وەبەرهێنان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-02-11-17:00:00 - کۆدی بابەت: 10970
وەبەرهێنان

ناوه‌ڕۆك

وەبەرهێنان چییە؟

وەبەرهێنان، سەرمایەگوزاری، خستنەگەڕ یان خستنەگەڕی سەرمایە (بە ئینگلیزی: Investment، بە عەرەبی: استثمار) بریتییە لە خستنەگەڕی سەروەت و سامانێک یان شتێک کە بەدەست هێنراوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی داهات یان زیادبوونی سامان. 

بە واتایەکی تر وەبەرهێنان بریتییە لە پرۆسەی تەرخانکردنی سەرمایە بۆ ئامرازێکی دارایی بۆ نموونە، پشک و بۆند کە بۆ وەرگرتنی هەندێک سوود لە داهاتوودا پێویستی بە چاوەڕوانی هەیە. لە جیهانی داراییدا سوودی وەبەرهێنان بە گەڕانەوە ناودەبرێت.

بەرزبوونەوەی سامان ئاماژەیە بۆ زیادبوونی بەهای سەروەت و سامانێک بە تێپەڕبوونی کات. کاتێک تاکێک کاڵایەک وەک وەبەرهێنانێک دەکڕێت، مەبەست لێی بەکارهێنانی کاڵاکە نییە بەڵکوو لە داهاتوودا بۆ پێکهێنانی سامان بەکاری دەهێنێت.

وەبەرهێنان هەمیشە پەیوەندی بە هەندێک سەرچاوەی ئەمڕۆ هەیە وەکوو کات، هەوڵ، پارە، یان سەروەت و سامانێک بە هیوای ئەوەی لە داهاتوودا پاداشتێکی زیاتری هەبێت لەوەی کە لە سەرەتاوە بۆی دابین کراوە.

بۆ نموونە ڕەنگە وەبەرهێنەرێک ئێستا سەرمایەیەکی دراوی (بریتییە لە پارەی نەختینەیی و هاوتاکانی نەختینەیی، وەکوو پارەی نەختینەیی بەردەست، سپاردەی بانکی، حیسابی وەبەرهێنان، حیسابی وەرگیراو و یاداشتە وەرگیراوەکان، کە هەموویان دەتوانرێت بە ئاسانی بگۆڕدرێن بۆ بڕە پارەیەک.) بکڕێت بەو بیرۆکەیەی کە ئەو سەرمایەیە لە داهاتوودا داهات دابین دەکات یان دواتر بە نرخێکی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی قازانج دەیفرۆشێت.

وەبەرهێنان بەشێکی گرنگی ئابوورییە و بەشێکی گرنگی دارایی کەسییە. بۆ وەبەرهێنەرانی تاکەکەسی، وەبەرهێنان دەتوانێت ڕێگەت پێبدات لە ماوەیەکی جیاوازدا گەشە بە سامانەکەت بدەیت.

وەبەرهێنان و پاشەکەوتکردن

وەبەرهێنان و پاشەکەوتکردن هەردووکیان بریتین لە دانانی پارە بۆ داهاتوو، بەڵام شتگەلێکی جیاوازن. بەزۆری وەبەرهێنانەکان ئاستی مەترسی بەرزتر و گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی زیاتریان لە چاو پاشەکەوتکردن هەیە.

 پاشەکەوتکردن بریتییە لەو پارانەی کە خراونەتە لایەکەوە، زۆرجار لە هەژماری بانکیدا بۆ هەندێک مەبەستی داهاتوو هەڵدەگیرێن. بەڵام وەبەرهێنان خستنەگەڕی سەرمایەیە بە مەبەستی زیادکردنی و بۆ مەبەستی داهاتوو بەکاردەهێنرێت.

بۆ نموونە وەبەرهێنان لە کۆمپانیایەکدا کە دۆخی دارایی ناجێگیرە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە، واتە هەڵگرتنی مەترسییەکانی ئەگەری نەدانی قەرزی کۆمپانیاکەی هەیە. بەو پێیەی کۆمپانیاکە لە دۆخێکی ناجێگیری داراییدایە، وەبەرهێنەر داوای ڕێژەی سوودی زیاتر دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاستی مەترسییەکان.

ئەگەر کۆمپانیاکە مایەپووچ بوو، ئەوا وەبەرهێنەر سەرمایەی وەبەرهێنراوەکەی لەدەست دەدات، بە مەرجێک هیچ بژاردەیەکی تری نەبێت بۆ ئەوەی لە کۆمپانیاکەی داوا بکاتەوە.

