دەککا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-28-23:45:00 - کۆدی بابەت: 7903
دەککا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەککا (بە ئینگلیزی: Dhaka)، پایتەخت و گەورەترین شاری بەنگلادش و هەرێمی بەنگاڵە، هەشتەم گەورەترین شار و چوارەم قەرەباڵغترین شاری جیهانه، بە پێی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011 ژمارەی دانیشتوانی شاری دەککا 8.9 ملیۆن کەسە، دەککا ناوەندی ئابووری، سیاسی و کولتووری بەنگلادشە، هەروەها یەکێکە لە شارە سەرەکییەکانی باشووری ئاسیا و گەورەترین شاری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لەنێو وڵاتانی کەنداوی بەنگاڵ و یەکێک لە گەورەترین شارەکانی نێو وڵاتانی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامییە، ئەم شارە پایتەختی دارایی و بازرگانی بەنگلادیشە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسی زیاتر لە 35% ی ئابووری وڵاتەکەیە.

دانیشتوانی دەککا

دەککا ئاوەدانترین شاری بەنگلادشە و هەروەها یەکێکە لە شارە ئاوەدانەکانی جیهان، تا ساڵی 2016 ناوچەی گەورەشاری دەککا ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 18 ملیۆن کەس بوو، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی خودی شارەکە بە 8.5 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، ئەم شاره یەکێکە لە چڕترین ناوچە ئاوەدانەکانی جیهان، چڕی دانیشتوان لە هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا 23,234 کەسن.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە، شاری دەککا و شارەوانێتییەکانی ناوچەی گەورەشاری دەککا پێکدێنن کە ژمارەی دانیشتوانیان زیاتر لە 18 ملیۆن کەسە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی گەشەی ساڵانەی شارەکە 4.2٪ کەسن. کولتووری هاوبەش، بوونی هەزاران بازرگانی بەنگلادیشی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هەموویان پێکەوه بەشدارن لە کۆچ و گەشەی دانیشتوانی شارەکە، هەرچەندە وەکوو زۆرێک لە پایتەختەکانی جیهان، زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان بووەتە هۆی زیادبوونی پیسبوونی ژینگە، جەنجاڵی و هەژاری.

لەڕووی ئایینەوە

ئیسلام لە شاری دەککادا ئایینی سەرەکییە و 90٪ی دانیشتوان بە موسڵمان دەناسرێن، زۆربەی موسڵمانان لەسەر ڕێبازەکانی سوننە، ئەحمەدی و شیعەن، هەروەها هیندۆسی دووەم ئایینی پەیڕەوکراوی شارەکەیە و مەسیحییەت و بودیزم بە ئایینی کەمینە دادەنرێت.

زمان

زمانی سەرەکی دەککا بەنگالییە و زمانی ئینگلیزی بە پلەی دووەم دێت و ڕێژەی بەکارهێنانی لە دوای زمانی سەرەکی شارەکەوەیە، ڕێژەی خوێندەواری دانیشتوانی شارەکە لە ماوەی چەند ساڵێکدا ڕووی لە زیادبوون کردووە و لە ساڵی 2001دا ڕێژەی خوێندەواری 69.2٪ بوو، پاشان ئەم ڕێژەیە لە ساڵی 2011دا بەرزبوویەوە بۆ 74.6٪.

بەپێی داتاکانی ساڵی 2013 نزیکەی 23٪ ی دانیشتوان بێکار بوون و 34٪ ی ئەو خێزانانە لەژێر هێڵی هەژاریدان. بە هەمان شێوە داتاکانی ساڵی 2013ی فەرمانگەی ئاماری بەنگلادیش ئەوە دەخەنەڕوو کە تێکڕای تەمەنی هاوڵاتیانی ئەم شارە  70.4 ساڵە.

ناوی شارەکە لە چییەوە هاتووە؟

دەگووترێت ناوی "دەککا" لە داری "داک"ـەوە هاتووە کە لە ناوچەکەدا زۆر بوو، لە کاتێکدا بۆچوونی تر هەیە کە پێیان وایە ناوەکە لە وشەی داکشوارییەوە هاتووە کە بە واتای "خواوەندی دەککا" دێت و پەرستگایەکی نەتەوەییە دارەمەیتی تێدا دروست دەکرێت.

مێژووی دەککا

مێژووی ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەم، بەڵام بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە تا دەوروبەری سەدەی حەوتەم کەسی لێ نیشتەجێ نەبووە. فەرمانڕەوا تورکی و ئەفغانییەکان فەرمانڕەوایی شارەکەیان کرد هەتا ئەو کاتەی لە ساڵی 1608دا مەغۆلەکان گەشتنە ناوچەکە و بەفەرمی وەکوو پایتەختی بەنگاڵ ناوی شارەکەیان دەبرد.

کاتێک شارۆچکەکان لە ناوچەکەدا پەرەیان سەند، دانیشتوانیش گەشەی بەرچاوی بەخۆییەوە بینی، لە ماوەی سەدەی 17دا و لەژێر دەسەڵاتی شایستا خاندا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە لە یەک ملیۆن کەس نزیک بوویەوە، لە ساڵی 1765 شارەکە ڕادەستی کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا کرا و لە ماوەی دەسەڵاتی بەریتانیا قوتابخانەکان، شارۆچکەکان و کاری گشتی پەرەیان سەند و هەروەها لە ساڵی 1874دا سیستمی ئاوی بۆ دروستکرا و لە ساڵی 1878دا کارەبای بۆ دابینکرا، هەروەها لە ساڵی 1970 بەنگلادش و شارەکانی بە دەککاشەوە سەربەخۆیی ڕاگەیاند.

دەککا لە جیهاندا بە شاری مزگەوتەکان ناسراوە، چونکە سەدان مزگەوت لە شارەکەدا دروست کراون، شارەکە بە ناوەندی پیشەسازی و بازرگانی بەنگلادیش دادەنرێت، لەگەڵ بازرگانی کردن بە کاڵاکانی وەکوو گوش (کە بەروبوومێکی کێڵگەیی هاوینەیە)، برنج، شەکر و چا، هەروەها بەرەو پێش چوونی پیشەسازی چنین.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن شاری دەککا کەشوهەوایەکی خولگەیی ساڤانای هەیە، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی 26 پلەی سەدییە و تێکڕای پلەی گەرمی لە کانوونی دووەم 19 و لە مانگی ئایاردا 29 پلەی سەدییە. هەروەها ڕێژەی بارانبارینی ساڵانە نزیکەی 2,123 ملیمەترە و لە نێوان مانگەکانی ئایار و تشرینی یەکەمدا دەبارێت، بەهۆی قەرەباڵغی هاتوچۆ و پاشەڕۆی پیشەسازییەوە پیسبوونی ئاو و هەوای ناوچەکه ڕوو لە زیاد بوونە و کێشەی گەورە دروست دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی و چۆنیەتی ژیان لە شارەکەدا هەیە.

تەنە ئاوییەکان و زەوییە زۆنگەکانی دەوروبەری شاری دەککا لەبەر دروستکردنی تەلار و باڵەخانەی فرە نهۆمی و گەشەسەندنەکانی تری خانووبەرەوە ڕووبەڕووی وێرانکاری دەبنەوە و پێکەوە لەگەڵ پیسبوونی ژینگەدا هەڕەشە لە لەناوچوونی هەمەچەشنیی هەرێمەکە دەکەن، هەروەها بەهۆی بەرهەمهێنانی پیشەسازی خشت و هۆکارەکانی تر بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵ‌ نەکراو دەککا یەکێکە لە پیسترین شارەکانی جیهان.


سەرچاوەکان



380 بینین