بوزا

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-08-21:38:00 - کۆدی بابەت: 2094
بوزا

ناوه‌ڕۆك

باوەڕدارانی ئاینی بوزی

هەزاران باوەڕداری ئاینی بوزی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئاسیا هەن، سەرژمێرییە نافەرمییەکان دەڵێن کە ژمارەی باوەڕدارانی ئەم ئاینە لە جیهاندا دەگاتە سەد و پەنجا ملیۆن کەس، یاخود بەپێی هەندێکی دیکە سێسەد ملیۆن کەس، پەیڕەوانی مەزهەبی بوزی لە هیندستان و چین و تبت و ژاپۆن و کۆریا و بۆرما و تایلەند و سیلان بڵاوبوونەتەوە.

لەدایکبوون و گەورەبوونی دامەزرێنەری ئاینی بوزی 

دامەزرێنەری بوزی لە باکووری هیند لەسەر سنووری شانشینی نیپاڵ لە پێش ساڵی 560ـی پێش زاین لەدایک بووە، باوکی دەسەڵاتداری ناوچەیەک بووە کە بوزا تیایدا لەدایک بووە، لەبەر ئەوە بوزا لە خۆشی و نازدا ژیاوە، بۆیە داواکارییەکانی جێبەجێ دەکران، خواستەکانیشی بە زووترین کات دەهاتنەدی، خێزانەکەی لە تەمەنی 19 ساڵیدا هاوسەریان بۆ هێنا، بەڵام بەپێی گێڕانەوەکان ئەم خۆشگوزەرانییە بوزای لە بیرکردنەوە لە ژیانی هەزاران کەسی هەژار دوورنەخستەوە، ئەو هەستی بەو دەردیسەری و نەخۆشی و نەزانیی و هەژارییەی خەڵکەکەی چواردەوری دەکرد.

بوزا لە کاتێکی دیاریکراودا بڕیاری وازهێنانیدا لە خۆشگوزەرانی، بەڵکو ئەو هۆکارانە بدۆزێتەوە کە دەبێتە هۆی خراپی باری خەڵکی و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، لە تەمەنی 26 ساڵیدا لە کەسوکاری دوورکەوتەوە و بەرەو دارستانێک چوو کە ناوی ئۆرویلا بوو، بڕیاری دا لە ژێر دەرختەکانی ئەوێدا بمێنێتەوە و بیری لە خودای ئاسمان و زەوی دەکردەوە، بەهۆی ئەم بیرکردنەوە و مانەوەیەوە کۆمەڵە بیرکردنەوەیەکی بۆ هاتن کە خۆی دەربارەیان دەیوت بەهۆی پاکبوونەوەی دەروونی و دوورکەوتنەوە لە خۆشگوزەرانی و داواکارییەکانی نەفسەوە هاتوون بۆی، دوای ئەمە دەرچوو بۆ ئەوەی بیر و ڕاکانی بڵاوبکاتەوە و شوێنکەوتوو و خەڵکیش باوەڕیان پێی هێنا.

ڕێگای ڕزگاربوون لای بوزا

لە دیارترین ئەو بیر و باوەڕانەی کە بوزا لە ناو خەڵکیدا بڵاوی کردەوە ئەوەبوو کە ژیانی دونیا کۆمەڵێک خۆشی و جوانییە کە نەفسی مرۆڤ مەیلی بۆی هەیە و حەز و ئارەزوو داوای دەکەن کە ناوی ئەمانەی نا کارما، ڕێگای ڕزگابوونیش لە کارما بریتییە لە نەهێشتن و کوشتنی ئەو ئارەزووانە لە نەفسدا، ئەمە بۆ ئەوەی مرۆڤ بگات بە ئاستی پاکێتی ڕۆحی و بێخەوشتی دەروونی، کە ناوی نا نیرڤانا، ئەوپەڕی حاڵەتی نیرفاناش لەو کاتەیە کە مرۆڤ دەمرێت و بەرەو شوێنێکی دوور لەم دنیایە کۆچ دەکات.

هەندێک بیرکرنەوەی بوزا

بوزا زۆر بیری بە بابەتەکانی عەقیدە نەدەکردەوە، تەنانەت لێی دەگێڕنەوە کە بەرهەڵستی کاهینەکانی هیندۆسی کردووە لە هەندێک بابەتی نێوانیان، وەک خودایەتی و بیرکردنەوە لە بەدیهێنەر، ئەو وایدەزانی کە پەیوەندی بەدیهێنەر بە بەدیهێنراو وەک پەیوەندی خۆشەویستێکە بە خۆشویستراوێک کە هەست بە خۆشویستراوەکە ناکرێت، ئەو جەختی لەسەر ئەخلاق دەکردەوە وەک بنەمایەکی ژیان، هەروەها بوزا باوەڕی بە بابەتەکانی ژیانەوەی دوای مردن نەبوو لەبەر ئەوەی وایدەزانی ڕۆح لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە لە کردارێکدا کە بە نەمان کۆتایی دێت.


سەرچاوەکان



1902 بینین