مزگەوتی حەرام

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-27-22:28:00 - کۆدی بابەت: 10038
مزگەوتی حەرام

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مزگەوتی حەرام (بە ئینگلیزی: Masjid al-Haram یان The Inviolable Mosque، بە عەرەبی: المسجد الحرام)، هەروەها بە مزگەوتی گەورەی مەککە ناسراوە، مزگەوتێکە کە دەوری کەعبەی پیرۆز دەدات لە شاری مەککە، لە ناوچەی حیجاز، لە شانشینی عەرەبی سعودی. شوێنێکی زیارەتە و ڕێوڕەسمەکانی حەج و عەمرەی تێدا ئەنجام دەدرێت، مزگەوتی حەرام چەند شوێنێکی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە، کەعبەی پیرۆز، بەردە ڕەشەکە، بیری زەمزەم، مەقامی ئیبراهیم، سەفا و مەڕوا.

لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ـدا مزگەوتی حەرام گەورەترین مزگەوتی جیهان بوو، ئەم مزگەوتە یەکەم ماڵی مسوڵمانان بوو کە تێیدا خواپەرستی بکەن و پیرۆزترین شوێنی سەر زەوییە لای مسوڵمانان. مزگەوتی حەرام قیبلەی مسوڵمانانە، بەدرێژایی ساڵان نۆژەنکراوەتەوە و فراوانبووە، لە ڕابردوودا لەژێر دەستی خەلیفە و سوڵتان و پاشادی جۆراوجۆردا بووە و ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی پاشای سعودیەدایە. هەروەها خوای گەورە لە

قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: (إِنَّ أَوَّلَ بَیْتٍ وُضِعَ لِلنَّاسِ لَلَّذِی بِبَکَّةَ مُبَارَکًا وَھُدًی لِّلْعَالَمِینَ)، واتە: به‌ڕاستی یه‌که‌م خانه و ماڵ و مه‌نزڵگه‌یه‌ک که بۆ خه‌ڵکی دانرا له‌سه‌ر زه‌وی (بۆ خواپه‌رستی) ئه‌وه‌یه له مه‌ککه‌دایه‌، که پیرۆزه و هیدایه‌ت و ڕێنموویی به‌خشه بۆ هه‌موو خه‌ڵکی جیهان.

مزگەوتی حەرام یەکێکە لەو سێ مزگەوتەی کە گەشتیاران ڕووی تێدەکەن، پێغەمبەری خودا محەمەدﷺ فەرموویەتی گەشتیاران دەرناچن تەنھا بۆ سێ مزگەوت نەبێت، ئەوانیش مزگەوتی حەرام، ئەم مزگەوتە (مزگەوتی پێغەمبەر)، و مزگەوتی ئەقسایە. پێغەمبەر محەمەدﷺ دەفەرموێت: (صلاةٌ في المسجدِ الحرامِ مئةُ ألفِ صلاةٍ)، واتە یەک نوێژ لە مزگەوتی حەرامدا بەرامبەر سەد هەزار نوێژە. هەروەها خۆشەویسترین شوێنە لای خودای گەورە.

بۆچی پێی دەوترێت مزگەوتی حەرام؟

پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێت: (إن هذا البلد حرمه الله يوم خلق السماوات والأرض، فهو حرام بحرمة الله إلى يوم القيامة، وإنه لم يحل القتال فيه لأحد قبلي ولم يحل لي إلا ساعة من نهار فهو حرام بحرمة الله إلى يوم القيامة). ئەمە بەو واتایە دێت کە خوای گەوره هەر لە کاتی دروستکردنی ئاسمانەکان زەوییەوە خوێنڕشتنی تێدا حەرام کردووە هەتا ڕۆژی زیندوبوونەوە. هەروەها هۆکاری ناونانی مزگەوتەکە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە پێغەمبەر محەمەد ﷺ بەسەرکەوتوویی گەشتە مەککە و کوشتار، خوێنڕشتن، ڕاوکردنی هەموو جۆرە ئاژەڵێک و بڕینەوەی درەختەکانی تێیدا حەرام کرا.

