شۆڕشی یەکەمی بارزان بە سەرۆکایەتی شێخ ئەحمەدی بارزان (١٩٣١ – ١٩٣٢)ز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-01:51:00 - کۆدی بابەت: 3971
شۆڕشی یەکەمی بارزان بە سەرۆکایەتی شێخ ئەحمەدی بارزان (١٩٣١ – ١٩٣٢)ز

ناوه‌ڕۆك

شۆڕشی یەکەمی بارزان (١٩٣١ – ١٩٣٢)ز

دوای لە سێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ ئەحمەدی برای جڵەوی سەرکردایەتی بارزانی گرتە دەست. کە ئەو کاتە تەمەنی ١٨ ساڵان بوو، شێخ ئەحمەد بە توندی پابەندی ڕێبازی شۆرشگێرانەی عەبدولسەلام و داب و نەریتە باشەکانی ناوچەکە بوو. لە ئەنجامی بەهێزی هەستی نیشتیمان پەروەرییەوە شێخ ئەحمەد لە ساڵی ١٩١٩ز دا هێزێکی بۆ یارمەتیدانی شۆڕشەکەی شێخ مەحموود نارد، بەڵام بە هۆی ڕێگری ئینگلیزەکانەوە کاتێک هێزەکە گەیشتە ناوچەکە شۆرشەکەی شێخ مەحموود کپ کرابۆوە.

ئینگلیزەکان بڕیاریاندا زەبرێکی توند لە ناوچەی بارزان بدەن و خەڵکەکەشی دەربەدەر بکەن و لە جێگای ئەواندا ئاشوورییەکان نیشتەجێ بکەن. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٩ز دا (کۆلۆنێل بیل)ـی حاکمی موسڵ لەگەڵ (کاپتن سکۆت)ـی حاکمی ئاکرێ گەشتێکیان بە ناوچەکانی سورچی و زێباری و بارزان دا کرد و دەستیان کرد بە هەڕەشەکردن بە سزادانی شێخ ئەحمەد و سەپاندنی سزا و باجی گەورە بەسەر سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکە، کاتێکیش چوونە بارزان شێخ ئەحمەد پێشوازی لێنەکردن زێبارییەکان و بارزانییەکان بۆسەیەکیان بۆ ئەم دوو حاکمەی ئینگلیز نایەوە و هەردووکیان کوشتن. دواتریش دەستیان بە سەر شاری (ئاکرێ)ـدا گرت. لە بەهاری ساڵی ١٩٢٠ز دا ئینگلیز هێزێکی زۆری (لیڤی) ئاشووریەکانی ناردە سەربارزان و چەند شەڕێکی خوێناوی لە نێوانیاندا ڕوویدا، بەڵام زۆری پێنەچوو کاتێک هەردوولا درکیان بەو نەخشە خراپەی ئینگلیز کرد و شەڕەکانیان کۆتایی پێهێنا و پەیوەندییەکانیشیان ئاسایی کردەوە. ئینگلیز ئەمجارە بەهەڕەشە و جارێکی تر بە پارە و خەڵەتاندن. بەڵام شێخ ئەحمەد هەڵوێستی خۆی نەگۆڕی و ئامادە نەبوو مل بۆ داگیرکاران کەچ بکات.

شێخ ئەحمەد هەمیشە لەگەڵ بەرپرسە بەریتانییەکاندا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پارە و سامان و شوێنی بەرزی ناوێ، بەڵکو دەیەوێ لەسەر زێدی باب و باپیرانی خۆیان بە ئازادی بژین، بەڵام ئینگلیزەکان بەردەوام مەترسی دەستپێکردنی شۆڕشیان هەبوو لە ناوچەکە. بۆیە ئەمجارە دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق و ئینگلیز پەنایان بردە بەر هاندنی عەشیرەتەکانی تر بۆ لێدانی بارزانییەکان، بەڵام ئەم  پیلانەشیان سەری نەگرت. بۆیە هێزەکانی حکومەتی عێراقی خۆیان هێرشیان کردە سەر ناوچەی بارزان و لە شەڕی (بەقی باگ) لە ٩ کانونی یەکەمی ١٩٣١ز دا بارزانیەکان کە ژمارەیان لە (٨٠) کەس تێنەدەپەڕی توانیان فەوجێکی سەربازی حکومەتی عێراقی، کە فڕۆکەیەکی جەنگیش پاڵپشتی دەکردن، تێکبشکێنن. لەم شەرەدا ژمارەیەک سەرباز کوژران و ژمارەیەکیش بە دیل گیران، پێنج جەنگاوەری بارزانیش شەهیدبوون. لە ئەنجامی ئەم تێکشکانەدا ئەمجارەیان هێزەکانی حکومەتی عێراقی بە پاڵپشتی چەکی ئاسمانی بەریتانیا هێرشێکی گەورەیان کردە سەر گوندەکانی بارزان و دڕندانە بۆمبارانیان کردن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بارزانییەکان لە شەڕی (دۆلاڤاژی) لە نیسانی ١٩٣٢ ز دا بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی داستانێکی تریان تۆمارکرد.

