نەیانتوانی بەرگەی ئەو هێزەی هیتلەر بگرن لەبەر ئەوەی هەروا بە زوویی شكستیان هێنا.

ساڵی ١٩٤٠ز بە چەرخی زێڕینی هیتلەر دادەنرێت، سوپاکانی لە مانگی نیساندا وڵاتی دانیمارک و نەرویجیان گرت، لە ئایاری هەر ئەو ساڵەدا هۆڵەندا و بەلجیکا و لۆکسمبۆرگی خستە ژێر دەسەڵاتییەوە. لە حوزەیراندا فەڕەنسای داگیركرد و شكاندی، بەڵام لە دواییەکانی ئەو ساڵەدا بەریتانیا توانی بەرامبەر بەو شاڵاوە ئاسمانیانەی هیتلەر خۆی ڕابگرێت. لەبەرئەوە هیتلەر فریا نەکەوت هیچ بەشێک لە بەریتانیا بگرێت. لە نیسانی ١٩٤١ز دا یۆنان و یۆگۆسلاڤیای داگیر کرد، لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا پەیماننامەكەی کە لەگەڵ ستالیندا هەیبوو هەڵیوەشاندەوە و هێرشی بردە سەر یەكێتی سۆڤیەت، هەرچەندە بەشێکی فراوانی لە سۆڤیەتی داگیر کرد، بەڵام نەیتوانی زاڵ بێت بەسەر سوپاکانیاندا پێش هاتنی وەرزی زستان. لەولایشەوە لەگەڵ ئینگلتەرا و فەڕەنسادا هەر لە جەنگدا بوو.

پآش چەند ڕۆژێک ژاپۆنییەکان هێرشیان بردە سەر بنکەی (پێرل هاربەر)ی ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هیتلەریش لە کانوونی دووەمی ١٩٤١ز دا دەستبەجێ جەنگی هەڵگیرساند لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٢ز دا ئەڵمانیا گەورەترین بەشی ئەوروپا و ئەفریقای خستە ژێر دەسەڵاتەوە.

شەوەزەنگی تاریکایی جەنگ لە دوانیوەڕۆی ساڵی ١٩٤٢ز وە دەستی پێکرد. بەرەبەرە شیرازەی جەنگ تێکچوو. پاش ئەوەی جەنگی عەلەمەینی لە باکووری ئەفەریقا دۆڕاند، لە گەمارۆی ستالینگرادی یەکێتی سۆڤیەتدا تەواو شکا، بەمشێوەیە ئەستێرەی گەشی هیتلەر بەرە بەرە بەرەو کزبوون دەچوو. هەرچەندە ڕووخاندنی ئەڵمانیا لە نزیکیدا بوو، کەچی هێشتا هیتلەر هەر لە فەرمان دەکردندا بوو، تاکوو دوو ساڵیش پاش جەنگی ستالینگراد هەر دەجەنگا، بەڵام کۆتایی بە ڕووخاندنی بە ئاشکرا چاوەڕوان دەکرا. ئەوەبوو لە بەهاری ١٩٤٥ز دا تەواو داڕما و بە نائومێدی لە ٣٠ـی مانگی نیساندا خۆی کوشت، پاش حەوت ڕۆژیش ئەڵمانیا خۆیدا بە دەستەوە.


سەرچاوەکان



1802 بینین