ئەو نهێنییانەی کە خانمان حەزدەکەن پیاوان بیزانن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-17-15:34:00 - کۆدی بابەت: 9431
ئەو نهێنییانەی کە خانمان حەزدەکەن پیاوان بیزانن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پیاوان و خانمان جیاوازی زۆریان هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە. بیرکردنەوە و شێوازی ژیانیان زۆر جیاوازە و هەر یەکەیان کۆمەڵێک خاڵی گرنگیان وەک پێوەرێک داناوە بۆ ژیانیان، خانمان بەبێ ئەوەی بە پیاوان بڵێن حەزدەکەن کۆمەڵێک ڕەفتار هەیە لە پیاواندا هەبێت، و بەبێ ئەوەی پێی بڵێن خۆی بتوانێت ئەو ڕەفتارانە جێبەجێ بکات.

ڕەفتارەکان چین؟

چاودێریکردن و گرنگی پێدان 

ئەو پیاوانەی کە گرنگی دەدەن بە خانمەکەیان و بەردەوام چاودێری حاڵ و بارودۆخی دەکەن، هەمیشە خانمان بە چاوێکی ترەوە سەیریان دەکەن. کاتێک خانمەکەت دڵگرانە و کێشەیەکی هەیە پاڵپشتی بکە و گوێ بۆ دەردەدڵەکانی بگرە، دەستەکانی بگرە و لە باوەشی بکە و بڵێ هەمیشە لە پشتتم.
مانگانە گوڵی بۆ بکڕە، و بۆ خوانی ئێوارە بیبەرە دەرەوە و دیاری بۆ بکڕە.

ڕەفتاری پیاوانە

خانمان هەمیشە حەزدەکەن پیاوەکانیان پیاوانە ڕەفتار بکات و بەجۆرێک بێت هەمیشە وابزانێت لە پشتییەتی. چەند ڕەفتارێک دەتوانێت وابکات لەلای خانمەکەت بە کەسێکی پیاوانە دەربکەویت، وەک دانانی کورسی بۆ ئەوەی لەسەری دانیشێت، کردنەوەی دەرگای ئۆتۆمبێل، ڕێزگرتنی لەلای هەموو کەسێک.

ڕێکپۆش بە

خانمان زۆر گرنکی بە جلوبەرگی پیاوان دەدەن، حەزدەکەن بەردەوام پیاوەکانیان ڕێکپۆش بێت و جلی کەشخە لەبەربکات.

ڕەنگی سوور لەبەربکە

خانمان خۆیان هەرگیز دان بەمەدا نانێن بەڵام پێیان خۆشە پیاوەکانیان جلی سوور و تیشێرتی سوور لەبەربکەن، چونکە لەبەرکردنی ئەم ڕەنگە بە کەسێکی بەهێز و بەتوانا پیشانیان دەدات.

کەموکوڕییەکانت مەشارەوە

بە لای خانمانەوە هیچ شتێک بە ئەندازەی پیاوێکی باش کە دەیەوێت کەموکوڕییەکانی خۆی بشارێتەوە جێگای گاڵتەجاڕی نییە، دەستەواژەی (گەشە) لەلایەن خانمانەوە گرنگییەکی زۆری هەیە و بۆیە کاتێک دەبینن پیاوێک هەڵەکانی خۆی دەزانێت و دانی پێدا دەنێت. هەروەها دەیەوێت گەشە بە خۆی بدات و وردە وردە خۆی بگۆڕێت زۆر گرنکە لەلایان. بۆ نموونە کاتێک پیاوێک دان بەوەدا دەنێت کە زۆر تووڕەیە و هەوڵ دەدات وردە وردە تووڕەییەکەی کەم بکاتەوە و خۆی کۆنتڕۆڵ بکات.