بە پێچەوانەوە پاشەکەوتکردن تەنها کەڵەکەکردنی پارەیە بۆ بەکارهێنانی لە داهاتوودا. بە تەواوی بێ مەترسییە چونکە سەرمایە بەکارناهێنرێت، واتە تەنها پاشەکەوتکراوە یان لە هەژماری بانکیدایە.

مێژووی وەبەرهێنان

یاسای حەموڕابی (نزیکەی ساڵی ١٧٠٠ـی پێش زایینی) چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ وەبەرهێنان دابین کرد، ئامرازێکی بۆ گرێبەستکردنی بەڵێنەکان دامەزراند بۆ بەیاسایی کردنی مافەکانی قەرزدار و قەرزدەر سەبارەت بە زەوییە بەڵێندراوەکان، شکاندنی بەڵێنەکانیش سزایان لەسەر دەدرا. 

لە جیهانی ئیسلامی سەدەی ناوەڕاستدا قیراد ئامرازێکی سەرەکی دارایی بووە. ئەمەش ڕێکخستنێک بوو لە نێوان وەبەرهێنەرێک یان چەند وەبەرهێنەرێک و بریکارێک، کە وەبەرهێنەران سەرمایەیان بە بریکارێک دەسپارد کە دواتر بە هیوای قازانج بازرگانییان لەگەڵدا دەکرد.

پاشان هەردوو لایەن بەشێکی پێشتر یەکلایی کراوی قازانجەکەیان وەرگرت، هەرچەندە بریکارەکە بەرپرسیار نەبوو لە هیچ زیانێک. زۆر کەس تێبینی ئەوە دەکەن کە قیراد هاوشێوەی ئەو کۆمێندەیە (گرێبەستێکی سەدەی ناوەڕاست بوو.) کە دواتر لە ڕۆژاوای ئەورووپا بەکارهێنرا، هەرچەندە ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە باس لەوە بکرێت کە ئایا قیرادەکە گۆڕاوە بۆ کۆمێندە یان ئەو دوو گرێبەستە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەرەیان سەندووە.

جۆرەکانی وەبەرهێنان

بێگومان دەرفەتی بێکۆتایی بۆ وەبەرهێنان هەیە، نوێکردنەوەی تایەی ئۆتۆمبێلەکەت دەتوانرێت وەک وەبەرهێنانێک سەیر بکرێت کە سوود و بەهای داهاتووی سەرمایەکە بەرز دەکاتەوە. باوترین جۆرەکانی وەبەرهێنان کە خەڵکی بۆ زیادکردنی سەرمایەکانیان بەکاری دەهێنن بریتین لە:

پشکەکان: پشک بریتییە لە بەشێک لە خاوەندارێتی کۆمپانیایەکی گشتی یان تایبەتی. بە پشک وەبەرهێنەر دەتوانێت مافی وەرگرتنی پاداشتەکانی هەبێت کە لە قازانجی کۆتایی کۆمپانیاکەدا بەدەست دێت. لەگەڵ سەرکەوتنی کۆمپانیاکە، وەبەرهێنەرانی تر هەوڵی کڕینی پشکی ئەو کۆمپانیایە دەدەن، بەهاکەی دەتوانرێت بەرزبێتەوە و بۆ قازانجی سەرمایە بفرۆشرێت.

دوو جۆری سەرەکی پشک کە وەبەرهێنانیان تێدا دەکرێت بریتین لە پشکی ئاسایی (پشکێکی ئاساییە بریتییە لە زەمانەتێک کە نوێنەرایەتی خاوەندارێتی لە کۆمپانیایەکدا دەکات.) و پشکی پەسەندکراو (جۆرێکی جیاوازی پشکەکانە کە نوێنەرایەتی خاوەندارێتی کۆمپانیایەک دەکات، داوای داهات لە کارەکانی کۆمپانیاکە دەکات، لە پشکە ئاسایییەکان زیاتر وەبەرهێنان دەکەن.) زۆرجار پشکی پەسەندکراو یەکەمجار دەتوانن داوای پاداشت بکەن و دەبێت پێش خاوەن پشکە ئاساییەکان پاداشتیان پێ بدرێت.

