جەنگی نەهاوەند

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-12-23:15:00 - کۆدی بابەت: 10632
جەنگی نەهاوەند

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی نەهاوەند (بە عەرەبی: معركة نهاوند، بە ئینگلیزی: The Battle of Nahavand) ئەو جەنگەیە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب هەڵگیرسا، موسڵمانان بە سەرکردایەتی نوعمانی مەزنی لە مانگی موحەڕەمی ساڵی ٢١ کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٦٤٢ـی زایینی لە ناوچەی نەهاوەند ئەو جەنگەیان لەگەڵ فارسەکان بەرپاکرد، لەو جەنگەدا فەتحی وڵاتی فارس کرا کە وڵاتی ئێرانی ئێستا دەکات. بەهۆی سەرکەوتن و دەستکەوتی موسڵمانانەوە ئەم جەنگە لەناو جەنگە ئیسلامییەکان بە "فتح الفتوح" ناسراوە، چونکە لەم جەنگەدا لە نیمچە دوورگەی عەرەبی کۆتایی بە دەسەڵاتی ساسانییەکانی فارس هێنرا.

هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە

دوای سەرکەوتنە یەک لەدوای‌ یەکەکانی سوپای موسڵمانان لە جەنگەکان و فەتحکردنی زۆرێک لە ناوچەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەبووبەکری سدیق و پاشان عومەری کوڕی خەتتاب، بە تایبەتی دوای سەرکەوتنی موسڵمانان لە جەنگی قادسییە لە عێراق بە فرمانی عومەری کوڕی خەتتاب دوای چوار ساڵ جەنگ کردن بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی سوپای موسڵمانان و ڕێکخستنی ئەو هەرێمانەی تازە ئیسلامیان پێگەشتبوو فەتحکردن و جەنگ نزیک سنووری چیاکانی زاگرۆس وەستێنرا.

جەنگی قادسییە و جەنگەکانی تر زیانێکی زۆری بە فارس و ساسانییەکانی دەسەڵاتداری ناوچەکان گەیاندبوو، بۆیە فارسەکان لەنێو خۆیاندا هۆز و دەسەڵاتدارەکانیان کۆبوونەوە و بڕیاری جەنگیان دژی موسڵمانان ڕاگەیاند و بڕیاریان دا لە ناوچەی نەهاوەند کە وەکوو سنوورێکی نێوان هەردوو دەسەڵاتداری ئیسلامی و فارس بوو سوپاکانیان ئامادە بکەن. نەهاوەند کرا بە ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوە و شوێنی جەنگی نەهاوەند، چونکە ناوچەیەک بوو هەر چوار لایەکەی بە شاخ و کێوی بڵند دەوردرابوو و هەروەها ڕێگای گەیشتن بە نەهاوەند سەخت و دژوار بووە. بۆیە ساسانییەکانی فارس بە سەرکردایەتی "فەیرەزان" بە سوپایەکی پەنجا هەزار کەسییەوە بە مەبەستی تۆڵە سەندنەوە لە موسڵمانان لە نەهاوەند کۆبوونەوە.

ئامادەکاریی بۆ جەنگەکە

بەپێی سەرچاوە مێژووییە ئیسلامییەکان ساڵی ٢١ـی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٦٤٢ـی زایینی بە ساڵی هەڵگیرسانی جەنگەکە دیاریکراوە، چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی تریش ساڵی ١٨ـی کۆچی یاخود ساڵی ١٩ـی کۆچییان بە ساڵی هەڵگیرسانی جەنگەکە دیاریکردووە. جەنگی نەهاوەند لە ناوچەی نەهاوەندی فارس ڕوویداوە، نەهاوەند لە ئێستادا شارێکی سەر بە پارێزگای هەمەدانی وڵاتی ئێرانە، ناوچەیەکی شاخاوییە و لە باشووری زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوەیە. دوای سەرکەوتنی سوپای موسڵمانان لە جەنگی قادسییە، لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب بڕیاری هەڵگیرسانی جەنگی نەهاوەند درا، لە سەرەتای جەنگەکە ژمارەی سوپای ساسانییەکانی فارس نزیکەی پەنجا هەزار جەنگاوەر بوون.

