دەستنوێژگرتن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-22-02:27:00 - کۆدی بابەت: 3526
دەستنوێژگرتن

ناوه‌ڕۆك

باسی دەستنوێژگرتن

پێویستییەکانی دەستنوێژ شەشن:

یەکەم: نیەتهێنانە، واتە: نیازی لابردنی بی دەستنوێژی، یان نیازی گرتنی فەرزی دەستنوێژ ئەبێ ئەو نییەتە بهێنێ لەکاتی شۆردنی ڕوخسار، بەڵام مەرج نییە بە زمان بگوترێ (عن عُمَرَ بْن الْخَطَّابِ - رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ- قَالَ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ - صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ - يَقُولُ: ((ِنَّمَا الأَعْمَالُ بِالنِّيَّاتِ))رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کردەوەیەکی خواپەرستی بێ، بە نیازی ناو دڵ نەبێ دانامەزرێ.

دووەم: شۆردنی ڕووخسارە، (سنووری ڕوخسار: لە نێوان هەردوو گوێیە، لەگەڵ کۆتایی مووی پێشە سەر تا کۆتایی چەناگە)، کەوابوو: واجبە هەردوو زولفەکان بشۆردرێن هەر چەندە درێژیش بن.

سێیەم: شۆردنی هەردوو دەستەکانە لەگەڵ ئانیشکەکانی، جا ئەگەر نەختێکی دەستی بڕابۆوە، واجبە: واجبە ئەوەندەی ماوە بیشۆرێ، جا ئەگەر لە ئەنیشکەوە بڕابۆوە، سەری قۆڵی ئەشۆرێ.

چوارەم: مەسحی بەشێکی سەرە، واتە: هێنانی دەستی -کە دووبارە تەڕ کرابێ- بەسەر نەختێکی پێستەی سەری، یان نەختێک مووی سەری: کە لە سنووری سەر دەرنەچووبێ.

پێنجەم: شۆردنی هەردوو قاچەکانە لەگەڵ گۆزینگەکانی. بەڵگە: خوای گەورە فەرموویەتی (إِذَا قُمْتُمْ إِلَى الصَّلَاةِ فَاغْسِلُوا وُجُوهَكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ إِلَى الْمَرَافِقِ وَامْسَحُوا بِرُءُوسِكُمْ وَأَرْجُلَكُمْ إِلَى الْكَعْبَيْنِ) کاتێک ویستتان هەڵسن نوێژ بکەن ڕووخسارتان بشۆن و دەستتان لەگەڵ ئانیشکتان بشۆن و سەرتان مەسح بکەن و قاچتان لەگەڵ گۆزینگتان بشۆن.
ئاگاداری: شۆردن ئەوەیە: ئاو بەسەر ئەو ئەندامانەدا بڕوا و، هیچ شتێ وایان لەسەر نەبێ، کە ڕێگا بگرێ ئاو بگاتە پێستەکە، وەک بنێشت و مۆم و بۆیە و هەویر... هتد.

شەشەم: بە جێهێنانی ئەو ڕیزەیە بەو شێوەیەی گوتمان لە ئایەتی پیرۆزدا، یەک لە دوای یەک، چونکە پێغەمبەر ﷺ بەو جۆرە دەستنوێژی گرتووە.

شۆرێ و ئەوەی لە دوای ئەو ئەندامەش شۆراوە، ئەبێ دووبارە بیشۆریتەوە، تاکو ڕیزەکە تیک نەچێ (عمر بن الخطاب: أن رجلا توضأ فترك موضع ظفر على قدمه فأبصره النبي صلى الله عليه وسلم فقال : ارجع فأحسن وضوءك)رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ پیاوێکی بینی بە ئەندازەی یەک نینۆک قاچی تەڕ نەکردبوو، ئینجا پێی فەرموو: بگەڕێوە جوان دەستنوێژەکەت بشۆرە.

سوننەتەکانی دەستنوێژ دە سوننەتن

یەکەم: گۆتنی (بسم الله الرحمن الرحیم)، کە دەست بە دەستنوێژ ئەکا، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (توضئوا باسم الله)رواه النسائي، دەستنوێژ بگرن و (بسم الله) بکەن. جا ئەگەر لە یەکەم جار لە بیری چوو و لە ناو دەستنوێژ هاتەوە بیری، با بڵێ: (بسم الله أوله وآخره).

دووەم: شۆردنی هەردوو لەپی دەستە پێش ئەوەی بیانخاتە ناو ئاوەکە، ئینجا -لە دوای دەست شۆردن- سیواک بکا وەکو گوتمان.

سێیەم: ئاو لەدەم وەردانە.

چوارەم: ئاو لە لووت وەردانە. 
بۆ بەڵگە ئیمامی عوسمان ئەو سێیانەی کردن و فەرمووی (رَأَيْتُ رَسولَ اللهِ صَلَّى اللَّهُ عليه وسلَّمَ تَوَضَّأَ نَحْوَ وُضُوئِي هذا)رواه الشیخان، پێغەمبەرم ﷺ بینی بەو شێوەی من دەستنوێژی گرت.

پێنجەم: مەسحکردنی هەموو سەرە.

