خەوتن لەسەر پشت

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-08-24-22:49:00 - کۆدی بابەت: 9997
خەوتن لەسەر پشت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەوتن لەسەر پشت (بە ئینگلیزی: back sleeping، بە عەرەبی: النوم على الظهرخەو بەشێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەگرێتەوە، هەروەک چۆن خواردن و خواردنەوە گرنگە بۆ زیندوومانەوە و بەردەوامی، بە هەمان شێوە خەوتنیش گرنگە بۆ مانەوە لە ژیان. بوونی خەوێکی باش و ئارام کاریگەری دەبێت لەسەر بەڕێکردنی کارەکانی ڕۆژانە و باری دەروونی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا باری خەوتن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە باشێتی خەودا.
خەوتن لەسەر پشت زۆرترین سوودی تەندروستی هەیە، بڕبڕەی پشت دەپارێزێت، هەروەها یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری ئەژنۆ و جومگەی ڕان دەدات.

گرنگی خەوتن لەسەر پشت

خەوتن لەسەر پشت چەندین سوودی تەندروستی هەیە، کە بریتیین لە:

  • پاراستنی هێڵی بڕبڕەی پشت.
  • کەمکردنەوەی تووشبوون بە سەرئێشە.
  • کەمکردنەوەی پەستان و پەستاوتنی سنگ.
  • ڕێگریکردن لە تووشبوونی میکرۆبیی بۆشایی لووت.
  • ڕێگریکردن لە چرچبوون و سووتانەوەی ڕووخسار.

هەروەها باشترە کۆرپە لەسەر پشت بخەوێنرێت تاکوو مەترسی تووشبوونی بە مردنی لەناکاوی منداڵی ساوا (SIDS) کەمتر بێت. ئەمەش دەکرێت لەبەر ئەوە بێت کە کاتێک کۆرپە لەسەر سک یان لەسەر لا دەخەونێرێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی:

  • تێپەڕبوونی بەکتریا بە بۆشایی لووتدا.
  • کاری کۆئەندامی هەناسە بۆ هەناسەدان.
  • دەردراوی بەشی سەرەوەی بۆری هەوا.
  • سوودەکانی خەوتن لەسەر پشت.

خەوتن لەسەر پشت دەکرێت ئەم سوودانەی هەبێت:

کەمکردنەوەی ئازاری پشت و مل

خەوتن لەسەر پشت دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی پەستانی سەر بڕبڕەی پشت بدات، ئەمە لە کاتێکدا کە کەسەکە لە کاتی خەوتن لەسەر پشتدا قاچەکانی ڕاکشابێت و بەرزی نەکردبێتەوە.
خەوتن لەسەر سک کاتێک سەرت لە لایەکدایە دەکرێت زیان بە مل و بڕبڕەی پشت بگەیەنێت. بۆیە باشترە بە خەوتنت لەسەر پشت بڕبڕەی پشتت لە بارێکی ئاسوودەکەردا دابنێیت.
توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە خەوتن لەسەر پشت لە کاتێکدا کە هەردوو دەستت لە ئەملاو لادا پشوو پێ بدەیت، یان بیخەیتە سەر سنگت باشترین ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە ئازاری پشت و مل.

هەناسەدان باشتر بکات

ئەگەر کەسێکیت کە لەسەر سک یان لەسەر لا دەخەویت، ئەوا دەکرێت هەناسەدانت کورتتر بێت، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە نێوپەنچک ئەو ماسولکەکەیەیە بەرپرسە لە هەناسەدان، پەستاوتنی ئەم ماسولکەیە دەبێتە هۆی کورتی هەناسەدان.
چەندین توێژینەوە ئەوەیان سەلماندووە کە بوونی هەناسەی قووڵ لە کاتی خەوتندا دەبێتە هۆی ئەوەی دوای هەستان هەست بەمانە بکەیت: 

  • کەمکردنەوەی فشاری دەروونی.
  • باشتربوونی باری دەروونی.
  • باشترکردنی سەرنجدان و بیرکردەوە.

توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدراوە ئەوەی خستووەتە ڕوو کە هەناسەی قووڵ و هێواش دەبێتە هۆی دەردانی هۆڕمۆنی مێلاتۆنین، کە هۆڕمۆنێکە دەبێتە هۆی پشوودان و خەو هاتن.

زیپکە کەم بکاتەوە

شۆردنی ڕووخسار و دەست نەدان لێی و کەمکردنەوەی ئەو خواردنانەی شەکریان تێدایە بە هۆکاری بوونی پێستێکی ڕوون دادەنرێن.
لە هەمان کاتدا لەماوەی خەوتندا گرنگە کە پێستت لە هەندێک بەرکەوتن بپارێزیت، جێگەی خەو و پشتی چەوری پێست و سەر و پاشماوەی بەرهەمەکان هەڵدەمژن، کە ئەمانەش بەئاسانی لە کاتی خەوتندا بۆ پێست دەگوازرێنەوە. ئەمەش دەکرێتە ببێتە هۆی تووشبوون بە کێشەی پێستی وەکوو:

  • خاڵی ڕەش
  • خاڵی سپی
  • سووربوونەوە و خوران

خەوتن لەسەر پشت هۆکارێکە بۆ ئەوەی ڕووخسارت لەم کێشانە بپارێزیت.

