ئاوێتە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2023-10-07-23:04:00 - کۆدی بابەت: 7857
ئاوێتە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاوێتەی کیمیایی (بە ئینگلیزی: Chemical compound) بە هەر ماددەیەک دەوترێت لە گەردی چوونیەک کە لە گەردیلەی دوو توخم یان زیاتر پێکهاتبێت، هەموو ماددەکانی جیهان لە گەردیلەی زیاتر لە ١٠٠ توخمی کیمیایی جیاواز پێکهاتوون، کە ئەم توخمانە بە خاوێنی و لە شێوەی ئاوێتەی کیمییاشدا بوونیان هەیە، هەر توخمێکی خاوێن گەردیلەی تایبەت بەخۆی هەیەکە بێهاوتایە، بۆ نموونە ئەو گەردیلانەی کاربۆن پێکدەهێنن جیاوازن لەوانەی کە ئاسن پێکدەهێنن. 
ملیۆنان ئاوێتەی کیمیایی لە جیهاندا ناسراون، هەروەها چەندین ملیۆنی تر هەیە کە هێشتا نەناسراون و نەدۆزراونەتەوە، زۆربەی ئەو ماددانەی لە سروشتدا دۆزراونەتەوە وەک: دار، خاک و تاوێرەکان، تێکەڵەیەکن لە ئاوێتەی کیمیایی، کە ئەم ماددانە دەتوانرێت بە ڕێگای فیزیایی جیابکرێنەوە بۆ پێکهێنە سەرەکییەکانیان، کە ئەم ڕێگایانە نابنە هۆی گۆڕان لەو گەردیلانەدا کە ئاوێتەکەیان پێکهێناوە، هەروەها بە گۆڕانی کیمیایی ئاوێتەکان شی دەکرێنەوە بۆ توخمە پێکهێنەکانیان، گۆڕانی کیمیایی کارلێکی کیمیایی دەگرێتەوە، نموونەش بۆ ئەم گۆڕانە سووتاندنی گازی میسانە CH4 بە بوونی گەردەکانی ئۆکسجین O2، بۆ دروستکردنی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) و ئاو.
CH4 + 2O2 → CO2 + 2H2O
ئەم کارلێکە کە پێشی دەوترێت کارلێکی سووتان گۆڕانکاری لە شێوازی بەندی گەردیلەکانی نێوان کاربۆن و هایدرۆجین و ئۆکسجیندا لە ئاوێتەکاندا دەکات.
ئاوێتە کیمیاییەکان تایبەتمەندی سەرسوڕهێنەریان هەیە، لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا هەندێکیان لە دۆخی ڕەقی و هەندێک گاز و هەندێکی تر لە دۆخی شلیدان، چەندین ڕەنگی جیاوازیان  هەیە، هەندێکیان زۆر ژەهراوین بۆ مرۆڤایەتی، لە کاتێکدا کە هەندێکی تریان بنچینەی ژیانن، هەروەها تەنها گۆڕینی یەک توخم لە ئاوێتەیەکدا دەکرێت کاربکاتە سەر گۆڕینی ڕەنگ و بۆن و توانای ژەهراویکردنی ماددەیەک.
ئاوێتە کیمیاییەکان پۆلێن دەکرێن بۆ ئاوێتەی ئەندامی و ئاوێتەی نائەندامی، ئاوێتە ئەندامییەکان ئەو ئاوێتانەن کە بنچینەی پێکهاتنەکەیان گەردیلەکانی کاربۆنە، لەبەر توانا گەورەکەی کاربۆن بۆ دروستکردنی بەند لەگەڵ کاربۆنێکی تر و توخمەکانی تردا بە چەندین ڕێگای جیاواز، زیاتر لە نۆ ملیۆن ئاوێتەی ئەندامی ناسراون، ئەو ئاوێتانەشی کە تایبەتمەندی ئاوێتەی ئەندامییان نییە، پێیان دەوترێت ئاوێتەی نائەندامی.

هێز و بەندەکان

ئاوێتەکان لەڕێگای چەندین جۆری جیاوازی بەند و هێزەوە بەیەکەوە پەیوەست دەبن، جیاوازی جۆری بەندەکان لە ئاوێتەکاندا پشت دەبەستێت بە جۆری ئەو توخمەی کە ئاوێتەکەی پێکهێناوە.

بەندی هاوبەش

بەندی هاوبەش کە پێشی دەوترێت بەندی گەردی، بریتییە لە هاوبەشی پێکردنی ئەلیکترۆن لە نێوان دوو گەردیلەدا، ئەم بەندە زیاتر لەنێوان ئەو توخمانەدا دروست دەبێت کە لە خشتەی خولیدا لە نزیکی یەکترەوەن، هەروەها دەکرێت لەنێوان هەندێک کانزا و ناکانزادا دروست ببێت، کە ئەمەش بەهۆی شێوازی ئەم جۆرە بەندەوەیە، چونکە ئەو توخمانەی لە خشتەی خولیدا لە یەکترەوە نزیکن کارۆسالبێتییان وەک یەکە، کە ئەمەش بە واتای ئەوە دێت حەزیان بۆ ئەلیکترۆن وەک یەکە.

