خانە ناوک ڕاستەقینەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-08-14:33:00 - کۆدی بابەت: 4281
خانە ناوک ڕاستەقینەکان

ناوه‌ڕۆك

جۆرەکانی خانە چین؟

خانەکان دەکرێنە دوو جۆرەوە: جۆرێکیان ئەو خانانە دەگرێتەوە کە ناوکیان تێدایە و جۆرەکەی دیکەیان ئەو خانانە دەگرێتەوە کە ناوکییان تێدا نییە، خانە بێ ناوکەکان ناودەبرێن بە خانە ناوک سەرەتاییەکان، بەڵام خانە ناوک دارەکان ناودەبرێن بە خانە ناووک ڕاستەقینەکان.

خانە ناوک ڕاستەقینەکان

لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی خانەکان زۆر بچووکن بەڵام ئاڵۆزن، خانە ناووک ڕاستەقینەکان بەشی زۆریان تێدایە کە یارمەتیان دەدات بۆ مانەوەیان بە زیندوویەتی. خانەی رووەکی و خانەی گیانەوەری دوو جۆرن لە خانە ناوک ڕاستەقینەکان کە بەشی زۆر هاوبەشیان هەیە لەگەڵ ئەوەشدا خانەی ڕووەکی و خانەی گیانەوەری هەندێک بەشی جیاوازیان تێدایە. 

دیواری خانە

لە خانە ڕووەکیەکاندا پێکهاتەی دەرەکی ڕەق هەیە کە پێی دەوترێت دیواری خانە، کە پاڵپشتی خانەکە دەکات، خانەکانی رووەک و قەوزەکان هەموویان دیواری خانەیان هەیە کە لە کاربۆهیدراتی ئاڵۆز پێکهاتووە کە پێی دەڵێن سیلیلۆز، هەروەها کەڕووەکاندا لەوانە هەوێن و قارچک کە دیواری هەیە، بەڵام ئەو دیوارانە لە کاربۆهیدراتی ئاڵۆزی دیکە پێکهاتوون ئەویش کایتینە یان هەر ماددەیەکی کیمیایی دیکەی شێوە کایتینە، خانە ناووک سەرەتاییەکانی وەک بەکتریا و قەوزە سەوزە شین باوەکان دیواری خانەیان هەیە بەڵام جیاوازە لە دیواری خانەی ڕووەکی و کەڕووەکان.

پەردەی خانە

هەموو خانەیەک پەردەی خانەی هەیە، پەردەی خانەش پارێزەرە بەربەستێک دەنوێنێت کە بەشەکانی ناو خانە دەپارێزێت، و بەشەکانی ناو خانە لە ژینگەی دەرەوە جیادەکاتەوە، لەو خانانەی کە دیواری خانەیان نییە و هیچ پێکهاتەیەکی دیکەیان لە دەرەوەی پەردە خانەکەیدا نییە، بەڵام لەو خانانەی کە دیواری خانەیان هەیە پەردەی خانە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ناوەوەی دیواری خانەکەوە. لە پێکهاتەی پەردەی خانەدا پڕۆتین و چەوری و چەوری فۆسفۆرکراو هەیە، چەوری کە بەز و کۆلسترۆڵ دەگرێتەوە کۆمەڵێک ئاوێتەن لە ئاودا ناتوێنەوە. پەردەی خانە پێک دێت لە دوو چین چەوری فۆسفۆرکراو کە ماددەی فۆسفۆری تێدایە، هەر گەردی چەوری فۆسفۆرکراو لە سەرێکی هۆگر بە ئاو و کلکێکی ناهۆگر بە ئاو پێک دێت، سەرەکانی هەردوو چینی چەوری فۆسفۆرکراو ڕوو دەکەنە ژینگەی دەرەوەی سایتۆپلازم بەڵام کلکەکانیان ڕوودەکەنە یەکتر لە نێوان هەردوو سەری چینەکەدا. هەندێک پڕۆتین و چەوری دەست دەگرن بەسەر جووڵەی ماددەکان بۆ ناو خانە و بەرەو دەرەوە، هەندێک لە پڕۆتینەکان دەبنە ڕێڕەو بۆ تێپەڕبوونی خۆراکە ماددە و ئاو بۆ خانەکە و دەرکردنی پاشەڕۆ بەرەو دەرەوە. 