مێژوو

بەپێی بیروباوەڕی ئیسلامی، مێژووی دروستکردنی مزگەوتی حەرام بە کاتی بنیادنانی کەعبەی پیرۆز دەست پێ دەکات. پێش ئەوەی خوای گەورە سروش بۆ ئادەم بنێرێت، ، تا کەعبە دروست بکات، یەکەمجار کەعبە لەلایەن فریشتەکانەوە بە یاقووتی سوور دروستکرابوو، پاشان لە کاتی تۆفانەکەی نووح بیناکە بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان و هەندێکیش دەڵێن کە گوایە تۆفانەکە بیناکەی ڕوخاندووە. دواتر بە فەرمانی خوای گەورە پێغەمبەر ئیبراهیم لەگەڵ ئیسماعیلی کوڕیدا کەعبەیان لە هەمان ئەو شوێنەی کە ئادەم دروستیکردبوو و لە نزیک ئەو شوێنەی کە ئێستا بیری زەمزەمە بنیادنایەوە. دوای ئەوەی ئیبراهیم کەعبەی دروستکرد، فریشتەیەک بەردی ڕەشی بۆ هێنا، کە بەردێکی بەهەشتییە و سەرەتا سپی بووە پاشان بەهۆی تاوانی مرۆڤەکانەوە ڕەش بووە. دوای دانانی بەردی ڕەش لە گۆشەی ڕۆژهەڵاتی کەعبە، خوای گەورە سرووشی بۆ پێغەمبەر ئیبراهیم نارد کە حەجکردن بە خەڵکی ڕابگەیەنێت و بەدەوری ماڵی خوادا تەواف بکەن.

لەگەڵ گەڕانەوەی محەمەد ﷺ بۆ مەککە لە ساڵی ٦٣٠ـی زایینی، بتەکانی ناو کەعبە و دەوروبەری شکاند، بەم شێوەیە کۆتایی بە بتپەرستی هات. مزگەوتی حەرام لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺـدا نە دیواری هەبوو نە دەرگا، مزگەوتەکە لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیقدا وەکوو خۆی مایەوە. هەروەها لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا دیوار بۆ مزگەوتەکە دروستکرا و فراوان کرا، لەگەڵ ئەوەشدا گڵۆ‌پی بۆ دانرا و بۆ یەدەگی ئاو بەنداوێکی بۆ دروستکرا، ئەمەش یەکەم فراوانبوونی مزگەوتی حەرام بوو لە سەردەمی ئیسلامیدا. پاشان لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەفاندا دووەم فراوانبوونی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی عوسمانی کوڕی عەفان هەستی بە زیادبوونی دانیشتووان و بچووکی مزگەوتەکە کرد، هەستا بە کڕینی زەوی تەنیشت مزگەوتەکە و مزگەوتەکەی فراوانکرد و بە شێوەیەکی گشتی مزگەوتەکەی نوێکردەوە.

لە سەردەمی ئومەوییەکاندا، مزگەوتەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٦٩٢ـدا بە فەرمانی عەبدولمەلیک کوڕی مەروان نۆژەنکرایەوە. دواتر لە سەردەمی عوسمانییەکاندا گۆڕانکاری لە کەعبە و مزگەوتی حەرامدا کرا و وردەوردە بەرفراوانتربوو. لە کاتی بارانە بەخوڕ و لافاوەکانی ساڵانی ١٦٢١ و ١٦٢٩، دیوارەکانی کەعبە و مزگەوتی حەرام زیانێکی زۆریان بەرکەوت، لە ساڵی ١٦٢٩ـدا نۆژەنکرانەوە.

یەکەم نۆژەنکردنەوەی گەورە لە سەردەمی پاشاکانی سعودیەدا لە نێوان ساڵانی ١٩٥٥ بۆ ١٩٧٣ ئەنجامدرا، لەم نۆژەنکردنەوەدا منارە زیادکرا، سەقفەکەی نۆژەنکرایەوە و زەوییەکەی گۆڕدرا، لەم نۆژەنکردنەوەدا زۆرێک لەو تایبەتمەندییە مێژووییانەی کە عوسمانییەکان دروستیان کردبوو ڕووخێنران. لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٩ـدا مزگەوتی حەرام لەلایەن یاخیبووانی توندڕەوەوە دەستی بەسەردا گیرا و داوای لەناوچوونی خێزانی دەسەڵاتداری سعودیەیان دەکرد، لە ئەنجامدا سەدان کەس کوژران، و ئەم ڕووداوە جیهانی ئیسلامی تووشی شۆک کرد، چونکە توندوتیژی لەناو مزگەوتەکەدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

