مزگەوتی ئەقسا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-25-02:18:00 - کۆدی بابەت: 8383
مزگەوتی ئەقسا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مزگەوتی ئەقسا (بە عەرەبی: مسجد الأقصی) یەکەمین قیبلەی موسڵمانان بوو و لە پاش مزگەوتی حەڕەمی مەککە و مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ لە مەدینە سێیەم پیرۆزترین مزگەوت و حەڕەمی موسڵمانانە، وشەی "الأقصى" لە زمانی عەرەبیدا واتای دوورترین یان ئەوپەڕی دووری دەبەخشێت، کە مەبەست لەم ناونانە بریتییە لە دوورترین مزگەوت لە شاری مەککەی پیرۆزەوە، هەروەها ئەم وشەیە لە عەرەبیدا واتای پیرۆزیی و پێگەی بەرزیش دەبەخشێت، واتا ئەم مزگەوتە شوێنێکی پیرۆزە و پێگەیەکی باڵای هەیە، لە قورئانی پیرۆزدا لە سوڕەتی الاسراء لە گێڕانەوەی ڕووداوی ئیسرا و میعراجدا ناوی ئەم مزگەوتەی هێنراوە و لە شەوڕەویدا پێغەمبەر ﷺ لە مەککەوە کۆچی کردووە بۆ مزگەوتی ئەقسا و هەر لەوێشەوە بەرەو ئاسمان بەرزکراوەتەوە.

مێژووی دروستکردنی 

مزگەوتی ئەقسا دووەم مزگەوتە لە دوای مزگەوتی حەڕامی مەککەوە دروستکراوە، بەپێی گێڕانەوەی بوخاری، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی ماوەی نێوان دروستکردنیان چل ساڵە.
بە شێوەیەکی دیاریکراو ئەو کەسەی کە مزگەوتەکەی دروست کردووە ڕوون نییە، مێژوونووسە موسڵمانەکان کۆک نیین لەسەر دیاریکردنی بنیاتنەر و دروستکەری بناغەی مزگەوتی ئەقسا، هەندێکیان مێژوو دروستکردنەکەی دەگێڕنەوە بۆ "سام"ـی کوڕی پێغەمبەر نووح، هەندێک سەرچاوەی تر پێغەمبەر ئیبراهیم بە دروستکەری مزگەوتەکە دادەنێن، هەروەها ژمارەیەکی تری مێژووناسان و پسپۆڕانی ئیسلامی پێیان وایە کە پێغەمبەر ئادەم یەکەمین بناغەی مزگەوتەکەی داناوە و زۆرێک ئەم بۆچوونەیان لەلا پەسەندە، پێیان وایە هەر یەک لە پێغەمبەر ئیبراهیم و پێغەمبەر سولەیمان لە سەردەمی خۆیان مزگەوتەکەیان نۆژەن و نوێ کردووەتەوە.