پەیکەری خانە

پەیکەری خانە تۆڕێکی پڕۆتینییە لە سایتۆپلازمدا، فرەمانی ماسوولکەکان و ئێسکەکان بەیەکەوە دەبەستێت، هەروەها ڕێگری لە چوونە سەریەکی پەردەی خانە دەکات و یارمەتی جووڵەی خانەکە دەدات و جووڵەی ئەنجامۆچکەکانیش.

ناووک

هەموو خانە ناووک ڕاستەقینەکان ئەندامۆچکەیان تێدایە، کە بە هەمان پەردەی بنەڕەتی دەوردراون، ئەوانیش بە ناووک دەست پێ دەکەن. ناووک ئەندامۆچکەیەکی قەبارە گەورەی ناو خانەیە، ناووک ڕاستەقینەکان کە ترشی (DNA) یان ماددەی بۆماوەییان تێدایە. ترشی (DNA) هەڵگری بۆماوە زانیاری بەرهەم هێنانی پڕۆتینە ماددەی ناو خانەیە، پڕۆتینەکانیش (ئەنزیمەکان) دەست دەگرن بەسەر ئەو کارلێکە کیمیایانەی کە لە ناو خانەدا ڕوودەدات، هەروەها پاڵپشتی پێکهاتنی خانە و شانەکان دەکات، بەڵام پڕۆتینەکان لەناو ناوکدا بەرهەم نایەت، ئەو نامانەی ئاڕآستە دەکرێن بۆ دروستکردنی پڕۆتینەکان لە سایتۆپلازمدا لە ترشی (DNA) لەبەر دەگیرێتەوە، دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی ناوک لە ڕێگەی کونەکانی پەردەی ناووکەوە. ناووک بە پەردەیەکی دوو توێی دەورەدراوە، ماددەکان بە کونەکانی ئەم پەردە دوو توێیەدا تێپەڕدەبن. زۆر لە خانەکان لە ناو ناووکەکەیاندا ناوچەیەکی تێر ڕەنگ هەیە پێ دەڵێن ناوکۆکە، ناوکۆکەش ئەو جێگەیە کە بەرهەم هێنانی ڕایبۆسۆمەکانی خانەی تیا دەست پێ دەکات.

ڕایبۆسۆمەکان

ئەو ئەندامۆچکەیەی کە پڕۆتین بەرهەم دەهێنێت پێی دەڵێن ڕایبۆسۆم، ڕایبۆسۆمەکان زۆرترین و بچووکترین ئەندامۆچکەی ناو خانەن، هەندێ ڕایبۆسۆمەکان لە ناو سایتۆپلازمدا بەسەربەستی دەدەکەون، وە هەندێکی تریان بە پەردەکانەوە یان بە پەیکەری خانەوە دەنووسێن، ڕایبۆسۆمەکان بە پێچەوانەی زۆربەی ئەندامۆچکەکانی تری خانەوە بە پەردە دەورەنەدراون، پڕۆتینەکان لە کۆبوونەوەی ترشی ئەمینی پێکدێن لە ناو ڕایبۆسۆمەکان، بیست جۆری جیاواز لە ترشی ئەمینی هەیە کە ئاوێتەی ئەندامین و بەکاردەهێنرێن لە بەرهەم هێنانی پڕۆتیندا، هەموو خانەکان پێویستیان بە پڕۆتین هەیە بۆ ئەوەی بژین لەبەر ئەوە ڕایبۆسۆمیان تێدایە.