ڕێگری لە چرچبوون و خەتی ڕووخسار بکات

خەوتن لەسەر ڕووخسار دەکرێت پێستی ڕووخسار ڕابکێشێت و زیانی پێ بگەیەنێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی چرچبوونی ڕووخسار. کاتێک ڕووخسار ڕاستەوخۆ بەر سەرینەکە کەوتووە، ئەنجامی ئەم بەرکەوتنە دەکرێت ببێتە هۆی چرچبوون و خەتی ڕووخسار.
دەکرێت خەوتن لەسەر ڕووخسار هەمان زیان لە ملیش بدات، چونکە کاتێک لەسەر سک دەخەویت ملت بە لایەکدا دەسوڕێنیت و ئەمەش چرچ لە ملتدا دروست دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا خەوتن لەسەر پشت هۆکارە بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمی گرنگیدان بە پێستانەی پێش خەوتن بەکارت هێناوە لەسەر ڕووخسارت بمێنێتەوە و پشتییەکەت هەڵیان نەمژێت.

ئاوسان کەم بکاتەوە

کاتێک لەسەر هەر بەشێکی ڕووخسارت پاڵدەکەویت، شلگازی لەشت دزە دەکاتە ئەو بەشە، کۆبوونەوەی ئەم شلگازە دەبێتە هۆی ئاسانی دەوری چاو و ڕووخسار. بە خەوتن لەسەر پشت دەتوانیت ئەم کۆبوونەوەیەی شلگاز و ئاوسانی ڕووخسارت کەم بکەیتەوە.

نەهێشتنی تووشبوونی میکرۆبیی بۆشایی لووت

خەوتن لەسەر پشت و کاتێک سەرت بەرز کردووەتەوە بۆ سەرەوەی ئاستی دڵت، یارمەتیدەر دەبێت بۆ نەهێشتنی گیرانی لووت و ڕێگری دەکات لە گیرانی ڕێڕەوەکانی لووت.
کاتێک سەرت بەرزە و لەسەر پشت خەوتوویت، هێزی کێشکردنی زەوی لینجی لووت کێش دەکات و ڕێڕەوەکانی هەوا بە پاکی دەپارێزێت.

ڕێگری لە سەرئێشەی توند بکات

هەروەک چۆن کاریگەری لەسەر مل و بڕبڕەی پشت هەیە، خەوتن لەسەر پشت دەبێتە هۆی لابردنی پەستان لەسەر سەر.
ئەو سەرئێشەیەی کە لە بڕبڕەی ملدایە و لە ملەوە دەست پێدەکات و زۆرجار لەگەڵ لاسەرئێشە (شەقیقە)دا تێکەڵ دەکرێت، نیشانەکانی بریتیین لە: 

  • بوونی ئازار لە لایەکی سەر یان ڕووخساردا
  • ڕەقبوونی مل
  • ئازار لە نزیکی چاوەکان
  • بوونی ئازار لە کاتی پژمە یان کۆکەدا
  • هەستیاری بە ڕووناکی و ژاوەژاو
  • تەڵخبوونی بینین
  • هەست بە بێزاریکردن بەهۆی گەدەوە
  • کرژبوونی دەمار

بە هێشتنەوەی سەر و مل و بڕبڕەی پشت لە بارێکی گونجاودا، پەستانی لەش ڕێکدەخرێت و دوور دەبێت لە ئەم ئازارانە.

چۆن خۆت ڕابهێنیت کە لەسەر پشت بخەویت؟

گۆڕینی ئەو بارەی کە لەسەری ڕاهاتوویت هەمیشە بە ئاسانی یان بە زوویی ڕوونادات، هەروەها زۆربەی خەڵکی لە هەمان باردا نامێننەوە و بەدرێژایی شەو باری خەوتنیان دەگۆڕن، بە تێکڕا کەسانی پێگەیشتوو لەماوەی هەشت کاتژمێری خەوتندا نزیکەی ١١ بۆ ٤٥ جار باری خەوتنیان دەگۆڕن.
ئەگەر کەسێکیت کە بەپێی تەندروستیت پێویست بەوەیە کە لەسەر پشت بخەویت، کەواتە هەوڵ بدە یەکێک ئەم کارانە ئەنجام بدەیت: 

  • پشتییەکی بچووک و خڕ بەکاربهێنە بۆ ژێر ملت، هەروەها پشتییەکی تەختتر بۆ ژێر سەرت.
  • پشتییەک بەکاربهێنە بۆ ژێر ئەژنۆکانت.
  • پشتییەک بەکاربهێنە بۆ ژێر بەشی خوارەوەی پشتت.

هەروەها دەبێت لەوە تێبگەیت کە گۆڕینی خوو پێویستی بە کاتە و باری خەوتنیش یەکێکە لە خووەکانی ڕۆژانە.


سەرچاوەکان



344 بینین