پێشبڕكێی ئۆتۆمبێل
پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل، بۆنەیەکی وەرزشییە کە تێیدا ئۆتۆمبێلەكان بە هەموو جۆرەکانیەوە کێبڕکێ لەسەر خێرایی و هێز و توانا دەکەن، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، یەكەم پێشبڕكێی ئۆتۆمبێل بەنزیكی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1876، پێشبڕكێیەكانی ئۆتۆمبێل سەرەتا تەنها بۆ سەلماندنی توانا و باوەڕپێكراوی ئۆتۆمبێلەكەبوو، كە خاوەنەكانیان دەیانویست بیسەلمێنن كە بەرهەمەكانیان بەهێز و باوەڕپێكراون، بۆیە پێشبڕكێكردن بوو بە ڕێگەیەكی گرنگ بۆ بەرهەمهێنەرەكان بۆ سەلماندنی ئۆتۆمبێلەكانیان، لە ساڵەكانی 1930دا ئۆتۆمبێلەكان هێندە پێشكەوتن كە جۆری جیاوازیان لێ دروستدەكرا بۆ پێشبڕكێكردن، لە ئیستادا چەندین شێوازی جیاوازی پێشبڕكێی ئۆتۆمبێل هەیە كە هەریەكەو مەرجی تایبەت بەخۆی هەیە.
مێژوو
لەساڵی 1887 گۆڤارێكی فەڕەنسی پێشبڕكێیەكی ئۆتۆمبێلی دروست كرد بەڵام سەركەوتوو نەبوو چونكە تەنها یەك بەشداربوو ئامادەبوو كە ناوی (كۆنت دی) بوو، لەساڵی 1894 ڕۆژنامەی لێ پێتیت جۆرناڵ (Le Petit Journal) كە ڕۆژنامەیەكی بەناوبانگی فەڕەنسییە پێشبڕكێیەكی ڕێكخست بە درێژایی 79 میل (127 كیلۆمەتر) كە ڕێگاكە لە پاریسەوە بۆ شاری ڕوان بوو لە نۆرمادی، كە 5000 فرانك دەدرا بە براوە، بەڵام ئەم ڕووداوە پێشبڕكێ نەبوو بەڵكو وەك پێشانگایەك وابوو بۆ هەڵسەنگاندنی ئۆتۆمبێلەكان و دیاریكردنی باشترینیان، هەر بۆیە دیاری یەكەمی لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلدا دابەش بكات كە بریتیبوون لە ئۆتۆمبێلەكانی بیجۆ (Peugeot)، پانهارد (Panhard)، لیڤاسۆر (Levassor)، كە ئۆتۆمبێلەكانیان متمانەیان بەدەستهێنا، هەروەها دیاری دووەم درا بە (كۆنت دی لیۆن) هەرچەندە یەكەم بەشداربووبوو بگات بە هێڵی كۆتایی بەڵام لە تاقیكردنەوەی ئاسان كارپێكردندا سەركەوتوو نەبوو كە یەكێك بوو لە یاساكانی پیشبڕكێكە، هەروەها دیاری سێیەمی درا بە (مۆریس لۆ بلان) كە ئۆتۆمبێلێكی هەڵمی دروستكردبوو كە توانای هەڵگرتنی 7 سەرنشینی هەبوو.
لەدوای ئەم پێشبڕكێیە، پێشبڕكێكردن لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر بوو بە خاڵێكی سەرەكی وەرزشەكە، كە لە ساڵی 1895 پێشبڕكێی بەناوبانگی پاریس-بۆردۆو-پاریس ئەنجامدرا كە دوورییەكەی 732 میل (1178 كیلۆمەتر) بوو كە ئیمیل لوڤاسۆر (émile levassor) براوە بوو، پاشان چەندین پێشبڕكێی تر ئەنجامدرا وەك:
- پاریس-مارسیلیا-پاریس لەساڵی 1896
- ئۆرۆنا-سترێسا-ئۆرۆنا لەساڵی 1897
- بەرلین-پۆتسدام-بەرلین لەساڵی 1898
- پاریس-ڤیێننا لەساڵی 1902
- جۆرە جیاوازەكانی پێشبڕكێی ئۆتۆمبێل
- لەجیهاندا چەندین شێوازی پێشبڕكێی ئۆتۆمبێل هەن كە بریتین لە:
- پێشبڕكێی (Grand Prix)
- پێشبڕكێی (stock-car) كە لەساڵی 1930ـیەكاندا دروستبوو
- پێشبڕكێی دراگ (Drag race)
- پێشبڕكێی (Midget-car) تایبەتە بە ئۆتۆمبێلە بچووكەكان كە لە ساڵەكانی 1940دا دروستبووە
- پێشبڕكێی ڕالی (rally) ئەم جۆرە پێشبڕكێیە لەسەر جادە خۆڵەكان ئەنجام دەدرێت
- پێشبڕكێی فۆرمولا 1 (formula 1- F1) كە لە ساڵی 1955دا دروستبووە
چەندین دامودەزگای ناوخۆیی و جیهانی هەن كە ئەم پێشبڕكێیانە بەڕیەوەدەبەن، بەناوبانگترینیان بریتییە لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ئۆتۆمبێل (Fédération Internationale de l'Automobile - FIA) ئەم ڕێخراوە هەڵدەستێت بە ڕێكخستنی ئۆتۆمبێلەكان و جیاكردنەوەی پۆلێنەكانیان و هەروەها سەرپەرشتی پێشبڕكێكان دەكات.