دەستگیركردنی شێخ ئەحمەد

بۆیە دوژمن داوای شەڕ وەستاندنی کرد و بۆ ماوەی دوو هەفتە شەر وەستا. بەڵام زۆری نەبرد هێزی ئاسمانی بەریتانیا دەستیان کردەوە بە هێرشکردن. شێخ ئەحمەد و هەڤاڵەکانی کاتێک زانیان ناتوانن لەبەرامبەر هێرشی چڕوپڕی هێزە ئاسمانییەکانی بەریتانیا بوەستن، پەنایان بردە بەر خاکی تورکیا. لە بەهاری ساڵی ١٩٣٣ز دا دەسەڵاتدارانی تورکیا شێخ ئەحمەدیان تەسلیم بە حکومەتی عێراق کردەوە. شێخ ئەحمەد و مستەفا و خێڵەکانی تر بۆ موسڵ و لەوێوە بۆ بەغداد و دواتریش بۆ ناسریە گوازرانەوە. دوای ئەمەش ناوچەی بارزان بە تەواوی هێمن و ئارام نەبۆوە، چونکە ئەو لێبوردنە گشتییەی کە حکومەتی عێراقی و ئینگلیزەکان دەریانکردبوو بۆ بارزانییەکان ڕاست دەرنەچوو. بۆیە (خەلیل خۆشەوی و ئەحمەد نادر و عەبدوڵڵا کەکە مویی) پەنایان بردە بەر چیای (گۆڤەند) و خۆیان بەدەستەوەنەدا. ئەحمەد نارد لە ئەیلوولی ١٩٣٥ لە شەڕێکی هێزەکانی تورکدا کە هاوکاری هێزێکی عێراقیان دەکرد بۆ دەستگیرکردنی ئەم شۆرشگێڕانە، کوژرا، هەر لەو شەڕەدا (عەبدوڵڵا کرکەمویی) بە برینداری کەوتە دەست هێزەکانی حکومەتی عێراق. بەڵام خەلیل خۆشەوی و (٣٠) کەس لە هەڤاڵانی توانیان خۆیان لە ئابڵوقەی هێزەکانی عێراق و تورکیا ڕزگار بکەن و لە ئەشکەوتێکی ناوچەی (ڕێکان) دامانەوە، بەڵام لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدران و پآش شەڕێکی قارامانانە هەرهەموویان شەهیدکران.
لە ساڵی ١٩٣٩ زاینی دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق دوای ئەوەی ناوچەی بارزان ئارام بۆوە، شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا و خێزانە بارزانییەکانیان بۆ بەندیخانەی (سلێمانی) گواستەوە. ئەمەش دەرفەتێکی لە باری بۆ ڕەخساندن تا پەیوەندی بکەن بە خەڵکی بارزان پاش ئەوەی دەسەڵاتداران ڕێگەیاندا بە چەندین خێزان سەردانیان بکەن، هەر لە سلێمانی پەیوەندی لە نێوان حیزبی هیوا و مستەفا بارزانی و چەند کەسایەتییەکی نیشتیمانپەروەری تر دروست بوو. بۆیە لە هاوینی ساڵی ١٩٤٣ز مستەفا بارزانی و دوو کەس لە هەڤاڵانی بە یارمەتی حیزبی هیوا و چەند کەسێکی نیشتیمانپەروەری کورد لە سلێمانی دەرباز بوو بە خاکی ئێراندا گەڕایەوە ناوچەی بارزان و سەرلەنوێ لە دژی حکومەتی عێراقی و ئینگلیز دەستی بە شۆرش کردەوە.


سەرچاوەکان



2085 بینین