ناوەپلازمە تۆڕ

کارلێکی زۆر لە خانەدا ڕوودەدات ژمارەیەکی زۆری ئەم کارلێکانە لە ناو ناوە پلازمەتۆڕدا لەسەر ڕووەکانیان ڕوودەدات. ناوەپلازمە تۆڕ سیستەمێکە لە پەردەی پێچ خواردوو کە پڕۆتین و چەوری و ماددەی دیکەی تێدا بەرهەم دێت، پەردەیەکی پێچ خواردووی تێدایە کە ڕێڕەوێکی تێدایە کە ماددەکان پیایاندا تێپەڕێت بۆ ناوچەکانی دیکەی خانەکە.

ناوەپلازمە تۆڕەکان دوو جۆرن: جۆری زبر بە ڕایبۆسۆمەکان داپۆشراوە و بە زۆری دەکەونە نزیک ناووکەوە کەلەسەر ڕووەکانیان زۆربری پڕۆتینی خانە بەرهەم دەهێنرێت. بۆ ئەوەی ناوەپلازمە تۆڕ لە خانەکەدا بیانگوازێتەوە بەڵام جۆری لووسیان ڕایبۆسۆمیان لەسەر نییە و لە فرمانەکانیان بەرهەمهێنانی چەوری و هەڵوەشاندنی ئەو ماددە ژەهراویانە کە لەوانەیە زیان بە خانە بگەیەنن،

مایتۆکۆندریا (وزە ماڵە)

مایتۆکۆندریا سەرچاوەی سەرەکی وزەیە لە خانەدا. هەر یەکێک لە مایتۆکۆندریا ئەندامۆچکەیەکە لە ناویدا شەکر تێک دەشکێنێت و وزە بەرهەم دێت، مایتۆکۆندریا بە دوو پەردە داپۆشراوە. پەردەی ناوەوە و پەردەی دەرەوە. وزەی دەرپەڕیو لە ناویدا بە ماددەیەک کۆدەکرێتەوە پێی دەڵێن ئەدینۆسینی سێ فۆسفاتی (ATP)، لە پاشان خانە (ATP) بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی فرەمانەکانی. گەردی (ATP) لە زۆر شوێنی تری خانە بە بەرهەم دێت بەڵام زۆرترین بڕی (ATP) لە پەردەی ناوەوەی مایتۆکۆندریا بەرهەم دێت.

سەوزە پلاستید

خانەی گیانەوەر ناتوانێت خۆراک بۆ خۆی دروست بکات وەکو خانەی رووەک و قەوزەکان کە ئەو توانایەیان هەیە، ڕووەکەکان و قەوزەکان لە هەندێ خانەکانیدا پلاستیدی سەوزیان هەیە، پلاستیدە سەوزەکان ئەندامۆچکەن لە ڕووەکدا کرداری ڕۆشنەپێکهاتنی تێدا ڕوودەدات، پلاستیدە سەوزەکان وەکو مایتۆکۆندریا بە دوو پەردە دەورە دراون. ڕۆشنە پێکهاتن کردارێکە کە ڕووەک و قەوزەکان ڕۆشنایی خۆر و ئاو و دوانۆئۆکسیدی کاربۆن بەکاردێنن بۆ بەرهەم هێنانی شەکر و ئۆکسجین، پلاستیدە سەوزەکان لەبەرئەوەی بۆیەی سەوزی کلۆرۆفیلیان تێدایە ڕەنگیان سەوزە، کلۆرۆفیل دەکەوێتە پەردەی ناوەوەی پلاستیدە سەوزەکان، کلۆرۆفیل توانای مژینی وزەی تیشکی خۆری هەیە و بەکاری دەهێنێت بۆ بەرهەم هێنانی شەکر، ئەو شەکرەش لە دواییدا مایتۆکۆندریا بەکاری دێنێت بۆ بەرهەم ‌هێنانی ATP.