قۆناغە مێژووییەکانی مزگەوتی ئەقسا

لە ساڵی 15ـی کۆچی بەرامبەر بە 636ـی زایینی عومەری کوڕی خەتتاب شاری قودسی فەتح کرد و مزگەوتی ئەقسای لەژێردەستی بیزەنتییەکان ئازاد کرد و کلیلی شارەکەی لێیان وەرگرت، ئەو بەردەی کە پێغەمبەر ﷺ لە ڕووداوی شەوڕەوی لەسەری بەرزببووەوە پاککرایەوە و پەرژینێکی لەدەوری دروستکرا و مزگەوتێکیشی لە نزیکەوە بنیاتنرا و ناوی لێنرا "مزگەوتی عومەر".
لە سەردەمی ئومەوییەکان لەسەر دەستی خەلیفەی ئەو سەردەمە "مەڕوانی کوڕی حەکەم" چاکسازی زۆر لە ناوچەکە کراوە، هەروەها نۆژەن کراوەتەوە و گرنگی زۆری پێدراوە و فراوانکراوە، تەنانەت لە دوای خۆیشی کوڕەکەی "وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک" بەردەوام بووە لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی مزگەوتەکە.
لە سەردەمی عەباسییەکان لە ساڵی 746ـی زایینی بەهۆی بوومەلەرزەوە بەشی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی مزگەوتەکە ڕووخاوە، دواتر دووبارە لەلایەن خەلیفەی ئەو سەردەمە "ئەبوجەعفەری مەنسووڕ" نۆژەنکراوەتەوە و بنیاتنراوەتەوە، دووبارە لە ساڵی 780 بەهۆی بوومەلەرزەوە چەند بەشێکی مزگەوتەکە ڕووخاوە و نۆژەنکردنەوەکانی خەلیفە ئەبوجەعفەری مەنسووڕ تێکچووە، بۆیە خەلیفە "محەمەدی مەهدی" دەسەڵاتداری ئەو کاتە دووبارە نۆژەنیکردوەتەوە.
لە ساڵی 1260 مەمالیکەکان بەردەوامییان بە نۆژەنکردنەوەکان دا و چەندان شوێنیان بۆ زیاد کرد، دەسەڵاتی ئیسلامییەکان لە قودس400 ساڵی خایاند تا لە ساڵی 1099 دوای جەنگی خاچ پەرستان ناوچەکە لەلایەن خاچ پەرستانەوە داگیرکرایەوە.
لە ساڵی 1187 سەڵاحەدینی ئەیوبی توانی قودس لەژێردەستی خاچ پەرستەکان ڕزگاربکاتەوە و گرنگییەکی زۆری بە مزگەوتەکە داوە و چەندان شوێنی تێدا بنیاتناوە.
لە ساڵی 1517 و دەسپێکردنی سەردەم و دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییەکان، گرنگییەکی زۆریان بە مزگەوتەکە داوە و چەندان نوێکارییان تێدا ئەنجام داوە.
لە ساڵی 1967 ئیسرائیل ناوچەکەی داگیرکردووە.
لە ساڵی 1969 بەشێکی گرنگی مزگەوتەکە لەلایەن جوولەکەیەکی توندڕەوەوە سوتێنرا و چەندان شوێنی پیرۆزی لەناوبرد، دواتر لەلایەن چەند وڵاتێکەوە دووبارە نۆژەن کرایەوە.
لەو کاتەوەی کە ئیسرائیل و جوولەکەکان وڵاتی فەڵەستینیان داگیر کردووە، ساڵانە لە بۆنە و یادە ئایینییەکانی وەکوو مانگی ڕەمەزان، نوێژی تەراویح، جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان، نوێژخوێنانی موسڵمان دووچاری ئازار و هێرش و ڕێگری و زیندانی دەبنەوە، پشێوی و ئاڵۆزی و خۆپیشاندانی زۆر ڕوو دەدات و ئازادییەکانیان سنووردارە و ناتوانن پەرستشەکانیان بە ئازادی ئەنجام بدەن، تەنانەت سەردانیکردنی مزگەوتەکە لەلایەن موسڵمانانەوە کاتی دیاریکراوی خۆی هەیە و هەموو کەسێک ناتوانێت سەردانی مزگەوتەکە بکات.

