ناوهڕۆك
سەرەتا
بەرزی ڕێژەی چەوری لە خوێندا یان بەرزی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ (بە ئینگلیزی: Hyperlipidemia or high cholesterol، بە عەرەبی: ارتفاع نسبة الدهون في الدم أو ارتفاع نسبة الكوليسترول في الدم) بریتییە لە ڕێژەیەکی زۆری چەوری زیاتر لە ڕێژەی ئاسایی خۆی لە خوێندا. جگەر کۆلیسترۆڵ دروست دەکات، کە یارمەتی هەرسکردنی خۆراک و دروستبوونی هۆڕمۆنەکان دەدات. هەروەها کۆلیسترۆڵ دەتوانرێت لە ڕێگەی خواردنی وەک گۆشتی سوور و هەندێک خواردنی تر بەدەست بهێنرێت. کاتێک جگەر دەتوانێت بڕی پێویست لە کۆلیسترۆڵ دروست بکات، کەواتە ئەو بڕە کۆلیسترۆڵەی لەڕێگەی خۆراکەوە بەدەست دەهێنرێت زیادەیە. زیادبوونی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ زیاتر لە ڕێژەی ئاسایی خۆی لە خوێندا مەترسیدارە، دەکرێت ببێتە هۆی گیرانی خوێنبەرەکان و ڕێگری لە چوونی خوێن بۆ ئەندامەکانی جەستە بکات. دەکرێت ئەمەش ببێتە هۆی زیانگەیشتن بە ئەندامەکان بەهۆی نەچوونی خوێن بۆ ئەو ئەندامانە. چەوری خراپ (Bad cholesterol) خراپترین جۆری چەورییەکانە، چونکە دەبێتە هۆی ڕەقبوون و نیشتنی چەوری لە خوێنبەرەکاندا و ڕێگری لە جووڵەی خوێن بەناو خوێنبەرەکاندا دەکات. دەکرێت ئەمەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد بکات.
جۆرەکانی چەوری
- چەوری خراپ: ئەم جۆرەی چەوری بە چەوری خراپ ناسراوە، چونکە لە خوێنبەرەکاندا دەنیشێت و دەتوانێت زیانی گەورە بە ئەندامەکان بگەیەنێت.
- چەوری بەسوود: ئەم جۆرەیان پێی دەوترێت چەوری باش، چونکە چەوری بۆ جگەر دەگوازێتەوە، دواتریش لەڕێگەی جگەرەوە لەش لەو کۆلیسترۆڵە زیادەیە ڕزگار دەکرێت.
مەترسییەکانی بەرزی ڕێژەی چەوری لە خوێندا
ئەم حاڵە ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، دەکرێت مەترسی زۆر بۆ سەر جەستە دروست بکات. ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی بڕێک لە چەوری و نیشتنی لەناو لوولەکانی خوێندا. دواتر دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ئۆکسجین و خۆراکە ماددەکان بۆ ئەندامەکانی جەستە و دروستکردنی ئەم مەترسییانە:
- جەڵتەی دڵ
- جەڵتەی مێشک
- نەخۆشیی خوێنبەری تاجی
- لەناکاو وەستانی دڵ
- نەخۆشیی لوولە بچووکانی خوێن
ئایا هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بۆ بەرزی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ هەیە؟
هەندێک خەڵکی کاتێک ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێنیاندا بەرز دەبێتەوە هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام ئەو کەسانەی کێشەی بۆماوەیی بەرزی ڕێژەی کۆلیسترۆڵیان هەیە، هەندێک پەڵەی چەوری لە پێستیاندا دروست دەبێت یان بازنەی چەوری لە دەوری ڕەنگێنەی چاویان دروست دەبێت. قەڵەوی دەکرێت نیشانەیەکی تری بەرزی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ بێت.
ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی بەرزی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ
- جگەرەکێشان
- خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئەلکحول
- ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر چەورییان تێدایە
- خواردنی پەنیر، گۆشتی سوور و زەردێنەی هێلکە
- وەرزش نەکردن، دانیشتنی زۆر و زیادبوونی کێش
- زیادبوونی فشاری دەروونی
- کێشەی بۆماوەیی کە دەبێتە هۆی نائاسایی بوونی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ.
- نەخۆشیی شەکرە
- نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلەکان
- نەخۆشیی گورگە سوورە
- نەخۆشیی ئایدز
- نەخۆشیی غودەی تەمبەڵ
دەستنیشانکردن
بەم ڕێگایانە بەرزی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا دەستنیشان دەکرێت:
- پشکنینی فیزیایی
- مێژووی پزیشکی
- ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا.
- مێژووی خێزانی
- پشکنینی چەوری خوێن
ڕێژەی ئاسایی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا بریتییە لە کەمتر لە ٢٠٠ میلیگرام/ دیسیلیتر.
چارەسەرەکان
بۆ هەندێک لە خەڵکی چارەسەرەکان تەنها بریتین لە گۆڕینی شێوازی ژیانیان، بەڵام بۆ هەندێک کەس سەرەڕای گۆڕینی شێوازی ژیانیان پێویستییان بە بەکارهێنانی دەرمان دەبێت. هەندێک لە چارەسەرەکان بریتین لە:
- وەرزشکردن
- وازهێنان لە جگەرە
- خەوتن بە لایەنی کەمەوە حەوت کاتژمێر شەوانە
- هێشتنەوەی فشاری دەروونی لە ئاستێکی کۆنترۆڵکراودا
- خواردنی تەندروست
- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەلکحول
- کەمکردنەوی کێش بۆ کێشێکی تەندروست
بۆ ئەو کەسانەی کە گۆڕینی شێوازی ژیان بە تەنها ناتوانێت چارەسەرکەر بێت و پێویستییان بە بەکارهێنانی دەرمان دەبێت، بەزۆری دەرمانی ستاتین بەکاردێت. ئەم دەرمانە ڕێژەی کۆلیسترۆڵی خراپ لە خوێندا کەم دەکاتەوە.
جگە لە کەسانی بەتەمەن دەکرێت منداڵەکانیش تووشی ئەم حاڵەتە ببن، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی لە خێزانەکانیاندا ئەم کێشەیە هەیە. منداڵان و گەنجان پێویستە پێنج ساڵ جارێک پشکنینەکانی پەیوەندیدار بەم حاڵەتە ئەنجام بدەن. لە تەمەنێکی گەورەتردا ساڵێک یان دوو ساڵ جارێک پێویست بە ئەنجامدانی ئەم پشکنینانە دەکات.