بەندی ئایۆنی

ئەم جۆرە بەندە کاتێک ڕوودەدات کە ئەلیکترۆنەکانی هاوهێزی بە تەواوی لە نێوان توخمەکاندا دەگوازرێنەوە. بە پێچەوانەی بەندی هاوبەشەوە ئەم بەندە کیمیاییە دوو ئایۆنی بارگە جیاواز پێکدەهێنیت، ئاساییانە کانزاکان لە بەندی ئایۆنیدا ئەلیکترۆنی هاوهێزیان ون دەکەن و دەبن بە کەتایۆنی بارگە موجەب، هەروەها ناکانزاکان ئەلیکترۆن وەردەگرن لە کانزاکان و دەبن بە ئانایۆنی بارگە سالب، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە بەندی ئایۆنی لە نێوان بەخشەرێکی ئەلیکترۆن کە کانزایە و وەرگرێکی ئەلیکترۆن کە ناکانزایە دروست دەبێت.

بەندی هایدرۆجینی

بەندی هایدرۆجینی لە نێوان گەردیلەی هایدرۆجین و گەردیلەیەکی حەز بە ئەلیکترۆندا دروست دەبێت.

پۆلێنکردنی ئاوێتەکان

ئاوێتەکان بە پشت بەستن بە چەندین بنچینەی جیاواز پۆلێن دەکرێن، یەکێک لە باوترین بنچینەکانیش پشت بەستنە بە بوونی توخمێکی تایبەت تیایاندا، بۆ نموونە:

  1. ئەو ئاوێتانەی کە یەک گەردیلە یان زیاتری ئۆکسجینیان تێدایە پێیان دەوترێت ئۆکسایدەکان.
  2. ئەوانەی یەک گەردیلە یان زیاتری هایدرۆجینیان تێدایە پێیان دەوترێت هایدرایدەکان.
  3. ئەوانەشی کە گەردیلەی هالۆجینەکان (کۆمەڵەی ١٧) یان تێدایە پێیان دەوترێت هالایدەکان.

هەروەها ئاوێتەی ئەندامی بەوە جیادەکرێتەوە کە بنچینەی پێکهاتنی بریتییە لە گەردیلەکانی کاربۆن، هەموو ئاوێتەکانی تر کە بنچینەی پێکهاتنیان کاربۆن نییە بە ئاوێتەی نائەندامی پۆلێندەکرێن، هەروەک بە ناوەکەیاندا دیارە ئاوێتە ئەندامییە کانزاییەکان (بە ئینگلیزی: organometallic compounds) ئەو ئاوێتانەن کە ئەندامین و لەگەڵ گەردیلەی کانزاکاندا بەندیان دروست کردووە.

پۆلێنکردنێکی تری ئاوێتە کیمیاییەکان لەسەر بنچینەی جۆری ئەو بەندەیە کە ئاوێتەکەی پێکهێناوە:

  1. ئاوێتە ئایۆنییەکان ئەو ئایۆنانەیان تێدایە کە بە هێزی ڕاکێشانی نێوان ئایۆنە بارگە جیاوازەکان پێکەوە پەیوەست بوون، نموونەش بۆ ئەم ئاوێتانە بریتییە لە کلۆریدی سۆدیۆم (خوێی چێشت).
  2. ئاوێتە گەردییەکان ئەو ئاوێتانەن کە لە گەردیلەی جیاواز پێکدێن و ئەم گەردیلانە بە هاوبەشی پێکردنی ئەلیکترۆن (بەندی هاوبەش) بەیەکەوە بەستراون، نموونەش بۆ ئەم جۆرە ئاوێتانە بریتییە لە ئاو کە لە گەردەکانی H2O پێکهاتووە.

سێیەمین پۆلێنکردن پشت دەبەستێت بە توانای کارلێککردن، بەتایبەت جۆری ئەو کارلێکە کیمیاییەی ئاوێتەکە پیایدا تێپەڕ دەبێت، بۆ نموونە:

ترشەکان ئەو ئاوێتانەن کە کاتێک لە ئاودا دەتوێنەوە بۆ دروستکردنی گیراوەیەک ئایۆنەکانی H+   (پڕۆتۆن) بەرهەم دەهێنن، لەبەر ئەم هۆیەش ترشەکان پێیان دەوترێت بەخشەری پڕۆتۆن.

کارلێککردن

ئاوێتە بە پەیوەست بوون لەگەڵ ئاوێتەیەکی کیمیایی تر بە کارلێکێکی کیمیایی دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ پێکهاتەی کیمیایی جیاواز، لەم پڕۆسەیەدا بەندەکانی نێوان گەردیلەکانی ئاوێتەکان تێکدەشکێن و بەندی نوێ لەنێوان گەردیلەکاندا دروست دەبێتەوە، ئەم کارلێکان دەکرێت بەم شێوە گشتییە پێناسە بکرێن:
AB + CD → AD + CB
کاتێک A و B و C و D هەریەکەیان گەردێکی جیاوازن و AB و  AD  و CD  و CB هەریەکەیان ئاوێتەیەکی جیاوازن.

 


سەرچاوەکان



2816 بینین