پاشان وردەوردە گۆڕانکاری بەسەر ڕووبەر و شێوەی مزگەوتەکەدا کرا و فراونتربوو، لە ساڵی ۲۰۱۱ـدا ڕووبەرەکەی بۆ ٤٥٦٫۰۰۰ کیلۆمەتر دووجا زیادکرا و جێگەی نزیکەی ۲٫٥ ملیۆن نوێژخوێن لە مزگەوتەکەدا دەبێتەوە. لە ۱۱ـی ئەیلوولی ۲۰۱٥، بەهۆی داڕمانی کرێنەیەکەوە بۆ سەر مزگەوتەکە، بەلایەنی کەمەوە ۱۱۱ کەس گیانیان لەدەستدا و ۳۹٤ کەسیش برینداربوون. دوای ڕووداوەکە کاری بیناسازی بەهۆی کێشە داراییەکانەوە ڕاگیرا، دوای دوو ساڵ و لە ئەیلوولی ٢٠١٧ـدا دەست بە پڕۆژەکان کرایەوە. لە ٥ـی ئازاری ۲۰۲۰ و لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-۱۹، مزگەوتەکە لە کاتەکانی شەودا داخرا و زیارەتی عەمرە و حەج ڕاگیران. لە ٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ دەستکرایەوە بە زیارەتی عەمرە بۆ هاوڵاتیانی سعودی و بە ڕێنماییەوە سنوور بۆ عەمرەکاران دیاریکرا.

زیارەت

حەج و عەمرە

مزگەوتی حەرام شوێنی سەرەکی زیارەتەکانی حەج و عەمرەیە، کە یەکەمیان لە مانگی ذولحیجەدا لە ساڵنامەی ئیسلامیدا و دووەمیان لە هەر کاتێکی ساڵدا ئەنجام دەدرێن. زیارەتی حەج یەکێکە لە پایەکانی ئیسلام، لەسەر هەموو مسوڵمانێک واجبە ئەگەر لە توانایدا هەبێت. ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیۆن موسڵمان حەج دەکەن.

پێکهاتەکانی مزگەوتەکە

  • کەعبە، بینایەکی شێوە نیمچە شەشپاڵووە کەوتۆتە ناوەندی مزگەوتی حەرام و پیرۆزترین شوێنە لە ئیسلامدا. شوێنی سەرەکی ڕێوڕەسمەکانی ئیسلامە، وەک نوێژ و زیارەت.
  • بەردی ڕەش، بەردی گۆشەی ڕۆژهەڵاتی کەعبەیە و ڕۆڵی لە زیارەتەکەدا هەیە.
  • شوێنگەی ئیبراهیم، بەردێکە کە بەپێی زانیارییەکان جێ پێی ئیبراهیمی لەسەرە و لە گومەزێکی بلووریدا لە تەنیشت کەعبەدا هەڵگیراوە.
  • سەفا و مەروا، دوو گردن کە لە نێوانیاندا هاجەری هاوسەری ئیبراهیم ڕایکرد، بەدوای ئاودا دەگەڕا بۆ ئیسماعیلی کوڕە کۆرپەکەی، ئەم ڕووداوە لە ڕێوڕەسمی زیارەتدا یاد دەکرێتەوە.
  • بیری زەمزەم، ئەو سەرچاوەی ئاوەیە کە بە شێوەیەکی پەرجووئاسا دوای ئەوەی هاجەر نەیتوانی ئاو لە نێوان سەفا و مەرودا بدۆزێتەوە بە فەرمانی خوای گەورە ئەم ئاوە لەژێر پێی ئیسماعیلدا هەڵقوڵا.
  • نزیک کتێبخانەی مەککە ئەلموکەڕەمە، ئەو شوێنەی محەمەد ﷺـی لێ لەدایکبووە و بە بەیت ئەلمەولود (Bayt al-Mawlid)ـیش ناسراوە.

ئیمامەکانی پێشووی مزگەوتەکە

۱. عەبدوڵڵا خولەیفی (بە عەرەبی: عَبْد ٱلله ٱلْخُلَيْفِي)، لە ساڵی ۱۹٥۳ تا کۆچی دوایی لە ساڵی ۱۹۹۳ وەکوو ئیمام و خەتیب دەستنیشان کراوە.

۲. ئەحمەد خەتیب (بە عەرەبی: أَحْمَد خَطِيْب)، زانای ئیسلامی خەڵکی ئەندەنوسیا.

۳. عەلی کوڕی عەبدوڵڵا جابر (بە عەرەبی: عَلِى بِن عَبْدُ ٱلله جَابِر)، ئیمام لە ساڵی ١٩٨١ تا ١٩٨٣، ئیمامی میوان بۆ مانگی ڕەمەزان ١٩٨٦-١٩٨٩.

٤. عومەر ئەلسوبەییل (بە عەرەبی: عُمَر ٱلسُّبَيِّل)، ئیمام و خەتیب لە ساڵی ١٩٩٣ تا ٢٠٠٢، لە ٢٠٠٢ کۆچی دوایی کرد.

٥. محەمەد ئەلسوبەییل (بە عەرەبی: مُحَمَّد ٱلسُّبَيِّل)، لە ساڵی ٢٠١٣ کۆچی دوایی کرد.