بۆندەکان: بۆند جۆرێکە لە قەرز کە لەلایەن حکوومەت و بازرگانەکانەوە دەردەچێت. بە شێوەیەکی گشتی بۆندەکان جگە لە گەڕاندنەوەی سەرەکی پارەیەکی سوود پێشکەش دەکەن کە پێی دەوترێت "کۆبۆن". لەبەر ئەوەی زۆربەی کات بۆندەکان بە پارەی زۆر دەردەچن، زۆرجار تاک و خێزانەکان لە ڕێگەی سندووقەکانی وەبەرهێنانەوە بۆند دەکڕن.

سندووقی هاوبەش: سندووقی هاوبەش جۆرێکە لە وەبەرهێنان کە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت بەشێک لە سندووقی هاوبەش بکڕیت کە خاوەنی چەندین پشک، بۆند، یان وەبەرهێنانی ترە. ئەگەر پشکی سندووقی هاوبەشی کۆمپانیایەک بکڕیت، ئەوە پارەی وەبەرهێنانەکەت لەگەڵ پارەی وەبەرهێنەرانی تر تێکەڵ دەکرێت. 

وەبەرهێنەران لەبری ئەوەی هەر کۆمپانیایەکی تاک هەڵبژێرن بۆ وەبەرهێنان، زۆرجار سندووقەکانی ئیندێکس (سندووقێکی هاوبەشە)، سندووقە هاوبەشەکان و جۆرەکانی تری سندووقەکان بۆ دروستکردنی یەک ئامرازی وەبەرهێنان بەکاردەهێنن. بۆ نموونە وەبەرهێنەر دەتوانێت پشکی یەک سندووقی هاوبەش بکڕێت کە خاوەندارێتی کۆمپانیا بچووکەکانی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکانی هەیە، لەبری ئەوەی پێویست بکات یەک کۆمپانیا بەتەنیا بۆ وەبەرهێنان بەکاربهێنێت.

عەقارات: زۆرجار بە وەبەرهێنانی خانووبەرە پێناسە دەکرێت. ئەمەش ڕووبەرێک دەگرێتەوە دەتوانرێت زەوی لەسەر دروست بکرێت، بینای ئۆفیسەکانی لێ بنیات بنرێت، دەتوانرێرت بکرێت بە کۆگا و موڵکەکانی نیشتەجێبوون کە خێزانەکان دەتوانن تێیدا بژین. وەبەرهێنانی خانووبەرە لەوانەیە بەدەستهێنان و پەرەپێدانی شوێنەکان بۆ بەکارهێنانی تایبەت، یان کڕینی شوێنی کارکردن لەخۆبگرێت.

لە هەندێک باردا، زەوی ڕەنگە بە شێوەیەکی بەرفراوان هەندێک جۆری وەبەرهێنان لەخۆبگرێت کە دەکرێت کاڵا بەرهەم بهێنێت. بۆ نموونە وەبەرهێنەر دەتوانێت وەبەرهێنان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بکات، وەبەرهێنانەکە بە پشتبەستن بە بەرهەم و داهاتی کارکردن گەڕانەوەیەک بەدەست دەهێنێت.

کاڵاکان: زۆرجار کاڵاکان کەرەستەی خاون وەک کشتوکاڵ، وزە، یان کانزاکان. وەبەرهێنەران دەتوانن وەبەرهێنان لە کاڵا بەرجەستە ڕاستەقینەکاندا بکەن وەکوو زێڕ یان دەتوانن بەرهەمی وەبەرهێنانی جێگرەوە هەڵبژێرن. 

کاڵاکان دەتوانن وەبەرهێنانێک بن چونکە زۆرجار وەکوو هێزێکی لەکارکراو بۆ کۆمەڵگا بەکاردەهێنرێن، ئەوانیش وەکوو نەوت، گاز، یان جۆرەکانی تری وزە. لە قۆناغەکانی گەشەی ئابووریدا زۆرجار کۆمپانیاکان پێویستیان بە وزەی زیاترە بۆ ناردنی بەرهەمی زیاتر یان دروستکردنی کاڵای زیادە. 

چۆن دەست بە وەبەرهێنان بکەین؟

چەندین ڕێگەی جیاواز هەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بیگرێتەبەر لەکاتی فێربوونی چۆنیەتی وەبەرهێنان یان لە کوێوە دەست پێبکات لەکاتی دانانی پارەدا. لێرەدا چەند ئامۆژگاریەک دەخەینەڕوو بۆ دەستپێکردنی وەبەرهێنان:

خۆت لێکۆڵینەوە بکە: دەستەواژەیەکی باو کە لە پیشەسازی وەبەرهێناندا بەکاردەهێنرێت، گرنگە وەبەرهێنەران لەو دەزگایانە تێبگەن کە پارەکانیانی تێدەخەن. جا چی یەک پشکی کۆمپانیایەکی دامەزراو بێت یان هەوڵێکی وەبەرهێنانی جێگرەوە و مەترسیدار، وەبەرهێنەران دەبێ پێشوەختە لێکۆڵینەوەی تەواو بکەن.