شێواز و دیزاینی مزگەوتەکە

ڕووبەری مزگەوتەکە 14 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، نزیکەی 144 دۆنمە هەر دۆنمێک ڕووبەری هەزار مەتر چوارگۆشەی داگیر کردووە و شەش یەکی ناوچەی"البلدة القديمة"ـەی داگیرکردووە، سەرەتای دروستکردنی تەنها بە چەند کەرەستەیەکی سەرەتایی بنیاتنراوە و کەرپووچی سوور بەکارهێنراوە لە دروستکردنەکەی، بەپێی سەردەمە مێژووییەکان چەندان جار نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوەی بۆ کراوە. شێوەکەی چەند پاڵویی فرەلایە یان لاکێشەیەکی ناڕێکە و لە چوار لای ناڕێک و نایەکسان پێکهاتووە، بڕی درێژی هەر بەشێکی دیاریکراو و زانراوە، لە ڕۆژئاواوە درێژیی لایەکەی 491 مەترە، لە ڕۆژهەڵاتەوە 462 مەترە، لە باکوورەوە 310 مەترە و لە باشووریشەوە 281 مەترە.
مزگەوتەکە چوار بڵندگۆی تێدایە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەمالیکەکان، هەروەها کۆمەڵێک تەلار و شوێنی مێژوویی گرنگی تر لەخۆدەگرێت کە ژمارەیان دەگاتە 200 شوێنی مێژوویی، بە گشتی لە دوو بەش پێکهاتووە، 
"قبة الصخرة"ـەی پیرۆز کە گومەزە ئاڵتوونییەکەیە و لە ناوەند و چەقی ڕووبەری بیناکەیە، لە ساڵی 961 بۆ 692 خەلیفە "عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان"ـی خەلیفەی ئومەوییەکان دروستیکردووە،  "الجامع القبلي" تەلارێکە کە گومەزێکی خۆڵەمێشی مەیلە و ڕەشی هەیە و دەکەوێتە باشووری قیبلەوە، پانتایی مزگەوتەکە بە چەند گۆڕەپانێکی فراوان دەست پێدەکات کە بە ستوونی مەڕمەڕ پاڵپشتی کراوە و بنمیچ و بانەکەی بە هەمان مەڕمەڕ دروستکراوە، ژمارەی گۆڕەپانەکان حەوت دانەیە و بە 53 ستوونی باندراو پاڵپشتی کراون، گۆڕەپانەکان بە گومەزێکی مەزن کۆتایی هاتوون کە لەسەر چوار کۆڵەکەی بەردین پاڵپشتی دەکرێت.
گومەزە سەرەکییەکە لە دوو چین پێکهاتووە، چینی ناوەوە و چینی دەرەوە، چینی ناوەوە بە نەخشی ئیسلامی و نەخشی مۆزاییک نەخشێندراوە (نەخشی مۆزاییک هونەری نەخشاندنە بە شوشەی بەردی ڕەنگاوڕەنگ یان بەردی ڕیزکراو لە دیزاینی ناوەوەی تەلارەکاندا بەکاردەهێنرێت)، هەروەها بەشی دەرەوەی بە چینێکی مسی داپۆشراو بە ئاڵتوون دروستکراوە.
مزگەوتەکە 15 دەرگای هەیە، لە ئێستادا دەی کراوەتەوە و پێنجی داخراوە.
لە دەوروبەری مزگەوتەکە 25 بیری ئاوی شیرین هەیە و لە ڕێگەیانەوە ئاوی خواردنەوە بۆ مزگەوتەکە دابین دەکرێت.
مزگەوتی ئەقسا تەلارەکانی دەوروبەری ژمارەیەک گومەزی هەیە کە لە ڕابردوودا تایبەت بوونە بە شوێنی زانایانی تەسەوف و خوێندکارانی زانستە ئیسلامییەکانی ئەو ناوچەیە، گرنگترین گومەزەکانی بریتین لە گومەزی میعراج، گومەزی سیلسیلە و گومەزی نەبی.

گرنگی مزگەوتی ئەقسا بۆ خاوەن ئایینەکانی تر

ئەم مزگەوتە تەنها پێگەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو بۆ ئایینەکانی تری وەکوو ئایینی مەسیحی و ئایینی جوولەکەکان شوێنێکی گرنگە و بەوهۆیەشەوە چەندان داگیرکاری و کێشە و پشێوی تێدا دروستبووە و تاکوو ئێستاش بەردەوامی هەیە.
"کڵێسای قیامە"ـی مەسیحییەکان کە دەکەوێتە "حی النصاری - گەڕەکی مەسیحییەکان"ـەوە، گرنگییەکی زۆری هەیە لەلای مەسیحییەکان، بە بڕوای ئەوان عیسای پێغەمبەر لەو شوێنە لە خاچ دراوە و ژمارەیەک لە لێکۆڵەرانی ئەوان پێیان وایە کە گۆڕەکەی هەر لەو کڵێسایەدایە.
جوولەکەکان پێیان وایە ئەو شوێنە هەمان شوێن بووە کە پێغەمبەر ئیبراهیم ویستوویەتی کوڕەکەی تێدا بکاتە قوربانی، هەروەها "حائط المبكى" کە دیوارێکی پیرۆزی ئەوانە لە ناوچەی مزگەوتەکەیە.


سەرچاوەکان



1205 بینین