دوای کۆبوونەوەی فارسەکان لە نەهاوەند، سەعدی کوڕی ئەبی‌ وەقاس کە والی کووفە بوو، هەواڵی کۆبوونەوەی سوپای فارسی لە نەهاوەند پێگەیشت، ڕاستەوخۆ نامەی ئاگادارکردنەوە و هەواڵی کۆبوونەوەی فارسەکانی بۆ عومەری کوڕی خەتتاب نارد لە مەدینە و ڕوونیکردەوە بارودۆخەکە سەختە و موسڵمانان پێویستییان بە یارمەتی هەیە. عومەری کوڕی خەتتاب لەگەڵ دانیشتووان و هاوەڵانی مەدینە کۆبووەوە پرس و ڕاوێژی پێکردن، لەگەڵ هاوەڵانی مەدینە گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە عومەر لە مەدینە بمێنێتەوە و لەسەر داوای ئەو سێیەکی دانیشتووانی هەردوو ویلایەتی کووفە و بەسرە هاوکاری سوپای موسڵمانان بکەن و بەشداری جەنگەکە بکەن. هاوکات عومەر پرس و ڕاوێژی بە هاوەڵان کرد کە سەرکردەی جەنگەکە هەڵبژێرن، ئەوانیش هەموو ئازادییەکییان بەخشییە عومەر بۆ ئەوەی هاوەڵێک وەکوو سەرکردەی سوپا هەڵبژێرێت، بۆیە عومەر هاوەڵ نوعمانی مەزنی هەڵبژارد و کردییە سەرکردەی سوپای موسڵمانان. لە شاری مەدینەوە نوعمان و چەند هاوەڵێک بەرەو ناوچەی نەهاوەند کۆچیان کرد. سوپای موسڵمانان گەمارۆی نەهاوەندیان دا و سوپای فارسەکان لە ناوەوە ئامادە بوون بۆ هێرش.

ڕێکخستنی سوپای موسڵمانان

عومەری کوڕی خەتتاب بە ڕاوێژی موسڵمانان سوپای موسڵمانانی بەو شێوەیە ڕێکخست:

  • نوعمانی مەزنی وەکوو سەرکردەی گشتی سوپا هەڵبژارد.
  • حوزەیفەی کوڕی یەمانی وەکوو سەرکردەی تیپی سوپای موسڵمانانی کووفە هەڵبژارد.
  • ئەبوو مووسای ئەشعەری والی بەسرە وەکوو سەرکردەی تیپی سوپای موسڵمانانی بەسرە دیاریکرد.
  • عەبدوڵڵای کوڕی عومەری وەکوو سەرکردەی سوپای کۆچەرییەکانی مەککە و یاوەرانی مەدینە هەڵبژارد.
  • هەر یەک لە سەلمای کوڕی قیین، حەرملەی کوڕی ماریتە، زەری کوڕی کیلاب و ئەسوەدی کوڕی ڕەبیعە لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی تری موسڵمانان لە ئەهواز و ناوچەکانی فارس دابەش کردە سەر لق و بەشەکانی تری سوپای موسڵمانان.

هەڵگیرسانی جەنگەکە

ژمارەی موسڵمانان لەو جەنگەدا سی هەزار کەس بوون. فارسەکان لەم جەنگەدا تەکتیکی هەڵکەندنی خەندەقیان لەدەوری نەهاوەند بەکارهێنابوو، لە ناوەوە فارسەکان سوپاکەیان دابەشکردبووە سەر چەند تیپێک، تیر هاوێژەکان، پاشان هێرشبەرەکان، هاوکات خەندەق و شوێنی جوگرافی نەهاوەندیش هاوکار و خاڵی بەهێزی ئەوان بوو.