دەزگای گۆڵجی

ئەو ئەندامۆچکەیەی کە پڕۆتین کۆدەکاتەوە و دابەشی دەکات پێی دەڵێن دەزگای گۆڵجی، بۆیە وا ناونراوە چونکە زانای ئیتاڵی کامیلیۆ گۆلجی دۆزییەوە، دەزگای گۆڵجی لە ناوەپلازماتۆر دەچێت. ناوەپلازمەتۆڕ چەوری و پڕۆتینەکان دەنێرێت بۆ دەزگای گۆڵجی، کە ڕێکی دەخات، بۆ ئەنجامدانی فرمانە جیاوازەکانی بەرهەمە کۆتاییەکەی بە بەشێکی بڕاوەی پەردەی دەزگای گۆڵجی دەوردەرێت بۆ پێکهێنانی چیکلدانەی بچووک، ئەم چیکڵدانە بچووکانەش ناوەڕۆکەکەیان دەگوێزێنەوە بۆ بەشێکی دیکەی خانە یان بۆ دەرەوەی خانەکە.

ژوورەکانی خانە

ئەو بڵقانەی کە لە پەردەی دەزگای گۆلجی دروست دەبن چیکڵدانۆچکەن، چیکڵدانۆچکە تورەکەی بچووکە دەوری ئەو ماددانە دەدات کە وا پێویست دەکات بگوازرێتەوە لە ناو خانەدا یان بۆ دەرەوەی خانەکە، هەموو خانە ناووک ڕاستەقینەکان چیکڵدانۆچکەیان تێدایە کە ماددەکان لە ناو خانەدا دەگوازنەوە وەک گواستنەوەی پڕۆتین لە ناوەپلازمە تۆڕەوە بۆ دەزگای گۆڵجی، هەروەها چیکڵدانۆچکەکان ماددەی دیکە لە دەزگای گۆلجیەوە دەگوازنەوە بۆ بەشەکانی دیکەی خانەکە، هەندێک چیکڵدانۆچکە دروست دەبن کاتێک بەشێک لە پەردەی خانە دەوری تەنێک دەدات لە دەوری خانەکەدا.

هەرسی خانەیی

لایسۆسۆمەکان چیکڵدانۆچکەی بەرپرسی کرداری هەرسی ناوخانەن. لایسۆسۆم ئەو ئەندامۆچکەیە کە ئەنزیمی هەرسی تێدایە و هەڵدەستێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامۆچکە مردووەکان و لەکارکەوتووەکان و دەرکردنی پاشەڕۆ و پاراستنی خانە لە هەموو شتێکی نامۆ. لایسۆسۆمەکان قەبارە و شێوەی جۆراوجۆریان هەیە. لایسۆسۆمەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە خانەی گیانەوەردا هەن، کاتێک خانە تەنێک قووت دەدات، بە چێکڵدانۆچکە دەوردەرێت لایسۆسۆمەکان بە چیکڵدانۆچکەوە دەلکێن و ئەنزیمەکان ڕۆدەکەنەوە ناوی، لایسۆسۆمەکان بە هۆی ئەنزاییمەکانەوە تەنی ناو چیکڵدانۆچکەکان هەرسیان دەکەن.

ڤاکیول (بۆشایی) 

بۆشایی چیکڵدانۆچکەیە هەندێک بۆشایی لە ناو خانەکانی رووەک و کەڕووەکان وەکو لایسۆسۆم کاردەکەن وە ئەنزایمی هەرسی تێدایە کە یارمەتی هەرسی ناو خانەکە دەدات، ناوەندە بۆشاییە گەورەکانی خانەی ڕووەک ئاو و شلەی دیکە کۆدەکەنەوە، هەروەها ئەو بۆشاییانەی کە پڕ ئاون پاڵپشتی لە خانە دەکەن بۆیە ڕووەکەکان سیس دەبن کاتێک بۆشاییەکانی خانەکانیان ئاو ون دەکەن.


سەرچاوەکان



5114 بینین