٦. عەبدوڵڵا ئەلحرازی (بە عەرەبی: عَبْد ٱلله الْحَرَازِي)، سەرۆک لیژنەی پێشووی سعودیە.

۸. عەلی کوڕی عەبدولڕەحمان ئەلحوزەیفی (بە عەرەبی: عَلِي بِن عَبْدُ ٱلرَّحۡمٰن ٱلْحُذَيْفِي)، ئیمامی میوان بۆ ڕەمەزانی ١٩٨١، ١٩٨٥-١٩٨٦، ١٩٨٨-١٩٩١، ئێستا ئیمامی سەرەکی مزگەوتی پێغەمبەرە.

۹. سەلاحی کوڕی محەمەد ئەلبودەیر (بە عەرەبی: صَلَاح ابْن مُحَمَّد ٱلْبُدَيْر)، ئیمامی تەراویحی کردووە لە ڕەمەزانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ـدا، و ئێستا جێگری ئیمامی مزگەوتی پێغەمبەرە.

۱۰. عادل ئەلکەلبانی (بە عەرەبی: عَادِل ٱلْكَلْبَانِي)

۱۱. ساڵح ئەلتالیب (لەکار دوورخرایەوە)

۱۲. خالید ئەلغامدی (لەکار دوورخرایەوە)

ئیمامەکانی ئێستای مزگەوتەکە

۱. عەبدوڕەحمان ئەلسودەیس لە ساڵی ١٩٨٤ـەوە وەک ئیمام و خەتیب دەستنیشان کراوە.

۲. سعوود ئەلشریم، لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە وەک ئیمام و خەتیب دەستنیشان کراوە.

۳. ساڵحی کوڕی عەبدوڵڵا حومەید، لە ساڵی ١٩٨٤ـەوە وەک ئیمام و خەتیب دەستنیشان کراوە.

٤. ئوسامە عەبدولعەزیز ئەلخەیات، لە ساڵی  ١٩٩٨ـەوە وەک ئیمام و خەتیب دەستنیشان کراوە.

٥. عەبدوڵڵا عەواد ئەلجوهەنی، لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە وەک ئیمام و لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە وەک خەتیب دەستنیشان کراوە.

٦. ماهیر ئەلمعیقەلی، له ساڵی ٢٠٠٧ـەوە وەك ئیمام و له ساڵی ۲۰۱٦ـەوە وەک خەتیب دامەزراوه .

۷. یاسر ئەلدۆسری، لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە وەک ئیمام دەستنیشان کراوە.

۸. بەندەر بەلیلە، لە ساڵ ٢٠١٣ـەوە وەک ئیمام و لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە وەک خەتیب دەستنیشان کراوە.

۹. فەیسەڵ جەمیل غەزەوی، لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە وەک ئیمام و خەتیب دەستنیشان کراوە.

بانگدەرەکانی پێشووی مزگەوتەکە

۱. ئەحمەدی کوڕی محەمەدی ئەمین ئەلعەباس.

۲. محەمەد حەسەن کوڕی ئەحمەد ئەلعەباس.

۳. ئیبراهیمی کوڕی محەمەد حەسەن ئەلعەباس.

٤. عەبدولعەزیز ئەسعەد ڕەیس.

٥. عەبدولحافیز خوج.

٦. عەبدولڕەحمان شاکر.

۷. ئەحمەد حەسەن شەحات.

٨. حەسەن زوبە‌یدی.

۹. عەبدوڵڵا بەسنەوی.

۱۰. حەسەن شەحات.

۱۱. ئەحمەد بەسنەوی.

۱۲. محەمەد رمل.

۱۳. محەمەد سیراج مەعروف.

بانگدەرەکانی ئێستای مزگەوتەکە

۱. عەلی ئەحمەد مەلا.

۲. محەمەد عەلی شاکر.

۳. محەمەد یوسف شاکر.

٤. مەجیدی کوڕی ئیبراهیمی کوڕی محەمەد حەسەن ئەلعەباس.

٥. فاروق عەبدولڕەحمان حەزراوی.

٦. نایف فیدا.

۷. ئەحمەد عەبدوڵڵا بەسنەوی.

٨. تۆفیق خوج.

۹. ئەحمەد یونس خوجە.

۱۰. سەعید عومەر فلاتە.

۱۱. حەمیدی کوڕی ئەحمەد ئەلدەغریری.

۱۲. محەمەد مەغریبی.

۱۳. سوهەیل عەبدولمەلیک حافز.

۱٤. سامی عەبدولڕەحیم ڕەیس.

۱٥. محەمەد باسعد.


سەرچاوەکان



494 بینین