پاش دوو ڕۆژ لە گەیشتنی موسڵمانان بۆ سنووری ناوچەکە نەیانتوانی بە ئاسانی خەندەقەکەی دەوری نەهاوەند ببڕن، بۆیە کۆبوونەوە و بەپرس و ڕاوێژکردن هاوەڵانی جەنگاوەر نوعمانی مەزنی سەرکردە گەیشتە ئەو بڕیارەی کە پێویستە تەکتیکێک بەکاربهێنن کە ئەوان هێرش نەکەن بەڵکوو فارسەکان هێرش بکەنە سەریان و لە ناوەند و مۆڵگەکەیان بێنە دەرەوە، چونکە بەهۆی سەختی و دژواری شوێنی جوگرافی و بوونی خەندەق ئەستەم بوو موسڵمانان هێرش بکەن و بچنە نەهاوەندەوە، بۆیە سوپاکە دابەش کرایە سەر چەند بەشێک کە پێکهاتبوون لە ئەسپسواران و تیرهاوێژان و هێرشبەران، ئەسپسوارەکان کران بە دوو بەشەوە کە بەشی یەکەم ژمارەیەکی کەمی ئەسپسواران بوون توانیان بڕێکی زۆر لە جەنگاوەرانی سوپای فارسی ناچار بکەن و هێرش بکەنە سەر موسڵمانان و لە سنووری نەهاوەند بێنە دەرەوە، دوای پاشەکشێکردنی بەشی یەکەمی ئەسپسوارانی موسڵمانان و خۆ دەرخستنیان بەوەی کە دۆڕان، بەشێکی زۆری سوپای فارسەکان لە سنوور و حەشارگەکان هاتنە دەرەوە و باوەڕیان وابوو کە موسڵمانان پاشەکشێیان کردووە، موسڵمانان کە دابەشکرابوونە سەر سێ تیپ، تیپی یەکەم ئەسپ سوارەکان بوون لەلایەن قەعقاعی کوڕی عەمڕوو پێشڕەوی دەکران، بەرپرسبوون لە سەرلێشێواندنی سوپای فارسەکان و پەلکێشکردنیان بۆ دەرەوەی خەندەقەکە، لەم کارەشدا سەرکەوتوو بوون.

تیپی دووەم بە سەرکردایەتی نوعمانی مەزنی خۆی بووە و پیادەڕەو و هێرشبەرەکان بوون، دوای دەرچوونی فارسەکان و پەلکێشکردنیان لەلایەن تیپی ئەسپسوارانی یەکەم تیپی دووەم بە سەرکردایەتی نوعمان هێرشیان کردە سەریان. تیپی سێیەم بەشی دووەمی ئەسپسوارەکان بوون، لە چەند لایەکەوە جێگیر کرابوون تاکوو لەلاوە هێرش بکەنە سەر سوپای فارسەکان. بۆیە سوپای فارسەکان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدران، دوای جەنگێکی سەختی نێوان هەردوو سوپا و کوژرانی فەیرەزانی سەرکردەی فارسەکان، موسڵمانان چوونه نێو نەهاوەند، پاشان چوونە هەمەدان و ناوچەکانی تری فارس بەبێ جەنگ خۆیان ڕادەستی موسڵمانان کرد.

دەرەنجامی جەنگەکە

جەنگی نەهاوەند بە سەرکەوتنی موسڵمانان کۆتایی هات، دوای ئەم جەنگە دەسەڵاتی فارسەکان تێکشکا و پەرتەوازە بوون، چیتر نەیانتوانی یەک بگرنەوە و دژی موسڵمانەکان بجەنگن، دەسەڵاتی فارسەکان بە تەواوی لە ناوچەکە کۆتایی پێهێنرا، پێگە و هێزی  موسڵمانان لە ناوچەکەدا بەهێزتر بوو. هاوکات نوعمانی مەزنی سەرکردەی موسڵمانان لەم جەنگەدا شەهید کرا.


سەرچاوەکان



402 بینین