شەشەم: مەسحکردنی هەردوو گوێیەکانە، لای دەرەوە و لای ژوورەوە بە ئاوێکی تازە، نەک بە تەڕایەتی مەسحی سەر (عن ابن عباس: أن النبي ﷺ مسح برأسه وأذنيه ظاهرهما وباطنهما)رواه الترمذي و ابوداود، پێغەمبەر ﷺ سەری مەسح کرد و، دەرەوە و ژوورەوەی گوێیەکانی مەسح کرد.

حەوتەم: هەڵگوشینی ڕیشێکی پڕە بە پەنجەی دەستی، هەروەها چەنگە ئاوێکیش بخاتە ژێر چەناگەی (عن أنس بن مالک: أن النبى ﷺ كان إذا توضأ أخذ كفا من ماء فأدخله تحت حنكه فخلل به لحيته)رواه الترمذي، کە پێغەمبەر ﷺ دەستنوێژی ئەگرت، چەنگە ئاوێکی ئەدایە ژێر چەناگەی و ڕیشی پیرۆزی پی هەڵئەگوشی.
هەروەها دەست تێوەردانی نێوان پەنجەکانی دەست و قاچە، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (إذا توضَّأتَ فخلِّل بينَ أصابعِ يديكَ ورجليكَ)رواه الترمذي، کاتێ دەستنوێژ ئەشۆی، پەنجە بە نێوان پەنجەکانی دەست و قاچتدا بهێنە.

هەشتەم: پێشخستنی شۆردنی ڕاستەیە لەسەر لای چەپە (عن عائشة: ان کان النبي ﷺ لیحب لتَّيَمُّنُ في طُهُورِهِ وتَرَجُّلِهِ وفي انتعاله)رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ پێشخستنی لای ڕاستی پێخۆشبوو: لە دەستنوێژ و غوسڵ و سەرشانەکردن و پێڵاوکردنەپێ.

نۆیەم: شۆردن و مەسح کردنی ئەندامەکانە سێ جار سێ جار (جاء أعرابيٌّ إلى النَّبيِّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ يسأَلُه عن الوُضوءِ؟ فأَراه ثلاثًا ثلاثًا، قال: هذا الوُضوءُ، فمَن زاد على هذا؛ فقد أساءَ وتعدَّى وظلَمَ)رواه النسائي و ابوداود، پێغەمبەر ﷺ سێ جار سێ جار دەستنوێژی بە پیاوێک گوت و فەرمووی: دەستنوێژ ئاوهایە، هەر کەسێک لە سێ جار زیاتر ئەندامەکانی بشۆرێ، ئەوە خراپە و ستەم ئەکا.

دەیەم: ئەندامەکانی بە دوای یەکدا بشۆرێنێ بە جۆرێکی وەها: یەکەمیان وشک نەبێتەوە کاتێ دەست بە دووەمیان دەکا.

پاشکۆ: هەروەها سوننەتە لە ئەندازەی واجب زیاتر بشۆردرێ: وەک هەندێک لە قۆڵی و لای لای ژۆری گۆزینگی و دەرەوەی ڕوخساری، چونکە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (إن أمتي يأتون يوم القيامة غُرًّا مُحجَّلين مِن أثر الوضوء، فمَن استطاع منكم أن يُطيل غرَّتَه فليفعَلْ)رواه الشیخان، ئوممەتی من لە ڕۆژی قیامەت داوا ئەکرێن رووخسار و دەست و پێیان سپییە لەبەر دەستنوێژ شۆرین، جا هەر کەسێک لە ئێوە ئەتوانێ سپیایی خۆی زیاد بکات با بیکا.
(و عن أنس: كانَ النبيُّ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ يَتَوَضَّأُ عِنْدَ كُلِّ صَلَاةٍ، وقالَ: يُجْزِئُ أحَدَنَا الوُضُوءُ ما لَمْ يُحْدِثْ)رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ بۆ هەموو نوێژێک دەستنوێژی ئەشۆردەوە، بەڵام ئێمە دەستنوێژمان هەر دروست بوو تا بێ دەستنوێژ ئەبوین. واتە: نوێکردنەوەی دەستنوێژ واجب نییە، بەڵکو سوننەتە و هەموو نوێژەکانیش بە یەک دەستنوێژ دروستن.

هەروەها سوننەتە: لە دوای دەستنوێژ شۆردن ڕوو لە قیبلە بکەی و دەست بەرز بکەیەوە و ئەم دوعایە بخوێنی: (أَشْهَدُ أَنْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَحْدَهُ لَا شَرِيكَ لَهُ وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّدًا عَبْدُهُ وَرَسُولُهُ اللَّهُمَّ اجْعَلْنِي مِنْ التَّوَّابِينَ ، وَاجْعَلْنِي مِنْ الْمُتَطَهِّرِينَ سُبْحَانَكَ اللَّهُمَّ وَبِحَمْدِكَ ، أَشْهَدُ أَنْ لا إِلَهَ إِلا أَنْتَ ، أَسْتَغْفِرُكَ وَأَتُوبُ إِلَيْكَ)رواه الترمذي والحاکم


سەرچاوەکان



802 بینین