پلانی خەرجکردنی کەسی دابنێ: پێش وەبەرهێنان، پێویستە تاکەکان توانای خۆیان بۆ دانانی پارە لەبەرچاو بگرن. ئەمەش دڵنیابوون لەوەی کە سەرمایەی پێویستیان هەیە بۆ خەرجییەکانی مانگانە و پێشتر سندووقێکی فریاگوزارییان (ئاماژەیە بۆ ئەو پارەیەی کە لە شوێنێکدا هەڵگیراوە و خەڵک دەتوانن لە کاتی ناڕەحەتی داراییدا بەکاریبهێنن.) پێویستە تاکەکان ئاگاداری ئەوە بن کە سەرەتا ئەرکەکانی ژیانی ڕۆژانەیان جێبەجێ بکەن پاشان دەست بە وەبەرهێنان بکەن.

تێگەیشتن لە سنووردارکردنی شل: ڕەنگە هەندێک لە وەبەرهێنەران کەمتر شل بن لە چاو هەندێکی تر، واتە ڕەنگە فرۆشتنیان قورستر بێت. لە هەندێک باردا ڕەنگە وەبەرهێنانێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو قفڵ بکرێت و نەتوانرێت ساغ بکرێتەوە. گرنگە تێبگەین کە ئایا هەندێک وەبەرهێنان دەتوانرێت لە هەر کاتێکدا بکڕدرێت یان بفرۆشرێت.

لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی باج: باج دەتوانێت کاریگەری بکاتە سەر وەبەرهێنانەکەت، دەبێت ئاگاداری نالەباری باج بیت و بزانیت لە کوێ وەبەرهێنان دەکەیت و وەبەرهێنان لە چیدا دەکەیت. 

پێوانەی مەترسییەکانت بکە: وەبەرهێنان مەترسی دروست دەکات. ئەمەش واتە لەوانەیە لە کۆتاییدا پارەیەکی کەمترت بۆ بمێنێتەوە لەو پارەیەی کە بۆ وەبەرهێنانەکە بەکارتهێناوە. ئەو وەبەرهێنەرانەی کە بەم بیرۆکەیە نائاسوودەن دەتوانن بڕی وەبەرهێنانیان کەم بکەنەوە بۆ ئاستێک کە پێی ئاسوودەتر دەبن لە لەدەستدانی و ڕێگاکانی کەمکردنەوەی مەترسییەکان بدۆزنەوە.

ڕاوێژ بە ڕاوێژکارێک بکە: زۆرێک لە پیشەگەرە داراییەکان بە خۆشحاڵیەوە ڕێنماییەکانیان پێشکەش دەکەن، ئاگادارت دەکەنەوە کە بیر لە چی دەکەنەوە دەربارەی بازاڕەکان، هەروەها هاوکاریت دەکەن لەوەی چۆن دەستت بگات بە پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان کە دەتوانیت پارەیان تێدا وەبەربهێنیت.

بۆچی وەبەرهێنان بکەیت لەکاتێکدا دەتوانیت پارە بەبێ هیچ مەترسییەک پاشەکەوت بکەیت؟

وەبەرهێنان بریتییە لە خستنەگەڕی سەرمایە بۆ مەبەستی گەشەکردن. کاتێک وەبەرهێنان لە پشکەکان یان بۆندەکاندا دەکەیت، ئەوا ئەو سەرمایە لە ژێر چاودێری کۆمپانیایەک و تیمی بەڕێوەبردنەکەیدا دەخەیتە کارەوە. هەرچەندە هەندێک مەترسی هەیە، بەڵام ئەو مەترسییە بە گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی ئەرێنی لە شێوەی قازانجی سەرمایە یان پاداشت و سووددا دەدرێتەوە. لە بەرانبەردا پارەی کاش گەشە ناکات، یان ڕەنگە بەهۆی هەڵاوسانەوە بە تێپەڕبوونی کات هێزی کڕین لەدەست بدات.


سەرچاوەکان



378 بینین