تەنها سەر مەجووڵێنە

بیستن و گوێگرتن جیاوازییان زۆرە، خانمان حەزدەکەن گوێ بۆ قسەکانیان بگریت نەک ئەوەی تەنها بیبیستیت. لەجێی ئەوەی تەنها سەر بجووڵێنیت و لە کاتی قسەکانیدا دەستەواژە و چەند وشەیەکی هاودەردی بکە، بهێڵە تێبگات لەوەی کە بە دڵ گوێت بۆ گرتووە و تەنها قسەکانی نابیستیت. بۆ نموونە کاتێک هاوسەرەکەت باسی قوورسی کارەکەی و ڕەفتاری خراپی بەڕێوبەرەکەی دەکات، دڵنەوایی بکە و پێی بڵێ (بەڕاستی ڕۆژێکی قوورست هەبووە، بەداخەوەم).

تەنها گوێ بگرە و ئامۆژگاری مەکە

کاتێک خانمێک کێشەیەکی هەیە و لەژێر فشارێکی دەروونیدایە، گوێی بۆ بگرە و بەبێ ئامۆژگاریکردن و سەرزەنشتکردنی تەنها گوێی بۆ بگرە تاکوو دڵی خاڵی دەبێتەوە، چونکە تەنها گوێگرتن بۆی چارەسەری کێشەکەی دەکات.

پەلە مەکە لە پەیوەندییەکەتان

بەگشتی پیاوان حەزدەکەن زۆر بەخێرایی پەیوەندییەکەیان بەرەوپێش ببەن، بەڵام خانمان چێژی زیاتر لەوە دەبینن کە پەیوەندییەکە بە خاوی بەرەوپێش بڕوات. 

ڕێز لە ڕاکانی بگرە لە کاتی سەرجێیدا

کاتێک خانمەکەت پێی خۆشە منداڵی نەبێت و ئامادە نییە بۆ هەڵگرتنی ڕێز لە ڕاکەی بگرە، بۆیە کاتێک دەیەوێت ڕێگری بکات لە منداڵبوون لە کاتی سەرجێیدا دەبێت یارمەتیدەر بیت.
خانمان شەرمنترن لە بابەتی سەرجێی بۆیە کەمترین قسە و باس دەکەن لەسەر ئەوە. بۆیە واباشترە پیاوان دەستپێشخەربن لە باسکردنی هەڵبژاردنی ژووری نووستن و شێوازی نووستنیان.

بۆن بەکاربهێنە

پێویستە پیاوان بەردەوام بۆنی خۆش لە خۆیان بدەن، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو بۆنەی پیاو لە خۆی دەدات وەک هێورکەرەوەیەکە بۆ خانمان.

سەیری چاوەکانی بکە

بەگشتی پیاوان پێیان خۆشە کە لە نزیک خانمەکەیانەوە دابنیشن، بۆ نموونە کاتی قسەکردن و دانیشتن لە ڕێستۆرانت و کافێکاندا، بەڵام خانمەکە پێی خۆشە کە لە بەرانبەری دانیشیت و سەیری چاوەکانی بکەیت.

پیاهەڵدانی زۆر

یەکێک لەو شتانەی کە خانمان زۆریان حەز لێیە پیاهەڵدانە، هەڵبەتە پیاهەڵدانێک کە خۆیان داوایان نەکردبێت، ئەگەر دەتەوێت زیاتر سەرنجی خێزانەکەت ڕابکێشیت کاتێک جلێکی نوێ لەبەردەکات، شێوازی ماکیاجەکەی دەگۆڕێت، ڕەنگی قژی دەگۆڕێت، یاخود هەر گۆڕانکاریەکی تر پێی بڵێ کە زۆر جوانە و بە شێوەیەک باسی بکە کە دڵخۆش ببێت.

قسەبکەن لەبارەی پەیوندییەکەتانەوە

کاتێک ژنەکەت پێی خۆشە دەربارەی پەیوەندییەکەتان قسە بکەن، بەو واتایە نایەت کە تۆ کارێکی هەڵەت ئەنجام دابێت. تەنها حەزدەکەن دەربارەی ئەوە قسە بکەن چی ڕاست و هەڵەیە و چی بکەن کە زیاتر ژیانتان خۆشحاڵ بکات.


سەرچاوەکان



614 بینین